دیمەنێکی کۆمێدیا لە قوڵایی هزرەوە
Saturday, 23/02/2019, 23:07
لامان وایە ئێمەی مرۆڤ، یان وەکو ئەو وێنەیە ئێمەی نێرینە، تا دەست نەدەینە چەک ناتوانین هیچ بگۆڕین. هەرچەندە ئێمە نازانین ئەم وێنەیە بۆچی و بۆ کێ گیراوە؟ کۆمێدیایە، کە دەتوانیت بڵێیت یان سەر و چاو شتنە بە ڕۆنی ئۆتۆمبیلەکە؟ یان خ نواندنە بەو چەکانەوە، ئەو کەسە دەبێت شتێکی کەم بێت بەو چەکەوە خۆی تەواو کردووە! هەمووشمان دەزانین هەموو ئۆتۆمبیلێک کە بۆنیتەکەی هەڵدەدەیتەوە تەلێک هەیە بۆ ڕاگرتنی سەرقاپەکەی، ئەی دەبێ حیکمەتی ئەم کڵاشیکۆفە چی بێت، کەوا بۆنیتەکەی ڕاگرتوە ؟
ناخوازم هەموو باسەکەم لەسەر ئەم وێنەیە چڕبکەمەوە، چونکە نە خاوەنەکەی دەناسم، نە دەمەوێت بیناسم، بەڵام ئەم وێنەیە زۆر شتمان پێدەڵێت: دواجار ئەمە نیشتمان و هەرێمەکەی ئێمەیە، کە دوای ٢٧ساڵ لە ئازادی، مرۆڤەکان بەو شێوەیە هەست بە بوونی خۆیان دەکەن.
کاتێک مرۆڤ بۆ بێدەسەڵاتی خۆی دەگری، ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت، مرۆڤبوون لەو هەرێمە دا ناڕەحەتی و گومان دەوری داوە، مردنیش دەیترسێنێت. بۆیە دەبێت هەمیشە چەک هاوڕێ گەشتەکانی بێت، کە لە ماڵ دەچینەدەرەوە، گرنگ نییە بۆکوێ دەچێت؟ گرنگ ئەوەیە چەکی پێ بێت، تەنیا ئەو بە هاوڕێی خۆی دەزانیت. لە وڵاتان هاوڕێ زۆرن مرۆڤ هەڵیبژێرێت و بیکات بە سیمبوڵی خۆی وەکو گوڵ یان کتێب.
پرسیارە جەوهەرییەکەی منیش ئەوەیە، داخۆ ئەم چەکانە چیان گۆڕیوە؟ ئەوەتانێ نیشتمان ژێرخان و سەرخانی هەراج کراوە، دزەکان بەئاشکرا سەدان گەنجی ئاوا کە دەمانچەی کردووە بە پزووی شەرواڵەکەیدا حیمایەی دز و قاچاخچی و پیاوە تڕۆکانی دەسەڵاتە. ئەی ئەم چەکانە بۆ هەڵدەگیرێت، لەکاتێکدا نەتوانین دزێک، خائینێک، سیاسیەکی مرۆڤکوژ و ئاسایشێکی بەدڕەوشت و شەقوەشێنێکی سەر شەقامەکانی پێ دادگایی نەکەین ؟
سادق هیدایەت دەڵێت :
"من لە ڕووتە لەشفرۆشەکان بێزارنیم، بەڵکو لە پۆشتە شەرەف فرۆشەکان بێزارم"
چەک لەهەموو دنیادا پێویستی بە مۆڵەتە، ئەم چەکانە کێ مۆڵەتی بۆ دەکات ؟ بۆخۆی پرسیارێکە لە سوێن و کاتێکی گونجاودا، بەڵام لای ئێمە نە کا نرخی هەیە، نە شوێن بوونی هەیە و گرنگە، بۆیە پرسیارەکەمان لە نێوان کات و شوێندا قەتیس دەمێنێت، ئەوانەی تاوان دەکەن، لەترسنۆکی خۆیاندا بەرپرسێکی فاسد و بەدڕەوشت لەپشتیانەوە وەستاوە، بەڵام کاتێک دەستەکانیان دەکەوێتە ڕوو، حاشا لەو کۆیلەیە دەکەن و دەڵێن ئەوە ئێمە نین لەپشتی ئەم بەشەرە پیسانەوە وەستاوین، بەڵکو هەرنازانین کێیە.
ئەم تفەنگ و دەمانچە زۆرە تاکو ئێستا لەماوەی ئەم ٢٧ساڵەی دەسەڵاتدا، خائینێکی نەکردۆتە ئامانج، بەڵام هەزاران ژن و کچ و کەسانی بێدەسەڵات و گوناحی لە ناو بردوە و ڕۆحی کێشاون.
ئێمە دەزانین لەو جێگەیەی ستەم هەیە، بێدەنگیش هەیە، بەو مانایەی کە بێدەنگیەکی ئاوس هەیە لەو هەرێمەی ئێمەدا، یارمەتی ستەمی دەسەڵاتدارەکانی داوە. لەهەموو ماڵێکدا تفەنگێک و دوان هەیە، هەست دەکەیت ئەم تفەنگانە لە خەنجەری کابرا دەچێت کە خەنجەرەکەی بۆ کاتی لێقەومان کردوە بە بەر پشتێنەکەیدا، بۆیە دیاردەی ئەم چەک و چۆڵە دیاردەیەکی هێندە قێزەونە مرۆڤ شەرم دەکات کاتێک هاو نیشتمانییەکانی خۆی دەبینێت لێرەو لەوێ تفەنگیان هەڵگرتوە، کەچی خاوەنی ١٦ ئۆکتۆبەر و ٣١ئاب و شەنگال و ١٧ی شوباتن، تفەنگەکان لەو کاتانەدا لە کالێن نەهاتبونە دەرەوە و ژەنگ تێی دابوون، بەڵام هەموو خاوەن تفەنگێک ڕێگە نادات خوشکەکەی، یان کچەکەی لەگەڵ کوڕێکدا نیگایەک بگۆڕێتەوە، تفەنگ گڕ دەگرێت دەکەوێتە خۆی، بەڵام ڕۆژانە هەزاران نیشتمانفرۆش، خۆفرۆش، خائین نەوت دز، سۆزانی سیاسی پوچ، دێن و دەچن، تفەنگ سەری خۆی کردوە بەلمدا وەک نەعامە هیچ ناڵێت.
کۆرییەکان دەڵێن "چ سەرمەزاریە مرۆڤ تەقە لە ئاژەڵێک بکات کە دەگری".
کچ و ژنانی کورد کاتێک دەپاڕێنەوە تفەنگی برا و میرد و باوکیان چ شەرمەزاریەکە لێی راست دەبێتەوە دەیان کوژن، لەماوەی ئەم ٢٧ساڵەی دەسەڵاتی کوردیدا هەزاران چیرۆکی ژن و کچ کوشتن ڕووی داوە، من دڵنیام کە هەمان ئەو هزرەی دەمانچەی کردووە بە بەر شەرواڵەکەیدا و تفەنگی بۆ ڕاگرتنی بۆنیتی ئۆتۆبێلەکەی داناوە، رەنگە خاوەنی یەکێک لەو چیرۆکانە بێت، کە "بەهارو چرۆ و نەشمیل و نازێی خەڵتانی خوێن کردوە.
بودا دەڵێت:
"ئەگەر بە ڕاستی خۆت خۆش بوێت، هەرگیز ئازاری خەڵک نادەیت"
من لەڕوانینم بۆ ئەو وێنەیە جا بە مەبەست چرکابێت یان نا، زۆر ئازارم چەشت، چونکە نیشتمانی ئێمە لە لێواری مەرگ و هەرەسدایە، کەچی کەسیش خەمی لێناخوات، تفەنگەکان گۆڕە و شارکەن گەر ناتوانن خائینێک خۆفرۆشێک، نیشتمان ئەتککەرێکی پێ سزا بدرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست