ئەوەی لە زاخۆ ڕوویدا دەربڕینی نارەزایەتی یان سیناریۆی پارتی و یەکگرتوو بوو!؟
Monday, 05/12/2011, 12:00
ئەوەی لەڕۆژی هەینی سەرەتا لەزاخۆ ،دواتر پەڕیەوە چەند شار و شارۆچکەیەکی بادینان ، لەسوتانی دوکانی مەیخانە وئوتێلەکان، دواتر بارەگاکانی یەکگرتوی ئیسلامی ڕویدا ، لێکدانەوەی هەمە جۆری هێناوەتە ئاراوە. بەرادەیەک هەندێک کەسی توشی لێکدانەوەی هەڵە کردوە ، کەلەدەرەنجامدا دەبێتە (شەرعیەت دان بەو سیناریۆیە ی پارتی).
هەرکەسێک لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەم ڕوداوە دەکات، ئەوا بەپێی ئەو زانیاریانەیە لەبەردەستێتی روداوەکان شیتەڵ دەکات. بەڵام لەتەک زانیاریەکان ، دەبێت لێکدانەوەکە پشت ئەستوربێت بە هەلسەنگاندنی کات و شوێن و سیناریۆکانی پێشوتری دەسەڵات بەگشتی و پارتی بەتایبەتی . ئەوکات وێنەیەکی دروست تر دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران . وەمرۆڤ نابێت لەپێناوی ئەوەی سیمایەکی نارەزایەتی بدات بەوەی بادینان ،بکەوێتە قازانجی دەسەڵات ، هاوکات لێکدانەوەی سیاسی و داکۆکی لەئازادی سیاسی بەرق یان هاوسۆزی نابێت.
خەڵکانێک هەن بەئاشکرا دەیانەوێت شەرعیەت بدەنە ئەوەی زاخۆ ، کەسەرەتا نارەزایەتی خەڵک دژ بەدەسەڵات بووە دواتر بۆتە ئەو تاوانەی کەمافی خەلک و یەکگرتوو ، لەسوتاندنی دوکان و ئوتێلەکان و بارەگاکانی یەکگرتوو ، سوتاوە . هاوکات مەکینە زەبەلاحەکانی راگەیاندنی پارتی ، بە ئاشکرا هەول دەدات ئەو سیناریۆیە سوتاندنی
بارەگا و دوکانەکانی مەی ، بکاتە لەکەیەکی سیاسی بەنێوچەوانی دەنگە رکابەرەکانی لەبادینان . بۆیە بەگرنگی دەزانم چەند سەرنجێک بدەم
١/ پارتی ویەکێتی لە ٢٠ ساڵی رابردو دەیان سیناریۆی هاوشێوەی زاخۆیان ئەنجام داوە ، بێ ئەوەی تائێستا ش یەک زانیاری دروست و بێ لایەنانە بگاتە دەست خەلک . کۆی سیناریۆ و تاوانەکانیشیان ، بە لیژنەیەک و چەند ووتە و بەیانامەیەکی بارزانی و تالەبانی کۆتایی پێ هێناوە . ئیتر هەر لە تەقەکردنی یەکێتی لە عوسمانی قالە منەوەرەوە کەدەیان کەسی پارتی لەسلێمانی کوژراو بریندار بوو ..تادەگاتە تارق رەمەزان و سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحە و نالیا .... تا دەگاتە ئەوەی هەینی لەبادینان .
٢/ پارتی ویەکێتی ، ئەزمونێکی زۆریان لە بارەگا سوتاندنی رەخنەگرەکانیان هەیە . وەک ئەوەی لە پارتی بەرامبەر یەکگرتو و گۆران (٢٠٠٥/٢٠١١) لەبادینان وپاڕیزگای هەولێر بەرامبەر گۆران ویەکگرتوو ئەنجامیان دا . هاوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کەئێستا دروشم بەرامبەر پارتی دەفروشیت (نزیکە هەلبژاردنی پارێزگا و وەرگرتنەوەی کورسی حکومەت بۆتەوە) بێبەش نیە لەو داهێنانە قیزەوەنە ، وەک ئەوەی بەرامبەر کەناڵی نالیا و چادرەکانی خۆپیشاندەرانی سلێمانی و مالی کادیری گۆڕان ، بە ختیار شێخ حمە لەقەراخ لە هەلبژاردنەکانی ٢٠٠٩ دا شیخ جەعفەر ئەنجامیدا . بۆیە سوتاندنی بارەگا ،بۆتە شێویەک لەشێوەکانی سەرکوتی خەڵک و لایەنە رەخنەگرەکانیان . ئەم رەفتارەش لوتکەی بەربەریەتە کە سەردەمەکانی مەغول و تەتەرمان بەبیر دەهێنێتەوە .
٣/ هەمومان ئاستی زەبروزەنگی دەزگا ئەمنیەکانی پارتی دەناسین ، بەرامبەر بچوکترین نارەزایەتی وەک ئەوەی لە٢٠ ساڵی ڕابردودا بینیومانە ، دڵرەق و فاشیانە بووە . باشترین نمونەش لەگەرمەی روداوەکانی ١٧ شوبات بەدواوە ، بەگۆران و یەکگرتوو کۆمەل و سەدان دەنگی دەرەوەی ئەم سێ لایەنەش ، هەول درا ، لەهەولێر خۆپیشاندانێک ساز بکرێت ، کەچی بەدەیان شێوە سەرکوتیکردو ، بواری نەدا یەک دەقیقەش خۆپیشاندان ڕێچکەی خۆی بگرێت . ئەی خێرە لەچەقی قورسایی پارتی وە بەتەنیا یەکگرتوی ئیسلامی ، بۆماوەی چەندین کاتژمێر لەزاخۆ و سمێل دوکان و ئوتێل بسوتێنێ ، بی ئەوەی ئەو دەزگایە ئەمنیە وەک رەفتاری خۆی ، هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت ، لەکاتێکدا بێ مۆڵەت و ئاژەوەگێریش بێت!؟
٤/ هەموو کات کەنارەزایەتیەک رویدابێت خەلکانێک بەهاوسۆزی و بەتاڵکردنی رق و ئازارەکانی بەرامبەر دەسەڵات ، تێکەل بووە ، دور لەخوێندنەوەی سیاسی بۆی . بۆیە پێم وایە کۆی ئەندامی پارت و هەوادارنی سیاسی (دەرەوەی پارتی) لەم دەڤەرە تێکەل بەو نارەزایەتیە بوون . بەلام دینەمۆ ورێکخەری سەرەکی پارتی خۆی بوو. کەدەتوانین بڵیین لە ململانێی باڵەکانی ناو پارتی نزیکەوە . بەلام هەموو ئەمانە دەمان گەیەنێتە ئەو باوەرەی بێ ئۆکەی کردنی دەزگا ئەمنیەکانی پارتی مەحال بوو بگاتە ئەو ئاستە ی رویداوە ؟
٥/ ئێستاش خۆم پێ چەپە و گەشەکردنی ئیسلامگەری بەکارێکی خراپ بۆکۆمەلگا دەزانم . بەلام هاوکات ئەبێت هەمومان ڕێگای ململانێی مۆدێرن لەگەل یەکتر بگرینە بەر بۆیە ئەوان مافی خۆیانە بەڕێگای مەدەنی و دیموکراسی لەهاوشیوەی میسرو تونس بێنە دەسەڵات . باخەڵک تاقی دەسەلاتی ئەو ئایدیەلۆجیایەش بکاتەوە . بەلام بۆ مێژوش ئەوڕاستیە تاڵە بڵێین ، لەوەتەی یەکگرتوو هەبووە پەنای بۆ شێوازی توندوتیژی وەک پارت نەبردوە ، تەنانەت لەگەرمەی بەهێزی ئیسلامیەکان لەکوردستانی باشوردا (سەرەتای نەوەدەکان ) بەلكو ئەوبیرباوەرە توندرەویە زیاتر (بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی گروپی مەلا کرێکار) پەیرەویان کردوە ؟ کەلەم بارەوە دەیان نمونەی شاری هەولێرم لەبەردەستە . کەچی سەیربکەن لەهەموو ئەوروداوانەی بادینان تەنیا لایەنگرانی یەکگرتوودەگیرێن و و بارەگاکانیان دەسوتێنرێت ، بێ ئەوەی یەک ئەندام یان بارەگەیەکی تری لایەنەکانی تری ئیسلامی بسوتێ ؟
٦/ دەلێن زۆرینەی ئەومەیخانە و ئۆتێلانە سوتاون هی بەرپرسەکانن !؟ پرسیار ئەوەیە ئەی بۆچ دوکانەکانی تری بەرپرس و هاوبەشەکانیان ، لەسۆپەر مارکیت و قوماش و ئۆتۆمۆبیل فرۆشتنی بەرپرسانی تری نەگرتەوە ؟
٧/ ئەگەر هەوادارانی پارتی بارەگا و دوکانەکانی زاخۆ و سمێلیان نەسوتاندوە ، بۆچ ئەو گەنجانە ناگرن کەلەڤیدیۆکان بەرونی دیارە ئەوانە کێبون کەبەبەرچاوی هەموو خەڵک و دور لەپێشگرتن ، شووینەکان دەسوتێنن ؟ بەپێچەوانەی ئەمە بەپێی راگەیاندنەکانی یەکگرتوو لەبادینان نزیک بە ١٠٠ ئەندامی یەکگرتوو دەخڕینە زیندانەوە ، تەنانەت لەورۆژەی بارزانی سەردانی زاخۆ دەکات ٣ جار دەچنە سەرماڵی بەرپرسی یەکگرتوو لەبادینان ؟
بۆچی پارتی ئەمەی کرد !؟١/ تاکە رکابەری لەبادینان یەکگرتوی ئیسلامیە ، وەک ئاماژە بەزانیاریەکان دەکەن لە ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١١ ژمارەی هەوادارانی ئەم پارتە لەدەنگدانی ٢٠٠٥ لە١٩ هەزارەوە گەیشتۆتە سەروی ٦٠ هەزاردەنگدەر بۆ ساڵی ٢٠١١ . بۆیە پارتی ترسی نشینەکەی بۆخۆی لەجێگای خۆیەتی ، بەتایبەتی کە ئێستا لەنزیکە هەلبژاردنی پارێزگا و وەزۆربونی نارەزایەتیەکانی خەڵک بەرامبەر پارتی لەبادینان بوینەتەوە . باشترین نمونەش ، گرتنی سەید ئەکرەم و سکرتێری بزوتنەوەی ئایندەی کوردستان و نارەزایەتیکانی بەشی تەندروستی ، ئاخافتن و کارو چالاکی چەندین کەسایەتی بادینان لەئەوڕۆپاو کوردستان ، ئاخر خۆ بادینان لەدەرەوەی هاوکێشەی رەوەرەوەی مێژوو ناژیت !؟ بۆیە تەقینەوەی نارەزایەتی لەبادینان کاریگەری زۆر گەورە لەسەر کۆی نارەزایەتی خەڵک و هاوکیشەسیاسیەکان دەکات
٢/ بەرۆژئاوا و ناوخۆ بڵین ئێمە لەدەسەلات بین باشترین لەو تەیارە مەترسیدارەی دژ بە هەموو ئازادی و مافەکانی خەڵکە .
٣. هۆکارێک بێت تا زمانی ترس و تۆقان بەرەخنەگرەکانی بگەیەنێت کەکەس نزیک دەڤەرەکەم نەبێتەوە .
کێ زیان بەخشی و سودمەندی مەسەلەکەیە؟١. یەکگرتوو هاوسۆزیەکی زۆری بەدەستهێناوە ، ئەگەر لەهەڵوێستەکانی نەرم و نیانی وەک جارانی پێشوو نەنوێنێ ؟
٢.گۆران لەئیدانەکردنی گوتەبێژەکەی ئۆباڵەکەی خستە ئەستۆی دەسەڵات ، نەوەک پەنجە کێشان بۆ پارتی ، ئەوەش هەڵوێستی بەشەرمن و لاواز نیشان دا
٣. یەکێتی سیگنالی بەپارتی دا کەلەمەودوا کار بۆخۆم دەکەم و هاوسۆزی شەقام و سێلایەنە سیاسیەکە بەدەست دەهێنم
٤.پارتی بەتەنیا مایەوە ، سەرجەم سیناریۆکانی بەرەو تێکشکان دەروات و رق و قینەی خەڵکی لەهاوشێوەی بەعس لەخۆی کۆکردۆتەوە . گەرچی ئەم حزبە پێدەجیت تائێستاش بەئەقلی ٧٠کانی سەدەی رابردوو لێکدانەوە و رەفتار بکات و لەوهاکیشە نوێیە ورد نیە کەگۆرانکاری نەوەک ولاتانی عەرەبی بەلکو رۆژئاواشی گرتۆتەوە !؟
هیوادارم هەڵە ش بم ، بەلام هەست بە ململانێیەکی خوێناوی تر دەکەم ، چونکە ئەقلی پارتی هەزمی ئەوهاوکێشە سیاسیەی کوردستان ناکات کەبۆی دەڕوات (لەدەرەوەی بڕیاری) سەرەکی کوردستان بێت ؟
. لەکۆتایش دەڵێم ، تا بچوکترین هەناسەی دیموکراسی لەکوردستان هەبێت ، ئەوەی لە بەرەی پارتی نزیک بێتەوە ، دەنگدەری راستەقینەی دەسوتێ ، ئەوەی دوریش بکەوێتەوە ، بەدەنگدەری گەرم دەبێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست