ئەو هەموو عودەی و قوسەیە لە کوردستان چی دەکەن!؟
Friday, 08/06/2012, 12:00
(1)
ماوەیەکە بەوردی سەرنجم داوە، لەوەتەی نێچیرەڤان بارزانی بۆتە سەرۆکی حکومەت ، میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەهلییەکان کەمترین قورسایی لەسەر هەڵدانەوەی لاپەرەی گەندەڵیە زەبەلاحەکانی نێچیرەڤان هەڵدەدەنەوە ، بەپێچەوانەی بەرهەم ساڵح کە رۆژ نەبوو، تاوان و ناپاکی و دزییەکی لێ ئاشکرا نەکرت. من ئیتر تێناگەم ئۆپۆزسیۆن بە هەرسێ باڵەکەی خەریکی چیین و بەتەمای چیین؟ گەرچی نێچرەڤان پەڕۆی سەوز لەملی کەس ناکات بەڵکو دۆلاری سەوزی ئەم میللەتە و بەئارەزوی خۆی تەخشان و پەخشان دەکات. ناڵێین ئەوەی بەرامبەر بەرهەم کردتان خراپ بوو، هەموو بڕیار بەدەستێکی ئەم دوو پارتە، پێویستیان بەریسواکردنی زیاترە، بەلام نێجیر جگە لەوەی لە کۆندا مافیابوونی لەناو گەرای دەسەلاتدا چاند و گەیاندیە لوتکە، ئێستاش هیچ گۆرانکارییەکی نەکردوە بەرامبەر داخوازیەکانی شەقام یان ئازارە زۆرەکانی خەڵک. ئیتر ئەو بێدەنگیەتان لە چییە؟ من تێناگەم لەوە دەگەن جەماوەری ئێوە ئەنتی دەسەڵاتە، بەو رەفتارەنەشتان باوەر دەدۆڕیین، کە باوەریش دۆرا سبەی لەهەلبژاردن هەرچی تەپڵ دژ بەو دەسەڵاتە لێ بدەن، گالتەیان پێدێ ، چونکە ئاستی هوشیاری خەلک زۆر لەوە بەرزترە، کە بە گوتاریکی هەست بزوینی هەڵبژاردن بەهەمان گیانەوە بیتەوە مەیدان.
نەک هەر ئۆپۆزسیۆن بەڵکوو سەیری میدیای ئەهلی بکە چەند هەوڵلیان لە سەری هەیە، بەپێچەوانەوەیە ، لەسەرەتای دەست بەکاربوونی دەیان هەواڵی بێتام و بێ کەڵکیان لەسەری بڵاودەکردەوە . ئێستاش ئەگەر ببینی کە هەوالێک دابڕیژڕێ زیاتری لە چوارچێوەی جوانکردن و بچوکردنەوەی تاوانەکەیەتی، نەوەک ناساندنی بەپێی تاوانەک!
سەیری ئەو هەواڵەی هاوڵاتی بکەن دەلێت:
نێچیرڤان بارزانی زۆر نیگەران بووە روفاتەکان لەبەر هەتاو بووە.
ئەگەر بلێن ئەمە گالتەکردنە پێی مرۆڤ! برواناکات، چونکە کۆی دارشتنی هەواڵەکە ریکلامە بۆ نێچیر:
http://www.hawlati.co/babetekan/18829(2)
هەر لەم رۆژانە ببینمان سەر لە نوێ کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو وەک 90ەدەکانی سەدەی رابردوو بوونەوە پاشکۆی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی (پارتی) کە ئەمرۆ باڵا دەستە. ئەرێ بۆ تا بارزانی نەیووت مالیکی دیکتاتۆرە، کەستان رۆژێک قسەیەکتان لەسەر نەووت!؟ بەداخەوە لەبڕی ئەوەی لە رووداوێکی وادا کە پارتی و یەکێتی هەریەکەی بەمیزاجی خۆی یاری بە چارەنووسی گەلێک دەکات، کە نازانرێ ئەم گەمەیەشیان چ باجێکی گەورە بە کورد دەدەنەوە، میللەتیان لێ بجوڵایە یان ئەو سێلایەنە، لەگەل شەقام و میدیاکان رایەکی جیایان هەبوایە، یەکگرتوو وکۆمەل رەنگی زەردیان لەبەرکرد و گۆرانیش تا ئیشتا نازانێ شووتی تۆپی یاریەکە بەرەو کام لا بهاوێژێ.
(3)
هەوال داگرتن تەکنیکی خۆی هەیە، مرۆڤ دەتوانی بە کام ئاراستەدا خەڵک ببات ، چەواشە یان پەروەردەکردن و هەڵدانەوەی راستییەکان. هەر مرۆڤێک ئەگەر بیەوێ هەڵسانگاندن بۆ هەر ماڵپەر و ڕۆژنامەیەک بکات تەنها سەیری بابەتی هەواڵەکانی بکات دەزانێ سەر بە چ بەرەیەکە؟
تا ئیستا لەوەتەی من سەرنجم دابێت لڤین هەواڵی دژە پاریزگاری هەولێرم لێ نەبینیوە، بەلام لەوەتەی کوڕەکەی پاریزگار هاوڵاتیەکی کوشتوە دوو هەواڵی بڵاوکردۆتەوە!
هەواڵەکەی لڤین دەیەوێ بە خوێنەر بڵێت:
ئەوە قەزا و قەدەر بوو، پاریزگاریش بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە بۆ خۆی کوڕەکەی بردۆتە لای پۆلیس، بەڵام بنەماڵەی قوربانی رازی نیین کە بگیرێ.
لڤین بێ ئەوەی بچێتە سەر خاڵی جەوهەری رووداوەکە، بپرسێت چۆن دەکرێت مناڵێکی کەمتر لە 18 ساڵ و بە چ حەقێک لە شەودا بە خێرایی 180 کیلۆمەتر لەناو شاردا لێبخوڕێ، جەنابی سەرخۆشیش بێت چۆن یاسا رێگای دەدات، بە بێ سزا دەربچێت؟ با کەسوکاری ئەو قوربانییەش لێی خۆش ببێت؟! یان لڤین بپرسێت: ئایا بە چ مووچەیەک پاریزگاری هەولێر سەیارەیەک بە ١٥٠ هەزار دۆلار بۆ مناڵەکەی دەکڕێت؟
http://lvinpress.com/K_Direje.aspx?Jimare=10308&Besh=Hewal&Cor=1 ئەم رووداوە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لڤین و میدیا ئەهلییەکان، تەنها وەکو رووداوێکی ئاسایی وەریدەگرن و بازی بەسەردا دەدەن!
لە وڵاتی سوید بۆ نمونە ساڵی 2002 سەرۆکی پێشوی سۆسیال دیموکرات (مونا سالین کە ئەوکات لە ئاستی مەکتەب سیاسی بوو)، ساڵانەی سەیارەی نەدابوو، میدیاکان خۆی و پارتەکەیان ریسوا کرد. باشم لە بیرە ئەو کاتە سەرۆک وەزیرانی پێشوو، کە ناوی (یۆران پێرشۆن) بوو، لەگەڵ ئەو خانمەدا هاتنە سەر تەلەفزیۆن و کۆنگرەی ڕۆژنامەگەریان سازکرد و داوای لێبوردنیان کرد، کەچی ئەو هەموو میدیایەی کوردی هەواڵی کوڕە فیرعەونەکەی پاریزگاریان نەکردە هەواڵێک، کە لەئاستی تاوانەکە بێ ؟ بەپێچەوانەوە لڤین هاتووە تاوانەکەبۆ بچووک دەکاتەوە. کە لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە بڵێم لڤین سەر بە پارتییە، بەڵام یان بەرتیلدانە بۆ پاڕیزگاری هەولێر یان نەزانینی ئەلف و بێی هەواڵ دارشتنی ماڵپەرێکە کە خۆی پێ ئەهلیە! ئاخر میدیایەک ئەهلی بێ، دەبێت لەسەنگەری قوربانی و یاسا و بەمەدەنی کردنی کۆمەلگا هەواڵەکانی دابڕیژێ.
٤٨ کاتژمێر بە سەر تاوانی کوڕە فەرعونەکەی نەوزاد هادی تێنەپەری، فەرغە فەرعونێکی تر (کوڕە 15 ساڵییەکەی سەرۆ قادر) خوێندکارێکی کوشت.
هێشتا ئێمە لە فیرعەونە گەورەکان رزگار نەبووینە، کەچی هەر یەکەی دنیایەک بێچوە فیرعونیان تروکاندووە و بەریان داوەتە گیانی ئەم خەڵکە بەستەزمانە؟ لە قوناخی بەعسدا تەنیا عودەی و قوسەیەک هەبوو، ئێستا هەر بەرپرسە قوسە و عودەیەکی هەیە.
ناهەقیان نییە ئەوان نیشتمان و کێشەکەی، وەک ئەوەی بە قۆنتەرات وەریان گرتبێ بە موڵکی خۆیانی دەزانن. ئەوان هێشتا لە کۆڵمان نەبوونەتەوە هەریەکەی ئەولادێکی لە شوینەکانی پڕکردۆتەوە، خۆ ئەگەر بشمرن یان بکوژرین ئەوا وەک میراتی باوک و دایک هەموو بنەماڵەکەی پلەی سیاسیی ئەو ووڵاتەیان بەسەرا دابەش دەکرێ، وەک بنەماڵەی بەرپرسانی 1ی شوبات ... راست و رەوان ئەگەر بڵێین ئەمە دەسەڵات نییە بەڵکو قەشمەری خانەیەکی کۆمەڵێ بنەماڵەی بەرپرسی سەرەوە بۆ خوارەوەیە هەڵەکە لەکوێدایە؟
زۆر جار بیردەکەمەوە ئایا ئەو هەموو چەتە و دزو ناپاکەی ئەمرۆ ڕێبەرایەتی نەتەوەیەک دەکەن هەر خەتا لە خۆیانە، یان پەروەردەی باوکەکانیشیان؟ ئاخر مناڵێک کە ببینی باوکی دەدزیێ و دەکوژێ و تاڵانی وڵات دەکات، چۆن ئەویش بەهەمان کۆپی دەرناچی؟
تۆ بڵێی تا چەند ساڵی تر (بارزانی و تالەبانی و ئەولادە سیاسییەکانیان) حوکمی ئەم ووڵاتە بکەن، ئەم نەتەوەیە چەندەی تر لە جوانی و مۆرال بوون نێشتمان و مرۆڤەکانی دادەماڵن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست