مەلا هوشیار لەهەولێر تیرۆر نەکرا
Saturday, 26/11/2016, 0:01
ماندێلا دەڵێت: "لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە ئەگەر بکـــوژ نەدۆزرایەوە، ئەوە دەستی دەسەڵاتی لەگەڵدایە"
نیلسۆن ماندێلا ی مەزن کە لە خواروی ئەفەریقا خۆی سەرکردە و خاوەن دەسەڵات بوو، ئەو قسەیەی لەخۆوە نەکردوە، بەڵکو لەڕێگەی ئەزمونی ژیان و کارەکەیەوە ئەم ووتە زێڕینەی لە زاری هێناوەتە دەرێ.
ژیان وایە، گەر بتەوێت شتێکت دەستبکەوێت دەبێت بەهاکەی بدەیت، دەکرێت لەو ڕوانگەیەوە بڵێین هیچ پێویست ناکات چاوەڕوانی خواست بیت، بەڵام دەکرێت خواست بۆ خۆت بخوڵقێنین، ئەوسا باجی ئەو خواستە دەدەیت. زۆنی زەرد لەو هەرێمەدا سەربازگە و زیندانێکی تەنراوە بۆ دانیشتوانەکەی، هەموو دەنگ هەڵبڕینێک باجی قوربانی دەوێت. کەدەڵێم زۆنی زەرد مانای وا نییە لە زۆنی سەوز و شین شامی شەریفەو ئازادیی لەوێ خۆی لەبەر هەتاو هەڵخستوە. نا تەنها جوداییەکەیان ئەوەیە بەخاکە ڕیایەوە دەڵێم جارێک بەتەواوەتی نەیان توانی وەڕامی زۆنی سەوز بکەن، هۆکار زۆرە، ئێمە قسە لەسەر تیرۆری جەستەی مەلایەکی گەنجی دینی دەکەین.
سەیرە ئێمە لە نیشتیمانێکدا دەژین، کوژراو دیار و بکوژ نادیار....! تیرۆرکراو دیار و، ترۆریست نادیار.... ! قوربانی دیار و جەلاد نادیار... !.
لەم نیشتیمانەی ئێمەدا دەمی زۆر کەس دەکەیتەوە پێشمەرگەی ئەلول و گوڵان بووە، ئێستاش هەمووی سەربەدەزگا تۆقێنەرەکانە، ژمارەی سیخوڕی پاراستن لەخەڵک زۆرترە، کەچی نەیانتوانیوە بکوژێک بگرن، کە دەچیتە هەولێر لە هەموولایەکەوە سەیرت دەکەن، شۆفێری تەکسی ڕێگەی فڕۆکەخانە سەر بەخۆیانە، شۆفێری تاکسی کە دەتبات بۆ هوتێلەکان سەر بەدەزگای پاراستنە کەچی بکوژێکیان بۆ نادۆزرێتەوە، دەزانن بۆ...؟ چونکە خۆیان بکوژ و تیرۆریست و پلان داڕێژەری هەموو تاوانەکانن.
لە یوتوبدا هێندە قسەی بێمانا و بێتامی مەلا واعیزەکانم دیوە کە خۆیان کردۆتە نمایندەی خوا و لەمینبەرەکاندا هێرش دەکەنەسەر ئافرەت و سوکایەتی بەخەڵک د و درۆ دەکەن بەناوی خەوەوە، یەکێک پێغەمبەر نەشتەرگەری بۆ کردوە، یەکێک لەگەڵی چۆتە جیهاد هتد.
ئیتر من بڕیارم دابوو گوێ لەو موشەخۆرانە نەگرم، لە ناکاودا مەلا هوشیار دێت، باسی قوربانییەکان دەکات دێت باسی "سۆرانی مامەحەمە، کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان " دەکات، داوا لەگەنجان دەکات ئێوەش وەک ئەوان بن نیشتمان جێمەهێڵن. لەدوایدا لەماڵەکەیدا تیرۆر دەکرێت.....!
ئیتر گومانێکمان بۆ ناهڵێتەوە ئەمە تیرۆری سیاسییە، لێ کەس و کارەکەی لەم کەیسەدا ڕۆڵ دەبینن، بەهیوام ئەوان هەڵەی کەسوکار و ماڵی کاوە گەرمیانی نەکەن، ئەگەر هوشیار منداڵی هەیە نەیبەن بیخەنە ئامێزی مەسعود بارزانی و وەک ئامەدی کاوە گەرمیانی، ئەو کەیسە بەلاڕێدا نەبەن. بۆ نمونە :
برای هوشیار دەڵێت : کاتژمێرێک پێش تیرۆری هوشیاری برای، کامێرای چاودێری ماڵەوەی لێکردۆتەوە، چونکە تێک چووە.
سەمەرە لەوەدایە ئێمە لە ووڵاتێکدا دەژین هەموو ماڵەکانمان کردۆتە کامێرەی چاودێری ....! ئەمە لە ڕووی ئاینەوە پێچەوانەی پەیامی دیندارەکانە، گومانە لەو ژیانەی خوا پێی داوین. باشە ئێوە لەکاتێکدا بڕواتان چارەنووس هەیە ئیتر کامێرای چاودێری مانای چی؟
کاتێک لە هەولێر دەچیتە گەڕەکی دۆلارئاوا، هەمووی ماڵە بەرپرسەکان بە کامێرا چاودێر دەر دەهێنێت : دەڵێی چوویت بۆ ناو تاقیگای کیمیاوییەوە، لەهەموو لایەکدا کامێرا چاودێریت دەکات، ئوتێل و ڕیستۆراند و باخچەکان پڕن پاراستن.
مالایەکی ئاینی کامێرای چاودێری بۆچییە ؟
ئێمە ئەم وەڵامە بۆ خوێنەر دادەنێین، بەڵام چاوەڕوانی سیناروێیەک بن لە ڕێگەی سەڵاح بەهادین و مەسعود بارزانیی، چونکە مەلا هوشیار سنوری بڤەی بەزاند و گەنجێک قسە نابێت بکات، کە زیانی بۆ پەزەکان هەبێت.
ئەی ئەو هەموو مەلا چەنەبازەی هەولێر و سەلەفییەکانی سلێمانی و داعشە کوردەکان ئەمانە هەڵوێستیان چۆن دەبێت ؟ لەنمونەی مەلا مەزهەر و مەلا مەسعود و مەلاعەلی کەڵەک و لەتیف و مەلاکانی تر کە موچەخۆرن، ئەی وەزارەتی ئەوقاف درۆی چیمان بۆ دەکات. چاوەڕێ بکەن ئەم کەیسە چی لێدێت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست