دیدارەکەی بارزانی لەگەڵ رۆژنامەنووسان بۆ سوکایەتییکردنیان بوو!
Monday, 23/04/2012, 12:00
بەپێی بەیانامەیەکی لڤین، لەساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، بارزانی لەگەڵ سەرجەم میدیاکانی حیزبی و ئەهلی بەدەر لە لڤین کۆبۆتەوە. بایکۆتنەکردنی هیچ رۆژنامەنووسێک بۆ ئەو دیدارە شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆیان. کە نازانین، ئەگەر لڤینیش هاوشێوەی تالەبانی بانگهێشت بکرایە ئایا بەخۆشحاڵیەوە دەچوو یان ئەم جارە هەڵوێستی وەردەگرت؟
چوونی سەرجەم رۆژنامەنووسان بۆ بانگهیشتکردنەکەی بارزانی، چەند بارە نیشان درایەوە رۆژنامەنووسان، لەهەر (کات و شوێنێک) لەلایەن بەرپرسانەوە بانگهیشت بکرێن، کارمامز ئاسا بۆی ڕادەکەن. ئیتر با ئەو بەرپرسەش دەستی ل ەتیرۆری رۆژنامەنووس و یاسای دژ بە ئازادیی رۆژنامەنووسان و ئەشکەنجە و ئازاردان و ووتنی جوان و کرداری پێچەوانەی هەبێت.
رۆژنامەنووس شیروان شیروانی، دوای ٣ ڕۆژ لە زیندانی ئاکرێ، دوێنێ کە ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری بوو بەرەو زیندانی باستیل (مەسیف) بردرا. بۆیە گرتنی هاوپیشەیەکییان، لە ساڵرۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی و بەشداری کردنی ئەم رۆژنامەنووسانە بۆ دیدارەکەی بارزانی، سەرباری ئەوەی بارزانی بڕیاردەری پلەیەکی دەڤەری زەردە کە ژیانی رۆژنامەنووسان لەخراپترین حاڵدایە. هاوکات رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە هەمان ڕۆژ بەرەو شوێنێکی ترسناک بردراوە (زیندانی مەسیف) ئەمە:
١/ شەرمەزاریەکی تری سەرۆکی هەرێمە کە (واژوی یاسایەکی کردووە نابێت رۆژنامەنووس زیندانی بکرێت).
٢/ بەتاڵکردنەوەی ووتە بریقەدارەکانی کابینەی (نێچیر، عماد) دەگەیەنێت.
٣/ شەرمەزارییەکی گەورەی ئەو رۆژنامەنووسانەبوو، کە بەشداری دیدارەکە بوون.
بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەرە بەڕێزەکان، وا١٠ ڕۆژی تر دووم ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمانە. ئاخر رۆژنامەنووس دەبێت لە هەندێ کات و شوێنی هاوشێوەدا، خاوەن هەڵوێست و رەوشتی بەرزی راگەیاندن بێت، بوێر بێت، ئەگەرنا بەشداریکردن بۆ بۆنەیەکی ئاوا بە کەسێکی هەڵپەرست لێک دەدرێتەوە.
ساڵی ١٩٩٦ هێشتا هەفتەیەک بە سەر سی و یەکی ئاب نەڕٶیشتبوو، حالەتێکی دیکەی وا رووی دا، کە پارتی لە هەولێر (فازل میرانی و فرانسۆ حەریری) داوایان رۆژنامەنووسان کرد، با بێن گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەین، ئەو کاتە ئێمە لە دوکانەکەی شوان داودی چەند کەسێک کۆببوینەوە، من وتم وەرن بایکۆتی بکەین و نەچین، ئەو کەسەی دەچێت، بە تووندی رەخنەیان لێ بگرێت، لە ناو ئەوانەدا کەسێکی لێبوو، وابزانم ناوی دلێر بوو هاوڕێی شوان داودی بوو. ووتی تۆ چی دەڵێی: ئێمە دەچین بەڵکو هەندێ پارەمان پێ بدەن. من بە وەڵامی ئەو رۆژنامەنووسە حەپەسام، کە چۆن مرۆڤ لەم چرکەساتدا ئاوا بیربکاتەوە، بۆیە دڵنیام زۆر لەو رۆژنامەنووسانەی دەچنە دیداری بارزانی و تاڵەبانی و مەکتەب سیاسیەکانیان، بەئامانجی دەرکەوتن و خۆدەرخستن لە میدیا یان هاوشێوەی ئەو دلێرە دەستکەوتێک وەرگرن، ئەگەرنا ٢٢ ساڵ لە ووتە و کرداری پێچەوانە تێنەگەیشتن!؟
هاوکات ئایا ئەو رۆژنامەنووسانە ی دەچنە ئەو دیدارانە، ئەوەندە بوێرییان هەیە، ئەوەی لەماڵپەرو ڕۆژنامەکان لەڕەخنە لەو بەرپرسانە دەگرن، بەرامبەریشی بڵێنەوە؟. دڵنیام لەم بارەوە چیرۆکی فیلەکەی خاوەن شکۆ بەسەر زۆرینەیان دێت. من هەرگیز حەزم بە باسکردنی خۆم نییە، بەڵام دەزانم بەرامبەر ئەو ڕەخنانە ئەوەندە بەردەوامە بە چاومان دەڵینەوە، گوایە (ئێمە لە ئەوروپا دانیشتووین و قسەی زل دەکەین). بۆیە بە ناچاری باسی ئەوەی ٣١ی ئابیشم کرد.
لە گەرمەی شەری ناوخۆ، لەسالی ١٩٩٦ لە دیدارێکی ٢٢ پارت و ڕێکخراوی سیاسیی لەگەڵ بەڕێوبەری ئاسایشی گشتی (حاکم قادر) لە سەر بار و دۆخی ئەمنی هەولێر بۆ یەکەم جار بەشداریم کرد بەناوی ڕێکخراوی تێکۆشان، حاکم قادر زۆر قسەی کرد، لەکۆتایشدا ووتی: کێ ڕەخنە وسەرنجی لێمان هەیە با لێمان بگرێت، برواتان بێت یەک نوێنەری ئەو هەموو پارتە ڕەخنەیەکیان بەزاردا نەهات.
گەرچی ئەو کات شەڕ و ململانێی زۆر گەورەی فیکریمان لەگەل کۆمۆنیستی کارگەریی هەبوو بەڵام دوو کادیریان زیندانی کرابوو، بۆیە بەهەڵم زانی و رەخنەم لە مامەلەی ئاسایش گرت بیرمە وتم ئێوە خۆتان پێ حزبێکی ئازادیخوازە، بەڵام دوو کەس تەنیا بەیانامەیان بلاوکردۆتەوە زیندانیتان کردوون، ئەمە چۆن لەگەل دروشمەکانتان یەکانگیر دەبیتەوە؟ جەدەلێکی قسەکردن لە نیوانماندا دروست بوو سەرەنجام وتی: پەیمان بێت بەیانی بەریان دەدەم. بەراستیش بەری دان. هەفتەیەکی پێنەچوو کاکە فائیق کە یەکێک لەزیندانیەکان بوو گەیشتە تورکیا. هەروەها لەناو مەسیف و لە ساڵیادی ئەنفال ١٩٩٦ لەبەردەم دەیان بەرپرسی پارتی لەوانە فرانسۆ حەریری ئاماژەم بە تیرۆری شەهید رەئوف ئاکرەیی دا. ئەمەم بۆ ئازایەتی گیرانەوە نییە بەئاستی ئەوەی لەو کاتدا کە گرتن و کوشتن زۆر بە سانایی تێدەپەڕی و نەدەبووە هەواڵیش، ئەی بۆ ئێستا ئەم نووسەر و رۆژنامەنووسانە قسە ونووسینەکانتان لە بەرامبەریان و بەرەو روو نایکەن؟
من نالێم ئیوە لە کوردستان دەژین و بارزانی بەرپرسی یەکەمە هەرگیز دیداری لەگەڵدا مەکەن، بەڵام هەندێ کات و شوێن هەیە بە سوکایەتی لێک دەدرێتەوە. هاوکات جۆری قسەکردنەکانیشتان سەنگی مەحەکە لەو کاتانەدا دەردەکەوێت ئایا ئێوە کوڕی قسە و نووسین و ڕەخنەکانتانن؟ یان بەس بەدوای کامیرا و دیداری بەرپرسان دەکەون !؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست