عەفرین دەڵێت ئێمە چی بکەین
Tuesday, 23/01/2018, 15:21
لە ١٧.٩.١٩٩٨ دا دوای شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی، هەردوو تاوان بار جەلال و مەسعود چونە واشنتۆن لە بەردەم Madeleine Albright دوای دەسگوشین کە مەسعود بەچەکدارەکانی ووتبوو:" من تەوقە لەگەڵ تاڵەبانی ناکەم، گەر کردم دەستم دەبڕمەوە" تاڵەبانی بەجۆشەوە دەستی گرت و مەسعودیش لە بڕیارەکەی وەک هەمووجارێک بە درۆ کەوتەوە.
لەواشنتۆن پارتی و یەکێتی، یان چاکتر بڵێم جەلال و مەسعود لەسەر ١٧خاڵ رێکەوتنیان لە ژێردەستی ئەمەریکا واژوو کرد، لەو بەندی ڕێکەوتنەدا سێ خاڵی دژی پارتی کرێکاران و کەسایەتی ئۆجەلان بوو.یەکێک لەو خاڵانە وا هاتبوو، کە کاتێک ئۆجەلان هاتە چیاکانی کوردستان، پارتیی و یەکێتی بەحوکمی شارەزایان پێشڕەویان بکەن بۆ گرتنی.هەموو سنور داخەن و نەیەڵن هیچ شتێک بە گەریلا و هێزی پارتی کرێکاران بگات.هەموو چالاکییەکیان لە هەرێم بوەستێنن و ئەندامەکانیان دەستبەسەر بکەن، گەر گونجا تەسلیمی تورکیایان بکەنەوە.
ئەم ڕووداوە هێندە مێژوویەکی کۆنی نییە، تەنها ٢٠ساڵ بەر لە ئێستایە، بۆیە ئۆجەلان بڕیاری دا، کە ڕوو لە چیاکان نەکات، لە بەر ئەوە نا کە بڕوای بە گەریلاکانی نەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی، لە کەسایەتی ئەودا گەلێک لەناونەچێت.
گاندی کاتێک شەڕی ناوخۆی موسڵمانەکان و هیندوسەکان چووە لوتکە بڕیاری دا ڕۆژوو بگرێت دا تامردن، ڕۆژێک نەهرۆ دێت و دەڵێت : بابو شەڕ لەهەموو جێگەیەک وەستاوە، لەوەڵامدا گاندی دەڵێت : گەر ئەو شەڕە بۆ خاتری پیاوێکی پیری بێکەڵک ڕاگیراوە من ئاسودە ناکات.
ئۆجەلان گەلەکەی و ئەوانەشی بونەتە نمایندەی ئیتر بەهەر شێوەیەک بێت چاک دەناسێت، بۆیە ڕووی لە ئەوروپا کرد، سەرئەنجام لەڕێگەی چەند دەزگایەکی مخابەراتی لە کینیا گرتیان، ئەوە ماوەی ١٩ساڵە باجی خاڵی ئەو ڕێکەوتنەی مەسعودو جەلال دەدات کە لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا واژۆیان لە سەرکرد.
گەلی ئێمە لەباشور، گەلێکە ماندوو تاسەر ئێسقان لەهەناوی هەرتاکێکماندا ئاشبەتاڵ جاشایەتی، بەعسی بوون، فایلداری، شەنگال، ئەنفال، هەڵەبجە، ٣١ئاب.١٦ ئۆکتۆبەر، ١٧ی شوبات، دەیان کارەسات و خۆفرۆشی و تاوانی قێزەون لەهەگبەماندایە.بۆیە لامان ئاسایە کە ئێمەش هەر وەک هەواڵێک لە کارەساتێکی ئاوا بڕوانین، کە پێش چەند رۆژێک لە هەڵەبجەی قوربانیدا گەنجێک "بەتفەنگ باوک و دایکی و خوشک و براکەی بکوژێت و لاشەکانیشیان هەریەکە لەجێگەیەک فڕێ بدات".
ئێمە بۆ ئەم رووداوانە خەمساردبووین و گوێی نادەینێ، چونکە بەدرێژای ئەم ٢٧ساڵە سەدان ڕووداوی وامان بیستوە، یان لە گەڕەکەکەمان، یان لەناو خێزانەکەی خۆمان دەیان رووداوی ئاوامان دیوە، چونکە دوای ماوەیەک بکوژەکە بە یاسایەکی جەنگەڵ دێتەوە ناو کۆمەڵگا.وەک چۆن جاش و ئەنفالچی و فایلدارەکانمان چەپڵە ڕێزان کرد و دیوەخانمان بۆ کردنەوە، ئەوەتانێ شێخ دلێری برای شێخ جەعفەر خاوەنی حکومەتێکی سەربەخۆیە، هەرچی تاوانبار و دزو پیاو کوژە لەوێ لای ئەو دەبەنگە نەخوێنەوارە داڵدە دەدرێت و هەڤاڵ ئەبو بەکری پارێزگاریش دەڵێ هەنگوینی لەکونە سەگدا دۆزیوەتەوە ئاسودانە لەگەڵی ڕۆدەنیشێت.
ئەمڕۆش فاشیە ئیسلامییەکانی تورک هێرشیان کردۆتە سەر شارێکی تری ووڵات و ئەیانەوێت لە ڕێگەی فتواوە کوشتارگایەک لە نیشتمان بەرپابکەن.مامۆستا دینییەکانی کورد گەر تۆسقاڵێک جوامێریان تێدابێت دەبوو هەڵوێستی مەردانە بنوێنن.کە من گومانم هەیە پیاوە ئاینییەکان تاک و تەرا نەبێت، هەموویان بە دەسەڵاتەوە بەسراونەتەوە هیچیان لێ چاوەڕێ ناکەم، چونکە بەدرێژای مێژوو مەلای کورد هەمیشە بێدەنگ بوون، یان لەبەرەی داگیرکەراندا بوون.بیرمە ساڵی ١٩٨٨ کاتی ئەنفالەکان ڕۆژنامەنووسێکی بیانی لەدهۆک لەگەڵ پارێزگاری دهۆکدا لە مەلایەکی دینی دەپرسێت : ئایا سوپای عێراق مزگەوتەکانی ڕوخان و کتێبە دینییەکانی سوتاند " لەوەڵامدا ئەو مەلا دەمبوسە دەڵێت نا ئەوان توخنی مزگەوتەکان و کەنیسەکان نەکەوتوون." مەلاو ئیسلامییەکان بۆ گەزە و بورمە ئاگریان تێبەرببوو، کەچی ئێستا هیچ ناڵێن، سەلەفی و جیهادییەکانی کە ئیدیعای داعشیان دەکرد.بۆیە ئێمە وەک گەل دەتوانین بایکۆتی تورک بکەین، باسەیری ئەو کەناڵانە نەکەین کە درامای تورکی لێدەدەن، یان پڕوپاگەندە بۆ کاڵای تورکی دەکەن، لەسەرو هەموویانەوە با ئیتر واز بهێنین لە خۆراکی تورکی پۆشاکی تورکی، باڕووت ببینە باشترە لەوەی کە بەرگی تورکی بپۆشین، با برسی بین باشترە لەوەی خۆراکی سکارب و پیسی ووڵاتێک بخۆین کە نیشتمانمان سوتماک دەکات.
ئەمڕۆ هەموومان لەبەردەم هەڵوێستەیەکی ئەخلاقی مێژوودا وەستاوین، با ئەم هەڵوێستەمان هەبێت هەموومان بە جارێک داوە لەو دەسەڵاتە خۆفرۆشە بکەین کۆمپانیا تورکییەکان و ئەخلاقی مەغۆلەکان لەنیشتمان دوربخەینەوە، با داوابکەین هۆردووی سوپای فاشیە تورکەکان دەربکەین لەووڵات.
عەفرین بە شیعرو ناسنامە و گردبونەوە و نامەناردن و واژۆ کۆکردنەوە ڕزگار نابێت، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو پیاو و ژنە پوتانەیە کە بۆ گیرفاندۆمەکە چەنەیان دەدا، کەچی ئەمڕۆ لەهیچ کونێکەوە دیار نین!
عەفرین ناکەوێت، بەڵام بە قوربانیدا تێدەپەڕێت و لە کۆبانی و سنەوە ئیلهامی خۆڕاگری وەردەگرێت.
شەق لە کاڵای تورک هەڵبدەن سەردەکەوین و باشترین هەڵوێستە کە بتوانین بینوێنین بۆ خوشک و براکانمان لە عەفرین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست