کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەحمەد میرە و لڤین لە وێنەی بارزانی دا

Saturday, 28/04/2012, 12:00


یەکێک لە هەڵە و کەم و کورتییەکانی خۆمان, کە وەک رەخنەگر دژی دەسەڵاتی کوردیی ناسراوین، ئەوەیە کە لە پێش هەموو شتێکدا ڕەخنە و سەرنجمان، پێویستە لەسەر یەکتر هەبێت، چونکە رەخنە بۆ خۆ پێداچوونەوە و سوود وەرگرتنە لە ئەزمون و سەرنجی بەرامبەر. ئەوانەی ترسیان هەیە لەوەی کە تاڵیی خاڵی لاوازیان گلۆر بێتەوە بەرەوە نشێو، ئەوانەن، کە هەمیشە لە خوارەوە دەڕوانن، تەماشای لوتکە ناکەن، تا خۆیان بە بالای بەرزیدا بروانێت و پێیدا هەڵبزەنن، خۆیان پێ گەورەیە و دەیانەوێت لە لوتکە خۆیان ببینەوە، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە رەخنەگر بە دوژمنی خۆمان دەزانین، نەک بە رێنیشاندەر و دۆست، بۆیە ترسی توڕەبوون لە یەکتر و یەکتر ناسین و هاوڕێیەتی وادەکات، چاو لە هەڵەکانی یەکتر بپۆشین. گەرچی ووشەی رەخنەش لەسەری بگیرسێتەوە. ئاخر مرۆڤ کە ڕەخنەگری ڕاستەقینە بێت، دەبێت بە پێی دیاردە، ڕەخنەکانی چر بکاتەوە، ئیتر هەر کەس و لایەنێک ئەنجامی بدات. پاساو هێنانەوە و بێدەنگیە لەئاستی، لەئایندەدا ڕووبەڕووی کارەساتمان دەکاتەوە.
زۆر جار مرۆڤ لە سەر دیاردەی قێزەوەند و ناتەندروست ڕەخنە دەگرێت. مانای دوژمنکاری یان سفرکردنی نووسەر و پارتەکە ناگەیەنێ!. بەپێچەوانەوە زۆر جار بەئاڕاستەی جوانترکردن، یان پێشگرتنی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارەیە، کە دەیەوێ خۆی لەناو گەرای لەشیدا بچێنێ. بۆ نمونە ئەگەر لە شاخ، رەخنە لەسەر پارتەکانی ئەو بزوتنەوەسیاسیت هەبوایە، ئەوە دەبووە کارەسات سەری خۆتت تێدا دەنا، بەدوژمنی کورد و شۆڕشەکەش لەقەلەم دەدرای، لەکاتێکدا پێویستیەکی حەتمی بوو. یان ئەگەر لە چەند ساڵی رابردوودا رەخنە لە هەموو دەنگ و رەنگە کانی ئۆپۆزیسیۆن و هەندێ نووسەر و میدیای ئەهلی بگیرایە، ئاوا وەک بتەکانی کۆن پیرۆزئاوا ئەکران و وەک ئەمڕۆ دەیانوێرا بەئارەزوی خۆیان هەموو شتێک بکەن، ئەمە جگە لەوەی مەحاڵە ئەو دیاردەیەش واتە ئەو (رەخنەیە بەپێی دیاردە) بەرامبەر هەموولایەک بوەستێ.
لێرەدا من بەڕاشکاوی رەخنەیەک لە ستافی لڤین دەگرم، بەڵام ئەو رەخنەیەش لەبەرامبەر سەرنجەکانی پێشوم، لەهەڵسەنگاندنیان جێگای پاشگەزبونەوە نییە، کە ئەو گۆڤار و خودی ئەحمەد میرە ش دەنگێکی بوێر و مەیدانی ئەو دەسەلاتەن، ئەوەی بینیومانە تا ئێستا، لە چاو هەندێک لە میدیانکانی ناوەوەی وڵا ت دۆسیەی گرنگ هەڵدەدەنەوە و راشکاوانە خاڵ لەسەر ووشەکان دادەنێن.
لە ساڵرۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییدا، بارزانی بانگهشتی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کرد، جگە لەستافی لڤین، بڕوانە ئەو فلیمە ڤیدیۆیەی خوارەوە، لەم بارەوە لڤین، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. دێرێکی بووە هەوێنی ئەو بابەتە، کە دەڵێت (ئەده‌بیاتی‌ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ هێشتا به‌شێكی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی‌ سیاسی‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ كورد، ماوه‌یه‌كه‌ مه‌سعود بارزانی‌ هه‌ركه‌سێك دێڕێك یان بۆچوونێكی‌ جیاواز له‌سه‌ر خۆی‌ یان بنه‌ماڵه‌ی‌ یان حیزبه‌كه‌ی‌ بڵێ‌ بایكۆتی‌ ده‌كات) بەپێی هەمان پەرەگراف، چەند نمونەیەک لە ناراستگۆیی لڤین و ئەحمەد میرە دەهێنمەوە، کەئەویش وەک بارزانی لە نێو قسەی جوانی بێ پراکتیکدا دەژیت.
ئەوەی سەرنج لەو جەند دێڕەی روونکردنەوەکەی لڤین بدات، ئەوەی بۆ روون دەبێتەوە کە ئەمان بانگ نەکراون، بۆیە هاتوون ئەم قسەیە دەکەن، دەنا ئێمە نازانین ئەگەر بانگ بکرابانایە، ئەوا دەجوون و یان نا ؟ ئەم روونکردنەوەیەشیان بە خێر بە سەریاندا نەدەشکایەوە؟. بەلام رەخنەی ئیمە لێرەدا لەسەر ئەمەیان نییە، بەڵکو لەوەی خوارەوەیە کە روونی دەکەمەوە.
بەهۆی کارکردنم، لە رێکخراوی چاک و گروپی ١٧ شوبات، کە داکۆکییکردن بووە لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی و شوێنەوارەکانی کوردستان، بۆ مێژوو بڵێم، ماڵپەری لڤین لەتەک ماڵپەرەکانی هەندەران و ئەهلی و ئۆپۆزیسیۆن، لە رابردوودا ئابلۆقەی کارو چالاکی و نووسینەکانی خۆمانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە لەسەر سووک کردین. بەڵام لەو رۆژەوەی رەخنەم لە (لڤین و ئەحمەد میرە) گرتووە لەسەر کەیسی برایمی کاکە ئەحە کە لەسەرەتا گرنگیان پێ نەدەدا، بەڵام بۆ گرتن و دادگایەکانی خۆیان، لەیەک ڕۆژدا چەندین هەواڵی جۆراو جۆر یان بڵاوکردۆتەوە دواتر لەکەمپینی بەعێراق ناسین... بایکۆتی هەواڵ داگرتنی ئەو کارو چالاکیانەی من لەگەلیمە دەکرا. بەرادەیەک بۆ ئەو سیمنارەی پەرلەمان کەبانگهیشتمان کردبوون، پڕۆگرامی سیمنارەکە لە مالپەرەکەیان بڵاونەکرایەوە. تا لەرۆژی کۆتایی لەگەل ئەندامێکیان چەند جار چات و ئیمەیلم نارد، ئەوسا بڵاوکرایەوە، ئەمە لەکاتێکدا کە ئەحمەد میرە بەرێکەوت بۆ سوێد هەوالێکی زۆر هەرزەکارانەی لەسەر خۆی بڵاوکردەوە بەناونیشانی: (لە پەرلەمانی سوێد دۆسیەی ١٧ شوبات دەتەقێنێتەوە).
سەرەتا وامدەزانی هەڵەیە ک لە بیرکردنەوەم هەیە وە میزاجی بوونی بەرپرسی ماڵپەڕەکەیە، نەوەک سیاسەتی فەرمی ئەو میدیایە. بەڵام دوای تێپەرێنی دەیان ئیمیەل و کارو چالاکی وا بۆ سێ مانگ تێدەپەڕیت هەست دەکرێت ئەمە بایکۆتکردنی گروپی ١٧ی شوباتە، کە خۆم یەکێکم لە ئەندامانی. واتە لەبەر ئەوەی رەخنەم لییان گرتووە، ئیتر ئەوان خەتێکی راست و چەپیان بە سەرئەو گروپەشدا هێناوە گەرچی چالاکیەکان بەپێی بانگەشەکانی ئەومیدیایەش بێت !؟. چونکە پێشتر پێچەوانەی ئێستا هەواڵەکانی ئەو گروپەیان بەگرنگیشەوە بڵاو دەکردەوە. ئەمە جگە لەوەی کاتێک کاک ئەحمەد میرە لە سوێد بوو روونکردنەوەیەکم لەسەر هاتنی خۆی و شوان ئەحمەدی ئاوێنە بڵاوکردەوە، کەچی بە دوایدا هەستم کرد دڵگران بووە لەکاتێکدا هیچ رەخنەیان لێ نەگیرابوو !؟ بەڕاشکاوی بڵیم، هەستم کرد هەرزەکارە و وەک هەندێ لە" بەرپرسە سیاسیەکان" خۆی پێ لەدەرەوەی ڕەخنەیە بەتایبەتی مادام ئەو رەخنە لەدەسەلات دەگرێت ئیتر هەرچی بیکات، کفرە ڕەخنە بچتە سەری !؟. و دوای نووسینی ئەو بابەتە http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b13812fc لە چەند دێرێکدا رووی ئەویشی دەگرتەوە بەتەواوی بایکۆتی چەندین کارو چالاکی گروپی ١٧ شوباتی کرد. دیارە کاتێک کە هاتنە سوید، ئەو رەخنەیەم چەند جار لێگرت. ئەو بە پاساوی ئەوەی، کە ستافی ماڵپەرکە ئەمەی کردووە و ئەم ئاگای لێ نییە، بەڵام زۆربەمان دەزانێت، کە میرە هاوشێوەی بارزانییە لە ناو ئەو دەسەلاتە بچوکەی خۆیدا کە لە ناو دەزگای لڤیندا هەیەتی. زۆر جار بیر دەکەمەوە هەندێ میدیای ئەهلی یەک مالپەری لەدەستە بایکۆتت لەسەر میزاج یان رەخنەگرتن دەکات، ئەی وەک بارزانی و تاڵەبانی دەیان هەزار چەکدار و کۆشکی سپی پێشوازیان لێ بکات دەبێت چۆن رەفتار بکەن؟

بۆیە لێرەدا هەندێ سەرنجی خۆم بۆ ئەحمە میرە و ستافی لڤین دەنووسم:
١/ ٢٢ساڵە وەک تاک لە رەخنەگرتنی ئەو دەسەڵاتە بەنووسین و کاری مەیدانی، ئەوەندەی توانیبێتم نەوەستاوم. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، دەیان کار و چالاکی لە تەقە و شەهیدکردنی گرتن و ئەشکەنجەدان لەکارو چالاکی و خۆپیشاندان... ڕووبەرومان بۆتەوە، بێ ئەوەی یەک میدیا لەوکاتدا بوێری هەبووبێت وەک هەواڵێک کونجێکی لاپەرەی ڕۆژنامەیەکەیان پێ پڕکردبێتەوە، هەرجەندە کۆڵمان نەداوە و لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێکانماندا بەردەوام بووین.
٢/ لەهەندەران خۆشبەختانە سەرەتا پاڵتالک و دواتر دەیان ماڵپەر، ئێستاش فەیسبوک و تویتەر و کەس نازانێ بەیانی چیتر سەرهەڵدەدات. بۆیە گەرچی (پارتی و یەکێتی) یان هەر میدیایەکی تر لەخەیاڵی بایکۆتکردنی دەنگانی تردا بن، ئەوا شکست و شەرمەزارییان بۆ دەمێنێتەوە، خۆ ئیستا سەردەمی شاخ نییە، یەک تاکە رادیۆ هەبێت و تەشویش بخرێتە سەر هەر دەنگێک کە نەیانەویت بگاتە خەڵکی!
٣/ بۆ میژوو بڵیم، بەهۆی ئەوەی لە ڕاگەیاندنی ر ێکخراوی چاکدا بەردەوام کارم کردووە. تا ساڵی ڕابردوو بەدواوە هیچ ناوەند و ڕێکخراوێکی مەدەنی وەک (چاک) بوێر و مەیدانیی و ڕەخنەگر بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە نەوەستاوە، بەڵام تا سکاڵا لەسەر تاڵەبانی ٢٠٠٧ وەک داوای دەستکێشانەوەی بارزانی (مام و برازا) ٢٠٠٨ نەکرد، ئابلۆقەی ڕاگەیاندن بە تەواوی نەخرایە سەرمان، بۆیە پێم سەیرە لە بچوکترین ڕەخنە لە دەنگە بەناو ئازاد و ئۆپۆزیسیۆنەکان، هەندێ جار ئابلۆقە دەخرێتە سەردەنگەکان ! ئەمە دەرەنجامی جوانی هەلوێستی پارتی ویەکێتی نیە بەڵکو زۆری رەخنە لەسەرەوان و کەمی رەخنە لەسەر ئۆپزسیۆن و میدیای ئە هلی بۆتە ئەو هۆکارەی دەسەڵات زیاتر و ئۆپزسیۆن کەمتر لەسەر رە خنە لێ ڕاهاتووە.
٤/ من بڕوا ناکەم تائێستاش لە هیچ وڵاتیکی ئەوروپی، هیچ گروپ و رێکخراوێک تەنانەت پارتەکانی کوردستانیش، بەئاستی گروپی ١٧ شوبات لە ستۆکهۆلم و بەو تەمەنە کورتە توانیبێتی کار و خەباتی پەڕلەمانی، دیداری بەرپرسانی سویدی لە هەموو ئاستەکاندا کردبێت، وەک خۆپیشاندان و سیمنار کۆی ئەمانەش بۆ پالپشتی دەنگی خەڵکی نارازیی و ئازادیخواز بووە. ئیتر من تێناگەم بایکۆتکردنی ئەم گروپە لە سەر چی لەلایەن ئەو میدیا ئەهلییانەوە دەیکرێت؟! ئەمە لەکاتێکدا هەر ئەو گروپە توانیویەتی بەسی خۆی فشار بخاتە سەر دەسەڵات، دەنگ و نارازیی میدیاکانی ئەهلی بگەیەنێتە لای بەرپرسانی سوید و ناوەندە جیهانیەکان.
٥/ دەکرێ ئەمەش وەک کاری سەدان ماڵپەری سەر بە دەسەڵات (بایکۆتی کار و چالاکی دەنگە جیاکان لێک بدرایەوە) کە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کارو چالاکیەکانمان نەکردوە تێ بگەین. بەڵام بێ دەنگی و چاوپۆشی لەو هەڵانە بەرەو کاری خراپتر لەناو میدیای ئەهلی دەڕوات. بۆیە دەبێت پێش بەو دیاردەیە بگرین.
لە کۆتایش دەڵیم ئەو نووسینە کۆی ووشەکانی من لێی بەرپرسم و بەڵگەم هەیە. گروپی ١٧ شوبات گەرچی نە رێکخراو، نە کۆمەلەیە تەنیا کۆبۆنەوەیەکی کاتیە و بۆ پاڵپشتی دەنگی خەڵکە ئازادیخوازەکان کاردەکات، هەر تەنها من نییم، بەڵکو کۆمەلێک کەسی ماندوونەناسی تری تیایە. ناکرێت بەئاگری ڕەخنەکانی تاکە کەسێک، هەموو گروپەکە بگرێتەوە، ئەمە کارەی لڤین دەچێتە چوارچیوەی ململانێ خێلەکی، نەک هەلویستی دەزگایەکی راگەیاندن، کە بانگەشەی بە مەدەنیکردنی کۆمەلگا دەکات!
لە کۆتاییدا ئەم بابەتەش بە چیرۆکێکی پەشیو دەهێنمەوە. جارێک بەتەلەفۆن پێی ووتم، کاتێک لە لیبیا بووم مامۆستایەکی عەرەب، وای پێسان دام، کە دۆستی کوردە، ڕۆژیک پیاسەمان دەکرد، لەناو قسەکانیدا وتی شمال عراق، منیش وەستام و پێمووت ئامادە نیم یەک هەنگاوی تر لەگەڵتا بهاوێژم ئەگەر بڵێیت شمال العراق و بە دەمتا نەیەیەت بڵییت کوردستان. بۆیە ئێمەش گرنگە لە ئێستاوە لەگەڵ میدیا ئەهلی و ئۆپۆزیسیۆنەکاندا خۆمان یەکلایی بکەینەوە: ئایا ئەو رەخنانەی ئێوە لەدەسەڵاتی دەگرن، بۆ خۆتان چەند هاوشێوەی ئەوان ڕەفتار ناکەن؟!

******************************

******************************

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە