کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بێ هه‌ڵوێستی له‌ بێ به‌شکردنی لیستی هیوا له‌هه‌ڵبژاردن ، پێوه‌رێکه‌ بۆ ناسینی لیستی سیاسی و که‌سایه‌تیه‌ ڕۆشنبیریه‌کان ...

Wednesday, 10/06/2009, 12:00


رۆژ له‌دوای ڕۆژ کاتی هه‌ڵبژاردن نزیک ده‌بێته‌وه‌ ‌ ، له‌ گه‌ڵی دا ، هه‌ندێ روداو هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، ‌جێگای هه‌ڵویست و سه‌رنجه‌ ،وه‌ک چه‌ند شانه‌یه‌کی نهێنی یه‌کێتی وپارتی له‌ناو ڕۆژنامه‌و میدیاکان به‌دیارده‌که‌ون . هه‌ندێ که‌سایه‌تی گه‌نده‌ڵ به‌ناو شه‌ری گه‌نده‌ڵکاران ده‌که‌ن!؟ بازار گه‌رمی ده‌نگ و ویژدان فرۆشی . پێشێلی بڕیاره‌کانی کۆمسیۆن له‌لایه‌ن پارتی ویه‌کێتی سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردن . له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش مه‌ترسیدارتر، ڕۆژی 31/05/2009 کۆمسیۆن کاتێک ‌ ناوی قه‌واره‌و لیسته‌کانی بۆ خولێکی تری هه‌ڵبژاردن ئاشکرا کرد ، لیستی هیوا تاکه‌ لیست بوو، له‌ مافی به‌شداریکردن ‌ بێ به‌ش کرا .ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و ڕیکلامه‌ سیاسیانه‌ی له‌زاری هه‌ندێ ناوه‌ند و که‌سایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردی وعێراقی ده‌رده‌چوو ، که‌ زه‌مانه‌تی بواره‌ دیموکراسیه‌که‌ی ده‌که‌ن ، درۆیه‌کی زل ده‌رچوو .‌ ئاخر ناکرێت لیستێک به‌هۆکاری ئه‌وه‌ی هاوسۆزه‌ له‌گه‌ل پکک له‌ مافی دیموکراسی بێ به‌ش بکه‌یت ، له‌کاتێکدا ،‌ ‌دیموکراسیه‌ت مافی هه‌مو تاک و گروپێکه‌ ، به‌تایبه‌تی کاتێک به‌ شێوازی ‌ مه‌ده‌نی وپه‌رله‌مانی خه‌بات ده‌کات . دواتر بێ به‌ش کردنی لیستی هیوا له‌هه‌ڵبژاردن ، خودی ده‌وله‌تی عیراق به‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیشه‌وه‌، خسته‌ ژێر ئه‌و پرسیاره‌ی ،که‌ئه‌وان هه‌ڵبژاردن ، تێکه‌ڵ به‌گه‌مه‌ سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ موخابه‌راتیه‌کان ده‌که‌ن . ئه‌گه‌رنا چۆن ده‌کرێت ، لیستێک له‌ هه‌لبژاردنی سالی 2005 بۆ په‌رله‌مانی عێراق به‌ شدار کرابێت ، که‌ چی له‌هه‌ڵبژاردنی دواتر ، بێ به‌ش بکرێت ، بێ ئه‌وه‌ی پێشێلی خالی یاسایی یان بریاره‌کانی کۆمسیۆنی کردبێت !؟
ئه‌مه‌ چ گالته‌ جاریه‌کی سیاسیه‌ ، کاتێک له‌به‌رخاتری ده‌وله‌تی که‌مالیزمی تورکی ، ئه‌و به‌رتیله‌ سیاسیه‌ بده‌یت.که‌چی له‌نێو ولاتی تورکیا ،16 ساله‌ هه‌ودارانی پکک ،به‌چه‌ندین ناو پارت دروست و به‌شداری هه‌لبژاردنه‌کان ده‌که‌ن ، وه‌به‌ئاشکرا له نێو ‌په‌رله‌مانی تورکیا ده‌لێن به‌رێز ئۆجه‌لان ، دژی سیاسه‌ت و ده‌ستوری ولاته‌که‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ ، ره‌زامه‌ند نابن به‌پکک بلێێن تیرۆریست ،که‌گه‌ریلایه‌کیش شه‌هید ده‌بێت به‌رپرسانی ئه‌م پارته‌ پرسه‌نامه‌که‌ی بۆداده‌نێن.... . که‌چی له‌باشوری کوردستان پارتی چاره‌سه‌ری ئه‌گه‌ر هاوسۆزیشیان له‌گه‌ڵ پکک هه‌بێت ، باره‌گاکانیان داده‌خه‌ن ، ئه‌ندامانیان ده‌گرن ، مۆله‌تی کارکردنیان پێ ناده‌ن ، به‌شدارده‌بن له‌و پیلانه‌ هه‌رێمیانه‌ی دژیان ده‌کرێت وه‌ دواین کاری قێزه‌وه‌نیان ، له‌په‌رله‌مان دوریان ده‌خه‌نه‌وه‌ . ئه‌مه‌ی ده‌سه‌لاتی کوردی ده‌یکات ، ده‌توانین بلێێن له‌مه‌لیک مه‌لیکترن . پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ناتوانن به‌ تورکیا بلێین فشارمان مه‌خه‌نه‌ سه‌ر ، که‌ی ئیوه‌ توانیتان ده‌ته‌په‌،له‌مافی یاسایی و دیموکراسی ولاته‌که‌تان بێ به‌ش بکه‌ن ، ئه‌وکات ئه‌و داوایه‌ش له‌ئێمه‌ بکه‌ن ؟ . زۆر سه‌یره‌ تورکیا خۆی وه‌ک ولاتێکی دیموکراسی به‌ جیهان ده‌ناسێنێ ، کاتێک بوار ده‌داته‌ ده‌ته‌په‌ وه‌ک ده‌نگێکی دژه‌ خۆی وهه‌واداری پکک له‌ناو په‌رله‌مان ،به‌ئاره‌زوی خۆی ئاخافتن بکات ، که‌چی یه‌کێتی وپارتی ئه‌ومافه‌ به‌ پارتی چاره‌سه‌ری ناده‌ن !؟
ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیشه‌ له‌م دیارده‌ مه‌ترسیدار و پێشێلکاریه‌ زه‌قه‌ی دیموکراسی ، میدیای کوردی تایبه‌تی ئازاده‌کان ، له‌ئاستی هه‌ڵوێسته‌ و نه‌وه‌ستان . له‌کاتێکدا سه‌ره‌تای هه‌موو دیارده‌یه‌کی ترسناک ئه‌گه‌ر پێشی نه‌گریت دواتر وه‌ستانی ئاسته‌م ده‌بێت . ئه‌مه‌ باس له‌ هه‌ڵوێستی ڕۆشنبیر و نوسه‌ران ناکه‌ین ،که‌زۆرینه‌یان به‌ س ئه‌هلی وته‌ی بریقه‌دار وسازشکارانه‌ن ، نه‌وه‌ک له‌سه‌ر روداوه‌ سیاسیه‌ مه‌ترسیداره‌کانی کوردستان خاوه‌ن هه‌لوێستن، وه‌ئه‌گه‌رچی رۆشنبیران به‌ئه‌ژمار به‌ئاستی سوپای کوێتن وه‌ زۆرینه‌یان خۆی پێ فه‌یله‌سۆف ، نوسه‌ری به‌ناوبانگ ، تیۆززان و دارێژه‌ری دیموکراسیه‌ ، به‌لام له‌کردار به‌ ئاستی چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی شۆڕش داکۆکی له‌دیموکراسیه‌ت نا‌که‌ن ؟
وه‌به‌پێی هه‌واله‌کان 24 لیست بۆ ئه‌م هه‌لبژاردنه‌ خۆی پاڵاوتوه‌ ، به‌لام له‌به‌رامبه‌ر داخستنی لیستی هیوا ، جگه‌له‌لیستی پێشکه‌وتن ،هیچ لیستێکی تر پڕۆتستۆی نه‌کرد !؟ له‌کاتێکدا ، هه‌لوێست وه‌رگرتن له‌سه‌ر ئه‌م برێاره‌ مه‌ترسیداره‌ ، به‌ند نیه‌ به‌ په‌یوه‌ندی سیاسی له‌گه‌ل لیستی هیوا ؟ به‌لکو ئه‌مه‌ داکۆکیه‌ له‌ دیموکراسیه‌ت و تیكشکانی پیلانێکی داگیرکه‌ران ؟ وه‌ ئه‌و بێده‌نگیه‌ی لیسته‌کان ئه‌وه‌ی پێ نیشان داین ، که‌ گۆرانه‌کان، ئه‌گه‌ر ده‌نگی جیاش بباته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ ، ئه‌وا جه‌وهه‌ری و ڕیشه‌یی نابێت . چونکه‌ هه‌ر لیستێک ئه‌گه‌ر بیه‌وێ گۆران له‌ده‌سه‌ڵات بکات ، ئه‌م روداوه‌ پێوه‌رێک بوو ،بۆ پڕاکتیزه‌کردنی دروشم و داکۆکی کردنه‌کانی له‌دیموکراسیه‌ت . به‌تایبه‌تی (لیستی گۆران) که‌ ده‌یانه‌وێت گۆران له‌ده‌سه‌لات بکه‌ن . دیاره‌ گۆران هه‌ر گۆرینی ئه‌کته‌ره‌ سیاسیه‌کانی ده‌سه‌ڵات نیه‌ ، به‌لکو هه‌لوێستی نوێ و داهێنانه‌ له‌ پراکتیزه‌کردنی گۆران له‌هه‌موو بواره‌کان ، نه‌وه‌ک هه‌ر له‌ نادادپه‌روه‌ری کۆمه‌لایه‌تی ونه‌بونی شه‌فافیه‌ت له‌دارایی و گه‌نده‌ڵی له‌ده‌سه‌لات ؟ چونکه‌ ده‌یان په‌روه‌ندی تێکشکاوی ده‌سه‌ڵاتمان له‌به‌رده‌سته‌ وه‌ک شکستی گه‌رانه‌وه‌ی ناوچه‌ ته‌عریبکراوه‌کان و نه‌بونی ستراتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی و گرنگی نه‌دان به‌ که‌یسی کۆمه‌لکوژی کوردان ، مه‌سه‌له‌ی لاوان و ژنان ،پێشێلکاریه‌کانی مافی مرۆڤ ، تێکدانی شوێنه‌واره‌ میژویه‌کان ... ئاخر زۆر سه‌یره‌ لیستێک له‌گه‌رمه‌ی هه‌لبژاردن و ئۆپزسیۆنی هه‌لوێست له‌به‌رامبه‌ر پێشێلکاریه‌کی وا مه‌ترسیداری دیموکراسی و پیلانێکی داگیرکه‌ر نه‌نوێنێت ، ئه‌ی چۆن که‌هاته‌ ده‌سه‌لات ده‌توانێت گۆران له‌ ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی بکات ؟ پێشم وایه‌ ئه‌و هه‌لوێسته‌ی یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی لیستی گۆران گه‌چی باشه‌ به‌لام دره‌نگ و تێری مه‌سه‌له‌کان ناکات ؟
هه‌رگیزاو هه‌رگیزیش چاوه‌ڕی هه‌لوێست له‌ لیستی ئه‌و 4 پارته‌ ناکه‌م ،چونکه‌ ئه‌وان له‌گه‌رمه‌ی هه‌لبژاردن به‌شداری یادی یه‌کێک له‌ جه‌لاده‌ گه‌وره‌کانی گه‌له‌که‌مان (خومه‌ینی) ده‌که‌نه‌وه‌ !؟ ،به‌مه‌ش هه‌ستی ده‌یان ملیۆن کوردیان بریندار کرد ،دواتر ئه‌م لیسته‌ له‌ئه‌زمونی به‌ناو ئۆپزسیۆن ومامه‌له‌ی حزبی ناوه‌خۆی، وێنه‌یه‌کی جیایان له چاو ‌ده‌سه‌لات پێ نیشان نه‌داین !؟ ، ئه‌مه‌باس له‌وه‌ش ناکه‌ین ،ئاخۆ ئه‌م لیسته‌ ئه‌گه‌ر ببێته‌ هێزێکی به‌رفراوان له‌په‌رله‌مان ، چۆن له‌ گه‌ل مه‌سه‌له دیموکراسی و نه‌ته‌وه‌یه‌کان مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن ؟ دڵنیام ئه‌وکات ، هه‌زار ره‌حمه‌ت بۆ کفن دز ده‌نێرین.
ئه‌گه‌ر مافی ده‌نگدانم هه‌بوایه‌ ، به‌دلنیایه‌وه‌ ده‌نگم به‌ لیستی سپی یان هیوا ده‌دات ، له‌به‌ر یه‌ک هۆکار که‌ ئه‌ندامانی ئه‌م دولیسته‌ ،خاوه‌نی دروشمی بریقه‌داری ئه‌مڕۆ نین ، به‌ڵکو له‌چه‌ند سالێ رابردو کوری ناره‌زایه‌تیه‌کانی شه‌قام و زیندانه‌کان بون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ی و نادداپه‌روه‌ریه‌ کۆمه‌لایه‌تیه‌کان .
وه‌ئه‌گه‌ر چی ئێستا هه‌ر لیسته‌ ئه‌لقابی دکتۆر و مامۆستا و زانکۆ ده‌خاته‌ ناو لیسته‌که‌یه‌وه‌ که‌ پێیان وایه ده‌توانن کۆتایی به‌ده‌ست به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان بێنن . گفتوگۆکانیش گه‌رمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر لیسته‌ی چه‌ند ئه‌ندامی ده‌چێته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌. که پێم وایه‌ کێشه‌ گه‌وره‌که‌ی ئێمه‌ گۆڕینی ده‌م وچاو و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی ئه‌ندامه‌کان نیه‌ ، به‌ئاستی ئه‌وه‌ی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان پێویستمان به‌ ده‌نگی بوێرانه‌ی هاوشێوه‌ی له‌یلا زانا و ئه‌حمه‌د تورکه‌کانه‌ . ‌.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە