سەرۆك و تاكى كوردو لەعنەتى نەوت
Saturday, 25/04/2015, 7:15
لە دوورەوە كڵاو لەسەرەكانى ڕۆژئاوا لە يارى خۆيان بەردەوامن و پێ ئەكەنن..! ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەو ئاڕاستە ئەبەن كە لە پلانەكانيان بۆيان داڕژتووە! خوا هەڵناگرى تا ئێستا چۆنيان ويستووە هەر ئاوا بووە، لەوانەشە سەرنەگرن و بە ئاراستەى تر بڕوات! بەس لەوەتەى ئۆباما هاتۆتە سەرحوكم بەشێنەيىو بەبێ ئەوەى خوێنى يەك سەربازى ئەمريكىو ڕۆژئاوايى بڕژێ، ئەو نێوەندەى كردۆتە دۆزەخ. هەر موسڵمانە موسڵمان ئەكوژێ و وڵاتى خۆيان بە دەستى خۆيان تەفرو وێران كرد لەوانە عێراق و ليبياو سورياو يەمەن و ميسر، كەوتۆنەتە گيانى يەكترى يان سونى و سونى، يان سونى و شيعە، وە هەروا دێش دەروازەى شەڕى تايفەگەرى سوونە و شيعە گەرمتر ئەبێ! بەناو زاناى ئايينى زۆر نەفام و ساويلەكەش هەيە زوڕناژەنى پرۆفيشنەڵن لەم بوارەدا. كورديش دەڵێ ڕاوى ڕيوى بۆ كەوڵيە كەوڵەكەش نەوتە.. تەمسيلى نەوت فرۆشتان لە بير دێت؟ هەزار ڕەحمەت لە گيانى پاكى جيهاد دڵپاك ..
بە فيكە فيكى شەيتانى داعيشى هەمجى دروستكراو وەك فليمى هۆليوود، شەڕى كورديش كرا لە كوردستانى باشوورو ڕۆژئاوا وە بەردەواميشە، تاوەكو نامەيەكى توند بنێرن، كە نە ئاسايشتان و نە جێگيرى ئابوريتان گرەنتى نىيە؟! بۆيە لە سنورى ديارى كراو دەرمەچن! ئێمە نان دەرين و ئێمە لە پشت ئاسايشتان داين سەربەخۆيى نىيە! ئێوە كێن كاكە!؟ تەئكيد ئاغا شەيتانەكانى رۆژئاوا.. هەندێك جاريش چلكاو خۆرێكى وە توركيا. دواترين لێكۆڵينەوەى بێ لايەنى ڕۆژنامەوانى لە ئەوروپا دەرى خستووە كە توركيا لە پشت باڵێكى داعيش دايە؟! تو خوا..؟! توركياش بەڵگەى بەردەست خستووە كە موخابەراتى رۆژئاوا ئەندامى داعيش تەجنيد ئەكات هەتا بە كچە ناسكە پانزە ساڵەكانيشەوە بۆ نيكاحكردنيان لەلايەن دێوەكانى داعيش! ئى بۆنا برا.. دستگرتن بەسەر نەوت و مليارەها پارەو چەكى دزراوو و كچى ناسك و تلياك خواردن و سەربڕين، هەمووشى بەناوى ئاينى ئيسلامى بەستەزمان! سەگبابێكى توخمى شەيتانى كوڕى شەيتان وەك حاجى بكرى تۆپى كراو كە كۆنە ئەفسەرى موخابەراتى عيراقى بوو، وە خەليفەى ناموبارەكى بەناو بەكرۆكەى بەغدادى ئەندام و پەروەردە بوو بە نەهجى ئيخوانى عێراق بە ئيعترافى شيخ قەڕەزاوى (لينكى فيديۆكە*) سەرۆكايەتيان كردووە.. دەوەرە ئەو بارگينە گەورەى ئيسلاميان لەم قوڕە دەربێنە، ئەم قسانەش رووداوێكم بە بير دێنێتەوە!
لە دانيشتنێكى دەرەوە پێش شەرى داعيش لەگەڵ شێخێكى سوونى عەرەبى عێراقى و كاربەدەست! لە باسى كوردستان بەڕاشكاوى ڕوى تێكردم ووتى "كوردستان كوێى پيرۆزە تا هەموو ناوچەكانى عێراق و سوريا لەژێر فەوزاو تيرۆر و تەقينەوە بژيت، كوردستانيش ئاسايشى بەرقەرارەو ئاوەدان كردنەوە زۆر لە پێشەو كورد لە دونيايەكى ترە!!؟ بۆچى كوردستان وەك بەشەكانى ترى عێراق نىيە!!" منيش شۆك بووم بە قسەكانى ووتم لە جياتى دوعا كردن بۆيان بڵێن خوايە بەشەكانى تريش لە عێراق و دەوروبەرى ئاوا ئاسودە بكەى خۆزياى شەڕو ئاژاوەو تيرۆريان بۆ ئەكەن ديارە ئەتانەوێ تێكدى بدەن؟!! شێخە ئەفنەدى پەنگى خواردەوەو مچومۆر بوو چووە دەرەوە بە ورتە ورت؟!
بەهەر حاڵ لەو نێوەندە گەرم و گوڕە كورد بەتاماى سەربەخۆيى و دەوڵەت و بنياتنانە؟! بەڵام بە ماڵێكى زۆر ناتفاق و بنەماو بنميچێكى نيشتمانى شڵۆقەوە، ئەويش لەبەر گەندەڵى و چەتەكان و ناعەدالەتى كۆمەڵايەتى! هەرچەند دەگوترێ و دەنوسرێ ئەو مەسەلەيە چار ناكرێ! واديارە دەستێكى پلانداڕێژەر هەيە ئەيانەوێ زۆرينەى خەڵك بەو جەنگلستانە ڕازى بكەن. بەڕاشكاوى ئەوەى لە رۆژائاوا بەديقەتەوە تێرمان بكات ئەزانێ سيسەتەمى راميارى و ئابوورى و كۆمەڵايەتى جيهانى ڕۆژئاوا لەسەر بنەماى پاشايەتى دانراوە – بەريتانياو سويدو نەرويج و هولەنداو بلجيكيا و دانمارك و...هتد هەمووى پاشايەتىيى- و سەرمايەدارى ڕەگ و ڕيشەى قوڵى هەيە بەڵام عەدالەيەكى ئيجتماعى زۆر باشيان هەيە بۆ هاوڵاتيان خۆيان كە نايەڵێت كەس هەست بە زوڵم بكات هەموو خەدەماتيش لە ئاستى زۆر بەرزە.
بەڵام ئێستا جێگاى باس كردنيان نىيە! دوانزە خێزانى موڵكدار حوكمى جيهان ئەكەن سەرۆكێكيشيان هەيە ئەوە سيانزە، لەڕێگەى كۆمپانياكانى نەوت و ووزەو بانكە گەورەكان، دوايى لەپاش ئەوان سێ سەد دەسەڵاتدارو پايە بەرز دێن، وە دوايى خێزندارى دەوڵەمەندى پلە دوو دێن..هتد تەنيا ئەوانەو بەس! هەموو ئەو بوارانە بەڕێوە ئەبەن و كاڵا بەرهەم دێنن، ئێمەى خەڵكى ئاساى رۆژهەڵاتى و رۆژئاوايى تەنيا بازارى ئەوان گەرم ئەكەين.
نەوتى رۆژهەڵات مەبەستم وڵاتانى عەرەب تەنيا ئەوان سوودى لێوە ئەبينن. وەرن نمونەى مەهزەلەى عێراق تەماشاكەن لەوەتەى مەليك فيصل مملەكەتى دامەزراند تا جەنابى سەرۆكى وەزيران كاك حيدەر عوبادى - لەگەڵ ڕێزم بۆى دۆستێكى كۆنمە لە سەردەمى موعارەزەيەوە لە لەندەنەوە - كێ سوودى لەو نەوتە وەرگرتووە!؟ دەزانن پاش ئازادكردنى عيراق بە 12 ساڵ! بە ژمێرديارى دەزگا خێرخوازەكانى سەر بە نەتەوە يەكگرتووەكان زياد لە 8 مليون عيراقى لە ژێر پلەى هەژارى دان كوردستانيش پشكى هەيە بە تەئكيد!! 8 مليۆنى تريش هەژارو كەم دەرامەتن، باقى تريش موعاش خۆرى قوتى لا يەموتە، تەنيا دەسەڵاتدارەكان مليونێرو ملياردێرن، لەگەڵ چەند بنەماڵەيەكى دەوڵەمەندى دروستكراو لەسەردەمى مەلەكيەوە. ئەى كەواتە شەڕى عێراقيەكان بۆ چى بوو؟ ئەو هەموو مليۆن خوێنە بۆچى ڕژا هەمووى عەبەسيەت بوو؟! عێراقيەكانيش قەت چاويان بە خێرى نەوتى عێراق نەكەوتووە لە هيچ سەردەمێكدا؟! لەلاى من سەير نىيە نازانم ئێوەش! ليبيا قوڕى دنيا بەسەريان مەمنونن بەس نەكوژرێن نەوتى چى، باقى وڵاتانى كەنداويش وەك مانگاى فريزيان ئـەياندۆشن بە ئيدارەو و خەدەمات و چەك و ئەزەماتى ئابوورى پارەكانيان زۆرى بۆ رۆژئاوايە تەنيا بەشى ئەميرەكان هەيە.
كوردستانيش ئەوە خۆ مەلەفى نەوت ديارە پێم بڵێن كێ سوودى لە قەتڕەيەك بينيوە! باشترين نمونە ماوەيەك لەمەوبەر لەكەناڵى ڕووداو ئەندام پەرلەمانێك دەستى خۆش بێت ئاشكراى كرد دوو كومپانياى نەوت دوو پاڵاوگەى ڕەسميان داناوە، ئەكيد بەڕەزامەندى جەنابى وەزيرى سامانە سروشتيەكان هاتوون؟! قازانجى ئەو دوو كۆميانيانە ساڵانە هەر يەك لە 300 مليۆن دولار كەمتر نىيە؟! بە تەئكيد ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، تا ئێساش هيچ نەرێيەكم لە حكومەت نەبيستوە! دەقاو دەق ئەوە موسيبەتە نەك گرێبەستى!! سەرەداوى گرێبەستيەكەش لەلايەن ڕاوێژكارى ياسايى سەرۆك وەزيرانى هەرێمى كوردستان بەردەستخرا لە بەرنامەكەوە بە ڕاستەوخۆ، كە گرێبەستيەكە لايەنى كەم بۆ بيست ساڵە!! بەواتا لە 20 ساڵ هەر يەك لە كۆمپانياكە 6,000,000,000 شەش مليار دولار قازانجيانە؟! ئەى ئافرەين دەسەڵاتدار بۆ خۆت و ئيشت! ئەو خەڵكە بەستەزمانەش لە مووچەى دوو مانگ و نرخى كاڵا و زياد كردنى ليترى بەنزين ئەپێچتەوە سەرو د ڵى جەنابى وەزير ئەگرێت جار بە جار! نەوتى چى و حاڵى چى، دەبێ خەڵك مەمنون بێت تەنيا مووچە وەرگرێت و دەمى قفل دات!!. وەزيرى نەوتيشمان زۆرى لێبكەى زوير ئەبێ و دەست ئەكات بە كەف و كۆڵ! هەروەك خۆى پێشتر وتى لە لێپێچينەوەى پەرلەمان: "من نەبام خەڵك نەى ئەزانى نەوت چىيە!" ئاى لەو قسە زلە! جا تۆش نەتئەزانى نەوت چىيە كاكە! لێمان بويت بە عەبقرى زەمان! تۆ وا ئەزانى ئەسڵەن بە دەنگى تۆ كۆمپانيا هاتووە نەوت بەرهەم بێنى؟! يان پلانى بۆ دڕێژراوە سەد ساڵ پێش ئێستا!
لە كوردستانى عێراق ڕەنگدانەوەكان لەبوارى كاركردن لەسەر تاكى كورد وا پيشان ئەدات خەريكى تێكشكاندى دەروونى كوردن، بەشێوەك ببێت بە كۆيلەو بەس لە خەونى پـارەو موڵك و كـەماليات و خۆ دەرخستن بێ!! دروست كردنى متمانە لە نێوان دەسەڵاتدارى خەمخۆرو نيشتمانپەرو دەست پاك و، خەڵكى كوردستان كليلى بنياتنانى ميللەتێكى بەهێزو پاراستراوە لەهەموو تەحدايەك ئەمنى يا ئابوورى، دەبێ خە ڵك و دەسەڵات بەئاگا بێن لەو كابوسە ناخۆشە بێنە دەرەوە نەبنە داردەستى چينێكى خۆفرۆش و گەندەڵ بە مێشك و بە رۆح كە لە جياتى ئەمنى قەومى كوردى خەريكى زياد كردنى موڵك و ماڵ و مەلهاو ديسكۆن لە كوردستان!!
تا ئێستا كوردستانى ئازيز پارێستراوە بە خەڵكى سادەو خاكى كە زۆرينەيە، وە لە ئاستێكى بەرزى ئەخلاق و شەڕەف و نەفس بەرزيدان كە بە هيچ شێوەيەك كۆلنادەن لە ژيانياندا، بەڵكو هەريەكێكيان قەڵغانێكن بۆ پاراستنى كوردستان، ئەو پێشمەرگەيەى بينيم لە چاوپێكەتنێكدا وە لەشەڕدا دەڵێت "توخوا ئەگەر كوژريان ئاگاتان لە ماڵ و منداڵەكانمان بێ!!" حەيف نىيە لەو سەنگەرە خەمى ماڵ و منداڵيەتى ئێ ناپرسن بۆ؟ ئەم و زياتر لەو 1000 هەزار كوردەى شەهيد كراوە بێجگە لە هەزارەها بريندارن، بە يەقينەن لە ماڵەكانيان بپێچينەوە منداڵەكانيان هەمووى بێ نازەو بە هەژارى و معدومى ئەژين، لەگەڵ ئەو هەموو خوێنرژتنە نەوتيش هيچيان بۆ ناكات!! ئەوە حەيف نىيە بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە و ديسانيش دەيڵێم ئۆپۆزسيۆنى بێشەرميش بەشدارە بەتاوەوەتى، چونكە هيچ ئۆپۆزسيۆنێكى ڕاستەقينە نەماوە لە پەرلەمانى كوردستان هەمووى لە حكومەتە، ئەو بە ئەوى تر دەڵى ڕووت ڕەش بێ! بەڕاستى ئەمانە هيچ بنەمايەكى ئينسانى و ئەخلاقى و كۆمەڵايەتيان نەماوە، نە شەرم لە درۆ دزى ئەكەن نە ئابڕوويان ماوە لە دەركەوتنيان لە دەزگاو ميدياكانى كوردستان.
دەبێ سەرۆكى كوردستان لە مەرحەلەى داهاتوو كە چاوەڕوانين بە متمانەوە وەريگرێت، لە خەمى بەرژەوەندى گشتى و عەدالەى كۆمەڵايەتى و رەخساندنى كار و بنياتى تاك و وڵات بێت، سامانى خەڵك بگەرێنێتەوە بۆ خەڵك، ئەمانە كە تۆكمەى گرنگن بۆ پاڵپشتى كردنى لە كاتى ئێستادا بۆ جێگركردنى ئاسايش و ئەمنى قەومى كوردستان و چەسپاندنى سەربەخۆيى ئابوورى، تا بە ئاسودەيى و پشت ئەستوورەوە پێكەوە بگەين بە سەربەخۆيى اللهم ئامين.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست