کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی و یه‌کێتی کێشه‌ی کورد له‌ناوه‌نده‌ جیهانیه‌کان ڕسوا ده‌که‌ن

Thursday, 08/10/2009, 12:00


راستگۆیی ره‌خنه‌ گره‌ جدیه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، ڕۆژ له‌دوای رۆژ به‌دیار ده‌که‌وێت ، که له‌ 18 ساڵی ڕابردو ، ‌ ره‌فتاره‌ سیاسی وئیداریه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ، چ کاره‌ساتێکیان بۆ به‌جێ هێشتوین ، له‌ نمونه‌ی ، لاوازکردنی ئیراده‌ی تاک له‌ڕیگای فشاری سیاسی و مادی ،وه‌ هه‌ولدان بۆ زه‌لیل کردنی . وه‌ به‌بنه‌ماله‌کردنی (حزب و حکومه‌ت ) ، که‌ئه‌گه‌ر هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست 2 بنه‌ماڵه وه‌ ‌بێت ، ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه‌ لق وپۆپه‌کانی خواره‌وه‌شی به‌سه‌ر بنه‌ماله‌ی به‌رپرسانی تر چۆته‌ خواره‌وه‌ ، له‌ته‌ک به‌گه‌نده‌لکردنی حزب و حکومه‌ت ،که‌به‌راده‌یه‌ک ده‌توانین بلێێن وا به‌ره‌و کۆمه‌ڵگا هه‌ڵده‌کشێ . هاوکات ‌داڵده‌دانی جه‌لادانی کۆمه‌لکوژی وده‌یان فایلداری به‌رپرسی کورد و دانی پله‌ی سیاسی و بودجه‌ی تایبه‌تی بۆیان ،بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسیدارترین دیارده‌ (ناپاکی نیشتمانی) به‌ره‌و ته‌زکیه بون ‌ بڕوات و بنه‌ماله‌ی قوربانیش ئه‌و هه‌سته‌ مه‌ترسیداره‌ی لا دروست بێت ، قوربانی ڕۆله‌کانی ، له‌پێناو پۆلێ به‌رپرس نه‌وه‌ک نیشتمان ، بووه‌ .
به‌ڵێ ئه‌و ‌ هات و هاوار وره‌خنانه‌‌ی سه‌دان نوسه‌ر و لایه‌ن ، مرۆڤی کوێری به‌ره‌و ڕێگای راست و که‌ڕیشی به‌ئاگا ده‌هێنایه‌وه‌ ، که‌چی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ هه‌رخه‌ریکی دانی پله‌ی قێزه‌وه‌نی سیاسی بوو به‌ ئێمه‌ ، له وه‌ی ‌ ( ‌ ده‌ستی ده‌ره‌کی له‌پشتمانه‌ ، تابوری 5ین ، دژی ئه‌زمونی حکومه‌تی کوردستانین .... به‌لام ‌ئاکامه‌کان وا ده‌بینین ، توێژێکی مافیایی له‌ناو ده‌سه‌لات سه‌ری هه‌ڵداوه‌ ، که‌ئاسته‌مه‌ پێگه‌ی له‌ق بکرێت ، ناوچه‌ داگیر وته‌عریبکراوه‌کان ،له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر چرکه‌ ساتێکی دۆڕانن . هه‌ستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌نزمترین ئاست دایه‌ وه‌ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له‌ناوه‌نده‌ سیاسی و ڕۆژنامه‌ و په‌رله‌مانی ئه‌وڕپی ، نمونه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی قێزه‌وه‌نی سیاسی به‌دیار ده‌که‌وین . له‌کاتێکدا به‌هۆی کاره‌ساته‌ کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی گه‌له‌که‌مان ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ ، و کۆڕه‌و ، گرتنی سه‌رۆکی پکک عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ، کۆچ کردنی سه‌دان هه‌زار تاکی کورد بۆ هه‌نده‌ران و خه‌باتکردنی بۆ ناساندنی کێشه‌ی گه‌له‌که‌مان .. له‌ 20 ساڵی ڕابردو ، بۆته‌ هۆی ناساندنی ره‌وایه‌تی کێشه‌ی گه‌له‌که‌مان وبه‌ده‌ستهێنانی دۆست له‌ هه‌زاران ناوه‌ندو حزب و که‌سایه‌تی ئه‌وڕپی و ئه‌مه‌ریکیه‌وه‌ .
به‌لام سه‌رجه‌م ئه‌م قوربانیه‌ بێ ئه‌ژمارو شه‌ونخونیانه‌ی چه‌ندین ملیۆن تاکی کورد ، له‌پێناوی عه‌قڵی چاوچنۆکی مادی و نادیموکراتیانه‌ی پۆلێ به‌رپرسی باڵا ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ، ‌هه‌ر ڕۆژه‌ی ، له‌ناوه‌ندێکی ،سیاسی و ڕۆژنامه وپه‌رله‌مانی، ده‌بینه‌ نمونه‌ی سیسته‌مێکی قێزه‌وه‌ن له‌گه‌نده‌ڵ و پێشێلکاری مافی مرۆڤ !؟
راستی ئه‌م وتانه‌شمان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌چه‌ند سالێکه‌ راپۆرتی سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌ جیهانیه‌ مرۆڤ دۆسته‌کانی وه‌ک (ئه‌منستی ئه‌نته‌رناسیۆنال ، ڕۆژنامه‌نوسه‌ جیهانیه‌کان ، کۆنگریسی ئه‌مه‌ریکی و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان) که‌وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی پێشێلکه‌ری مافی مرۆڤ ده‌ناسرێت . له‌ته‌ک ئیدانه‌کردنی به‌ره‌دوامیان له‌ تیرۆری ژنان و تێکدانی شووێنه‌واره‌کانی کوردستان ، ئاشکرابونی چه‌ندین فه‌زاحه‌تی مادی به‌رپرسان له‌میدیاکانی ئه‌وڕپی ..... سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ش ، ئه‌وه‌ نشان ده‌دات ، به‌و سیاسه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌ ، گه‌وره‌ترین گورزی سیاسی و دیبلۆماسی له کێشه‌ی کورد دراوه‌.
ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌ بینیمان له‌ ئاشکرابونی گه‌نده‌ڵیه‌کی گه‌وره‌ی عومه‌ر فه‌تاح له‌گه‌ل برازا و کوڕێکی تاڵه‌بانی که‌ هه‌ژده‌ ملیۆن و حه‌ودسه‌د هه‌زار دۆلاریان به‌ شێوازێکی نایاسایی ئاودیوی بانقێک کردبوو . له‌گه‌ل ئاشکرابونی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ نایاسایه‌ی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کانی کوردستان ئاشتی هه‌ورامی ، له‌گه‌ل شیرکه‌تیDNO نه‌رویجی که‌ له‌لایه‌ن بۆرسه‌ی نه‌رویجی ، ئه‌وه‌یان لێ ئاشکرا کرا ، که‌نه‌وتی کوردستان ، به‌ شێوه‌یه‌کی نایاسایی فرۆشتوه‌ ‌ . که‌چی ‌نمونه‌ی به‌پرسێکی باڵای وه‌ک تاڵه‌بانی ، ‌له‌بڕی داواکردنی له‌ عومه‌ر فه‌تاح و ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی بنه‌ماله‌‌ی ، که‌به‌شدارن تیایه‌ ، هاوشێوه‌ی پاڕێزگاری سلێمانی ، داوا بکات ، ڕێچکه‌ی دادگا بۆ بێتاوانیان بگرێته‌ به‌ر ، که‌چی له ڕونکردنه‌وه‌یه‌کی پڕ له‌چه‌واشه‌ ، له‌ ‌بڕی دادگا ده‌یه‌وێت ته‌زکیه‌ی بێ تاوانیان نیشان ده‌دات !؟ له‌ته‌ک ئه‌مه‌ش حکومه‌ت وپه‌رله‌مان له‌بڕی ئه‌وه‌ی له‌و فه‌زاحه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی نه‌وت فرۆشتنی پۆلێ به‌رپرسی نادیاری کورد بکۆڵنه‌وه ، که‌چه‌ند ڕۆژێکه‌ له‌میدیاکانی نه‌رویجی بۆته‌ باس و خواس ‌ ، که‌چی به‌ناوی حکومه‌تی کوردستان هه‌وڵی بێتاوانی و په‌رده‌پۆشی ده‌ده‌ن!؟ .
ئه‌وه‌ی جێگای تێرامانه‌ هه‌ر رۆژه‌ی رۆژنامه‌نوسێک به‌ره‌و دادگا ده‌به‌ن گوایه‌ سوکایه‌تی به‌به‌رپرسان کردوه‌ ، که‌چی خۆیان ، تاوان ، گه‌نده‌ڵی ، ناپاکی رۆژانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن که‌چی هیچ یاساو دادگایه‌ک نایان گرێته‌وه‌. ئاخر ناهه‌قمانه‌ به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بڵێین ده‌سه‌لاتی (عفا الله‌ عما سلفه‌) .
بۆیه‌ کاتی ئه‌وه‌ دا ‌هاتوه‌ ئێمه‌ش بلێین ئه‌رێ کێ ناپاک و دژ به‌و ئه‌زمونه‌ ده‌رچوو؟ ئێمه‌ی ره‌خنه‌گر که‌ 18 ساله‌ زه‌نگی ئه‌و مه‌ترسیانه‌مان به‌رگوێتان ده‌دا، یان ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ر رۆژه‌ی له‌ولات و‌ناوه‌ندێکی سیاسی ئه‌وڕپی ، کێشه‌ی گه‌له‌که‌تان ڕسوا ده‌که‌ن !؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە