کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لاوازی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌ولێری پایته‌خت!؟ ....

Wednesday, 08/07/2009, 12:00


هه‌ولێر / کوردستان
زۆر جار هه‌لبژاردن ده‌بێته‌ ‌ پرۆسه‌یه‌کی گرنگ له‌ گۆڕین و وه‌رچه‌رخانی سیسته‌می سیاسی وڵات . ئه‌مه‌ش زیاتر له‌وڵاتانی دیموکراسی روده‌دات‌ ،به‌هۆکاری ئه‌وه‌ی تاکه‌ شێوازێکی ئاڵوگۆڕی سیاسی ده‌سه‌ڵاته‌ . ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌گه‌رچی له‌ قۆناخی سه‌ره‌تایی دایه‌ ‌ به‌لام ڕێگای هه‌زار میلی به‌شه‌قاوێکی ده‌مێکه‌ ده‌ستی پێکردوه‌ ، که‌ ململانێکانی له‌ گوله‌ی تفه‌نگه‌وه‌ به‌ره‌و سندوقی ده‌نگدان واده‌بات .

بریار وایه‌ له‌ 25 ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنێکی نوێ بۆ خولێکی تری په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت . هه‌لبژاردنی ئه‌م جاره‌ خاوه‌ن کۆمه‌لێک تایبه‌تمه‌نده‌‌ ،له‌ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند لیستێک که‌ رکابه‌ری ده‌سه‌لاته‌ به‌تایبه‌تی لیستی گۆران ، وه‌ به‌رزبونی ناره‌زایه‌تیه‌کی به‌رفراوانی خه‌لک له‌ئاست مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌یی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌لایه‌تی ، هاتنی چاودیرانی بیانی بۆ هه‌لبژاردن .

له‌مانگه‌کانی ته‌موزو ئاب تاکی ئه‌ورپی ،سه‌فه‌ره‌ ماجه‌لانیه‌کانیان له‌نێوان ولاته‌ خۆش ژیانه‌کانی وه‌ک تایله‌ند و یۆنا ن و ئیسپانیا ...ده‌ست پێ ده‌کات ، که‌چی به‌نده‌ له‌بڕی ئه‌م شوێنه‌ گه‌شتیانه‌ به‌ره‌و کوردستان ملی ڕێگام گرت ، به‌هیوای ئه‌وه‌ی له‌م چرکه‌ ساته‌ مێژویه‌ و وه‌رچه‌رخانه‌ ی گه‌له‌که‌م ،بتوانم ببمه‌ پالپشتێکی زۆر بچوک بۆ ده‌نگه‌ نه‌خێره‌کانی ده‌سه‌ڵاتیک که‌ 18 ساله‌ (چوارخول و نیوی په‌رله‌مانێکی دیموکراسی) ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی کوردستانی وێران کردوه‌ ، له‌بواری گه‌نده‌ڵی و تێکشکان وزه‌لیلی تاک ولاوازکردنی‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ‌.

به‌ڵێ زۆر خه‌ونی ڕه‌نگاو ره‌نگ له‌ هزری سیاسیم ده‌خولایه‌وه‌ . وه‌م ده‌زانی پایته‌خته‌که‌ی کوردستانی باشور(هه‌ولێر) ، هۆل و شوێنه‌ ڕۆشنبیریه‌کان جمه‌ی دێت له‌ ‌ململانێی لیست و که‌ناله‌کانی تێڤێشی ، به‌رده‌وام ده‌نگه‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌کانی خه‌لک ، له‌سه‌ر جیاوازی به‌رنامه‌ و کاری لیسته‌کان بلاو ده‌کاته‌وه‌ ؟ ئه‌فسۆس ئه‌وه‌ی له‌م پایته‌خته‌ ده‌بینم پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی !؟ ئاخر چ کاره‌ساتێکه‌ زیاتر له‌ 25 قه‌واره‌ی سیاسی هه‌بێت و 2 هه‌فته‌ به‌سه‌ر واده‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌لبژاردن تێ په‌ڕیبێت ، که‌چی له‌پایته‌خته‌که‌ی هه‌رێمه‌وه‌ ململانێی سیاسی وبانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردنی لیسته‌کان ، له‌سه‌ر مینبه‌ره‌کانی راگه‌یاندن به‌وشیوه‌ی خۆیان دایده‌ڕێژژن چرده‌که‌نه‌وه‌‌ ‌ .

له‌هه‌مو ولاته‌ دیموکراسیه‌کان ، مینبه‌ره‌کانی تێڤێ ، نوێنه‌رانی لیسته‌ جیاکان ده‌که‌نه‌ میوانی به‌رنامه‌و پرسیار بارانیان ده‌که‌ن . له‌ته‌ک ئه‌مه‌ش چه‌ندین ڕۆشنبیر و چاودێری سیاسی به‌رامبه‌ریان داده‌نێن تا‌ره‌خنه‌ و هه‌لسه‌نگاندن بۆ به‌رنامه‌و کاره‌کانیان بکه‌ن ، ئه‌وکات تاکی ده‌نگده‌ر، وێنه‌یه‌کی له‌راستگۆیی و هه‌لسه‌نگاندنێکی دروستی له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو لیسته‌کان لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت . که‌چی له‌هه‌ولێره‌که‌ی پایته‌خته‌وه‌ هه‌ر لیسته‌ ‌ نوێنه‌رانی دێته‌ سه‌رمینبه‌ره‌ راگه‌یاندنه‌کانی و دنیایه‌ک چه‌واشه‌ی خه‌لک ده‌که‌ن و ولات به‌وشیوه‌ هه‌لده‌سه‌نگێنێ که‌له‌گه‌ل به‌رژه‌‌وه‌نده‌یه‌کانی خۆی ده‌گونجێنێت؟ ئه‌مه‌ی له‌ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌شدا بینیبێتم زۆرترین لیست به‌یانامه‌و ریکلامه‌کانی له‌پایته‌خت ، بونی هه‌بێت ،‌ لیستی کوردستانیه‌ و که‌مترینیشی لیستی گۆڕانه‌ .

ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاریشه‌ لیستی گۆران دروشمی گۆڕانی هه‌لگرتوه‌ ، به‌لام له‌شاری هه‌ولێر گۆرانێکیان دروست نه‌کردوه‌و تائێستاش ‌به‌هه‌مان میتۆدی لیسته‌کانی تر خه‌بات ده‌که‌ن ،که‌ به‌رنامه‌و کاره‌کانیان ته‌نیا له‌ باره‌گاو سه‌رمینبه‌رکانی راگه‌یاندن هه‌نگاو پێ هه‌ڵیناوه‌و ، له‌کاتێکدا ده‌کرا بێنه‌ ناو خه‌ڵک و هۆله‌ گه‌وره‌کانی ناوشار به‌ بیروبۆچونه‌کانیان ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن وهه‌ژانێکی سیاسی هاوشیوه‌ی سلێمانی دروست بکه‌ن . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌پێی وته‌ی هه‌ندێکیان شیوازی خه‌باتی (نهێنی ئاشکرایان) گرتۆته‌ به‌ر . ده‌کرێت ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌گه‌ر تارۆژی هه‌لبژاردن دێوه‌زمه‌ی ترس و تارمایه‌ ترسه‌که‌ ئه‌م شاره‌ نه‌ره‌وێته‌وه‌ ، ئه‌وا دلنیام ده‌نگده‌ره‌ هه‌ولێریه‌کان به‌ شۆڕشێکی سپی ، ناره‌زایه‌تی و ئازاره‌کانی ده‌گه‌یه‌نێته‌ ناو سندوقه‌کانی ده‌نگدان . له‌کۆتایی وته‌کانیش ده‌ڵیم ، هه‌مو کات پایته‌خت ده‌بێته‌ خالێ وه‌رچه‌رخان و گۆرانی هاوکێشه‌ سیاسیه‌کان ، بۆیه‌ تا پیره‌ هه‌ولێر هه‌ژانی سیاسی و گۆرانێک به‌خۆوه‌ نه‌بێنێت ئاسته‌مه‌ له‌گه‌ڵ هیوایه‌ گه‌وره‌که‌ بژین ، به‌لام ناشبێت ئه‌وه‌ له‌یاد بکه‌ین هه‌موو لیست و گروپه‌ هه‌مه‌جۆره‌کان ده‌بێت له‌م هه‌لبژاردنه‌ له‌خه‌تی سوری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تێ نه‌په‌ڕێنێن و ململانێی جیایی ‌فیکرو به‌رنامه‌کان‌یان خالی بکه‌ن له‌ زه‌بروزه‌نگ به‌کارهێنانی توندوتیژی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە