کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵوێستی پەشێو، د. کەمال مەزهەر و حەمەی مەلا کەریمەکان بەرامبەر پارتی و یەکێتی

Monday, 13/02/2012, 12:00


بوێری هەر ئەوە نییە، پەنجە بخەیتە سەر برینە بێ ساڕیژەکانی پارتی و یەکێتی، بەڵکو، ئەگەر ڕەخنە پێویستی کرد دەبێت سڵ لە هیچ کەسایەتی و ڕێکخراو و پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش نەکرێتەوە. ئەم شەڕە قورسە بەتایبەتی لە کۆمەلگایەکی وەک ئێمە، کەهێشتا عەقلی بەعس لەناوماندا زاڵە، بەوەی ئەگەر رەخنەیەک راستیش بێت، لە بڕی ئەوەی، بە گیانی دیموکراسی وئازادیی بیرواروە وەک بانگەشەی دەکەین، لە یەکتر قبول بکەین. کەچی بە چاوی دوژمنەوە، سەیری  رەخنەگرەکە دەکرێت. ئەم کەلتورە ناشرینە، کەوا لێکبدرێتەوە (رەخنەگرتن واتا دوژمنایەتی)، بەداخەوە لەناو میدیای ئەهلی و سایت و بزوتنەوەی گۆران و هەندێ خۆ بە خاوەنی داکۆکیکەری ئازادیی سیاسیش هەندێ جار هەستی پێ دەکرێت ! لەکاتێکدا رۆژانە لە مینبەرەکانیان گوێبیست دەبین و دەئاخوێنینەوە، کە پارتی و یەکیتی بواری ئازادیی بیرورا و دیموکراسی نادەن.

یەکێک لەو نەخۆشیانەی تری کۆمەڵگای دواکەوتوو، کە کوردیش بەشێکە لەو کۆمەڵگایانە، (پیرۆزکردنی هەندێ حزب و کەسایەتیە) بەرادەیەک رەخنە گرتن لە پۆلێک سیمبول و کەسایەتیگرتن، وەک کوفری سیاسیی و نووسین لێک دەدرێتەوە، بەبێ ئەوەی رەخنەکان هەڵبسەنگێنرێن، ئایا راستی تیایە یان نا؟ کاتێک ماوەیەک لەمەوبەر (کەمال جەمال موختار) بەرپرسی کوردستانپۆست لە نووسینێکدا بە ناونیشانی (ئه‌و مێژوونووسانه‌ی ده‌سه‌ڵاتمان ‌لا شیرین ده‌که‌ن، پاساویش بۆ گه‌نده‌ڵیی ده‌هێننه‌وه‌) رەخنەی لە د. کەمال مەزهەر گرت، هاورێیەکم وتی کوردستانپۆست چۆن رەخنە لە کەسایەتییەکی وەک کەمال مەزهەر دەگرێت؟ ئەزانی چ خزمەتێکی لە بوواری نووسین و مێژوودا کردووە؟ منیش وەڵامم دایەوە ووتم: باشە خۆ ئەو نەهی ئەوەی نەکردووە، بەلام من دەپرسم ئایا ئەو رەخنەیەی لە د. کەمال لێی گیراوە پێت راستە یان نا؟ ئایا کەمال مەزهەر لەدەرەوەی رەخنەیە یان نا؟ ئەم عەقلیەتە هاوشێوەی ئەو بەرپرسە سیاسیانەی پارتی و یەکێتیە، مادام کۆن پێشمەرگەبوون ئیتر بەو خەباتەی شاخیان پاساو بۆ هەموو تاوانەکانیان دەهینرێتەوە، گەرچی ئەمڕۆ بەشێکیان تاوانەکانیان لە جاشەکان زیاتریشە؟
ئەگەر بە پەلە بێین و پۆلینێک بۆ ڕٶشنبیرو ڕۆژنامەنووسان بکەین دەتوانین بەم شێوەیە هەڵسەنگاندن و ریزیان بکەین و بە باشی دەبینرێن:

١/ نووسەرە ناپاکەکان: ئەو گروپە زۆرینەی نووسەرانی دەسەڵاتن، چونکە حزبەکەیان سەدان تاوان دەکات، کەچی بەقەڵەم و زمانە چەواشەکەیان هاوشیوەی قەلەمەکانی بەعس پاساویان بۆ دەهێنەوە.
٢/ نووسەرە هەلپەرستەکان: ئەوانەن بەرامبەر هەموو تاوانێکی پارتی و یەکێتی گوێیان کەڕ و چاویان کوێر دەکەن، کەچی لە ماڵەوە وەکو کوردستانپۆست رەخنە دەگرن و ئاسا دەئاخڤن، تەنانەت بۆڕی کوردستانپۆستیش دەدەنەوە لە رەخنەگرتن و سەرزەنشتی دەسەلاتدا، بەلام کە دێنە دەرەوە بە قودەرتی قادر دەبن بە رۆژنامەی خەبات و کوردستانی نوێ، بوێرەکانیشیان دەبێتە ڕێگای کوردستان!
٣/ نووسەرە بەقینەکان: ئەمانەش تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەوەی قەڵەم و ئاخافتنەکانیان وەک چەکێک لە ململانێی لەگەڵ حیزب و کەسایەتییەکان بەکاردەهێنن، جاری واهەیە بە ئاشکرا و شیوەی نهێنی و سیاسییانە پەرەگراف و رەخنەکانیان دەردەبڕن و لە کات و ساتی زۆر گرنگدا دۆسیەی سەیر هەڵدەدەنەوە، ئەوسا هەست دەکەیت، کە ئامانجی ئەمانە رەخنەگرتنی جیدیی نییە، هێندە بە ئاستی ئەوەی میزاج و قینی خۆیان دەردەبڕن. بەنمونە زۆر کەس هەبوون لە گەرمەی هەڵبژاردنەکانی ٢٥/ ٧ تەنها رەخنە و نووسینەکانیان هەمووی خستبووە سەر بزوتنەوەی گۆران، یان دەستیان بەهەڵدانەوەی کۆمەڵکوژیەکەی پشتئاشان و قرناقە کردبوو، ئامانج لێدانی گۆران و نەوشیروان مستەفا بوو، نەوەک دەست بخەنە سەر کۆی تاوانبارەکان، وەک تالەبانی وهەموو سەرکردایەتییەکەی، خۆئەگەر هەر باسی تاوانی کۆمەڵکوژی دەکرێت، ئەی بۆ ئەو نووسەرە قین لەدڵانە باسی تاوانی هەکاری و هەولێری ١٦/٠٥ /١٩٩٧ ناکەن، کە بەرامبەر پکک وشەرەکانی ناوخۆ روویان داوە. لەوەی پشتئاشان و قەرناقە گەلێک گەورەتر و مەزنتر بووە؟
٤/  لە تەک ئەمانەشدا، دەبینین دەیان نووسەر هەیە لە نیشتمان و هەندەران بوێرانە بەناوی خۆیەوە، شەڕی رەفتارە قێزەوەندەکانی دەسەڵاتی کوردی دەکەن، ئەم گورپە زیاتر ئەو دەنگە گەنجانەن، کە تازە سەر هەڵدەدەن و قسە و کردارەکانیشیان پراکتیزە دەکەن. 
نووسینی ئەم چەند دێرەم لەسەر (عەبدوڵڵا پەشیو، محەمەدی مەلا کەریم، کەمال مەزهەر)، تەنیا نمونەی مشتێک لە خەرواری دەیان کەسایەتی نووسەر و رۆژنامەنووس و شاعیر و رووناکبیری ناوداری کوردە، کە بەرامبەر سەدان تاوان و پێشێلکاری مافی مرۆڤی کورد لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە چەندین ساڵە بێدەنگن یان دوورەپەرێز لەناو رووداوەکان دا وەستاون، وەک ئەوەی کار و ئەرکی ڕٶشنبیرە ناودارەکان تەنیا نووسینی میژوو یان ئەدەب و شیعر بێت نەوەک ئازاری ڕۆژانە و پراکتیزەکردنی وشەکانیان لە سەر ئازادیی و مافی مرۆڤ و نەتەوەدا!

کەمال مەزهەر و حەمەی مەلا کەریم دوو کەسایەتین لە بواری جیاوازدا خزمەتێکی زۆری نووسینی کوردیان کردووە کەس ناتوانێ نکٶلیان لێ بکات گەرچی نووسینەکانیشیان لەدەروەی رەخنە نییە؟
ئەو دوو نووسەرە دوای روخانی رژێمی بەعس هیچ پاساوێکیان نەماوە، کە بە ئازادانە قسە و سەرنجی خۆیان دەرنەبڕن، بەلام کەی بینیوتانە لەسەر دەیان تاوان و پێشێلکاری دەسەلاتی پارتی ویەکێتی، وەک لەبواری نەتەوەیی، کێشەی ناوچە دابراوەکان کەناونراوە مادەی ١٤٠، شویینەوار دزین و تێکدانی، ئیدانەکردنی بەردەوامی پکک بۆ قازانجی تورکیا. . . . یان دزین و تاڵانبردنی داهاتی گەل و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی، بەرتەسککردنەوەی بەردەوامی دیموکراسی و ئازادیی بیرورا، داڵدەدانی جەلادانی ئەنفال، بێ یاسایی سیستەمی سیاسی و ئیداری، یاساکانی سەرکوتکردنی خەڵک لە نمونەی خۆپیشاندان . . . . . . . کۆی ئەمانە ئایا ڕۆژێک گوێتان لێبوە لە سەر هاوشیوەی تیرۆری سەردەشت و کوشتنی خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات، گرتن و ئەشکەنجەی دەیان ڕۆژنامەنوس و بێ یاسایی دادگا و بوارنەدان بەئازادی خۆپیشاندان و بارەگا سوتانی حزبەکان، نان بڕینی خەلک لەسەر بیرورا. . . نەک بە بابەتێک ئیدانە بکەن، بەلکو ناویشیان لەکەمپینێکا هەبێت!؟
گەرچی عەبدوڵلا پەشێویش تایبەتەمەندیەکی لە چاو د. کەمال و حەمەی مەلا کەریمەکان هەیە. بەردوام بە شیعرەکانی بوێری بەخەڵک داوە و ٣٠ ساڵە هاوار و پەیام بەگەنجان دەدات، تا چەرچی دزە سەرکردەتان بن هەر کۆیلەبوون و کۆیلە دەبن، بەلام کاتێک ئەو گەنجانە دێنە مەیدان و شەهید دەبن، بەیەک ووشەش نایێتە پشتیانەوە لەگەلیان ناژییت!؟
لە ساڵانی (٢٠٠٤/٢٠٠١) چەند جار ئەو سەرنجەم پێ ووتوە، تۆ کەسێكی کاریگەریی لە ناو گەنجان ناکرێت دەیان ڕووداو و تاوانی دەسەڵات لە دوورەوە سەیر بکەی و بە قسەیەک لەمینبەرێکی تێڤی یان چەند وشەیەک لە ماڵپەرێک بیروبۆچۆنی خۆت دەرنەبڕی ئاخر ناکرێت بە پاساوی ئەوەی لە قازانجی ئەو پارت، دەکەوێت بێدەنگ بم بەرامبەر ئازاریی گەلەکەم؟
لە کۆتایش دەڵێم پێویستە هەموو کەس بە پێی پلە و کەسایەتییەکەی قسە و کردارەکانی پراکتیزە بکەین و کەس لە دەرەوەی رەخنە نەهێڵینەوە؟ ئەم ڕێرەوە (رەخنە لە هەموو کەس بەپێی رەفتار و هەڵسوکەوتی) وەک سەرەتایەکی باش چەکەرەی پێکراوە، پێویستە تەکانی پێ بدەین و کۆتایی بە پاساوی لاواز و پێرۆزکردنی کەسەکان بهێنین، چونکە دەردمان هەر دەسەڵات نییە، ئەگەر لەو سەدان ڕٶشنبیرەی خۆی پێ کەڵە نووسەر و شاعیرە یان پارتی ئۆپۆزیسیۆنە بە ئەرکی مێژوویینەی خۆی هەڵبستیت هەرگیز دەسەڵات ئەو بوێرییەی نییە ئاوا کۆمەلگا فەساد و کەسییتی تاکی کورد زەلیل و تێك بشکێنێ و جەلاد بکاتە بەرپرسی قوربانی و دەستکەوتە نەتەوەییەکانیش یەک لە دوای یەک بدۆڕێنێت و قوتابخانەیەکی پڕ لە بەرپرسی چەتە و ناپاکی نەتەوەیی پێ بگەیەنێ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە