سیناریۆى دیكتاتۆرەكان هەموو لەیەكدەجن *
Thursday, 28/04/2011, 12:00
باهۆزى گۆڕان دەیتى پێكردوەو دەبینریت كە شەپۆلى چوارەمى دیموكراسى لە وڵاتانى عەرەبىیەوە بەڕێوەیەو پێدەچێت جارێ كۆتاییەكەى دیارنەبێت.. ئەم كەرنەڤاڵى ئازادىیەوە گۆڕانكارییە لە وڵاتى تونسەوە دەستى پێكرد و بە مێردا تێپەڕیى و لیبیا و یەمەن و بەحرین و سوریا لە نۆبەتى گۆڕانكارى دا ڕیزیانگرتووە، وە شەماڵێكى ئەم باهۆزە گەشتۆتە كوردستان و دەیەوێت بەشێوەیەكى تر خۆیى بنوێنێت.
ئەوەى لەچەند مانگى رَابردودا ڕون بویەوە ئەوەبوو كە دیكتاتۆرەكانى سەر ئەم زەمینە خاڵى لیكچونیان زۆرە تا ڕادەیەك كە دەكرێت بڵێین هەموو دیكتاتۆرەكان مەیلى بەكارهێنانى زوڵم و زۆریان هەیە بۆ مانەوەیان لەسەر عەرشى دەسەڵات تەنانەت دەكرێت بڵێین دەسەڵاتێكى دیكتاتۆرى و شمولى لەوپەڕى غەربەوە یەكسانەو لەیەك توخمن لەگەڵ ئەوى دیى كە لەمپەڕى شەرقدایە، هەرلەبەكارهێنانى هێزى سەربازى بۆ كپكردنەوەى داواكارى دانیشتوانى وڵاتى خۆیان تا دەگاتە تەخوین كردن و بەكارهێنانى دەزگاكانى ڕاگەیاندنیان دژ بەو كەسانەى كە سەرەتایترین داواكارى ژیانیان هەیە.
ئەگەربێت و بەچاوێكى بەراوردكارى لە سیستمى حكومڕانى ئەو وڵاتانە بڕوانین كە ئیستا دانیشتوانیان بە مەبەستى گۆڕینى ئەو سیستمە شمولیە ڕژاونەتە سەر شەقامەكان لەگەلأ ڕوداوەكانى چەند ڕۆژى ڕابردووى كوردستان هەڵاوێردیان بكەین، دەبینین جیاوازى ئەوتۆ لە نێوانیاندا نییە تەنها یەك جیاوازى نەبێت ئەویش ئەوەیە كە خەڵكى كوردستان تەنها داواى چاكسازى لە دەسەڵاتداران دەكەن و بەپێچەوانەى وڵاتانى عەرەبى كە داواكانیان ڕوخانى ئەو دەسەڵاتە شمولییە كە چەندین ساڵە كەشێكى ستەمكارى و نادادپەروەرى خوڵقاندووە بەڵام ئێستا ئەگەر بەوردى لە ڕەفتارى دەسەڵاتدارانى تونس و مێر لەسەر كارلادراو بڕوانین دەبینین لێرەش هەمان ڕەفتار دووبارە دەبێتەوە بگرە زۆریش لەیەك دەچن.
هێزى چەكدار
لە ناوچەكانى وڵاتانى شۆڕشى سەدەى بیست و یەك دا* دەبینین بۆ سەركوتكردنى خۆپیشاندەران و شۆڕشگێڕان دەسەڵات هێزى چەكدارى بێشومار بەكار دەهێنێت بۆ كپ كردنەوەى ناڕەزاییەكان و دەست لە كوشتنى هاوڵاتیانیان ناپارێزن لە كوردستانیشدا بەداخەوە هەمان كارەسات لەلایەن دەسەڵاتدارانى كوردیەوە بەرامبەر خەڵكى كوردستان دووبارە دەبێتەوە هێزى چەكدارى بێناسنامە لە كوردستاندا یەكیكە لەو دیاردانەى كە زیاتر خەڵكى ئەم وڵاتەى لە نێو گوماندا جێهێشتووە وە تا ئێستاشى لەگەلأدابێت كارى تۆقاندن و ترساندن دەگرنەبەر هەندێكیان دەمامكێكى ڕەشیان لەسەردایە و هەندێكى تریان بەشەوانە خۆیان دەردەخەن و هەڵدەكوتنە سەر تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و دەیسوتێنن و هەندێكى تریان جلى سەربازیان لەبەردایەو ئیهانەى ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایانى ئاینى و خەڵكى سڤیل دەكەن و ئەوانى تریان بەشەوى تاریك و لە ژوریكى تاریكدا بە مۆبایل هەڕەشە بەسەر خەڵكى دا دابەش دەكەن، ئەمانە هەموو پێمان دەڵێن لە كوردستاندا كۆمەڵیك چەكدار لەسەروى یاساوەن و هەركارێك بیانەوێت دەیكەن و كردوشیانە تەنانەت هەرسێ سەرۆكایەتى كوردستان دەستەوەستان ڕاوەستاون و هیچیان پێناكرێت ناتوانن دەستگیریان بكەن(بەڵام لە ڕاستىدا ئەوانە لە ژێر سێبەرى حیزبەكانیانەوە ئەوكارانە دەكەن كە هەرخۆشیان بڕیاردەرى سەرەتاو كۆتاین تێیدا) هەموو ئەم دیاردانە پێماندەڵێن هیچ گرەنتیەك بۆ ژیانى كەسێكى ئازاد و ناڕازى نییە وە مووبەڕیڕى ئەوەیانداوە بە هاوڵاتیان بیر لە كڕینى تفەنگێك بەكەنەوە بۆ پاراستنى ژیانى خۆیان.. ئایا ئەم دیاردەیە یەكیك نیە لەو سیناریۆیەى كە ئێستا لە لیبیا و یەمەن و سوریاو بەحرەین بەكار دێت بۆ لە ناوبردنى خەڵكى ناڕازى وڵاتەكانیان؟
ڕاگەیاندن
پاش بڵاوكردنەوەى بەیاننامە حەوت خاڵیەكەى بزوتنەوەى گۆڕان لە 19/1 بۆ چاكسازى سیاسى لە كوردستاندا هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار جگەلەوەى لە ڕوى سەربازیەوە هێزەكانیان خستە ئینزارەوە و دەبابە و زرێپۆشیان بەرامبەر تەلەفزیۆن و ڕادیۆى كۆمپانیاى وشە دانا وە لەبەرامبەردا دەزگا زەبەلاحەكانى ڕاگەیاندنیان خستەكار ئەوەیان بە گوێى خەڵكى ئەم وڵاتەدا دا كە بارو دۆخى كوردستان و ولاتانى ناوچەى شۆڕش جیاوازە بەڵام هەرزوو لێكچونەكان دەركەوتن ئێستا ئەگەربێت و هاوڵاتیەك لە ماڵەكەى خۆیدا ڕیكۆڵى رسیڤەرى سەتەلایتەكەى ڕیكبخات لە نێوان تەلەفزیۆنەكانى لیبیاو سوریا و یەمەن و بەحرەین و تەلەفزیۆنى یەكێتى و پارتى دەبینین لێكچونێكى تەواو لەنێوانیاندا هەیە لە ئامادەكردنى بەرنامەكانیاندا، هەموویان خۆپیشاندەران بە تێكدەر و بە دەستى دەرەكى و بە ئاژاوەگێڕ دەچوێنن.. هەموو ئەو تیڤیانە پێماندەڵێن خۆپیشاندەران ژیانى خەڵكى تێكدەدەن ئارامى وڵات دەشێوێنن و تەنانەت خۆپیشاندەران بە خائین بە نیشتمان و دژ بە ئازادى! دەشوبهێنن.. تەنانەت لە كۆبونەوە جەماوەریەكاندا هاوشێوەى ئەوان لایەنگرانى خۆیان كۆدەكەنەوەو بە هوتافكێشان پیشانى دەدەن گوایا میللەت پێویستى بەوانە نەك ئەمان دەسەڵات پەرستبن.. ئایا ئەم سیناریۆیانە لەیەك ناچن؟
بەڵتەجى
بەڵتەجى وشەیەكە بنەماكەى دەگەڕێتەوە بۆ زمانى توركى كە لەسەردەمى عوسمانیەكاندا بەكارهاتووە و گەشتۆتە ناوچەكانى وڵاتانى عەرەبى كە لە دوو وشە پێكدێت وشەى (بلگە) لەگەلأ (جى) واتە هەڵگرى (بلگە) وە هەروەها (بلگە) بەماناى ئامێرى بڕین و سەربڕین وە بەو كەسانە دەوترا كە چەقۆى گەورەیان بەكارهێناوە بۆ لەناوبردنى نەیارەكانیان و سەپاندنى بیرو بۆچونى خۆیان، وە ئەم وشەیە بەتایبەت لە شۆڕشى مێرەوە كەوتەوە سەرزار كاتێك دەسەڵاتداران بۆ بڵاوەپێكردنى خۆپیشاندەران چەندین كەسى چەقۆكێشى بە سوارى وشترەوە كردبەناو خۆپیشاندەراندا بۆ بڵاوەپێكردنیان بۆ ئەوەى لە ڕێگەى ترساندن و تۆقاندنەوە بڵاوە بە پێشاندەران بكەن.. ئێستاش لە كوردستاندا دەسەڵاتى كوردى دەیەوێت ئەم سیناریۆیەش تاقى بكاتەوە وەك ئەوەى چەند ڕۆژى رابردوو لە سەراى ئازادى دا ڕوى دا.. ئایا ئەم سیناریۆیەش لەوەى موبارەك ناچێت؟
خوێن سوتەمەنى شۆڕش
لە مێژوى مرۆڤایەتیدا شۆڕشێك شك نابەین سەرى گرتبێت و خوێنى تێدا نەڕژابێت لە هەموو ڕوداوەكاندا كە شۆڕش گۆڕانكارى بەدواى خۆیدا هێناوە خوێنى تێدا ڕژاوە ئەمەش لە شۆڕشێكەوە بۆ یەكێكى دى كەم تا زۆر بووە وەك لە شۆڕشى غاندى و ماندێلاوە تا شۆڕشى بەڵشەفیكى و جیڤارا.. كاتێك خوێن دەڕژێت شۆڕش گڕدەگرێت دەسەڵاتى ستەمكارى تینوە بە خوێنى نەیارانى و خەڵكیش بە خوێن گڕدەگرێت و ڕق ئەستور دەبێت كە ئەمە دەبێتە دوالیزمى شۆڕش.. بەبۆچونى ئێمە ئەگەر لە خۆپیشاندانى 17/2 ى خەڵكى سلێمانى بۆ پشتیوانى كردن لە شۆڕشى مێر و تونس لەلایەن پارتیەوە تەقە لە خۆپیشاندەران نەكرایەو خوێنى ئەو مێردمنداڵانە بەناحەق نەڕژایە لەوانەیە هەرئەو ڕۆژە خۆپیشاندان كۆتایى بهاتایە و تا ئەمڕۆ بەردەوامى نەبوایە ئەمە بەماناى ئەوەنا كە داواكاریەكان كۆتای نەدەهات بەڵكو بەشێوەى تر بەرجەستە دەبوو.. ئایا ڕژانى خوێنى هاوڵاتیان بەناحەق هەمان سیناریۆى ئەو وڵاتانە نییە؟
دەرئەنجام
هەموو ئەم ڕوداوانە ئەوەمان پێدەلێن سیناریۆى دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان بۆ كپ كردنەوەى ناڕازى خەڵكى خۆیان لەیەك دەچن.. وە ئێستا كوردستان لە حاڵەتێكى نامۆو لە تەنگەژەیەكى قوڵى سیاسىدایە بەجۆرێك 1.سەرۆكى حكومەت تواناى دەستگیركردنى بكوژانى نییە، 2.پارلەمان بڕیار و یاساكانى حەسارى سەرۆكایەتیەكەى نابڕێت و جێبەجێ ناكرێت 3.سەرۆكایەتى هەرێم تەنها سەرۆكایەتى پارتێكى دیارى كراوە ئەمانە لەچەند ڕۆژى ڕابردودا سەلمێنرا وەڵامنەدانەوەى خۆپیشاندەرانیش بۆ ئەم سێ خاڵە دەگەڕێتەوە بۆیە هەڵوەشاندنەوەى هەرسێ سەرۆكایەتى و هەڵبژاردنێكى پێش وەخت دورلە دەستوەردانى حزبى و دور لە تەزویركردن چارەسەرە دەنا بارودۆخ ئاراستەى تر وەردەگرێت.
* ئەم بابەتە لە ژمارە 725ى 24/4 ڕۆژنامەى هاوڵاتى دابەزیوە
* دەستەواژەیەكە بۆ وڵاتە شمولیەكانى عەرەبى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەكاردێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست