کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خه‌باتی پارتیزانی‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌نفال له‌گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد (بەشی دووەم)

Thursday, 04/06/2015, 14:07


پاش "ئه‌نفالی 3".. بڕیاری مانه‌وه‌ و خۆڕاگری، پاشكۆیه‌ك بۆ ناوی ده‌سته‌و پێشمه‌رگه‌كان
وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێدا، لێره‌ش به‌پێویستی ده‌زانم جارێكیتر دوباره‌ی بكه‌مه‌وه‌، ئه‌م پاشكۆیه‌ بۆ ناوی ئه‌و ده‌سته‌و پێشمه‌رگانه‌یه‌ كه‌ پاش ته‌واوبونی لێبوردنه‌كه‌ی 6/9/1988- 6/10/1988، له‌به‌شێك له‌ناوچه‌كانی گه‌رمیان مانه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی كه‌ دواتر له‌چه‌ند كاتێكی جیاجیادا له‌ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌هه‌مانشێوه‌ له‌گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن بۆ باره‌گاكانی ناو كوردستانی  ئێران تا كۆتایی مانگی 12/1990.
به‌هۆی وێران كردن‌و ئه‌نفال كردنی ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی شۆڕش، باره‌گاكانی ی.ن.ك‌و پارتی‌و حزبه‌ سیاسیه‌كانی تر له‌ناو خاكی كوردستانی ئێران بون. دابه‌شبونی باره‌گاكانی ی.ن.ك به‌م شێوه‌یه‌ بو:
1. باره‌گای مام جه‌لال‌و كاك نه‌وشیروان‌و مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی، له‌قاسمه‌ڕه‌ش بو سه‌ر به‌سه‌رده‌شت.
2. باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك، له‌دزڵی‌و مه‌رگاوان بو سه‌ر به‌مه‌ریوان.
3. باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی دو، له‌گوندی بله‌كێ بو سه‌ر به‌بانه‌.
4. باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سێ، له‌گونده‌كانی شێنێ‌و زه‌ڵێ‌و نۆكان بو.
5. مه‌كته‌بی نوێنه‌رایه‌تی له‌تاران‌و له‌چه‌ند شارێكی تر هه‌بو.
6. راگه‌یاندن له‌سه‌قز بو.
له‌پاش قۆناغی ئه‌نفالی چوار‌و قۆناغه‌كانی تر، هه‌ندێك ده‌سته‌و پێشمه‌رگه‌ی پارتیزان مانه‌وه‌ یان دواتر گه‌ڕانه‌وه‌‌و ده‌مانه‌وه‌، هه‌ندێجاریش بۆ ماوه‌ی كاتی له‌ئێرانه‌وه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ بۆ كارێكی دیاریكراو، ئه‌گه‌ر بۆ ناوچه‌ ئه‌نفال كراوه‌كان بوبێت یان شار‌و شارۆچكه‌و ئۆردوگاكان، پاش ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌و ناوچانه‌ش بریتی بون له‌: دۆڵی جافایه‌تی- پیره‌مه‌گرون، ده‌شتی هه‌ولێر، خاڵخاڵان‌و چه‌می ڕێزان، شارباژێر، شاخی به‌مۆ‌و خۆشك، سنووری كۆیه‌، شاخی كاروخ‌و ناوچه‌ی ره‌واندز، شاخی سورێن‌و شاره‌زور، پشده‌ر‌و بیتوێن، خۆشناوه‌تی، باڵه‌كایه‌تی... هتد. دیاره‌ باسكردنی هه‌مو شوێنه‌كان‌و ناوهێنانی ئه‌و ده‌سته‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌و جێگایانه‌ بون، په‌یوه‌ندی به‌ئامانجی ئه‌م نوسینه‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ باسمان نه‌كردوه‌.
ئه‌و ده‌سته‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ناوچه‌كانی گه‌رمیان بون:
ده‌سته‌ی كاك ئازادی سه‌گرمه‌‌و كاك ڕۆسته‌م
1ـ كاك ئازادی سه‌گرمه‌. خانه‌نشین
2ـ كاك ڕۆسته‌م. ئه‌ندام په‌رله‌مانی خانه‌نشینه‌
3ـ كاك شێخ مه‌حمود عه‌بدولصه‌مه‌د حه‌مه‌ خان(شێخ مه‌حمود درێژ) ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌و ماڵی له‌كه‌ركوكه‌.
4ـ شه‌هید ئه‌رده‌ڵان عه‌لی نادر(شه‌هید ئه‌رده‌ڵانی چه‌مچه‌ماڵ) مانگی 11/1988 ته‌سلیم بوه‌وه‌.
5ـ شه‌هید مه‌ریوان سلێمان ئه‌مین (شه‌هید مه‌ریوان هه‌مه‌وه‌ندی) مانگی 11/1988 ته‌سلیم بوه‌وه‌.
6- شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د شه‌ریف (شه‌هید ڕه‌ئیس چه‌مچه‌ماڵ) مانگی 11/1988 ته‌سلیم بوه‌وه‌، له‌ڕاپه‌ڕینی 1991 له‌بان مه‌قان شه‌هید بو.
7- كاك خواڕه‌حم صالح كه‌ریم (چالاك) له‌ئێستادا له‌‌وڵاتی نه‌مسایه‌.
8- كاك جه‌مال كه‌مال عه‌زیز، ئه‌فسه‌ره‌ له‌ئاسایشی چه‌مچه‌ماڵ.
9- كاك سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د مه‌حمود، پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
10- كاك سامالأ ره‌حیم كاكه‌وڵا، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
11- كاك مه‌ریوان حاجی حسێن، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
12- كاك ته‌ها غه‌ریب عه‌بدوڵا (برای كاك ئازادی سه‌گرمه‌) ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
13- شه‌هید شێركۆ جدی، له‌ڕۆژی 11/10/1988 به‌هۆی په‌لاماری هه‌لیكۆپته‌ر له‌چه‌می لاهێز، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان گونده‌كانی فه‌قێ مسته‌فا، كه‌ڵۆز لوقمان، هه‌ردو قولیجان، شه‌هید بو.
14- شه‌هید هه‌ڵكه‌وتی ئه‌ندازیار، رۆژی 11/10/1998 به‌هۆی په‌لاماری هه‌لیكۆپته‌ر له‌چه‌می لاهێز شه‌هید بو.
15- شه‌هید شێرزاد عه‌ریف ڕه‌مه‌زان، رۆژی 11/10/1988 به‌هۆی په‌لاماری هه‌لیكۆپته‌ر له‌چه‌می لاهێز شه‌هید بو.
16- كاك كه‌مال ره‌حیم كه‌ریم (شه‌هید كه‌ماله‌ خڕه‌) مانگی 1/1989 ته‌سلیم بوه‌وه‌، له‌ساڵی 1996 له‌شه‌ڕی ناوخۆ شه‌هید بو.
2-ده‌سته‌ی شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش
1- شه‌هید محه‌مه‌د كه‌ریم عیسا (حه‌مه‌ ڕه‌ش) سه‌ر له‌ئێواره‌ی 11/3/1991 له‌خورماتو به‌سه‌ختی بریندار بو، له‌كاتی به‌ڕێكردنیدا بۆ كفری، له‌شه‌وی 11 له‌سه‌ر 12/3/1991 شه‌هید بو.
2- شه‌هید خه‌تاب حه‌سه‌ن حسێن (شه‌هید خه‌باته‌ سور) له‌شه‌ڕی ناوخۆ له‌ساڵی 1996 شه‌هید بو.
3- مام جه‌لال ئه‌مین كاكه‌، ساڵی 2001 له‌كفری كۆچی دوایی كرد.
4- كاك هونه‌ر شێخ عه‌لی، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
5- كاك به‌هادین شێخ كه‌ریم (برای شه‌هید حه‌مه‌ڕه‌ش) ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
6- كاك ڕزگار ڕه‌ئوف سابر (ئاری ره‌ئوف بێگه‌رد) ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی عه‌قید له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
7- كاك حه‌مه‌ ره‌حیم قادر (حه‌مه‌ ره‌حیمی جیهاز) ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی عه‌مید له‌سه‌ر میلاكی هێزه‌كانی 70.
3.ده‌سته‌ی شه‌هیدان (مه‌لا ئه‌حمه‌د‌و سه‌ید محه‌مه‌د )و كاك عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا
1- شه‌هید ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د حه‌مه‌ ئه‌مین (مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌لاری).
2- شه‌هید دارا قادر سه‌مین عه‌زیز (شه‌هید دارا نارێنی).
3- شه‌هید حاجی حه‌مید قادر، هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و كچێك‌و كوڕێكی ئه‌نفال كران.
4- شه‌هید نوری قادر خورشید (پۆڵا نارێنی).
5- شه‌هید ره‌حیم ره‌شید ئه‌حمه‌د (ره‌حیم كه‌لاری).
6- شه‌هید سه‌لام محه‌مه‌د حسێن ساڵح (شه‌هید سه‌لام نارێنی).
7- شه‌هید حه‌یده‌ر حه‌مید سه‌لیم (شه‌هید حه‌یده‌ر شۆراوه‌یی).
به‌هۆی ڕوداوێكی سروشتی سه‌ر له‌ئێواره‌ی 19 له‌سه‌ر20/2/1989، ئه‌شكه‌وتی داری خله‌ ڕوخاو هه‌ر حه‌وتیان له‌ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا شه‌هید بون.
8- شه‌هید سه‌ید محه‌مه‌د محێدین ئه‌مین (شه‌هید سه‌ید محه‌مه‌د) له‌كۆتایی ناوه‌كانی لیستی ئه‌م ده‌سته‌یه‌دا، به‌ كورتی باسی ژیانی سه‌ید محه‌مه‌د ده‌كه‌م. 
9- شه‌هید بورهان محه‌مه‌د قادر (بورهانی حه‌مه‌ی مینا) له‌ڕاپه‌ڕینی 1991دا له‌كوڵه‌جۆی زه‌نگاباد شه‌هید بو.
10- شه‌هید ئه‌حمه‌د ساڵح گورجی (ئه‌حمه‌د زه‌رداوی) له‌ڕاپه‌ڕینی 1991 له‌خورماتو شه‌هید بو.
11- شه‌هید محه‌مه‌د ئیبراهیم ره‌شید (شه‌هید حه‌مه‌ كادر)، له‌ساڵی 2001 له‌شه‌ڕی دژی تیرۆر شه‌هید بو.
12- كاك عه‌دنان محه‌مه‌د قادر (عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا) وه‌زیری خانه‌نشین.
13- كاك سه‌لام ره‌سوڵ (سه‌لام شوشه‌) ئێستا به‌پله‌ی لیوا له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌.
14- كاك عوسمان حه‌سه‌ن قادر (حاجی عوسمان).
15- كاك حسێن ساڵح كاكه‌خان (مامۆستا حسێن) ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی عه‌مید له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
16- كاك كه‌ریم مه‌حمود سه‌مین (مه‌لا كه‌ریم) له‌ڕاپه‌ڕیندا له‌مانگی 3/1991 له‌كوڵه‌جۆی زه‌نگاباد به‌سه‌ختی بریندار بو، خانه‌نشینه‌ له‌سه‌ر لیستی كه‌مئه‌ندامان.
17- كاك هه‌یاس حسێن فه‌تاح، ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی نه‌قیب له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
18- كاك حسام عه‌لی فه‌ره‌ج (شێخ حیسام داربه‌ڕو) له‌شه‌ڕی ناوخۆ له‌مانگی 8/1994دا به‌سه‌ختی بریندار بو، به‌و هۆیه‌وه‌ قاچێكی له‌ده‌ست دا.
19- كاك سۆران غازی سالار، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
20- كاك مكه‌ره‌م ره‌شید برزۆ، ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی مقه‌ده‌م له‌سه‌ر میلاكی سوپای عێراق.
21- كاك نه‌وزاد كه‌ریم فارس، ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی مقه‌ده‌م له‌سه‌ر میلاكی ئاسایش.
22- كاك كه‌ریم ره‌شید ئه‌حمه‌د، پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
23- كاك سامی سه‌مین سه‌عید، ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی عه‌مید له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
كورته‌یه‌ك له‌ژیاننامه‌ی شه‌هید سه‌ید محه‌مه‌د
- ناوی ته‌واوی كاك محه‌مه‌د محێدین ئه‌مین‌و ناسراو به‌(سه‌ید محه‌مه‌د)ه‌.
- ساڵی 1947 له‌كفری له‌دایكبووه‌.
- له‌شۆڕشی ئه‌یلول به‌شداری كردوه‌.
- ساڵی 1973 له‌گه‌ڵ خاتو (نێرگز شكور حسین) ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌.
- له‌پاش تێكچونی گفتوگۆ له‌ساڵی 1974دا، جارێكی تر به‌شداری شۆڕشی كردوه‌و بوه‌ته‌وه‌ به‌پێشمه‌رگه‌.
- له‌كۆتایی ساڵی 1975دا، په‌یوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كردوه‌، ده‌وری كاریگه‌ری هه‌بوه‌ له‌دامه‌زراندن‌و گه‌شه‌پێدانی ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌و ی.ن.ك، له‌سنووری كفری‌و گه‌رمیاندا.
- له‌پاییزی ساڵی 1978دا، بوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌‌و دواتر بوه‌ته‌ لێپرسراوی ناوچه‌ی كفری ی.ن.ك.
- پاش ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، دایك‌و باوك‌و هاوسه‌ر‌و منداڵه‌كانی ده‌گیرێن‌و زیندانی ده‌كرێن.
- له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا، لێپرسراویه‌تی ڕێكخستن، سیاسی‌و عه‌سكه‌ری پێسپێردراوه‌، كه‌سێكی خاكی‌و خۆشه‌ویست‌و جێگای متمانه‌ی خه‌ڵك بوه‌. یه‌كێك بوه‌ له‌ڕه‌مزه‌كانی ڕێكخستنی نهێنی‌و پێشمه‌رگایه‌تی‌و شۆڕش له‌گه‌رمیان.
- پاش ئازادكردنی هاوسه‌ر‌و منداڵه‌كانی له‌زیندان له‌ساڵی 1981دا، هێنانی بۆ ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌چه‌ند گوندێكی جیاجیا ده‌مانه‌وه‌، دوا جێگه‌‌و دوا گوند كه‌ لێی مانه‌وه‌، گوندی ته‌په‌سپی بو سه‌ر به‌ناحیه‌ی سه‌رقه‌ڵا.
- له‌شاڵاوی ئه‌نفالی سێدا هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و هه‌ر 10 منداڵه‌كه‌ی ئه‌نفال كران.
ناوی منداڵه‌كانی: سامان، شاخه‌وان، شۆڕش، كارزان، سیروان، سواره‌، ئاڵا، به‌هار، كوردستان، چنار.
پاش ئه‌نفالی سێ، كاك سه‌ید محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌رمیان مایه‌وه‌، دواتر له‌گه‌ڵ شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌لاری‌و كاك عه‌دنانی حه‌مه‌ مینا‌و پێشمه‌رگه‌كانیان بون به‌ده‌سته‌یه‌ك‌و پێكه‌وه‌ بون.
كاك سه‌ید محه‌مه‌د له‌شه‌وی 31/7له‌سه‌ر1/8/1989 له‌ناو كه‌لار به‌هۆی خۆفرۆشێكی كورده‌وه‌ له‌داوخراو له‌لایه‌ن ئه‌منه‌وه‌ گیرا. پاش چه‌ند مانگێك له‌ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی زیندان، سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی 17/1/1991 له‌سێداره‌درا.
سڵاو له‌گیانی پاكی شه‌هید سه‌ید محه‌مه‌د‌و هاوسه‌ر‌و منداڵه‌كانی‌و هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان.
4. ده‌سته‌ی شه‌هید مه‌حمود مامه‌ عه‌زه‌
1- شه‌هید مه‌حمود عه‌زیز مه‌حمود (مه‌حمود مامه‌ عه‌زه‌) له‌شه‌ڕی ناوخۆ له‌ساڵی 1996 شه‌هید بو.
2- كاك سدیق عه‌لی تۆفیق، ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی عه‌قید له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
3- كاك محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د (حه‌مه‌ پاریاوڵه‌)، پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
4- كاك ره‌مه‌زان محه‌مه‌د عه‌لی، پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
5- كاك تۆفیق ره‌شید، پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
6- كاك به‌گ موراد شا موراد خواموراد (مام به‌ول) پاش ڕاپه‌ڕین كۆچی دوایی كرد.
5.ده‌سته‌ی كاك شێخ كه‌ریم‌و شه‌هید سه‌ید جه‌وهه‌ر
1- شه‌هید جه‌وهه‌ر له‌تیف محه‌مه‌د (سه‌ید جه‌وهه‌ر) له‌شه‌ڕی ناوخۆ له‌ساڵی 1997 شه‌هید بو.
2- كاك كه‌ریم ئه‌حمه‌د خدر (شێخ كه‌ریم)، پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
3- شه‌هید محه‌مه‌د حسێن سلێمان (حه‌مه‌ ئاخه‌)له‌ شه‌وی 16له‌سه‌ر17/ 12/1991 له‌ به‌رگری هێرشی دوژمن، بۆ سنووری چه‌مچه‌ماڵ له‌بان جه‌باری شه‌هید بو. هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و دوو منداڵی‌و سێ برای ئه‌نفالن.
4- شه‌هید فازڵ ئه‌حمه‌د خدر (برای كاك شێخ كه‌ریم) له‌27/12/1993 له‌شه‌ڕی ناوخۆ شه‌هید بو.
5- شه‌هید سه‌ید بابا محه‌مه‌د سه‌عید، له‌شه‌ڕی ناوخۆ له‌ساڵی 1994 شه‌هید بو.
6- شه‌هید نادر مه‌جید جوامێر، له‌ڕاپه‌ڕینی 1991 له‌خورماتو شه‌هید بو.
7- شه‌هید یاسین عه‌بدول محه‌مه‌د (یاسین بچكۆل) له‌ڕاپه‌ڕین له‌ڕۆژی 20/3/1991 له‌ناو كه‌ركوك له‌گه‌ڕه‌كی شۆرجه‌ شه‌هید بو، كاك بورهان سه‌ر سپی براشی له‌ڕاپه‌ڕین له‌ڕۆژی 11/3/1991 له‌بان مه‌قان شه‌هید بو.
8- كاك عادل عه‌بدولقادر ره‌حیم (عادل پیره‌مه‌وه‌نی) هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و دو براو دو خوشكی ئه‌نفالن، پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
9- كاك نازم نه‌جم ئه‌حمه‌د (نازم كه‌ركوكی) پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌، نه‌خۆشه‌‌و به‌و هۆیه‌وه‌ له‌‌وڵاتی سویده‌.
10- كاك جه‌عفه‌ر له‌تیف محه‌مه‌د (سه‌ید جه‌عفه‌ر) پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
11- كاك جه‌مال موحسین جه‌وهه‌ر (جه‌مال وارانی) ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی عه‌قید له‌سه‌ر میلاكی هێزه‌كانی 70.
12- كاك محه‌مه‌د كه‌ریم مه‌حمود (محه‌مه‌د چه‌وری) ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی نه‌قیب له‌سه‌ر میلاكی هێزه‌كانی 70.
13- موحسین مه‌دحه‌ت دحام (كاك موحسین له‌كی) له‌مانگی 3/1989 له‌گه‌ڵ كاك سه‌ید جه‌وهه‌ر قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردو بڕیارماندا ته‌سلیم ببێته‌وه‌، تا له‌خورماتو ئیشمان بۆ بكات، له‌ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتو نه‌بو، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
14- كاك عه‌بدوڵا نامیق ره‌حیم كه‌ریم (عه‌بدوڵا قه‌یتولی) ساڵی 2008 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.
6.ده‌سته‌ی شه‌هید ئازاد عه‌بدوڵا به‌رغه‌ش
1- شه‌هید ئازاد عه‌بدوڵا به‌رغه‌ش
2- شه‌هید ئاسۆ (تاهیر عه‌بدولقادر محه‌مه‌د)
3- شه‌هید جه‌لال جه‌بار ساڵح
هه‌رسێكیان له‌رۆژی 12/10/1988 له‌هه‌رده‌ی دوڕاجی-خورماتو به‌هۆی په‌لاماری هه‌لیكۆپته‌ر شه‌هید بون‌و ته‌رمه‌كانیان بردن‌و شوێنبزر كران.
7.ده‌سته‌ی عوسمان حاجی مه‌حمود
1- شه‌هید ئه‌حمه‌د ره‌شید عه‌باس (ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید) له‌مانگی 12/1993 له‌شه‌ڕی ناوخۆدا شه‌هید بو، هاوسه‌ره‌كه‌ی‌و حه‌وت منداڵی‌و خوشك‌و برایه‌كی ئه‌نفالن.
2- شه‌هید ساڵح حوسێن (كاكه‌ توكنی) له‌ڕاپه‌ڕینی 1991 له‌خورماتو شه‌هید بو.
3- شه‌هید قادر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج (مامه‌ قاله‌ی هۆمه‌ربل).
4- شه‌هید كامه‌ران سه‌عید محه‌مه‌د (كامه‌ران هۆمه‌ربلی) له‌شه‌ڕی ناوخۆ له‌مانگی 12/1994 شه‌هید بو.
5- شه‌هید كامه‌ران هیدایه‌ت فارس (كامه‌ران مامۆستا هیدایه‌ت) له‌شه‌ڕی ناوخۆ له‌مانگی 12/1993 شه‌هید بو.
6- شه‌هید مه‌جید ئیبراهیم لفته‌ (مه‌جید دوزی) له‌ڕاپه‌ڕینی 1991 له‌زنجیره‌ به‌رزایه‌كانی كفری-خورماتو له‌غه‌ڕه‌ شه‌هید بو.
7- كاك جه‌مال ڕه‌شید ساڵح (جه‌مال شێخ حه‌میدی)، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
8- كاك سه‌عید ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د (مه‌لا سه‌عید)، له‌ڕاپه‌ڕین له‌خورماتو به‌سه‌ختی بریندار بو، ماوه‌یه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان بو، ئێستا خانه‌نشینه‌.
9- كاك عوسمان عه‌لی سه‌مین (عوسمان تلیشانی) له‌مانگی 8/1989 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ته‌سلیم بوه‌وه‌، له‌ڕۆژی 6/10/1991 له‌كاتی هێرشی سوپای عێراق بۆ كفری-سه‌رقه‌ڵا به‌سه‌ختی بریندار بو، ئێستا خانه‌نشینه‌.
10-كاك شكور محه‌مه‌د سلێمان (شكور قه‌ره‌بڵاغی) ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی (عه‌مید) له‌سه‌ر میلاكی ئاسایشی گه‌رمیان.
11- كاك عه‌لی نوری ده‌روێش (عه‌لی هۆمه‌ربلی)، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
12- كاك عه‌لی حه‌مید ڕه‌شید (عه‌لی غائب)، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
13- كاك سباح عومه‌ر وه‌لی (سه‌باح شێخ حه‌میدی)، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
14- كاك غائب حسێن (غائب له‌لبن)، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
15- كاك شكور ئیسماعیل عه‌لی، له‌مانگی 3/1989 ته‌سلیم بوه‌وه‌و چه‌ند مانگێك زیندانی كرا، پاشان ئازادكرا، ئه‌وكاته‌ی ڕۆیشتبو بۆ ته‌سلیم بونه‌وه‌ جگه‌ له‌تفه‌نگ‌و تاقمی مه‌خزه‌ن‌و فیشه‌كه‌كانی، نامه‌یه‌كی بۆ به‌جێهێشتبوم، باسی هۆكاری ته‌سلیم بونه‌وه‌ی ده‌كات (نامه‌كه‌ ماوه‌).
16- كاك حه‌سه‌ن حه‌مید حه‌مه‌ عه‌لی (حه‌سه‌ن هۆمه‌ربلی) ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی (عه‌مید) له‌سه‌ر میلاكی پۆلیسی سنور.
17- كاك بورهان عه‌بدولره‌حمان (بورهان زه‌رداوی)، به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆسته‌و گه‌یاندنی گه‌رمیانه‌.
18- كاك ره‌شید عه‌لی سه‌عید (حه‌مه‌ ره‌شید توكنی)، باوك‌و دایك‌و برایه‌ك‌و چوار خوشكی ئه‌نفاله‌، ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی (عه‌مید) له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
19- كاك جه‌مال سابر (جه‌مال مه‌لا ئۆمه‌ری)، باوكی ئه‌نفاله‌، ئێستا ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی مقدم له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
20- كاك عوسمان جه‌میل ساڵح (عوسمان مه‌لا جه‌میل) دایك‌و دو خوشك‌و دو برای ئه‌نفالن، ئێستا پێشمه‌رگه‌ی خانه‌نشینه‌.
21- كاك ره‌حیم ره‌شید محه‌مه‌د (مه‌لا ره‌حیم) ماوه‌یه‌ك قائمقامی كفری بو، ئێستا خانه‌نشینه‌.
22- كاك عه‌لی محه‌مه‌د كه‌ره‌م (عه‌لی فه‌قێ مسته‌فایی)، له‌ساڵى 2008 شه‌هید بو.
23- عوسمان مه‌حمود محه‌مه‌د (عوسمان حاجی مه‌حمود)، وه‌زیری خانه‌نشین.
هه‌موو ده‌سته‌كان ژماره‌مان 92 پێشمه‌رگه‌ بوین ئه‌م ژماره‌یه‌ش وه‌كو خۆی نه‌مایه‌وه‌و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات. لای خواره‌وه‌ ڕونیده‌كه‌مه‌وه‌.
چه‌می لاهێز-- په‌لاماری ڕۆژی 11/10/1988
شه‌وی 10 له‌سه‌ر 11/10/1988، كاك ئازادی سه‌گرمه‌‌و شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش‌و كاك ڕۆسته‌م، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌‌و كادر‌و پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌كێك له‌كه‌ڵۆزه‌كانی (ئه‌شكه‌وته‌كانی) چه‌می لاهێز بون، ئه‌م جێگایه‌ ده‌كه‌وێته‌ قوڵایی گه‌رمیان له‌نێوان گونده‌كانی فه‌قێ مسته‌فا، كه‌ڵۆز لوقمان، هه‌ردو قولیجان. هه‌مان شه‌و به‌نده‌ له‌گه‌ڵ دو پێشمه‌رگه‌ گه‌یشتینه‌ لایان. بۆ سه‌ر له‌به‌یانی 11/10/1988 به‌نده‌‌و هه‌ردو هاوڕێكه‌م به‌ئاڕاسته‌ی داری خله‌ به‌ڕێكه‌وتین، كاك ئازادی سه‌گرمه‌‌و شه‌هید حه‌مه‌ڕه‌ش‌و كاك ڕۆسته‌م‌و براده‌رانی تر بارگه‌‌و بنه‌یان پێچایه‌وه‌‌و له‌چه‌ند وڵاخێك باریان كرد، وڵاخه‌كان ئێستر‌و ماین‌و گوێدرێژ بون. به‌ئاڕاسته‌ی چه‌می ئاوه‌ سپی رۆیشتن، هه‌ردو لامان به‌دو ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ ڕۆیشتین. پاش ماوه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێگادا ڕۆیشتن له‌ناكاو چه‌ند هه‌لیكۆپته‌رێك په‌یدابون، دوای چه‌ند جارێك سوڕانه‌وه‌ ته‌قه‌یان له‌كاروانه‌كه‌ی كاك ئازادی سه‌گرمه‌‌و براده‌ران كرد، شه‌ڕ‌و به‌رگری ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام شه‌ڕێكی نا به‌رامبه‌ر بو (ناچمه‌ ناو ورده‌كاریه‌كان).
له‌ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه‌دا سێ پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بون:
1- شه‌هید شێركۆ جدی
2- شه‌هید مهندس هه‌ڵكه‌وت
3- شه‌هید شێرزاد عه‌ریف ره‌مه‌زان
كاك ئازادی سه‌گرمه‌ به‌سه‌ختی بریندار بوو قاچێكی شكا، كاك ته‌های برای كاك ئازاد‌و كاك سه‌ركه‌وتی پورزای‌و كاك ساماڵ ره‌حیم كاكه‌وڵا بریندار بون، برینی ئه‌م سیانه‌ تا ڕاده‌یه‌ك سوك بو. هه‌لیكۆپته‌ره‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك ئاسمانی ناوچه‌كه‌یان به‌جێهێشت به‌ئاڕاسته‌ی سه‌نگاو‌و چه‌مچه‌ماڵ ڕۆیشتن، له‌و ماوه‌یه‌دا توانرا كاك ئازادی سه‌گرمه‌‌و برینداره‌كانی تر دور بخرێنه‌وه‌، پاش ماوه‌یه‌ك جارێكیتر هاتنه‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان 8 هه‌لیكۆپته‌ر بون، دوی شه‌ڕكه‌رو شه‌ش دانه‌ی حه‌ماڵ. ڕۆیشتنه‌ سه‌ر مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌و هێزی تایبه‌ت‌و جاشیان دابه‌زاند، ته‌رمی شه‌هیده‌كان‌و باری وڵاخه‌كانیان برد، له‌و شه‌ڕه‌دا دوژمن زیانی هه‌بو، ئه‌م زانیاریه‌ پاش ڕاپه‌ڕین به‌هۆی ده‌سكه‌وتنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كه‌وه‌ ئاشكرا بو، به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ لای كاك ئازادی سه‌گرمه‌یه‌. له‌به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ نوسراوه‌ عه‌میدی روكن (ئیسماعیل عه‌بدولقادر جه‌بوری) له‌و شه‌ڕه‌دا كوژراوه‌، كه‌ فه‌رمانده‌ی هێزی پاراستنی كه‌ركوك بو. هه‌ر به‌و هۆیه‌ش هه‌لیكۆپته‌ره‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك ناوچه‌كه‌یان به‌جێهێشت.
بۆ كاك ئازادی سه‌گرمه‌‌و برینداره‌كان له‌وكاته‌دا هیچ ده‌رمان‌و كه‌ره‌سته‌یه‌كی پزیشكیمان لانه‌بو، به‌تایبه‌ت برینه‌كه‌ی كاك ئازاد قورس بو ئێسكی شكا بو، خوێنی زۆری لێڕۆیشتبو، پشتوێن‌و هه‌ندێ په‌ڕۆمان به‌كارهێنا بۆ به‌ستنی برینه‌كه‌ی.
بۆ سه‌ر له‌ئێواره‌ی 11 له‌سه‌ر 12/10/1988 له‌گه‌ڵ شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش‌و كاك ڕۆسته‌م‌و پێشمه‌رگه‌كان، به‌هۆی وڵاخه‌وه‌ كاك ئازادی سه‌گرمه‌‌و برینداره‌كانی ترمان گواسته‌وه‌ بۆ لای حه‌شارگه‌كه‌ی كاك مه‌لا ئه‌حمه‌د‌و كاك سه‌ید محه‌مه‌د‌و كاك عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا، له‌نزیك دێی حه‌مه‌ی عه‌بدلكه‌ریمه‌ سوره‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی باوه‌نور، ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ به‌شه‌و‌و به‌ناوچه‌یه‌كی هه‌رده‌و هه‌ڵه‌تدا، به‌و هه‌مو برینه‌وه‌ زه‌حمه‌تی‌و ئازارێكی به‌سوێ بو بۆ كاك ئازاد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بوترێت كاك ئازادی سه‌گرمه‌ وه‌كو هه‌میشه‌ نمونه‌ی خۆڕاگری‌و جوامێری‌و خاوه‌ن ئیراده‌ی به‌هێز بو.
كاتێك گه‌یشتینه‌ لای براده‌ران، كاك عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا جانتایه‌ك ده‌رمان‌و پێداویستی پزیشكی لابو، خۆشی هه‌ندێ شتی سه‌ره‌تایی ده‌زانی له‌چۆنیه‌تی به‌كارهێنانیان، ئه‌وه‌نده‌ی توانرا كاك عه‌دنان برینه‌كانی كاك ئازادی سه‌گرمه‌ی پاك كرده‌وه‌و به‌ستی، هه‌روه‌ها تیماركردنی برینداره‌كانی تریش، پاش چه‌ند ڕۆژێك ڕیكخراوی شار كاك شێخ سدیقیان به‌ده‌رمانه‌وه‌ نارد بۆ لامان، كاك شێخ سدیق فه‌رمانبه‌ری ته‌ندروستی‌و ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ بو، بێگومان هاتنی له‌وكاته‌دا كارێكی ئازایانه‌‌و خۆنه‌ویستانه‌ بو، كاك ئازاد به‌و شێوه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی 26 ڕۆژ مایه‌وه‌، تا شه‌وی 7 له‌سه‌ر 8/11/1988 له‌ده‌واجنه‌كه‌ی كاك حه‌مه‌ی وه‌لی، به‌هۆی براده‌رانی ڕێكخستن گوێزرایه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی، له‌و سه‌رده‌مه‌ دژواره‌دا كاك حه‌مه‌ی وه‌لی ده‌واجنه‌كه‌ی ته‌رخان كردبو وه‌كو جێگایه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندی نێوان پارتیزانه‌كان‌و ڕێكخستنی شار، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ گیرا‌و زیندانی كرا، ئه‌م ده‌واجنه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان ده‌ربه‌ندیخان- باوه‌نور، نزیك چه‌می سیروان.
باسكردنی ته‌واوی ڕوداو‌و ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه‌ زۆری ده‌وێ‌و به‌چه‌ند دێڕێك ناتوانین هه‌قی هه‌مو دیمه‌نه‌كانی بده‌ین، ئه‌كرێت له‌داهاتودا زیاتر‌و باشتری له‌سه‌ر بنوسرێت.
هه‌لیكۆپته‌ر
هه‌لیكۆپته‌ر به‌درێژایی شۆڕش‌و پێشمه‌رگایه‌تی چه‌كێكی ترسناك‌و كاریگه‌ر بو، به‌تایبه‌ت له‌پاش ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕش له‌ساڵی 1975دا، زۆرترین زیان كه‌ له‌هێزی پێشمه‌رگه‌ دراوه‌ به‌هۆی هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌ بوه‌.
له‌قۆناغی پارتیزانی پاش ئه‌نفاله‌كانیشدا ئه‌م چه‌كه‌ به‌هه‌مان كاریگه‌ری زیاتره‌وه‌ به‌كارهێنرا، له‌و كاته‌دا چه‌كێكی ئه‌وتۆمان نه‌بو كه‌ به‌رگری پێبكه‌ین دژی هه‌لیكۆپته‌ر.
هه‌رده‌ی دوڕاجی (خورماتو) -- په‌لاماری ڕۆژی 12/10/1988 
ده‌سته‌كه‌ی شه‌هید ئازاد به‌رغه‌ش كه‌ سێ كه‌س بون، له‌هه‌رده‌كانی نێوان خورماتو- دێی قوڕیچایی چه‌ند جێگه‌یه‌كیان كردبوه‌ حه‌شارگه‌، له‌ڕۆژی 12/10/1988 به‌هۆی گه‌ڕان‌و سوڕانه‌وه‌و چاودێری كردنی هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌، ئاشكرا كران‌و په‌لامار دران، له‌ئه‌نجامدا هه‌رسێكیان شه‌هید بون، دواتر هه‌لیكۆپته‌ره‌كان دابه‌زین‌و ته‌رمه‌كانیان بردن.
شه‌هیده‌كان:
1. شه‌هید ئازاد عه‌بدوڵا به‌رغه‌ش
2. شه‌هید جه‌لال حاجی جه‌بار
3. شه‌هید تاهیر عه‌بدولقادر (ئاسۆ) 
ڕۆیشتنی ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ بۆ باره‌گاكانی ناو كوردستانی ئێران
ڕێگای هاتن‌و چون بۆ ئێران گرفتێكی گه‌وره‌ بو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕۆژی 17/11/1988 به‌ئاگاداری‌و ته‌نسیق كردن له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی، ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌و كادرو پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێگای شاخی به‌مۆ (ده‌ربه‌ندی بێلوله‌) به‌ڕێكه‌وتن بۆ ئێران، دوای چاوه‌ڕوانی‌و برسێتیی‌و ماندوبونێكی زۆر له‌5/12/1988 گه‌یشتنه‌ ئێران. 
بریتی بون له‌م ناوانه‌:
1. شه‌هید مه‌حمود عه‌زیز مه‌حمود (شه‌هید مه‌حمود مامه‌ عه‌زه‌)
2. كاك ڕۆسته‌م
3. كاك عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا
4. مام جه‌لال ئه‌مین كاكه‌
5. شه‌هید بورهان محه‌مه‌د قادر (بورهان حه‌مه‌ی مینا)
6. كاك محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د (حه‌مه‌ پاریاوڵه‌)
7. كاك سدیق عه‌لی تۆفیق
8. كاك سه‌لام ره‌سوڵ قادر(سه‌لام شوشه‌)
9. كاك حه‌مه‌ ره‌حیم قادر (حه‌مه‌ ره‌حیمی جیهاز)
10. كاك كه‌ریم مه‌حمود سه‌مین (مه‌لا كه‌ریم)
11. كاك عوسمان حه‌سه‌ن قادر(حاجی عوسمان)
12. كاك هه‌یاس حسێن فه‌تاح
13. كاك شێخ مه‌حمود عه‌بدولسه‌مه‌د حه‌مه‌خان (شێخ مه‌حمود درێژ)
14. كاك خواڕه‌حم ساڵح كه‌ریم (چالاك)
15. مام ساڵح محه‌مه‌د عه‌لی ئیبراهیم (وڕه‌دین)
16. كاك ساماڵ ڕه‌حیم كاكه‌وڵا
17. كاك ره‌مه‌زان محه‌مه‌د عه‌لی
18. كاك تۆفیق ره‌شید
19. كاك به‌هادین شێخ كه‌ریم
20. كاك به‌گ موراد خواموراد شا موراد (مام به‌ول)
21. كاك سامی سه‌مین سه‌عید
روخانی ئه‌شكه‌وتی داری خله‌‌و شه‌هید بونی پۆلێك پێشمه‌رگه‌
داری خله‌ تاكه‌ داربه‌ڕویه‌كه‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌گرده‌كانی زنجیره‌ به‌رزاییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی دێی زاوتی  سه‌ر به‌ناحیه‌ی باوه‌نور، له‌سنووری قه‌زای كه‌لار، ئه‌شكه‌وتی داری خله‌، ده‌كه‌وێته‌ دامێنی ئه‌و زنجیره‌ به‌رزاییه‌، له‌راستیدا به‌مانای ئه‌شكه‌وت (كه‌ولۆز)، وه‌كو جێگایه‌كی سروشتكرد ئه‌و شوێنه‌ ئه‌شكه‌وت نییه‌. ئه‌م جێگایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی وا هه‌ڵكه‌وتوه‌ ئه‌كه‌وێته‌ یه‌كێك له‌لاكانی دۆڵێكی قوڵ كه‌ ئه‌مبه‌ر‌و ئه‌وبه‌ری دۆڵه‌كه‌ به‌رزایی‌و گرده‌‌و پێكهاته‌ی خاكه‌كه‌ی خۆڵ‌و به‌رد‌و تاوێر‌و زیخه‌.لای سه‌ره‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی دۆڵه‌كه‌یه‌ ته‌نگ‌و به‌ر ته‌سكه‌، به‌ڵام به‌ره‌ به‌ره‌ به‌رفراوان ده‌بێت، تا ده‌بێته‌ شیوێك، له‌زستان‌و به‌هاراندا ئاوی هه‌یه‌، ئاوه‌كه‌ی ده‌ڕژێته‌ ناو چه‌مێك له‌نێوان هه‌ردو دێی وڕێڵه‌‌و دێی ڕۆسه‌ی شامار كه‌ نزیكی داری خله‌یه‌. له‌‌وه‌رزی باران باریندا ئاو له‌به‌رزاییه‌كی بڵنده‌وه‌ ده‌ڕژێته‌ ناو دۆڵه‌كه‌، پاڵه‌په‌ستۆی باراناو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونی ڕۆژگار، لای ڕۆژهه‌ڵاتی دۆڵه‌كه‌ی دڕیوه‌و بنكه‌ندی كردوه‌. ئه‌م جێگایه‌ به‌هۆی قایمی‌و نه‌بینراویه‌وه‌ له‌لایه‌ن كاك عه‌دنان‌و شه‌هید سه‌ید محه‌مه‌د‌و شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د‌و ده‌سته‌كه‌یان گه‌وره‌ كراو ڕێكخرا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌چه‌ند چینه‌ به‌ردێكی گه‌وره‌ به‌رده‌مه‌كه‌یان هه‌ڵچنیو دیوارێكیان لێدروستكرد، پاشان ڕێڕه‌وی ئاوه‌كه‌یان ده‌ستكاری كرد. 
له‌ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ بو به‌ئه‌شكه‌وت‌و جێگای 14- 15 كه‌سی تێدا ده‌بوه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ جێگاكه‌ له‌زستاندا هه‌تاوی كه‌م به‌رده‌كه‌وت‌و نسرم‌و سارد بو، به‌ڵام له‌روی ئه‌منیه‌وه‌ حه‌شارگه‌یه‌كی باش بو بۆ حه‌وانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، شوێنێكی كپ‌و دوره‌ده‌ست بو. پاش ڕۆیشتنی كاك عه‌دنان بۆ ئێران له‌مانگی 11/1988دا، شه‌هیدان مه‌لا ئه‌حمه‌د‌و سه‌ید محه‌مه‌د‌و ده‌سته‌كه‌یان زۆربه‌ی كات له‌و جێگه‌یه‌ ده‌مانه‌وه‌. ڕۆژی 19/2/1989 كاك سه‌ید محه‌مه‌د‌و كاك مه‌لا ئه‌حمه‌د‌و 7 پێشمه‌رگه‌ له‌ئه‌شكه‌وته‌كه‌ بون، پێش ساته‌وه‌ختی روخانی ئه‌شكه‌وته‌كه‌، كه‌ كاتژمێر 5:20-5:30ی سه‌ر له‌ئێواره‌ی 19 له‌سه‌ر 20/2/1989 بو، كاك سه‌ید محه‌مه‌د‌و كاك سۆران غازی سالار، دوقۆڵی له‌ئه‌شكه‌وته‌كه‌ ده‌رده‌چن‌و ده‌چن تا به‌جیهاز په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌كانی تر بكه‌ن. (ئه‌وكاته‌ 24 كاتژمێر جارێك به‌هۆی جیهازی بچوك وه‌كو تلفونكن‌و پی ئاڕ سی، سه‌ر له‌ئێواران یان شه‌وان په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كرد).
دوای ته‌واوبونی په‌یوه‌ندی، كاك سه‌ید‌و كاك سۆران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای ئه‌شكه‌وته‌كه‌، ده‌بینین شوێنه‌كه‌یان به‌ته‌واوه‌تی ڕوخاوه‌‌و ده‌نگی هاوڕێكانیشیان نابیستن، ئه‌وان به‌خه‌مباری ده‌مێننه‌وه‌‌و ده‌زانن كه‌ هیچیان بۆ ناكرێت، چونكه‌ به‌جۆرێك روخابو هیچی له‌گه‌ڵدا نه‌ده‌كراو، پێداویستیه‌كی ئه‌وتۆش له‌به‌رده‌ستدا نه‌بو. 
بۆ ڕۆژی دوه‌م واته‌ سه‌ر له‌ئێواره‌ی 20/2/1989، له‌كاتی په‌یوه‌ندیدا، كاك سه‌ید محه‌مه‌د له‌روداوه‌كه‌ ئاگاداری كردین، ساته‌وه‌ختی ئاگادار كردنه‌وه‌مان شه‌هید حه‌مه‌ڕه‌ش‌و كاك شێخ كه‌ریم، له‌شاخی ئاجداغ بون سه‌ر به‌ناحیه‌ی سه‌نگاو، ئێمه‌ش له‌نێوان هه‌ردو گوندی جوامێرئاغا‌و هۆمه‌ربل بوین سه‌ر به‌قه‌زای كفری، شه‌هید سه‌ید جه‌وهه‌ر له‌سنوری خورماتو بو. دوری نێوان هه‌ر لایه‌كمان له‌جێگای روداوه‌كه‌ 12-14 كاتژمێر ده‌بو بۆیه‌ هیچمان بۆنه‌ده‌كرا جگه‌ له‌وه‌ی بڕیارماندا بچین بۆ شوێنی روداوه‌كه‌ تا له‌نزیكه‌وه‌ روداوه‌كه‌ ببینین. پاش ئاگاداركردنه‌وه‌مان له‌هه‌واڵه‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌ لای خۆمانه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتین‌و پاش نیوه‌ڕۆی 21/2/1989 له‌گه‌ڵ شه‌هید حه‌مه‌ ڕه‌ش‌و كاك شێخ كه‌ریم گه‌یشتینه‌ ئه‌شكه‌وته‌كه‌، له‌وێ كاك سه‌ید محه‌مه‌د‌و باقی ده‌سته‌كه‌یانمان بینی، به‌هۆی ئه‌و سه‌دان ته‌ن گڵ‌و خۆڵ‌و به‌رده‌ی به‌سه‌ر ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا داڕوخا بو، نه‌بونی هیچ جۆره‌ پێداویستیه‌ك، ده‌سه‌وسان بوین، بۆیه‌ نه‌مانده‌توانی هه‌وڵی ده‌رهێنانی ته‌رمه‌كانیان بده‌ین‌و به‌و شێوه‌یه‌ مایه‌وه‌. پاش ڕاپه‌ڕین له‌ڕۆژی 31/10/1991دا ته‌رمی شه‌هیده‌كانمان ده‌رهێناو له‌ڕۆژی 1/11/1991دا له‌مه‌راسیمێكی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌دا، هه‌ر حه‌وتیان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گۆڕستانی كه‌لاری كۆن نێژران.
شه‌هیده‌كان:
1- شه‌هید ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئه‌مین (شه‌هید مه‌لا ئه‌حمه‌د)
2- شه‌هید دارا قادر سه‌مین عه‌زیز (دارا نارێنی)
3- شه‌هید سه‌لام محه‌مه‌د حسێن ساڵَح (سه‌لام نارێنی) 
4- شه‌هید نوری قادر خورشید (پۆڵا نارێنی) - نارێن دوا گوندی كورده‌ له‌بناری زنجیره‌ چیای حه‌مرین.
5- شه‌هید حه‌مید قادر(حاجی حه‌مید)، هاوسه‌رو كچ‌و كوڕێكی ئه‌نفال كران.
6- شه‌هید حه‌یده‌ر حه‌مید سه‌لیم (حه‌یده‌ر شۆراوه‌یی)
7- شه‌هید ره‌حیم ره‌شید ئه‌حمه‌د (ره‌حیم كه‌لاری)
* شه‌ش  پێشمه‌رگه‌مان ته‌سلیم بوونه‌وه‌ (چۆنیه‌تی ته‌سلیم بوونه‌وه‌یان، له‌ لیسته‌كان ڕون كراوه‌ته‌وه‌)
پاش ئه‌و ڕودا‌وو به‌سه‌رهات‌و ئاڵوگۆڕانه‌، به‌هه‌موو ده‌سته‌كان 49 پێشمه‌رگه‌ ماینه‌وه‌.
تێبینی:
داواكارم له‌خوێنه‌رانی به‌ڕێز ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌رنج‌و ڕاو پێشنیارێكیان هه‌یه‌ به‌سوپاسه‌وه‌ بینێرن بۆ ئه‌م ئیمه‌یله‌:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە