ئەگەر پەکەکە بە فەرمی پشتگیری گەلی باشوری بکردایە!
Tuesday, 16/02/2021, 16:16
کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە لەڕاگەیەندراوەکەیدا، داوا لەگەلی باشووری کوردستان و بە تایبەتی خەڵکی ئامێدی دەکات، کە هاوشێوەی ئەوەی چۆن لەدژی هێرش بۆ سەر زاپ و هەفتانین بەرخۆدانیان کرد، لەدژی هێرش بۆ سەر گارەش هەستنە سەر پێ و بەرخۆدانیی بکەن، دڵنیاییش دەدات” گارە بۆ سوپای فاشیستی تورک و نۆکەرەکانیان دەبێتە گۆڕستان
گەلی باشور سەری لێشێواوە نازانێت ڕوو لەکوێ بکات و بەکێ باوەڕ بکات ، لەماوەی ٣٠ساڵ حاکمڕانی کورد لەم هەرێمەلاقەکراوەدا سەدان جار لەشارو شارۆچکەی هەرێمەوە ناڕەزای دەرکەوتوە و کارەساتی جەرگ بڕی گەورەو گرانی لێکەوتۆتەوە و قوربانی زۆرو ئازاری بێشماری گەیاندۆتە خەڵک . لەسەرو هەموویانەوە سەدان خەڵکی ناڕازی شەهید بوون و هەزاران خەڵکیش لە زیندان کراون و سوکایەتیان پێکراوەو ئەشکەنجە دراوون .
لەو هەموو کارەساتەدا کە دیارترینیان ١٧ی شوبات و ڕاپەڕینی شێلادزێ و لەم چەند مانگەی دوایدا دیسان سلێمانی و گەرمیان و شارەزوور کە خوێن لەجەستەی خاکو خەڵک دەهات .
پەکەکە هیچ کاردانەوەیەکی نەنواندوە و گەلی باشوری فەرامۆش کردوە ، ئیمە نەمان شاردۆتەوە و لەدەیان ڕێگەوە خراپی ئەو هەڵوێستەمان داوە بەڕوویاندا، ئەوانیش زۆرجار بێدەنگ بووین بە پاساوی ئەوەی نایانەوێت بەرەیەکی تر بکەنەوە .
ئێستا داوا لەخەڵک دەکەن کە ڕاپەڕن ، ئێمە سێ دەیەیە داواتان لێدەکەین هێندە ستایشی ماڵباتی تاڵەبانی و بارزانی مەکەن ،چونکە ئەوانە خیانەت و ئاوخواردنەوە لایان یەک شتە ، کەچی ئێوە پەستا پەستا سەرانی خۆفرۆش و جاسوس و فایلدارتان دەبردە قەندیل و نمایشتان دەکردن و پەستا پەستا پەرلەمانتار و سیاسیە جەوامێرەکانی باکورتان دەنارد بۆلای خائینزادەیەکی وەک تاڵەبانی و بارزانی و ستایشتان دەکردن و پرسەنامەتان بۆ دەنوسین و وێنەتان بڵاو دەکردنەوە.
من شادمان نیم بەوەی، کە تاکی نەتەوەکەم دەبێتە ڕێپیشاندەری سوپای داگیرکەر بە چیاو دۆڵەکاندا دەیان بەن، کە دەزانم ئەمانە پەروەردەی پارتیی و یەکێتیین، دیسان نیگەرانم لەوەی کە پەکەکە ئەوە نابینێت و دێت بێدەنگی لەم هەڵوێستەیان وەردەگرێت ، کاتێک نەخۆشێکی وەک شانازی برایم ئەحمەد یان پەرلەمانتارێک یان ئیسلامیەکی ئیخوانی بە ووشەیەک باسی " عەبدوڵا ئۆجەلان " دەکەن ئیتر مێدیاکانی سەر بە پەکەکە دێن، وەکو هەنگوینیان لە کونەداردا دۆزیوەتەوە لە دەیان کەناڵەوە نمایشی قسەیەک یان نوسینێکی پوچ دەکەن ، ئێمە چەندین ساڵە دەڵێین ، پەکەکە تکایە پشت لە گەلی باشور مەکەن ، ئەو گەلە دەتوانێت لە ڕۆژەکانی لێقەوماندا بەهاناتانەوە بێت ، نەک دەسەڵاتێک کە ئەم خائینانە بەڕێوەی دەبەن کە هیچ نین جگە لە خزمەتکاری داگیرکەران ، ئەوەتانێ دەیان وەزیر و گزیرو سەرەک کۆمارو پەرلەمانی کورد هەیە لەبەغدادی تاواندا، هەڵوێستیان نییە لەسەر ئەو داگیرکارییەی کە تورکیا دەیکات و پارتییش رێگای پێداوە.
ئەو پەرلەمەنتارانەی کورد لە بەغدا و لە هەولیریش وەک کیسەڵ سەریان کردوە بەلەشیاندا و بێدەنگن ، چونکە ئەوانە خۆفرۆشانن کە هەرواش بوون و دەبن چونکە ئێمە تاکە گەلی سەر ڕووی دنیاین لە خائینەکانمان دەبوورین و ستایشیان دەکەین.
لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٧ ئێمە کۆمەڵێک پێشمەرگە بووین لە ناوچەی شێخانەوە هاتینە چیایی گارا و لە شانی ئامێدییەوە بەرەو قوڵای بادینان ڕۆیشتین ، گەر جاش و خۆفرۆشان ڕێپیشاندەر نەبن لەو چیایانەدا ئەوە هەموو تورک ناتوانێت بەردێک بجوڵێنێت ، بەداخەوە کەسانێک هەیە بڕوایان وایە کە دەبێت پەکەکە خۆی بپارێزێت و بڕوایان وایە کە دەکارن شەڕ ڕاگرن و لایەنی خۆفرۆشان پەراوێز بکەن .
گەر پەکەکە بیەوێت گەلی باشور پشتگیریان بکات ، ئەوە دەبێت خائینەکان بکەنە ئامانج و پیشانی گەلی باشووری بدەن کە بەڵێ ئێوە پشگیری گەل دەکەن ، درامای تورکی ڕابگیرێت و هەرکەسێک لە کەناڵی پارتی و یەکێتی دەرکەوت وەک خۆفرۆشێک بناسێنرێت.
گەلی ئێمە لەباشور هێندەی مەینەتی دیوە، کورد ووتەنی مارانگازبووە بۆیە بڕوای بەهیچ نەماوە، گەر بتانەوێت گەل زیندووبکەنەوە دەبێت پیشانی خەڵکی بدەن کە هاو ئازاریانن ، نەک پێچەوانەکەی .
گەلی ئێمە فێر نیییە جەنگ لەسەر پێخەف بەڕێ بکات ، دەشزانین جەنگاوەر تەنها بەزمان شەڕ لەگەڵ دوژمندا ناکات. ئێوە ٣٠ساڵە ئێمەتان لە هەرێمێک جێهێشتوە کە ستەم تێدا باڵایە و ستەمکاران دەستڕۆێشتوون و ستەم لە گەلی خۆیان دەکەن و بۆ دوژمن کاردەکەن، ئەوەتانێ دوێنی ١٠٠٠ ئافرەتی باڵاپۆش نمایش دەکەن وەک دەڵەقۆڕەکەی ئەردۆگان ، ئەمە بەرهەمی بێدەنگی ئێوەیە لە ئاستی دوو بنەماڵەی خائین زادەدا کە هەر ڕۆژەی داگیرکەرێک دەهێننە سەرمان و کوێرمان دەکەن و بەدیار درامای تورکییەوە دامان دەنیشێنن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست