ناسیح و سەباح دوو سیمبولی بوێریی له کوردستانی باشوور
Thursday, 07/07/2011, 12:00
چەند رۆژێک لەمەوبەر "دادگا" بریاری 22 ملیۆن و 500 هەزار دیناری بەسەر ڕۆژنامەنووس ناسح عەبدولرەحیم سەپاند، بەهۆکاری ئەوەی سوکایەتی بەپارتی کرووە. ئەمەش درێژەی ئەو دوو ڕووه سیاسییەی پارتی و بارزانی و دادگاکانی کوردستانە، چونکە ئەگەر هەڵە نەبم ساڵی ٢٠٠٧ لەیەکێک لەدیدارەکانی بارزانی، که لەگەڵ پۆلێک ڕۆژنامەنووساندا کردی لهوێ وتی: هەرگیز نابینن من سکالا لە سەر رۆژنامەنووسان تۆماربکەم ، کەچی بۆ خۆی یهکێک بوو لهو کهسانهی ناو پارتیی له ههڵهبجه که سکاڵای له سهر ناسیح تۆمار کردبوو، بەمەش دهرکهوت که بارزانی ووتە و کردارهکانی لەگەڵ یهک ناگرێتهوه!
لەمانگی 1ی ئەمساڵدا پارتی بەفەرمی رایگەیاند هەموو ئەو داوایانەی لەسەر رۆژنامەنووسان، که لەدادگا تۆماری کردوە دەیکێشێنتەوە، کەچی پێدەچێت ئەو داوایەی لەسەر ناسیح پارتی لەو ئاستە باڵایە تۆماری کردوە ، هاوشێوەی لێبوردنە گشتیەکەی ساڵی 88ی سەدامە، کاتێک وتی ئەم لێبوردنەکە تەنیا تالەبانی ناگرێتەوە.
دادگا و یاساش لە کوردستان وا 20 ساڵ لە تەمەنی بێکەرامەت و هەتککردنی لەلایەن پارتی و یەکێتی پڕدەکاتەوە، کە لەبەرامبەر هەژاران و رۆژنامەنوسان ملی زەرافەیە وەلێ بۆ بەرپرسان نەعامەیە .
هاوکات ئەمە دەیەمین جارە ناسیح وەک رۆژنامەنوسێک رێگای دادگا و ئەشکەنجە و ئازاردانی جەستەیی و هەرەشەی بەرامبەری بگیرێتە بەر . بۆیە ناتوانم لێرەدا چەند سیمایەکی ئەو 2 دەنگە بوێرە دەرنەبڕم.
1) یەکێک لەو کۆڵەکە سەرەکیانەی (پارتی و یەکێتی) لەسەری دەژین ، ترساندن و دروستکردنی کەش وهەوایەکی سیاسی پڕ لەتۆقان و ترسە بەسەر تاکی کورددا ، کەچی ئەو "کەش وهەوایە " بەرامبەر دەیان لە سەباح و ناسحەکانی ناو کوردستان ... کەچی رۆژ لەدوای ڕۆژ وەک دیوارێکی کارتۆنی نەوەک ئاسنی نیشانی خەلک دەدەن . هاوکات ئەوان لەناوکوردستانەوە سڵ لەدەڕبرینی هیچ وشە و هەڵوێستێک ناکەنەوە (خاڵ لەسەر وشەکان) بەئاشکرا دادەنێن ، گەر نزیکیش بوبێت لە مالئاوایی ژیانیان . کەچی لەملای تریشەوە بەهەزاران رۆژنامەنوس ، نوسەر ...هەن بەیەک دێریش ئامادەنین راستیەکانی ناو کۆمەلگا و بەرپرسان ئاشکرا بکەن . لەوەش کارەسات تر لەو ئەورپایە دورە نیشتمانەوە بەدەیان قەلەم بەدەست هەن ، خاوەنی چەندین پالپشتی یاسایین ، کەچی لەرزۆک لە نوسین و ئاخافتن و شەرمن لەهەلوێست دەربڕینن . یان بەنازناو نوسین بابەتەکانیان پردەکەنەوە . کەچی لەملای ترەوە باسی قارەمانێتی شاخ و زیندان و چالاکیەکانی خۆیان لەشاخ و شار دەکەن ؟ درۆ نیە گەر بڵیم زۆر جار کەسەیری نوسەرو رۆژنامەکانی کوردستان دەکەم هێز وبوێریم زیاتر پێ دەبەخشیت . کاتێک دەبینم ئەوان تەنیا بەباوەرەوە خەباتی بوێرانە دەکەن و ئێمەش لەوهەندەرانەوە خاوەنی ئەو هەموو پالپشتیە مەعنەویە بین کەچی بێ دەنگ بین !؟
2) زۆرینەی ئەوانەی پاساو بۆ دەرنەبڕینی راستیەکان ، لە ئازارەکپکراوەکانیان دەهێنەوە. هێنانەوەی پاساوی ئەوەی کەئەوانەی وەک ناسح و سەباح دەنوسن جوێنە نەوەک نوسین . ئەم پاساوە گەرچی زۆرینەی دەچێتە خانەی لەرزۆکی و هەلپەرەستیەوە ، چونکە ئەم گروپە زۆرینەیان لەمال وەک ئەوان بیردەکەنەوە بەلام لە هاتنە دەرەوەی ماڵەوە جیا دەبنەوە ، بەکورتی (شێر لەماڵەوە و ڕێوی لەدەرەوە) . بەڵام با ئێمە قسەیەک لەسەر ئەوە بکەین، دوای تێپەرێنی 20 سال بەسەر زمانی "گوڵ و ئەکادیمی " و هەزاران یاداشت و رەخنە بۆ ئەم دەسەڵاتە کام گۆرانکاری رێشەی تیا رویداوە مەگەر بە خوین و بوێری رۆژنامەنوسان یان گوڕینی هاوکێشە سیاسیەکان نەبێت ؟ راستە زمانی نوسین جیایە دەبێت بەپێی پڕەنسیبەکانی نوسین ، بنوسرێت بەلام ئەم زمانەش بەرامبەر بەرپرسانێک دەکرێت کەخاوەنی ئەخلاقیاتی سیاسی و یاسایی بن نەوەک وەک بەرپرسانی پارتی ویەکێتی هەریەکەی خۆی پێ عەنتەر و فەرعونێکە بەسەر ئەم گەلە هەژارەوە؟ هاوکات بائەو پرسیارە بکەین ، ئایا بەرپرسانی پارتی ویەکێتی لەکام زمان زیاتر سڵ دەکەنەوە بۆ ئەوەی سنورێک بۆ رەفتار و ئەخلاقیاتیان دابنرێت.
زمانی گوڵەکەی سبەی، یان چەکوشەکەی کوردستانپۆست!؟
لێرەدا بەو مانایە ناڵێم هەرچی لە کوردستانپۆست بڵاودەکڕیتە راستە بەئاستی ئەوەی مەبەست لە پەیام وشێوە رەخنەگرتنەکەیەتی!؟ سەیر بکەن ئەو دەسەڵاتە بە تاوانبارە بچوک و گەورەکانییەوە، ڕۆژانە چاودێری و فشاری هەمە جٶر دەخاتە سەر کوردستان پۆست ، بەلام سەدان مالپەری تر هەیە نەسەیر و گرنگی پێ دەدەن ؟ . پکک چۆن بوو بە و پەکەکەیەی ئێستا ، یەکێک لەو هۆکارانەی بەئاستی رەفتارەکانی تورکیا مامەڵەی کرد بۆیە لەناو دەیان پارتی کوردی لەباکور ئەو توانی دەیان سەرکەوتنی مێژویی بۆ باکور تۆمار بکات.
3) یەکێک لەسیماکانی تری ئەم دوو قەلەمە (ناسیح و سەباح) پێچەوانەی زۆرێک لەو هەزاران نووسەرەی بەدەم و داخوازی بەردەوامەیە، کە (دەڵێن پێویستە و دەبێت بەپەلە، کەچی لە کارکردن بۆ پراکتیزەکردنی ئەم وشانەی دەری دەبڕن خۆیان دورە پەرێز دەگرن و ئامادەنین لەیەک کاتژمێرو یەک خۆپیشاندان، مانگرتن، چونە سەرشەقامێک بوەستن . بەتایبەتی دوای راپەینی 1991 باشوری کوردستان، کە یەکێک لەخاڵە نێگەتیڤەکانی، بەئاستی سوپای کوێت ، نووسەر ی دروشم دەر و سیاسەتمەدارمان بۆ دروست بووە . بەڵێ 5 ساڵە لە کفری و هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر، ئەو دوو گەنجە سەرپەرشتی دەیان کار و چالاکییان کردووە یان لە رێزی پێشەوەی خۆپیشاندەران بوونە ، گەرچی ژیانیانشیان کەوتبێتە بەر چرکە ساتی کۆتایی، هەربۆیە زۆر جار بیرکردنەوەم بۆ ئەوە دەڕوات تۆ بڵێیت ئەگەر مافی نووسین بەپێی بەکردارکردنی بوایە چەند کەس مافی نووسینی دەبوو؟
لە کۆتایشدا دەڵێم مەرج نییە ئەوەی ئەوان دەینوسن لەگەڵی هاوکۆک بین، بەلام ئەوان دەنگێکی بویڕن بەلام ئەو بوێڕیەیان مانای ئەوە نییە رەچاوی هەندێ تایبەتمەندی نەکەن ئەوان لەکوردستانن و پاراستنی گیان و سەلامەتیان زۆر گرنگە بەتایبەتی کە بوونەتە دوو دەنگی بوێر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست