کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سۆسیال دیموکرات و براگەورەیی کوجا مەرحەبا؟

Wednesday, 26/12/2012, 12:00


ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بڕیاری دا، که‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ "برا گه‌وره‌"  بێت تا گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌.
ئەم هەواڵە: گەرچی هەواڵێکی سیاسییە، بەڵام له‌ عه‌قڵێکی دواکه‌وتووی عه‌شایریانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، زیاتر لە بڕیارێکی دیوه‌خان و نوکتەکی زۆر قۆشمە دەچێت.

ئەنجومەنی پیرانی یەکێتی ناتوانن وەک دیموکراسی کە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن و هەموو ڕۆژێک وەک حەبی گولاجی نەخۆش دەرخواردی خه‌ڵکی دەدەن و پێمان دەڵێن فەڕەنسی و سوئیدی و ئەڵمانەکان زۆر بەڕێزەوە لەو دیموکراسییەی هەرێم دەڕوان و خەریکە نمونەکەی وەک موفەڕک بۆ ووڵاتانی تر دەنێرن . ئەوەتانێ لەڕێگەی دیموکراسی و سۆسیالیستەوە ، سیستەمی دیوەخانمان بۆ دەگێڕنەوە و پێمان دەڵێێن (کۆسرەت ڕەسوڵ) برا گەورەی یەکێتییه‌کانە ، ئەو لەجێگەی مامی براگەورە کارەکانی جێ بەجێ دەکات . کاتێک برا گەورە هەبێت ، مانای وایه‌ برا بچوکیش هەیە، ئه‌رکی برا گه‌وره‌ قسه‌کردن و فه‌رمان ده‌رکردنه‌، برا بچوکیش ئه‌رکی جێ به‌جێکردنێتی، ئه‌وه‌ی فه‌رمان ده‌درده‌کات، ئاغا و کوێخایه‌، ئه‌وه‌ی جێبه‌جێی ده‌کات بچوک و کۆیله‌یه‌، له‌ سیاسه‌تدا ئه‌گه‌ر برا گه‌وره‌که‌ی ئه‌م یه‌کێتیی بازانه‌ وه‌ربگیرێت له‌و مانایه‌ زیاتر هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ بۆ براگه‌وره‌ نییه‌.
ئه‌گه‌ر مانایه‌کی دیکه‌ له‌لای یه‌کێتییه‌کان بۆ برا گه‌وره‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ش ده‌پرسین، ئه‌ی ئەرکی برا بچوکەکان ده‌بێت چی بێت؟
ئەم پەیامەی ئەنجومەنی پیران لەناو یەکێتیدا پێمان دەڵێت . یەکێتی نیشتمانی لەدوو دنیادا دەژی ، دنیایەک کە خۆیان پێدا هەڵواسیوە و بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت بەدنیای بڵێن کە ئەوان سۆسیال دیمکراتی عەیارە"24"ن و لە ئەرزی واقیع و ناو خودی خۆشیاندا سۆسیال دیوەخان و سیستەمی براگەورەی پەیڕەو دەکەن. ناتوانن وەک ڕاستی بینینی کێشەکان لەڕووداوەکان دابماڵن، کە ئەویش نەخۆشکەوتنی "جەلال تاڵەبانی"یە و مەسعود بارزانی ووتەنی (ئەم نەخۆشیەی مام جەلال زۆر جدییە)
لێرەوەیە کە بەخێرایی زۆرەوە پێنج کەس لەناو یەکێتیدا جێگەی جەلال تاڵەبانی دەگرێتەوە و براگەورەییەکەش به‌ر"کۆسرەت ڕەسوڵ" ده‌که‌وێت، سیستەمی به‌ڕێوه‌بردنیش، له‌سه‌ر بنه‌مای دیوەخانیش کاری پێده‌کرێت، ئه‌مه‌ش ناتوانێت قەیرانە چاوەڕوانکراوەکەی ناو یەکێتی چاره‌سه‌ر بکات.
ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌ و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتیی، عادل موراد، به‌ئاژانسی‌ ئه‌سواتل عێراقی‌ راگه‌یاندووه‌، له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ دوێنێ، دووشه‌ممه‌ی‌ نێوان مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ یه‌كێتیدا بڕیاردرا له‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ تاڵه‌بانی‌ له‌ده‌ره‌وه‌یه‌، كاره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ دابه‌شبكرێن، هه‌روه‌ها رێككه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ كاره‌كانی‌ سكرتێری‌ گشتی‌‌ رابپه‌ڕێنێت‌ و به‌رهه‌م ساڵحیش وه‌ك جێگری‌ دووه‌می‌ سكرتێر هاوكاری‌ بێت، هاوكات ده‌سته‌یه‌كیشیان له‌گه‌ڵدا بێت له‌ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌لا به‌ختیار‌ و عومه‌ر فه‌تاح‌ و قادر حه‌مه‌جان پێكهاتووه‌.



پرسیارە ڕاستیه‌کە لێرەوە سەر هەڵ دەدات ، داخۆ لە دنیایی سیاسەتدا نمونەیەکی تری لەم ڕووداوە شک دەبەن، بە خودی حیزبی بەعسیشەوە ، کاتێک سەدام لەدار درا، ڕاستەو خۆ جێگرەکەی " عێزەت دوری " جێگەی گرتەوە و ئەو سەرپەرشتی بەعسییه‌کان دەکات ، هاوکێشەکە زۆر سادەیە ، باوک بمرێت کوڕی گەورە دەبێتە میراتگر و قانع ووتەنی (کە شێخ مرد شێخ زادە دەبێتە جێگری) بەڵام ئەم هاو کێشەیە گەرچی لەناو پەیڕەوی یەکێتیدا هەیە و لەناو هەر پارت و حیزبێکی تردا پەیڕەو دەکرێت و کەسیش نییە لە یاسای نەخۆشی و تەمەن و تەنانەت مردنیش یاخی بێت . با سەرکردەو سەردارو سەدان پۆست و پایەی هەبێت . نەمردین سۆسیال دیمکرات و براگەورەیشمان بیست. چاوەڕێ بکەین تا لەژیاندا بین لەگەڵ ئەمانەدا شتی خۆشتر لەنوکتە دەبیستین، براگەورەیی کۆسرەت ڕەسوڵ بەنمونە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە