بارزانى ...كورسى يان دەوڵەت (بەشى يەكەم)
Thursday, 21/05/2015, 12:58
كورد خاوەنى دەسەڵاتدارە، يان پياوى دەوڵەت؟ سياسەت، هونەرى فێڵ و تەڵەكە و مەكربازييە لەپێناو سەپاندنى هەژمون و مانەوە لەدەسەڵات، ئاليەتەكان هەرچيەك بن (الغاية تبرر الوسيلة)؟ يان هونەرى ئيدارەدانى دەوڵەتە، بۆ خزمەتكردنى خەڵك و زامنكردنى ماف و ئازادييەكان. شيكردنەوەيەكى كورتى هەريەكێك لەەم دواليزمە، گوزارشتى تەواو لەوێنەى راستەقينەى تێڕوانينى دەسەڵاتدارى كورد دەكات بۆ سياسەتكردن، بۆيە گرنگ نيە، پۆلينكارى بكرىَ، بەڵكو خۆى فاكتە لەسەر ئەرزى واقيع، تەنها ئەو پرسيارە نەبێت، ئاخۆ بەدرێژايى چەند ساڵى ڕابردوو و ئێستاشى لەگەڵدابيت، ڕەوشت و بەهاكانى كۆمەڵگا و ژيانى مرۆڤەكان و قوت و ئايندەي خەڵكى كورد ستان كراونەتە بەشێك لەگەمەى سياسى، بزواندنى هەست و سۆزە نەتەوەييەكان خراونەتە بەرژوەندى تاقم و گروپ و كەسەكان، يان نا؟ ئەوەى پەيوەستە بەقسەكردن لەسەر جياكردنەوەى پياوى دەوڵەت ء دەسەڵاتداريش، ئەو جياوازييە جەوهەرييە كە هاوشێوەى تێڕاوانين بۆ سياتەتكردن هەيە، پياوى دەسەلات، بەرژوەندیيە شەخسى و حیزبى و مەزهەبى و نەتەوەيى و تەنانەت ئاينيەكانيشى دەخاتە پێش بەرژوەندى گشتى، لەمەياندا گوێڕايەڵى پێش لێهاتوى دەكەوێت، ئەوەش ڕێگە بۆهاتنە پێشەوەى تاقمێك لە نەزانن و خۆپەرست دەڕەخسێنێت، بەڵام خەسڵەتەكانى پياوى دەوڵەت، كە كوالتيەكى تايبەت و كەساتيەكى گشتى هەيە، ئەمە تەواو پێچەوانەيە، بێئەوەى جارێكى تر ئەو مافە بدەم بە خۆم و ئەم دوو جۆرە دەستنيشانبكەم، بەو پرسيارە ئەم پرسەش قفڵ ئەكەم، كورد لەكامەيانى هەيە، ئاخۆ پرۆسەى سياسى هەرێمى كوردستان بەدرێژايى چارەكە سەدەيى پێشوو، چەند دەوڵەتمەتدارى دروستكردووە لەسەر حسابى چينى دەسەڵاتدار بۆ بەدامەزراوەيەكردنى دەوڵەت؟ ئەمانە هاوشێوەيەى بەدامەزراوەيەكردنى موئەسەسەكانى هەرێمى كوردستان، بەشێكن لە بنەما سەرەكييەكانى ڕەنگڕێژكردنى بونيادى دەوڵەت، بۆيە وەلامى ئەوەى، ئامادەكاريي چى كراوە بۆ ئەو ئامانجە نەتەوەييە (دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى)، پرسيارێكە لەجێى خۆيايەتى، بۆ ئەوەى تەواوى ئەو گومانە كاڵببنەوە، بەوەى ئەم پرسە نەتەوەييە، كراوەتە كارتێك بەدەست هێزێكى سياسيەوە، كە ئامانج و بەرژوەندى تەسك و تايبەت لەپشتيا خۆى مەڵاسداوە. گومانە واقيعيەكان كەشو هەواى سياسەت لەكوردستان ئێستا بەمجۆرەيە، يان لانى كەم ولەم ديمەنەدا بەرجەستە دەكرێت، پارتى ديموكراتى كوردستان تەبەنى مەسەلەى ڕاگەياندنى دەوڵەتى كوردى دەكات و يەكێتى نيشتمانيى كوردستانيش، بەهۆى بەردەوامى كێشە ناوخۆييەكانى و كاريگەرى جەمسەرێكى گەمە ئيقليميەكان پشتيوانى ئەم تەرحە ناكات، دەبێت ئەوەش بوترێت كاتێك يەكێتى باسى مافى چارەى خۆنوسين و فيدراڵيەتى كردووە، بەرزترين سەقفى داواكارييەكانى پارتى خود موختارى بووە، بزوتنەوەى گۆڕانيش لەڕابردودا ئەوەى وتوە، دەوڵەتى كوردى دەبێت لەسەر زەمينى واقيع كارى بۆبكرێت، دەوڵەت بەقسەو شيعارات بناياتنارێت. هەردوو تەرحەكەى گۆڕان و يەكێتى كە جۆرە بێدەنگيەكى كوشندەى پێوە ديارە، گۆڕەپانەكەى بەتەواوى بۆ پارتى چوڵكردووە، بەسود وەرگرتن لەپۆستە سيادييەكانى هەرێميش، پارتى ئەم مەسەلەى قۆستۆتەوە بۆ ئامانجە باڵاكەى ئەويش هێشتنەوەى بارزانيە لەسەر كورسى سەرۆكايەتى هەرێم، لەئێستا پارتى سەرقاڵى دروستكردنى وێنەيەك لەزهنى خەڵكى كوردستان بەوەى دەوڵەتى كوردى لەسەر دەستى بارزانى نەبێت بناياتنانرێتء بارزانى يەكسانە بەسەربەخۆيى، لەو ڕييەشەوە، دەوێت تەبخەيەك ئامادەبكات، جياواز لەوەى 30ى حوزەيران و ئيحراجكردنى سەرۆك. پارتى ئەوێت لەڕێى جوڵانى ئەم دۆسيە كۆنە نوێيەوە، هێزە سياسيەكان ناچار بكات خۆيان بچن لەدەرگاى بارزانى بدەن و پييبڵێن، تۆ سەركردەى پێويستى قۆناغەكەيت و تكات لێدەكەين بمێننەرەوە، سەرەنجام دەستوريش ئەرزشێكى ئەو تۆى نامێنىَ و ڕەنگە هەر لەسەر ڕەفەكان بمێنێتەوەو تۆزى زياترى لێبنيشێت، هاوزەمان مەسەلەى گۆڕينى سيستمى سياسيش لەكوردستان لەسەرۆكايەتى و نيمچە سەرۆكايەتيەوە بۆ پەرلەمانيى، كە كێشەى گەورەى نێوان هێزە سياسيەكانە بەرەيەكى پيادەدرێت، بەمەش هەم هێزە سياسيەكان زۆر ئيحراج نابن لەبەردەم جەماوەرى خۆيان و مەسلەى سنورداركردنى دەسەڵاتەكانى سەرۆكيش كۆتايپێدێت، ئەمە ڕەنگە واقيعترين خوێندنەوە بێت، بۆ هۆكارى ورژاندنى مەسەلەى دەوڵەتى كوردى لەلايەن پارتى و بارزانيەوە. لەبەشى دووەمى ئەم وتارەدا، شيكارييەكى ورد بۆ ڕۆڵى ميدياكانى پارتى، رەسمى و سێبەرەكان دەكەين، لەبارەى جموجۆڵ و سەردانەكانى بارزانى بۆ دەرەوەى وڵات و چەواشەكردنى ڕاى گشتى بەوەى بارزانى سەرۆك سەرقاڵى كۆكردنەوەى پشتيوانى نێودەوڵەتيە بۆ ڕاگەياندنى دەوڵەتى كوردى، لەكاتێكدا ئەوەى خوێندنەوەيەكى سادەشى هەبێت بۆ دۆخى ناوخۆى هەرێمى كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەئاسانى تێدەگات لەوەى دابەشبونى يەكێتى و پارتى بەسەر دوو جەمسەرى دژدا، كە لەسەخترين ململانێى سياسى و بگرە خوێناويشدان بەوەكالەت، هێندەى تر مەسەلەى ڕاگەياندنى دەوڵەتى كوردى قورس كردووە، ئەگەر ئەستەم نەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست