لە زیندانی مەلا کرێکارەوە وانەیەک بۆ بەرپرسە تاوانبارەکانی پارتی و یەکێتی
Saturday, 31/03/2012, 12:00
زیندانیی و سزادانی مەلا کرێکار لە دادگای نەرویژ، مەسەلەکە تەنها ئیسلامی سیاسی نەبوو، بەئاستی ئەوەی مەلا کرێکار بۆ خۆشی، بەڵگەی حاشاهەڵنگەری دایە دەست دادگا و دوژمنەکانی، ئەویش (هەرەشەی کوشتن بوو، کە لە ئەوروپا و وڵاتە دیموکراتییەکاندا کاری جدی لە سەر دەکریت) ئەگەرنا زۆر کەسایەتی موسڵمانی تر لە ئەوروپا لە مەلا کرێکار توندرەوترن دێن و دەچن و قسەی خۆیان دەکەن، یان دەیان مزگەوت لە چەقی شار و پایتەختەکانی ئەم وولاتە ئەوڕپیانەدا هەیە، کە دامودەزگاکانیشیان هاریکاریان دەکەن، نوێژ و کۆبوونەوەی ئاینی خۆیانی لێدەکەن.
قورئان سوتاندن لای ئەوروپیەکانیش کارێکی جوان نییە، لای ئەوانیش بەدەگمەن ئەو کارە روو دەدات، هەر کەسێکیش دەیکات، نە بەرگری لیدەکەن، نە پشتگیری لێدەکەن، چونکە لە ئاستیی سیستەمە دیموکراتییەکەدا ڕیز لە بیروباوەڕی ئاین و خەڵک دەگیرێت. بەلام گفتوگۆ و رەخنە، لەسەر هەموو کەسایەتی و ئاینێک دەرگا ئاواڵەیە، ئەوان بواری رەخنەیان، لە سەر ئاین و سەرکردە مێژوویەکانی خۆیان کردۆتەوە، ئیتر چۆن لە ولاتی خۆیان و بە یاسای خۆیان، دێن و بوار دەدەن، وەک وڵاتی سعودیە، یان ولاتێکی ئیسلامی تر و بە پەیامی قورعان، یان بە عەقلی کەسێکی ئاینی مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵکەکەیدا بکەیت، نەخاسما وەک وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا!؟
ئەو پاساوەی مەلا کرێکار هێنایەوە کە ئەو شەرحی قانونی کردووە، هەمان گوتەی زۆر لەو باوک و برا کوردانەم دێتە پێش چاو، کاتێک ژن لەسەر مەسەلەی "ناموس" دەکوژرێت، دەلێن ئەمە کەلتوری خۆمانە. ئی مرۆڤ دەبێت لەم ولاتانەش لە هاوکێشەکە بگات، کە تۆ دێیتە ولاتێکی ئەوڕوپی، یاسا و کەلتوری ئەم ووڵاتەت بە سەردا دەچەسپێ.
لێرە بەدواوە بە هەڵی دەزانم، کە دادگاییکردنی مەلا کڕێکار تێهەلکێشی دادگاییکردنی هەموو ئەو بەرپرسە کوردانەش بکەم، کاتێک دێنە هەندەران و لە کوردستاندا تاوان بەرامبەر تاک و کۆی کورد ئەنجام دەدەن، ئەوەندەی زانیاریم هەبێت بەپێی ئەو چەند ساڵە و بەهۆی دۆسیەی گەلکوژی کوردەوە، کە من لەگەل پۆلیسی سویدیدا هەمە یان زانیاری گشتیی و لە ژیانی رۆژانەی خۆمااندا تووشی بوومە لێرەدا بەخوێنەرانی کوردی رابگەیەنم، بەهیوای ئەوەی ئەم دەرگا گرنگە لەو بەرپرسانە بگرن کەوا دەزانن ژیان و رابواردنیان هەر ئەو چەند ڕۆژە نییە، کە وەک فەرعون ئاسا دەبەنە سەر و بە یاسای دارستانیش ئەو میللەتە ئازار دەدەن.
١/ هەرەشە و تیرۆر، ئەگەر هەر کەسێک لە بنەماڵەکەی خۆشی بیکات، ئەوا پۆلیس بەدواچوونی جدی لەسەر دەکات. بەتایبەتی ئەو ژنانەی کاتێک لە پیاوەکانیان جیا دەبنەوە یان کچ کاتێک بەپێی بارودۆخی ئەم وولاتە رەفتار دەکات، رووبەرووی هەرەشە دەبتەوە بە پەلە کچ یان ژنەکە دەشارنەوە، ئەمە جگە لەوەی زۆر کەس هەیە لەسەر لێدان لە خیزانەکەی بەمانگ زیندانی کراوە، بەلام ئەگەر ئەم هەرەشە و تیرۆرە، دیوێکی سیاسی هەبێت، ئەوا ووردتر بەدواداچوونی بۆ دەکەن و ناوی ئەو لایەنە دەخریتە لیستی رەش و تیرۆرەوە. لەسەرەتای هەشتاکان کادیرێکی پکک کە وازی لێهێنابوون، لە ولاتی سوید کوژرا، تۆمەتەکە ئاراستەی پکک کرا، ئەم کارە لەتەک بەرژەوندییە ئابوری و سیاسیەکانی سوید لەگەل تورکیا، بووە هۆکارێک لەلایەن خودی سۆسیال دیموکراتی سویدەوە پکک بە تیرۆریست ناسێنرا. پار سال هەرەشەی کوشتن لە خۆم کرا لەسەر سکالانووسین لەبەرپرسانی پارتی و یەکێتی، جگە لەوەی پۆلیسی ئاشکرا و نهێنی سوێدی (سێپۆ)، بە ئاشکرا و بە نهێنیش بەجدی بەدوای داچوونیان بۆی کرد، بەپەرلەمانتارێکی سویدیی پێی راگەیاندم و وتی بیدە بەمیدیای سویدی، چونکە ئەمە مانای وایە، ئەو دەسەلاتیی کوردییە، دیموکراسیەتی ئەم ووڵاتەش دەخەنە مەترسییەوە. بەلام من پەیوەندیم بەمیدیای سویدی نەکرد چونکە لەگەرمەی 17 شوبات بەدواوە ڕۆژانە لەناو نیشتمان دەیان کەس رووبەرووی هەڕەشە دەبوونەوە بۆیە، وا بۆی چووم کە لەم کاتەدا بە کارێکی زۆر ترسنۆکانە دەهاتە لێکدانەوە، لای هەندێکیش وەکو خۆدەرخستن لێکدەدرایەوە، بەلام هێنانەوەی ئەم نمونەیەم تەنیا بۆئەوەیە، تا بزانن ئەگەر هەرەشە لە هەر هاولاتییەکی ئەوروپیش بکریت، ئەوە خودی سیستەمی دیموکراسی ئەو ولاتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
٢/ هەموو کەسیک کاتێک دەبێتە خاوەن ڕەگەزنامەی ووڵاتێکی ئەوروپی، ئەوا مافەکانی لەم ووڵاتە وەک چاوشین و پڕچ زەردێک یەکسان دەبێت. بۆیە ئەگەر رووبەرووی هەر فشار و مەترسیەک لە دەرەوەی وڵاتی خاوەن رەگەزنامەکەش بێت، ئەوا ئەرکیانە تا ڕزگارت بکەن و نەوەستن تەنانەت ئەگەر لەسەر گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەش بێت یان پارەیەکی خەیالی داوا بکریت. باشترین نمونە لەم بارەوە (مەهدی غەزالی) ئەو هاولاتییە عەرەبەی خەلکی جەزائیر بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەن ڕەگەزنامەی سوێدی بوو، کاتێک لەسالی ٢٠٠٣ لەسەر سنورەکانی ئەفغانستان، پاکستان بەتۆمەتی ئەندام بوون لە قاعیدە گیرا، ولاتی سوید، لەمیدیا و وەزارەتی دەرەوە دەیان هەواڵیان لەسەر بلاوکردەوە کە بۆچ ئەمەریکا ئازادیی ناکات. تا دوایین جار، سەرۆک وەزیرانی سوید لە کۆنگرەیەکی جیهانیدا داوای لە بۆش کرد ئازادی بکات، ئەوانیش ئازادیان کرد. بەلام هەمان مەسەلە ڕۆژنامەنوسێکی ئەریتیری هەیە، کە خاوەن رەگەزنامەی سویدیشە (داود ئیساک) ١٠ سالە زیندانی کراوە، سەرباری ئەوەی ولاتی سوید بەهەموو شێوەیەک هەوڵی ئازادکردنی دەدات، بەلام بێ ئاکام بووە، چونکە سیستەمە سیاسیەکەی موریتانیا ڕیز لە مافی مرۆڤ ناگرێت یان وەک ئەمەریکیەکان مامەلە ناکەن. ئەمە جگە لەوەی لەهەر ولاتێک بێت، بەرەدوام تەلەفۆنکردنت لەگەل پۆلیسی سوێد کراوەیە، بۆ رووبەرووبونەوەی هەر مەترسیەک لەسەر ژیانت کە تووشت دەبێت.
٣ / لەتەک ئەوەی ئەم مافەت پێ بەخشراوە، کە دەبیتیە خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپی. هاوکات هەموو یاساکانی ئەو وولاتەش بەسەرتدا دەچەسپێت. ئەگەر لە ناوە و دەرەوەی ئەم ووڵاتە، تاوان بکەی. بە نمونە، کەسێک خاوەن رەگەزنامەی سوێدیە، لە ولاتی رواندا لەکوشتنی کەسێک بەشدار بوو، لە ٢٣/١٢/٢٠١١ پۆلیس خستیانە زیندانەوە و ئیستا بەپێی یاسای سوێد لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکریت. یان هەموو ئەوانەی دەچنە وولاتی گەشتوگزاری تایلەند، دەبینن پۆلیسی سوێد چۆن بە جل و بەرگ و ئۆتۆمەۆبیلەوە بەدواچوون لەسەر هەموو ئەو هاووڵاتیە سویدیانە دەکات کە گومانیان لەسەر بکات بە پارە سیکس دەکرن، بەتایبەتیی لەگەل ئەو کچە تایلەندیانەی لەخوار تەمەنی ١٨ سالییەوەن. یان ئەگەر نەبووبیتە خاوەن رەگەزنامەی وولاتەکە، ئەوا ئەگەر تاوانت کردبیت بەبەلگەوە لەسەرت بچەسپێ ئەوا رووبەرووی سزا و یاساکانی ئەم ووڵاتە دەبیەوە، بەنمونە نزار خەزرەجی خاوەن رەگەزنامەی دانیمارکیش نەبوو، بەلگەکانیش یەکلا کەرەوە نەبوو، بەلام دۆسیەکی گەورەی بەرامبەر کرایەوە سەرباری ئەوەی دانیمارک چۆن دەیان ملیۆن ئیرۆ و پۆلیسیی وولاتەکەی بۆ چەندین ولات بۆ زانیاری بەدەست هێنان نارد.
٤/ ئەوانەی تاوانیان لە وولاتی خۆیان ئەنجام دابێت، بەڵام کە بەسەردان دێنە ئەوروپا، ئەگەر خەڵک بە بەڵگەوە، جۆری تاوانەکەیان بەپێی یاساکانی ئەم وولاتە بداتە دەست پۆلیس، ئەوا بەدواچوونیان لەگەلدا دەکرێت. لەم بارەوە نمونەی هادی شاوەیس دەهێنمەوە کە ساڵی 2008 هاتە ولاتی سوێد، پاش ئەوەی هەواڵەکە لە کوردستانپۆستدا بڵاوکرایەوە، چەند کەسێک پەیوەندیمان بە پۆلیسەوە کرد، پۆلیس دەستی بە لێکۆلینەوەی سەرەتایی کرد، بەداخەوە بە پەلە پارتی ڕزگاری کرد ئەگەرنا ئاگاداربووم. پۆلیس دۆسیەکەی بەجدی وەرگرت. چونکە بەڵگەی یەکلاکەرەوەی دادگای بالای تاوانەکانی عێراقی لەسەر بوو، ئەگەر بەڵگەی تاوانی گەورە لەسەر هەر بەرپرسێک بێت، ئەوا پۆلیس کەمتەرخەمی بنوێنێ، کە زۆر جار بەرژەوەندییە سیاسییەکانی تێکەڵ دەبێت، ئەوا دەکرێت ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان و میدیای ئەم وولاتانە ئاگادار بکرێتەوە کە چۆن دەکریت تاوانبارێکی وا لەم وولاتە مافی مانەوە یان میوانداری پێ بدرێت. دیارە کۆی ئەمانە لە سەر بەرپرسە پلە یەکەکان قورس دەبێت بەلام دەکڕیت هاوشیوەی ئەردۆگان کە هاتە ولاتی سوێد و تەماتە و هێلکە باران کرا، بۆ ئەمە پۆلیس سێ کچی گەنجی کوردیشی دەستگیرکرد، دواتر ئازادی کردن.
ئەو بەرپرسە کوردانەی خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپین، بەشدارن لە تاوان و ئەشکەنجەدانی خەڵک هەیە یان دەیکەن:
١/ ئەگەر بەلگەی بەشداریکردنیان لە تاوان ب ەبەڵگەی دۆکۆمێنتداری یەکلا کەرەوە هەبێت
٢/ کەسێک یان گروپێک بوێر بێت و بەردەوام بەدواچوون بۆ دۆسیەکە بکات.
٣/ دۆزینەوەی مادە یان کۆدە یاساییەکان بزانێت، لەگەڵییدا هەناسەی ئەیوبانەی بەرامبەر هەبێت. لێرەدا نمونەیەک دەهێنمەوە. تاوانبارێکی گەلکوژی کورد لە ولاتی سوێدە، دوو سالە داوامان لەسەر تۆمار کردووە، بەلگەی یەکلاکەرەوە لە زاری خۆیمان بەپۆلیس داوە، کەچی پۆلیس دەڵێت هێشتا لێکۆلینەوەی لەسەر دەکەین. مانگی رابردوو تەلەفۆنم کرد ووتم: دووساڵ تێپەڕی چی بەسەر هات؟ بەرپرسی دۆسیەکە ووتی بەردەوامین لەسەر کارکردن، هەروەها وتی ئێمە دۆسیەی کۆمەلکوژیمان لەبەردەستە، کە 18ساڵە تەواو نەبووە؟
بۆیە با هەموو دڵنیابن، کە بەرپرسانی کوردیش لە ئەوروپا رووبەرووی یاسا دەبنەوە. بۆیە ئەوانەی خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپین، وا نەزانن، دێن و دەڕۆن، هیچیان لەگەڵدا ناکرێت. ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە هەر گروپ و لایەن و تاکە کەسێکیش بیکات لە بڕی دیدار و پێشوازیی کردنی بەرپرسان، ڕۆژگارێک دێت، پۆلیس لە فرۆکەخانەوە کەلەپچەیان لەدەست دەکات. وەلێ بۆ سەرکەوتنی ئەو کەیسانە ئەوانە هیوادارم خەڵک بوێرانە تر بێتە مەیدان.
تکاش دەکەم بەڵگە لەسەر هەموو ئەو بەرپرسانە کۆبکەنەوە، کە تاوان بەرامبەرتان دەکەن، تەمبەڵیی و فەرامۆشی تێدا مەکەن ژیان هەر ئەو چەند ڕۆژە نییە، کە ئێستا وەک دەزگا ئەمنییەکانی بەعس، خەڵکی تێکۆشەر ئازار دەدەن. ئیستا لە ولاتی سوێد چەند بەپرسی ئەمنی و سەربازیی گەورەی بەعسی لێیە، بەلام بەهۆی نەبوونی بەلگە، دەستە وەستانین. ئەمەش شەرمەزارییەکی تری نەتەوەییمانە، کە ئێمە میللەتێکی بێ ئەرشیفین، بەرامبەر جەلادانی نەتەوەکەمان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست