ئەو ڕۆژەی گۆڕان لە سلێمانی گەورەترین گۆڕانی کرد
Thursday, 08/08/2013, 12:00
پێش لە مردنی ئەلبێرت ئێنشتاین ووتی: "ئەگەر دەمزانی بۆمبی ناوەکی بەرهەمی داهێنان و هەوڵی منە، ئەم کارەساتانەی لێدەکەوتەوە، ئەو کات قەت نەدەبوومە فیزیازان".
لەشەقامە قەرەباڵغەکانی سلێمانیدا، ئەو شەقامانەی کە ئیتر لەگازی کوشندە و وڕەوڕ و هۆزنی شوفێرە ناشوفێرەکان یەق دەکەنەوە، بێگوێدانە هیچ ڕێزێک بۆڕبۆڕێن دەکەن, جوێن دەدەن و لە شوفێر و ئۆتۆمۆبێلەکانی تر مۆڕدەبنەوە. سەرباری ئەو گەرما پڕوکێنەش، لە رۆژی ٢٥/٧ دا، گۆڕان یان چاکترە بڵێم لایەنگرانی گۆڕان ئەوانەی مانگانە پارەی خانەنشینی وەردەگرن و دەیانەوێت بیگۆڕن، لەشەقامەکان وەربوون تاک و دەمەو بەیانی، ئەوانە دەستیان نابووە ژینگەی شار و بۆڕبۆڕێنیان بوو، من نازانم چیان دەگۆڕی کەسمان نەمان دەزانی منداڵەکان لە پەنجەرەو سەقفی سەیارەکانەوە ئاڵا شینەکەی گۆڕانیان ڕادەوەشان و وێنەی کاک نەوشیروانیان بەڕووی ڕێبواران و گڵۆبەڕۆژەکاندا سەریان هەڵدەبڕی، هاواریان دەکرد دنیا هەستێت ئێمە هەر دەیگۆڕین .
شارستانێتی ئەم گۆڕانخوازانە و کەلتوری ئەم کەسانە هەمان قوتابخانەیە، کە لە بەعسییەکانەوە دەست پێ دەکات کە بە (رۆژی پاریزگاکان) ناوی دەرکردبوو. تاکو یەکێتی و پارتی ژینگەیەک دروست دەکەن پڕێتی لە ئازاردانی بەرامبەر و پەراوێز خستنی خەڵکێ کەوەک تۆ بیر نەکاتەوە.
کاتێک ئەو ژاوە ژاوەم دی و خەڵکیم دی کە لەناخەوە هەست بەبێزاری دەکەن، زەنگم بۆ هاوڕیەکم لێدا کە سێکی نزیکە لەگۆڕان و ڕۆژ بوێری نییە بۆ گردەکە، ووتم تکایە ئەوەی ئەمڕۆ گۆڕان دەیکات زۆر ناشارستانییە، تکایە دەتوانن بە ئاگادارکردنەوەیەک ئەو بێسەر و بەریە ڕابگرن، خۆ ئێوە ڕەخنەتان هەبوو لەیەکێتی، کەچی لەوان خراپتر دەکەن؟ ووتی دڵنیات دەکەمەوە ئەوە خەڵکە وادەکات و پلانی بەڕێوەبەرانی گۆڕان نییە . ووتم دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت و بەڕادیۆ و تەلەفیزیۆن ئەم ژینە نادروستە ڕابگیرێت، ئەی باشە بۆ لەهەولێرو دهۆکیش نایکەن؟
کاتێک لە تێڤێکەم دەڕوانی و سەیری کەی ئێن ئێنم کرد ئەوەتانێ خەریکی گواستنەوەی ئەو ئەتکردنەی ژینگەیەن لەشار کە لەماوەی ئەم ٢٣ساڵەدا ئەم میللەتەی ئێمە یان لەپرسەیە بۆ هێنانەوەی تەرمەکانی شەڕی ناوخۆ و لافیتەی ڕەش یان لەسەر شەقامەکان ئەتکی جادە و خەڵک دەکەن، دەترەقێنەوەو هەڵدەپەڕن هەڵپەڕینێکی هێندە ناشرین، وەک کچە دانمارکێکە ووتبووی ئەمەیە دانسی کوردی ئەوە خۆ بەچەند چرکە فێر دەبیت، ئای کە دانسێکی بێناوەڕۆکە.
من هیچ کات دژی ئاسودەیی و سەیران نیم، بەڵام کاتێک تۆ ئازادیی من زەوت دەکەیت، خۆشت هەمان کەسیت کە ئازادیت نییە، بەبڕوای من ئەوانەی لەسەر شەقامەکان بوون نەیان توانی هیچ بکەن و هیچ بگۆڕن، تەنها و تەنها خەڵکیان بێزار کرد، ئەگەر وایە ئێوە هەمان ڕەفتاری پارتی و یەکێتی بکەنەوە، ئەی خێرە ناوتان ناوە گۆڕان؟ لە کاتێکدا کەسانێک کە بڕیارە دەسەڵات بگرێتە دەست دەبێ لەپێشدا ئامادەبن، کەچی سەیر دەکەین ئێوە جگە لەوەی خۆتان ئامادەنین، کەسیشتان ئامادە نەکردوە، هەمان ئەو کەسانەش کە دەتانەوێت بیان خەنە ناو گەمە سیاسییەکانەوە تاکو ئەم چرکەساتە هەمان ئەو کەسانەن، کە ئێمە پێشتر لەشکستەکاندا دیومانن و وێنەیان لامان کاڵنابێتەوە.
چونکە سەردەمی داگیرکردنی ووڵاتان وەک جاران سانایی نییە، ئەوەتانێ یابانییەکان خەریکی دروستکردنی دوورگەیەکن لە سەر زەریا چونکە یابان نیشتمانەکەی خاکی کەمە، ئەوان ناڵێن ئێمە دەیگۆڕین، کەچی گۆڕانەکەی لەمەڕ ئێمە ڕێک کۆپی دەسەڵاتەوە دێتە سەر شەقامی سلێمانی و ئازادیی لەخەڵکی تر دەتەنێ و دەڵێ دەیگۆڕین ! لەکاتێکدا ئەگەرێکی تێدا بوو هەمان مانۆڕی هۆڕن لێدانی لە هەولێرو دهۆک و زاخۆ و کەرکوک بکردایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست