بۆمەلەرزەی ڕێفراندومی لە کۆشکی سوڵتان نزیک دەبێتەوە؟
Thursday, 06/04/2017, 17:54
کەمتر لە دوو حەوتو کاتمان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕێفراندومی (گۆڕینی دەستوری تورکیا لە پارلمانەوە بۆ سەرۆکایەتی، کە دەستەڵاتی زیاتر دەدات بە ئەردۆغان و دەیپارێزێ لە لێپێچینەوە یاساییەکان).
هەواڵ و ئاشکراکردنی ئامارە سەربەخۆکانی ئەو چوار ڕۆژەی دوایی، نیشانمان ئەدات کە لە ١٦ی ئەو مانگەدا، بۆمەلەرزەیەکی توند بە ئاراستەی کۆشکی سوڵتانەکەی ئەنکەرە بەڕێوەیە. ئەگەر لەو ماوە کورتەدا، ئۆپۆزیسیۆن، پارتە چەپ و سیکۆلارەکان لەگەڵ ئیسلامیەکانی دژ بە ئەردۆغان بەردەوام بن لەسەر هەڵمەتی (نەخێر)، ئەوا دۆڕانی بەرەی نەتەوەپەرستی و کۆنسێرڤاتیڤی تورک کە خۆیان لە (ئاک پارتی و مەهەپە "پارتی نەتەوەپەرستی تورک")ئەبیننەوە مسۆگەرە.
بەرلەوەی بڕیار بدەین با سەیری ئامارەکان بکەین:
کۆمپانیای سۆناری تایبەت بە ئامارەکانی هەڵبژاردن کە بە گرینگترین و جێی باوەڕترین کۆمپانیا دەزاندرێ: نەخێر بۆ گۆڕینی دەستور % ٥١،٠٢ بەڵێ بۆ گۆڕینی دەستور %٤٨،٨
دەزگای لێکۆڵینەوەی گەزیجی: ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا بڕیاریان نەداوە و نزیکی دەنگی نەخێرن ئەگاتە %٦،٨. لە % ٥٢.٦ی ئەوانەی دەنگ بە پڕۆژەکەی ئاک پارتی دەدەن، ئاگایان لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە نیە.
دەزگای لێکۆڵینەوەی ئەڤراسیا: دەنگی نەخێر ٥٥.٥٣. دەنگی بەڵێ ٤٤.٤٧
کۆمپانیاکانی نزیک لە ئاک پارتی: هۆشیاری بەرزبوونەوەی دەنگی نەخێر دەدەن لە %٤٥ ەوە بۆ %٤٧. ئەوان پێیان وایە لەناو ئاک پارتیدا خاوەنی دەنگی نەخێر زۆرن، بەڵام خۆیان ئاشکرا ناکەن!!.
ئەحمەد یلدرمی سەرۆکی گروپی
HDP لە پارلمانی تورکیا، لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی سەربەخۆی T24 دا : (تا ئێستا هیچ ئامارێکمان نەبینیوە کە نیشانی بدات ڕێژەی دەنگدەران بە "بەڵێ" دەگاتە %٤٠). ناوبراو پێیوایە سەرباری ڕەوشی دژوار، سانسۆری مێدیاکان و گوشار لەسەر سیاسیەکان لە زیندانەکاندا، ٨ی مارس و نەورۆز نیشانیدا کە تورکیا بە گشتی و کورد بەتایبەتی سەری خۆی بۆ سیاسەتی ئاک پارتی نەنواندوە و بەپێچەوانەوە بە بڕیارە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن.
نوسەری بەناوودەنگی ڕۆژنامەی یەنی چاغی تورکیا یاڤوز سەلیم دەمیراغ لە بابەتێکیدا بە سەردێری (با هیچ کەسێک ڕانەچڵەکێ ئەگەرهاتو دەنگی نەخێر بۆ گۆڕینی سیستەم لە ڕێفراندومدا بگاتە لە %٦٠). ناوبراو باس لەو ئامارانە دەکات کە لە مانگی ڕابردودا ڕاگەیەندرابون و بەپێی ئەوە ڕێژەی کەسانی بێ بڕیار دەگەیشتە لە %٢٠. نوسەر پێیوایە بەپێی دوا ئاماری دەزگای سۆنار، ئەو ڕێژەیە ئێستا لەبەرژەوەندی لایەنی "نەخێر"دابەزیوە بۆ لە %١٣. نوسەر کە ئەزمونێکی زۆری هەیە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، پێیوایە ئەنجامی کۆتایی هەر هەڵبژاردنێک شارە گەورەکان دیاری دەکەن و لە ئێستاشدا لە شارەکانی وەک ئەستەنبوڵ و ئەنکارا دا، دەنگی "نەخێر" بەچەند پوانێک لە دەنگی "بەڵێ" زیاترە. هەروەها ئەو ڕێژەیە "نەخێر" لە سێیەمین شاری گەورەی تورکیا (ئیزمیر) زۆر زیاترە. ناوبراو باسی سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ڕۆژانی دواییدا بۆ خیوەتەکانی خاوەنی دەنگی "نەخێر" ئەنجامیدا دەکات و ئەڵێ: (سەردانی ئەردۆغان و پاڕانەوە و پرسیاری وەک:چیتان دەوێ؟ چیتان ویستوە من بۆتانم ئەنجام نەدابێ؟ بێچارەیی و لاوازی ئەو نیشان دەدات).
ئەگەرچی لە ماوەی یەک ساڵدا ئەردۆغان و ئاک پارتی توانیان ژمارەیەکی زۆر دەزگای دەوڵەت کۆنتروڵ بکەن و ژمارەیەکی زۆریش لە دامودەزگا و کەس و گروپە نەیارەکانیان لە کار دورخستنەوە و خستنە زیندانەکان، بەڵام تا ئێستاش جگە لە پۆلیس ژمارەیەکی زۆر لە دامودەزگا حکومی و نیمچە حکومیەکان وەک زانکۆکان، کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بازرگانیەکان، کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری لە سیاسەتی ئاک پارتی ڕازی نین و بەو شێوەیە جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان بەرەی "نەخێر" و "بەڵێ" دا نیە. لە ڕۆژانی دواییدا هەست ئەکرێ، دەنگی بەڵێ بەهۆی هەڵوێستەکانی ئەوروپا دژ بە ئاک پارتی و ئەردۆغان، هەڵوێستی ئەمریکا و ڕوسیا دژ بە تورکیا و گۆشەگیرکردنی لە باکوری سوریادا، لەگەڵ پوکاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە، لە کەمیدابێ. پێشبینی ئەکرێ، کوردان بتوانن ئەنجامی ئەو ڕێفراندومە یەکلایی بکەنەوەو ئێستاکە چاوی هەردو لایەن لەسەر کوردانە.
بەپێی بەشێکی زۆر لە ئامارەکان، لەناو پارتی نەتەوەیی تورکیادا "مەهەپە" کە هاوپەیمانی ئاک پارتین بۆ دەنگی "بەڵێ" ١/٣ی ئەندامان دەنگ بە "نەخێر" دەدەن.
لە ١٦/٤/٢٠١٧ دا لە تەواوی تورکیادا ڕێفراندومی سەبارەت بە پاکێتە ١٨ خاڵیەکەی ئاک پارتی ئەنجام دەدرێ کە بریتیە لە گۆڕینی دەستوری تورکیا لە پارلمانەوە بۆ (سیستێمی تاکە کەس)
one-man-rule system و کەمکردنەوەی سیستێمی چاودێری و هاوسەنگکردن
Checks and balances. ئەگەرچی پێشبینی ئەکرا، دەنگی بەڵێ بۆ گۆڕینی دەستوری تورکیا بەسەر دەنگی نەخێردا زاڵببێ، بەڵام کۆمەڵێک هۆکار کە بەرۆکی تورکیا و ئاک پارتیان گرتوە ڕەنگبێ کاریگەری خراپی بەسەر کۆمەڵگەی کۆنسێرڤاتیڤی تورکیادا کردبێ، لەوانە: تێکچونی باری دەرونی سوپای تورکیا دوای کۆدەتا شکستخواردوەکەی هاوینی ساڵی ڕابردو، سنوردارکردن و کۆتایی پێهێنانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە سوریا لە لایەن ڕوسیا، ئێران و ئەمریکا. رێگانەدان بە بەشداریکردنی تورکیا لە ڕزگارکردنی ڕەققە، هەڵوێستی ئەوروپا، پارلمانی یەکێتی ئەوروپا و لە هەمووشی گرینگتر، گرژی دیبلۆماسی نێوان هۆڵەندا-ئەڵمانیا و تورکیا.
زۆر سەختە لەماوەیەکی کورتدا، پچڕانی پەیوەندی نێوان ئانکەرە و خۆرئاوا، بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا ئاسایی ببێتەوە. ئەگەر دەنگی بەڵێ لە ڕێفراندومی دا سەرکەوت، ئەوا پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و جیهانی دەرەوە لە ئاستی ئێستا خراپتر دەبن. ئەگەر دەنگی "نا" سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەوکاتە قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە و ڕەنگبێ لە بۆشایی سیاسیدا پارلمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست