بە بیانووی ئازاری پشتییەو، نەوشیروان وازی لە ئازاری خەڵکی هێناوە
Sunday, 13/11/2016, 17:01
لە ١٧ی شوباتدا کاتێک دەنگە توڕە و ناڕازییەکان لە مەیدانی بەردەرکی سەرا دەستیان پێکرد، بزووتنەوەی گۆڕان خۆی نەکرد بە بەشیک لەو دەنگانە، بە پێچەوانەوە لە کەناڵی کەی ئێن ئێن، گۆڕان رایگەیاند کە ئەو کەسانەی لە بەردەرکی سەرا و لە بەردەمی لقی چواری پارتییدا کۆبوونەوتەوە، گێرەشێوێنن.
ئەم بزووتنەوەیە کە تا رادەیەک ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیی و خەڵکی کوردستان بڕوای پێیان بوو، بەتایبەتی لە سلێمانی و ناوچەی گەرمیان، ئاگاداریی کادێر و ئەندام و گۆڕانخوازەکانی خۆیان کردەوە، تا پشتگیریی خۆپیشاندەرەکان نەکەن و تێکەڵیان نەبن، بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت خەڵکە توڕە و ناڕازییەکە بەم بانگەوازەی گۆڕان ساردنەبوونەوە، درێژەیان بە کۆبوونەوەوە و دەبڕینی دەنگی ناڕازیی خۆیان دەدەن ئیتر گۆڕان سیاسەتی خۆی گۆڕی، هانی کۆمەڵیک لە نووسەر و رۆژنامەنووسانیان دا، ئەوی لە دەرەوەی وڵاتبوو، بێنەوە، ئەوەی لە ماڵەوە دانیشتبوو بێنە دەرێ و بچن خۆیان تێکەڵ بەو خۆپیشاندانەکان بکەن، بە هاوکاریی کۆمەڵ و یەکگرتوو، توانیان مەیدانی بەردرکی سەرا بکەن، بە شوێنی شیعر، وتارخوێندنەوە، گۆرانی وتن و نوێژدابەستن، بەمە دەسەڵاتیی پارتیی و یەکێتییان دڵنیاکردەوە، کە مەترسییان نەبێت، ئەمان خاوەنی ئەو دەنگە ناڕازیانەن، ئەم کارەی گۆڕان و سەرکردەکەیان چیرۆکی شێتخانەکەی هێنایەوە یادمان، ئەمانیش بوونە دکتۆری ئەو خەڵکە و سیاسەتەیان پیادەکرد. چیرۆکەکەش لەوێوە دەست پێدەکات، کە شێتەکان ماندەگرن و دەرگای هۆڵ و ژوورەکانیان دەشکێنن، رادەکەندەرێ بۆ گۆڕەپانی شێتخانەکە، هاواردەکەن بە چواردەوری گۆڕەپانەکەدا رادەکەن و هوتاف دەکێشن، کارمەنەدەکان هەرچەند دەکەن، چارەسەریان بۆ ناکرێت، تا داواجار دکتۆرێک دەڵێت لێگەڕێن بۆ خۆم چارەی دەکەم، دەچێت جلێکی وەک شێتەکان لەبەر خۆی دەکات و دەچێتە دەرەوە و بۆ لای شێتەکان، وەک ئەوا دەست دەکات بە هاورارکردن، راکردن و هوتافکێشان، شەق لە داروبەرد هەڵدەدات، تا وای لێدێت دەبێت بە یەکێک لە شێتەکان، ئەوانیش بە دوای دەکەون ئیتر لە پڕ گێڕ دەگۆڕێت و خۆی دەکاتەوە بە ناو هۆڵ و ژوورەکاندا، هەموو شێتەکانیش دوای دەکەون، تا هەموویان دەچنە ژورێ، ئەوسا خۆی دێتە ئەمدیو و دەرگا لەسەر شێتەکان دادەخەن.
بزووتنەوەی گۆڕانیش لەسەر رێنمایی کاک نەوشیروان سیاسەتی ئەم دکتۆرە پیادە دەکات، سەرەتا نەوشیروان هەرچی دەنگی ناڕازیی و ئۆپۆزیسیۆن بوو، لە ئەوروپا و لە وڵات کۆیکردنەوە و بە ناوی گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان جاڕیی گۆڕانکاریی بۆ لێدان، خەڵكێکی زۆری لە خۆی کۆکردەوە، دوایی دەستی خستە ناو دەستی پارتیی و یەکێتیی و گیانی کردەوە بە رۆحی حکومەت و پەرلەمانی کوردستاندا، ئیستاش گۆڕانباز و پۆستخوازەکانیش دەیانەوێت ئەم خۆپیشاندانانە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بەرن و دەیانەوێت خۆیان بکەن بەو دکتۆرە.
نەوشیروان مستەفا کە گۆڕانی دروستکرد، چەندین جار لەگەڵ سەرانی بنەماڵەی بارزانی کۆبوونەوەی کرد، لە ژوورە تاریکەکاندا لەگەڵیاندا دانیشت، کە پێشتر زۆر لە گۆڕانخوازە هەڵخەڵەتاوەکان بەمە بڕوایان نەدەکرد، کە نەوشیروان و بزووتنەوەکەی بە ئاسانی بچێتە ژێربار و کاری ئاوا بکات، پێیان وابوو، نەوشیروان هەرگیز لەگەڵ بنەماڵە و بەرپرسە خائینەکاندا دانانیشێت، دانوساندن ناکات، پاساویان ئەوە بوو، گوایە نەوشیروان ئەم بنەماڵە پیسخۆر و خائینانە دەناسێت، ئەوان ناتوانن بیخەڵەتێنن، چونکە مێژووی لەگەڵیاندا هەیە و هەڵە و خیانەتێکی مێژوویی دیکە بۆ خۆی تۆمارناکات، بەڵام نەک تەنیا ئەمەی کرد، بەڵکو لە چەند دانیشتنێکدا بە مەسعودی وت، ئەم هەرێمە لە دەستی کەسێکی ئەمیندایە و ئەویش تۆیت.
لە گردەکەی نەوشیروان کە مام رۆستەم بۆی ناو نابوو گردی پیرۆز، لەو شوێنە پیرۆزەوە دەیان دانیشتن و دانووساندنیان لەگەڵ سەردانی ناپیرۆزی دەسەڵاتدا ئەنجامدا، لە ژێر مێز و لە ژوورە تاریکەکاندا دەیان رێکەوتن و پلان و گۆڵمەزیان بە خەڵکی کوردستان گێڕا. کاک نەوشیروان کە ئیستا خاوەنی چەندین مۆڵ و بازاڕە، شەریکی فاروقی مەلا مستەفایە و پشکی لە کارگەی چیمەنتۆکەدا هەیە، ئەمیش وەکو هەموو بەرپرسەکان دوو کوڕەکەی هێناوەتە پێشێ، ئیستا لە قوبروس و شوێنی دیکە، ماڵ و موڵک و ئوتێلی پێنج ئەستێرەی بە ناوی کوڕەکانییەوە بۆ کڕیون، خۆشی بە بیانووی ئازاری پشتییەوە، وازی لە ئازاری خەڵکی کوردستان هێناوە و چارەنووسی گۆڕانی داوەتە دەست چەند موراهیقێکی سیاسی، تا هەموو نشوستییەکان بخاتە ئەستۆی ئەوان و دواجار دوکانی گۆڕان دابخات.
گۆڕانیش چارەنووسی کۆمەڵەی رەنجدەرانی بۆ نووسراوە، وەک ئەکتەرێک لەم خۆپیشاندانانەی مامۆستا و فەرمانبەراندا دەیەوێت رۆڵی دکتۆرەکە دووبارە و سێبارە بکەنەوە، ئەمەش تەمەنی گۆڕانی کەمێک درێژتر کردۆتەوە، ئیستا لە رێگای پۆستخوازەکانی گۆڕانەوە جارێکی دیکە دەیانەوێت سینارۆکە دووبارە بکەنەوە، بەڵام با هەموو لایەک بزانن، کە سەرچاوەی ئەم هەموو خراپەکارییانەی دەسەڵات بۆ یەک سەرچاوە دەگەڕێنەوە ئەویش ئەم سەرکردە و بەرپرسە کۆنانەی شاخە بە نەوشیروان مستەفاشەوە، خەڵکی دەبێت تێبگات کە نەوشیروان مستەفاش بەشێکە لە دەسەڵات و بە پراکتیک ئەمەی سەلماندووە خۆشی نەیشاردۆتەوە، ئەگەر خەڵکەکە نایەوێت تێباگات، ئەوە تاوانی خۆیانە نەک تاوانی دز و مافیاکان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست