کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌ستکه‌وتێکی نه‌ته‌وه‌یی زۆر به‌ هێمنی تێ په‌ڕی

Wednesday, 04/11/2009, 12:00


زانیاری سه‌ره‌تا و گرنگی ده‌ستکه‌وته‌که‌ ....به‌شی یه‌که‌م

ڕۆژی 29 ی ئه‌کتۆبه‌ری ئه‌م ساڵ . گه‌وره‌ترین پارتی سوێد (سۆسیال دیموکرات) که‌زۆرینه‌ی خوله‌کانی هه‌لبژاردن ، زیاتر له‌ %34 ده‌نگی هاولاتی سوێدی به‌ده‌ست هێناوه‌ ، وه‌‌‌زۆرینه‌ی کاته‌کانیش له‌گه‌ل (پارتی چه‌پ و ژینگه‌)حکومه‌تیان پێک هێناوه‌ ، وه‌له‌دواین هه‌لبژاردن 2006 ، 130 ئه‌ندام له‌ 349 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی له‌په‌رله‌مانی سوێد و 5 ئه‌ندامیشی له‌په‌رله‌مانی ئه‌ورپیدا هه‌یه‌ . ئه‌م پارته‌ له‌هه‌نگاوێکی گرنگدا دانی به‌ تاوانی ئه‌نفال و سه‌یفۆی ئه‌رمه‌نه‌کان نا که‌ ژینۆسایده‌ . ئه‌مه‌ش سه‌رکه‌وتنێکی گه‌لێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌ی کورد ،چونکه‌ له‌م بواره‌دا یه‌کجار هه‌ژارو سه‌ره‌تاین . وه‌هه‌مو کاتیکێش هه‌وله‌ یه‌که‌مه‌کان قورس و سه‌رنج راکێشه‌ و ده‌بێته‌سه‌روه‌ری، نه‌وه‌ک ئه‌وانه‌ی به‌دوای دێن .
ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ به‌ یاداشتنامه‌ی 28 j ناسراوه‌ که‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسی دۆسیه‌ی کورد له‌سۆسیال دیموکرات (کلاس نۆردمارک) پێشکه‌ش به‌کۆنگره‌ کرابوو ، وه له‌ سێ داخوازی گرنگ پێک هاتووه‌ ، ناساندنی ئه‌نفال وسه‌یفۆی ئه‌رمه‌نه‌کان به‌ جینۆساید، وه‌ کۆنگره‌یه‌ک بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و کارکردن له‌سه‌ری له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و یه‌کێتی ئه‌وڕپا ،وه‌ داننان به‌ یادی 16ی مارس به‌رۆژی قوربانیان دژ به‌ چه‌کی کۆمه‌لکوژی . ئه‌م سێ داخوازیه‌ پێشوتر ، به‌هۆی هه‌وله‌کانی چاودیڕی کوردۆساید /چاک له‌سالی 2006 و 2007 (پارتی چه‌پ و ژینگه) دانیان پیا نابوو ، وه‌ کاری باشیان له‌سه‌ر کردوه‌ ، به‌تایبه‌تی پارتی چه‌پ و خودی سکرتێره‌که‌ی (لارش ئۆهلێ) و به‌رپرسی دۆسیه‌ی کورد (یاکوب یۆنسن) له‌گه‌ل (ئامینه‌ کاکه‌ باوه‌) ، به‌لام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕیژه‌ی ده‌نگده‌رانیان %13 بوو ، هیوای سه‌رکه‌وتن یه‌کجار لاواز بوو ، هه‌روه‌ک له‌ 2009/06/13 له‌لایه‌ن 5 ئه‌ندامی پارته‌ جیاکانی سوێده‌وه‌،‌ ‌ ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی سوێدی کرا و سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا ، به‌لام ناشکرێت ئاماژه‌ به‌وه‌ نه‌که‌ین که‌ کاریگه‌ری پارتی چه‌پ و ژینگه‌ ، هۆکارێکی تری هه‌نگاونانی سۆسیال دیموکرات بوو له‌ناساندنی ئه‌نفال به‌ جینۆساید .به‌لام هاتنه‌ پالی ئه‌م پارته‌ گه‌وره‌یه‌ و ته‌واوبونی به‌ره‌ی چه‌پ (سۆسیال دیموکرات ، پارتی چه‌پ ، ژینگه‌) له‌ناساندنی ئه‌نفال به‌ ژینۆساید ، ده‌ستکه‌وتیكی یه‌کجار گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌ی کورد چونکه‌

1. له‌هه‌لبژاردن ی داهاتوو 2010 ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی چه‌پ بیباته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ری زۆره (‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مان) ی سوێد، به‌فه‌رمی دان به‌تاوانی ئه‌نفال به‌ جینۆساید بنێت ، به‌مه‌ش یه‌که‌م سه‌رکه‌وتن و دانپیانان فه‌رمی وڵاتێک به‌ کوشتاری به‌کۆمه‌لی به‌ده‌ست دێنین ، دیاره‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌نگاوی پراکتیکی و دیبلۆماسی و چالاکی ئێمه‌ ی کورد به‌گشتی و چاک به‌تایبه‌تی .

2. پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد ، ئه‌ندامێکی کارای رێکخراوی ئه‌نته‌رناسیۆنال ویه‌کێتی ئه‌ورپایه‌ ، وه‌ کاریگه‌ری تایبه‌تی له‌سه‌ر حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی ئه‌سکه‌نده‌ناڤیا هه‌یه‌ ، چونکه‌ ئێستاش ولاتانی ئه‌سکه‌نده‌ناڤیا ، له‌زۆر مه‌سه‌له، به‌تایببه‌تی له‌بواره‌کانی مافی مرۆڤ ، هه‌لوێسته‌کانیان له‌یه‌ک نزیکه‌، وه‌ک چۆن میسرو سعودیه کاریگه‌ری گرنگیان له‌سه‌ر بریاری ولاتانی تری عه‌ره‌بی هه‌یه‌ ، سوێدیش به‌هه‌مان شیوه‌ له‌سه‌ر ولاتانی ئه‌سکه‌نده‌ناڤیا .
به‌ پێی ئه‌وهاوکێشه‌یه‌و هه‌ژاری ئێمه‌ له‌م باره‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ ، کورد به‌گشتی ، زۆر به‌هێمنی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌یان به‌ڕێکرد و ، گرنگیان پێ نه‌دا ، ته‌نیا یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ، بروسکه‌یه‌کی پیرۆزباییان بۆ ناردن (کارێکی باشیان کرد) سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌مانیش ،له‌کارێکی ریکلامی خولایه‌وه‌ ، ‌(چونکه‌ ‌له‌به‌شی داهاتوو دێینه‌ سه‌ری ورۆڵی یه‌کێتی ووه‌فده‌ بالاکه‌شی له‌ناو کۆنگره) باس ده‌که‌ین ‌ . وه میدیای کوردیش یه‌کجار وێران و نه‌خوێنده‌وارو نانه‌ته‌وه‌یانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل کرد . (‌له‌به‌شه‌کانی داهاتوو دێینه‌ سه‌رئه‌ویش) . وه‌ئه‌وه‌ی جیگای سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ بوو .لیستی گۆران و کۆمپانیای وشه‌ ، به‌هیچ شیوه‌یه‌ک له‌ئاستی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ ،گرنگیان پێ نه‌داو به‌دواچونیان له‌سه‌ر نه‌کرد ، ته‌نانه‌ت وه‌ک هه‌والیش باسیان نه‌کرد و ئه‌ندامه‌کانیشیان ده‌بوایه‌ وه‌ک ئه‌ندامانی چاک له‌به‌رده‌م کۆنگره‌و ناو کۆنگره‌ هه‌وله‌کانی خۆیان بخستایه‌ته‌ گه‌ڕ ، ئاخر ئێمه‌ که‌باس له‌گۆران ده‌که‌ین یه‌کێک له‌و خالانه‌شی گۆرینه‌ له‌ مامه‌له‌ی کارکردنی ناساندنی تاوانه‌ کۆمه‌لکوژیه‌کانی کورد به‌ جینۆساید ، لای دام و ده‌زگا حزبه‌سیاسیه‌کانی ئه‌وڕپا ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌ک پارتی ویه‌کێتی کاریان کرد و جیایان نه‌بوو ئیتر گۆران ده‌بێته‌ دروشم نه‌وه‌ک هه‌نگاو . وه‌به‌داخه‌وه‌ش سه‌رجه‌م حزبه‌کانی تر له‌هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان ، گرنگیان پێ نه‌دا ، به‌خودی پکک و میدیاکانیشیه‌وه‌ ، که‌به‌رده‌وام ، که‌م تا زۆر گرنگیان به‌م مه‌سه‌له‌ داوه‌ . وه‌ خودی حزبه‌ ئیسلامیه‌کانیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌په‌کان پالپشتی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌که‌ن ، وه‌ک هه‌والیش بلاویان نه‌کرده‌وه‌ ، چونکه‌ به‌رده‌وام مالپه‌ری ئیسلامیه‌کان ، چالاکیه‌کانی چاک گرنگی پێده‌ده‌ن . حزبه‌کانی تری باشوریش (شوعی وقادر عه‌زیز و حه‌مه‌حاجی مه‌حمود له‌به‌ر کورسی و بودجه‌ وه‌رگرتن ، ئاگایان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نیه‌)
له‌کۆتایش ئه‌وه‌ ده‌لێین 80 ساله‌ ئه‌رمه‌ن خه‌بات ده‌کات ، که‌چی له‌ولاتی سوێد ئێمه‌ ی کورد له‌وان له‌پێشترین ، وه‌ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یه‌ و روداوێکی کاتی نیه‌ و گۆرانکاری تیا روبدات یان پاشه‌کشه‌ی لێ بکرێت و سه‌ره‌ داوێکی گرنگ ده‌بێت بۆ ناساندنی له‌هه‌مو ولاتانی تر و هه‌نگاوێکی نوێیه‌ له‌خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ی کورد به‌ گشتی و ڕیکخراوی چاودیری کوردۆساید به‌تایبه‌تی ، که‌کێشه‌ی کورد به‌گشتی و کۆمه‌لکوژیه‌که‌ی به دام وده‌زگا ئه‌ورپیه‌کان زیاتر ده‌ناسێنێ .
له‌به‌شه‌کانی داهاتوو ده‌چینه‌ سه‌ر
ڕۆلی چاودیری کوردۆساید له‌م هه‌نگاوه‌دا
یه‌کێتی نیشتمانی و وه‌فده‌ میوانه‌که‌ی له‌ناو کۆنگره‌
خه‌مساردی میدیای کوردی له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی ، به‌نمونه‌ ، کۆمه‌لکوژی وپه‌روه‌رده نه‌‌کردنی خه‌لک و خوێنه‌ر له‌م باره‌وه‌.

**************************************
سه‌باره‌ت به‌و وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌:
سه‌رۆکی سۆسیال دیموکراتی سوێدی (مۆنا سالین) له‌گه‌ل سه‌رۆکی پارتی چه‌پ (لارش ئۆهلێ) له‌ 20 مین سالیادی هه‌له‌بجه‌دا که‌ چاودیری کوردۆساید له‌سه‌نته‌ری ستۆکهۆلم ئه‌نجامی دابوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە