پێشمەرگە قەدیمەکان، کەمێک ڕێزی خۆتان بگرن
Sunday, 27/01/2019, 13:10
شەش دانە ساڵ لە گەرمەی ڕووداوەکاندا من لە چیا وچەند ساڵێکیش لە شار کۆمەڵە بووم، کەم گەڕەک هەیە چیرۆکی خۆشاردنەوە و بەیان هەڵواسین و دیوار نووسین کاری ڕێخستنم تێدا نەکردبێت، بەڵام هەر چەندم کرد لە ناو ئەم وێنە زەبەلاحەدا کەسم نەناسێوە، کە کەسیان پێشمەرگە بووبن، یان لە ڕێخستندا بووبن . ڕەنگە تێیاندا بێت، کە لە جێگەی جودا لە چیا بووبین. سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم، کە من قینی دنیام لەو کەسانەیە کە سەریان بۆ یاخ دەکەن، ڕێک و ڕەوان بەغداد و بەر دەم بۆردیلەکانم بیر دێنەوە، چونکە پیاوانی بەردەم بۆردێلەکان سەرتاپایان بۆیاخ بوو. بەهەر حاڵ بەناو پێشمەرگە دێرینەکان لە قسەی گەنجێک توڕەبوون، کە پێی ووتوون لەو شاخە قەلیان دزیوە.
ڕاستی کەسایەتی پێشمەرگە لەئێستادا کەسایەتیەکی سواڵکەر و بێهەڵوێست و بێئرادەیە، بەگشتی خەڵکانی خۆپەرست و داماون، دەبا با گەنجێک هاوڵاتیەک قسەیەک بکات، خەڵکی تەنها قسەیان بۆ ماوەتەوە ئەوەش نەکەن ؟
لەکاتێکدا ئەم پێشمەرگە قەدیمانە لەماوەی ٢٧ساڵدا هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندوە کە لەکەسایەتی پێشمەرگەدا جێگەی بێتەوە، بۆ نمونە: ١٩ سەربازگەو پایگا داگیر کەرانی تورک هەیە لە هەرێم . ئەم قەدیمانە هیچیان نەوتوەو هیچ ناڵێن بەرامبەر ئەم هۆردوە زۆرەی داگیرکەران .
بەدرێژای ٢٧ساڵ تورک و ئێرانییەکان بۆردومان و تۆپبارانی ناوچە سنورییەکان دەکەن ئەم قەدیمانە بێدەنگ بوون .
دەیان دەزگای میت و ئیتڵاعات و مخابەراتی ووڵاتان لەهەرێمن پایگایان هەیە، ئەم قەدیمانە هیچیان نەوتوە و نایڵێن.
سەدان کەس لە ڕێگەی تورک و ئێرانییەکانەوە لەهەرێم تیرۆرکراون و فڕێنراون ئەم قەدیمانە مێش میوانیان نەبووە .
هەزاران ئافرەت کچ لە سەر مەسەلەی ناموس لە ڕێگەی براو باوک و کەس و کارە بێناموسەکانیانەوە سوتاون کوژراون قەدیمەکان هەر شەرمیش دەکەن باسی لێوەبکەن .
دەیان ڕۆژنامەنووس و شاعیرو نووسەر تیرۆرکراون، قەدیمەکان هیچ دەنگیان نەبووە .
لە١٧ی شوباتدا هاوپیشەکانیان بە جلی قواتخاسەوە بەردەرکی سەرا و شەقامی مەولەوی و بەر مزگەوتی گەورەیان پڕکرد لە خوێن و هەڵمات و قەوانی فیشەک قەدیمەکان لەو پاقلاوەیان زەهرکرد کە پیرێژنە هێرۆ بەخشیەوە .
دەیان بەرپرسی سەر و سمێڵ لە بۆیاخکراو دەستدرێژیان کردە سەر کچانی زانکۆ بەتێزاب ئافرەتیان سوتان سە رو دوو دۆست و ژنیان هێنا، ژنی حیمایەکانی خۆیان داگیرکرد قەدیمەکان یەک ووشە چییە لەدەمیان نەهاتە دەرێ.
لەو جێگەیەی موچەی خانەنشینی وەردەگرن لەگەڵیاندا دەیان جاش و ئەمن و بەعسی و جاش شەعبی و تەواری ئیستخبارات موچە لوش دەدەن، قەدیمەکان قبوڵیانە و بێدەنگیان هەڵبژاردوە.
کاتێک شەنگال درایە دەست چەتەکانی داعش قەدیمەکان ووتیان ئاگرە سورە لەخۆم دورە . کاتێک خیانەتی ١٨ی ئۆکتۆبەر کرا، قەدیمەکان لەگەڵ لاهورو پاڤێڵ و قوباد سێڵڤی دەگرن .
قەدیمەکان لەهەموو ئێوارە خوانێکی بەرهەم ساڵحی بەعسی و ماڵی تاڵەبانی و ئەولادەکانی نەوشیروان کەباب و گۆشت زەهرەکەن بێ ئەوەی پرسیار بکەن بەچی ئەم شتانە کراوە؟
لەدوای ڕوخانی بەعس و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە و سەر ئاو کەوتنی دەیان مەلەف و ئاشکرابوونی سەدان خائین و بوون بەمەکتەب سیاسی و بەرپرس، قەدیمەکان، کەچی ئەم پێشمەرگە قەدیمانە خواخوایانە سێڵڤیەک لەگەڵ فایلدارەکاندا بگرن و ژەمە مەشروبێک لە باخی سەربۆیاخ کراوێکدا زەهربکەن، بێ ئەوەی قەدیمێک فایلەکان بداتەوە بەچاوی ئەو خائینانەدا.
قەدیمەکان لەخۆیان ناپرسن کە بەعس بەو هەموو بێئەخلاقیەوەی بەو هەموو تاوانەیەوە، ئایا ڕۆژێک ئەمنێک بەرپرسێکی بەعسمان دی ببێتە خاوەنی خانویەک ماڵێک ئۆتۆمۆبیلێک؟
دواجار گەنجێک قسە دەکات ئێوە کۆدەبنەوە من کە لە وێنەکانتان دەڕوانم شەرم دەکەم، گومانم هەیە زۆرتان پێشمەرگە بووببن، من نازانم کاتێک لەکانی دیناربووین لە دوای ئەنفال یان لەقاسمەڕەش و نۆکان بووین بە پەنجەی دەست پێشمەرگە دەژمێردران، ئێستا ئەم هەموو کەڵتە کۆنە و سەر ڕەش و چاوکزە چۆن بوونە پێشمەرگە ؟
دواجار شەرم بکەن ئێوە بچن فایلدارو نەوت دزو خائینەکانی ناو حیزبەکانتان پاک بکەنەوە، لیستی بەعسی و جاشەکان پاک بکەنەوە لەناو لیستی خانەنشینیتان . ئەوجا خۆتان فش بکەنەوە بەسەر گەنجێکی خێر لەخۆ نەیوی نیشتمانەکەمدا .
کە ئێوە دەبینم ئەوە هەڵوێستانە چەندێک قینم لەبەعس و جاش دەکەمەوە، دە هێندە قێز لە ئێوەش دەکەمەوە، لەو کردارانەتان کە لەکەسێک ناچن و تێدانابێت ڕۆژێک هاوڕێ ڕێبازەکەی ئارام بووبێت . شەرم بکەن لایەنی کەم ئیتر بۆیاخ لە سەرو سمێڵتان بکەنەوە، با لە بۆردێلەکان نەچن و ئەوسا بێن ناڕەزایی و خۆپیشاندان بکەن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست