ئەو کاتەی "پێشمەرگە" لە هەموو بەهایەک ڕووت دەبێتەوە
Friday, 21/03/2014, 12:00
هەموو ڕاپەڕین و دەستدانە چەکێک شۆڕش نییە، هەموو بەرگ بۆرێک و چەک لە شانێک پێشمەرگە نییە "شەهید ئارام"
پێشمەرگە:
لەدوایی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە کەسێک لە باشوردا نەماوە ناوی پێشمەرگە بەباڵایدا ببڕێت، دەسەڵاتی پارتە کوردییەکان، کە دەسەڵاتێکی تڕۆ و نانیشتمانییە، نەیانتوانی ناوی پێشمەرگە پیرۆز بکەن وەک ئەو مێژووەی بە دوای خۆیدا هێنابووی، کە دەبوو دوای راپەڕین بۆ رااگرتنی پیرۆزی وشەی پێشمەرگە بیانگۆڕیانە بەچەکدار، یان پاسەوان و نیگابانی شەوانی بەرپرسەکان. هەستان لەسەر کەلاکی بەعس و بۆ ناشرین کردنی کەسایەتی پێشمەرگە، هەریەکەیان کۆمەڵێک فەوجی نەخوێندەواری دروست کردوە و ناویان ناون "پێشمەرگە" لەکاتێکدا کەسی پێشمەرگە زۆر جودایە لەکەسێک لوشکە لوشک بگری و بڵێ من دینارێک لە گرفاندما ن ییە، لێرەدا من رەخنە لەو کەسە ناگرم، چونکە بە گریانەکەیدا ئەوە بە گوێماندا رادەدێرێت کە دەڵێت من پێشمەرگە نییم بە زۆری زۆردارەکی ئەم دەسەڵاتە دەمات بە پێشمەرگە و دەمگریەنێت، یان بڵیت پێشمەرگەکانی جارانیش ئاوا گرینۆک بوون. ئەوە بەو مانایە نا ئێمە بێین سوکایەتی بەو پیاوە بەتەمەنە بکەین "بورهان فاخیر" بەڵام لە بڵاو بونەوەی ئەم کورتە فلمەدا ئێمە دەبێت دور لەسۆز کەسی پێشمەرگە بخوێنینەوە.
مێدیاکانی باشور وەک هەنگیان لە کونە داردا دۆزیبێتەوە، شوێنپێ بورهان فاخیریان هەڵگرت بۆ ماڵەوەی، لەکاتێکدا ماڵەکەی بورهان ماڵی کەسێکی هەژارە، بەڵام دەسەڵاتی کوردی هێندە لەسەر تێکشکانی تاکی کورد کاری کردوە، ئەوەتانێ منداڵەکانی بورهان و ژنەکەشی داوای کۆمەک و یارمەتی دەکەن و دەپاڕێنەوە تا دەسەڵات یارمەتیان بدەن.
لێرەدا دەبێت هەڵوێستەیەک بکەین و بگەڕێنەوە بۆ لای کاکی پێشمەرکە، کە خۆی ئیدیعای ئەوە دەکات کە لەساڵی ١٩٨٢ەوە پێشمەرگەیە و ئێستا خاوەنی هیچ نییە.
لەکاتێکدا کەسێک لەساڵی ١٩٨٢ە وە پێشمەرگە بێت، ناکرێت هێندە تێک شکاو بێت، گەر وابێت، دەبێت قوتابخانەی شۆڕش لەباتی دروستکردنی کەسی ئازا و ئازاد، کەسی قەزم و تێکشکاوی بەرهەم هێنابێت، تۆیەک بۆ موچە و پارە لوشکە لوشک بگریت، ئەی کە کەوتیتە دەست دوژمن چی بەرهەم دەهێنیت و چۆن بەرگری لە باوەڕەکەت دەکەیت ؟ داخۆ هەڵگرتنی تفەنگ بۆ چییە ؟ منێک نەتوانم لە ڕێگەی تفەنگەوە منداڵەکانم فێری ئازادی و سەربەرزی و نەفسبەرزی بکەن چۆن دەتوانم بەرگری لەگەلێک و خاکێک بکەم؟
ئەم قسانەی من بۆ "بورهان فاخیر" نییە بۆ گشتی ئەو کەسانەیە کە زوو زوو دەر دەکەون و باسی پێشمەرگە و کەسی جەنگاوەر دەکەن و داوای دەسکەوت و موچە دەکەن. لەکاتێکدا سەدان نمونە هەیە دەسەلات نایەوێت پیشانمان بدات، بۆ نایەن دیکۆمێنتێک لەسەر شەهید ئاسۆ ناکەن، کە شەهید بوو تەنها فڵچەیەکی ددانشتن و چەند کۆپلە هۆنراوەیەک لە گیرفانەکانیدا بوو، یان شەهید فەرەیدوون کە نامیلکەی "ڕەوشتی هاوڕێ کۆمەڵە و، دوونامەی لە گیرفاندابوو یەکێک بۆ خێزانەکەی دایک و باوکی و خوشک و براکانی، نامەی دوهەمینی بۆ ئەو کەسەی بێماڵئاوایی جێی هێشتبوو کە پڕی بوو لە لێبوردەیەیی و ووشەی پێشمەرگە.
مەسعود بارزانی، سەری زمانی و بنی زمانی ووشەی پێشمەرگەیە. هەمیشە بەرگێکی خاکی لەبەر کردوەو خۆی کردۆتە " باوکی ڕۆحی" پێشمەرگە، لەکاتێکدا لەدەنگی تەقینی میزەڵانێش دەسڵەمێتەوە ؟
مێدیاکان بڵاویان کردەوە، کاتێک مەسعود بارزانی پێشمەرگەیەکی گرینۆکی دی ووتی موچەکەیان بۆ سەرف بکەن. ئەمە تێکشکان نەبێت چییە ؟ ئەمە بێئرادە کردنی خەڵک نەبێت چییە ؟ ئەگەر ئەمە شەڕێک نییە لەڕووی سایکۆلۆژییەوە بەرامبەر تاکێکی چەک لەشان دەکرێت، ئەگەر تفەنگ بەدەستێ لۆش لۆش بگری و بکڕوزێتەوە بۆ موچە، ئەی کەسێکی سڤیلی بێ چەک دەتوانێت چی بکات ؟
پرسی تێکشکانی پێشمەرگە، پرسێکە دەمێکە دەسەڵات کاری لەسەر دەکات. لە ڕۆژەکانی گەڕانەوەیان لەئێران کار بۆ ئەوە دەکەن کە کەسایەتی پێشمەرگە ڕووت بکەنەوە لە هەموو ئەفسانەو چیرۆکەکان لەماوەی شۆڕشدا کە دروستبوون و لە دایک بوون. بۆ نموونە : هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ڕاپەڕینەوە جاشەکان کاتێک سەنگەریان گواستەوە، بوون بە پێشمەرگە، ئەوەتانێ نیشتمان فرۆشێێکی وەک قاسم ئاغای کۆیە دەڵی منیش خەباتم کردوە، لە کاتێکدا بە سەدام دەڵێ ڕەحمەتی، یان جاشەکانی تر دێن و وەک سەرانی سەربۆیاخ کراو بیرەوەری خۆیان دەنووسنەوە. کاتێک مەسعود بارزانی ووتی تەحسین شاوەیس کوڕی بارزان ییە و برای منە. ئیتر پێشمەرگە لەگۆڕ نرا. کاتێک کاتێک بورهان فاخیرێک دەکڕوزێتەوە و هاوڕیەکەی باس لەوە دەکات کە بەرپرسە کوردەکان دزیان کردوە لە سوپای عێراقدا و ئەوانیان دەرکردوە، ئیتر هیچ نامێنێتەوە قسەی لەسەر بکەین، تۆ سەربازی سوپای تاوانی، کە تاڵەبانی بەهەڵەداوان بەر لە مردنی دەچووە بەغدای تاوان و گوڵی لەسەر گۆڕی سەربازی وونی عێراقی دادەنا و لە سلێمانی دەیکردە پشوی ڕۆژای سوپا ئیتر، هیچ شتێک نەماوەتەوە بڵێین ئەمە پێشمەرگەیە. کاتێک شێخ جەعفەری وەزیری پێشمەرگە ڕووی دەمی لە پێشمەرگەکان دەکات و دەڵێ: من "قۆنەرەی کۆنم بیستوە بەڵام پێشمەرگەی کۆنم نەبیستوە" ئیتر هیچ شتێک نامێنێتەوە ناوی پیرۆزیی پێشمەرگە بێت.
کاتێک ئەم دەسەڵاتە هاتە سەر حازی ئیتر لەگەڵ خۆیاندا هەموو شتێکیان ناشرین کرد.
بابگەڕێنەوە بۆ لای شاعیرە کۆنەکان، کاتێک قانع گیان دەسپێرێت ١٥٠ فلسی لەگیرفاندا دەبێت، بێکەس قەرزی دەکرد تا پارەی عارەقی دەست بکەوێت، بەڵام شێرکۆ بێکەسی کوڕی غەرقی پارە ببوو، ئیتر جارجارێکیش ئەی شیعران و کە مردیش پارکی ئازادی داگیر کرد و ئێستاش خێزانەکەی هەر خەریکی سواڵکردنن. کاتێک پێشمەرگەیەک بیری دەچێت چەکدارە و دەتوانێ لەڕێی تفەنگەکەیەوە داوای ژیانی باشتر بکات، ناتوانێ بیکات و لوشکە لوشک دەگری، بەڵام هەمان چەکدار دەچێت لە بەردەرکی سەرادا بۆ ئەو دەسەلاتەی کە پارەی ناداتێ، ئەم خەڵکی بۆ سەرکوت دەکات، ئەو خەڵکەی کە داوای ئازادیی و ژیانێکی باشتر بۆ ئەویش دەکات.
لە کتێبی "ئۆقیانوسێک لەتاوان"دا پێشمەرگەیەک پیاو دەهێنێت بۆ ژنەکەی بۆ ئەوەی پارەی دەست بکەوێت، چ بێکەرامەتییەکە. هاوڕێ شەهیدەکان چۆن خۆتان بە بەختەوەر نازانن کەوا ئەم ڕۆژانەتان نەدی، کە مەسعود بارزانی نانتان بداتێ و سوک و ڕیسواتان بکات.
نەفرەت لەو ڕۆژانەی کە من لە چیا بووم و لە سەر سفرەی ماڵە جوتیارە هەژارەکان نانم دەخوارد و پەیمانی ڕۆژێکی باشتر و ئازادیم پێدەدان.
ئەی پێشمەرگەکان ... گەر ناوی خۆتان بەجوانی دەهێڵنەوە تۆزێک بیر لە کەرامەت بکەنەوە، تفەنگەکانتان تاکەی بۆ ڕۆژی لێقەومان دادەنێن.
پەندێکی هیندی هەیە دەڵێ : ئاو هەرچەندە گەرم بێت، کە کرا بەسەر ئاگردا دەیکوژێنێتەوە. بۆیە بورهان فاخیر دەستی کردە گریان، تا موچەکەی بۆ سەرف کەن، بەڵام بورهانەکان نازانن، لەگەڵ ئەو موچەیەدا چ شتێکی بەرنختریان دۆڕاند ووە، جاران خەڵک چەند بە کەرامەتەوە لە ژیانی دەڕوانی ؟ بەڵام دەسەڵاتی کوردی ئەو ڕوانینەیان بۆ ژیان و ئازادیی لێسەندینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست