کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆك ئەوە تۆیت دوژمنى ئەم گەلەیت نەك ئەوانەى كەدژى دەستورە بۆگەنەكەتانن.

Monday, 06/07/2009, 12:00


سەرۆكەكانمان هەمیشە وەك دوژمن و وەك بێگانە مامەڵەیان لەگەڵ میللەتەكەى خۆیانداكردوە ,سەلماندنى ئەمەش زۆرئاسانەو هەموان ئەوەندە بەڵگەى بینراو بیستراومان هەیە كە لەرۆژى خۆیدا و لەدادگایەكى سەربەخۆدا سەرۆكەكانى پێ راپێچى بەندیخانەو قەفەزى تاوانیان بكەین.وەلێ بەداخەوە كە جارێ وەختى ئەوە نەهاتوە كە ئەوخەونە گشتیەى خەڵكى كوردستان وەدى بێت، بەڵام ئێمە نەك گەشبینین بگرە دڵنیان كە ساڵانێكى داهاتو كەكەمتر لە دوودەیەش ناخایەنێت ئەم روداوە گرنگە روئەدات و بەهەوڵى كەسانى ئازادیخوازو سەربڵندو كارزان و قوربانى دەر و ماندوو نەناس مێژوو خۆى لەخیانەتێكى گەورەى دەسەڵاتى ستەمكارى كوردى بەتایبەت (پارتى و یەكێتى) پاك ئەكاتەوەو بەرگێكى نوێ و لاپەرەیەكى سپى و پر لەدادپەروەرى و خۆشگوزەرانى وەدى دێت وە لاپەرە رەشەكانى مێژوى خیانەتەگەورەكانى وەك بارزانى و تاڵەبانى و بنەماڵەو گشت دەستو پێوەندەكانیان وەك دیكۆمێنتى گرنگ لە مۆزەخانە گەورەكانى كوردستاندا كە بۆ ئەومەبەستە بونیاد ئەنرێن ئەپارێزرین و ناوچەو شوێنەوارى تایبەت دروست ئەكرێن كە پراوپر ئەكرێن لە مۆنۆمێنتى تاوانەكانى ئەم دەسەلاتە ستەمكارە فەسادە.وە دورنیە بەهەوڵى هاونیشتیمانیانى رۆشنبیرو مرۆڤ دۆست و بەرگرى كار لە ماف و ئازادیەكانى خەڵكى ئەم هەرێمەو بەهاوكارى دۆستانى بیانى لاشەى خیانەت كاران مۆمیا نەكرێت -ئەدى ئەوكات بە پارەى چەند بیرەنەوتێك ئەم پرۆژە ستراتیجیە گرنگ و مێژوییە تەواو ئەكەین -ئەوجا خەڵك لەتەواوى دونیاوە دێن و سەردانى مۆنۆمێنت و مۆزەخانەو لاشەى مۆمیاكراوى خیانەت كاران و خۆفرۆشان و نیشتیمان فرۆشان ئەكەن و سەرسورمانى خۆیان دەرەبرن بەرامبەر بەو ستەمكاری و كۆمەڵ كوژى و دزى و سەرجەم تاوانانەى كە سەرانى حیزبە كوردیەكان بەرامبەر بە نەتەوە و میللەت و هاونیشتیمانیانى خۆیان ئەنجامیان داوە.ئەرێ تەواوى دونیا سەریان سوردەمێنێ لەوهەمووە تاوانەى كە تەنها لەدوو دەیەى ژێر دەسەڵاتدارانى كوردا بەرامبەر بە كوردان خۆیانكراوە.گومانم نیە كە داهاتى ساڵانەى ئەم مۆزەخانە سیاسى و مێژوى و ئەخلاقیە خۆى لە ملیۆنەها دۆلارى ئامریكاى ئەدات ،چون یەكجار سەرنج راكێش و بێوێنەیە چون سامناكە و سەرسورهێنەرە و شەرم هێنە بۆ تەواوى مێژوى مرۆڤایەتى چون هاوشێوەى تاوانكارییەكانى دیكتاتورو ستەمكارانى رۆژهەلات و رۆژ ئاواى چەندین دەیە و سەدەى رابردوون. ئەرێ تازەترین تاوانى ئەم سەرۆكانەى ئێستاو زیندانیانى داهاتوو مۆمیاكراوانى دوو دەیەى دى ، سەپاندنى كۆمەڵە بەرژەوەندیەكى تایبەتى و بەدەستوریكردن و یاسایكردنى تاوان و ستەمكاریەكانى رابوردوو داهاتویانە لە دوتویێ چەند لاپەرەیەكى رەشو خوێناوى و تۆقێنەردا و لەژێر ناوى(پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان-عیراق) كە سەرتاپاى دەروازەو ماددەو یاساو خاڵەكانى كۆنەپەرستانەو سەركوتگەرو شەرم هێنە بەرامبەر بەخەڵكى خێرنەدیو برسى و زیندانى كراو شەكەتى ئەم هەرێمە.لە دەستوورى ئەم پارتە خیانەتكارانەدا تەنها خۆیان و دەستو پێوەندەكانیان سودمەند ئەبن و مافى ژیان و موڵكایەتى و سیاسەت كردن و بیركردنەوە و كارو چالاكیان هەیە،ئەمانە ئارەزوە ئەزەلى و ئەبەدیەكانى خۆیان بەیاسا رێك خستوە و هیچ ماف و ئازادیەكى بۆ خەڵكى دەرەوەى خۆیان نەهێشتوەتەوە .ئەمانە پاش چەندین ساڵ شەرو ماڵوێرانى و ستەمكارى و باڵا دەستى هێشتاش ئەیانەوێت بەزۆرى زۆردارى و بەرۆژ روناك و بەبەرچاوى منداڵان و گەنجانى خەسێنراو وە بەبەرچاوى دونیاو كەس وكارى جەرگ سوتاوانى شەرە ناوخۆییەكان و ئەنفا و كیمیابارانەوە بێشەرمانە بڵێن ئیدى ئێمە لێرەوە دەست پێ ئەكەینەوەو تا ئەبەد دەست لەبینەقاقاتان بەرنادەین و لەوەزیاترى كەبەسەرتان هاتوە بەسەرتانى دێنینەوە لێرەبەدواو بەیاساو دەستورێك كە چەقۆى سەرگەردنى ئێوەیە زەمانەتى هەمیشەى مانەوەى خۆمان ئەكەین.بەیاساو دەستورێك كەجگە لەدەست خۆشى بۆبیرو باوەردارانى ژن كوژان گرەنتى هەتا هەتاى حوكمى ئاین ئەكات بەسەر میللەتێكەوە كە تاهەنوكە لەم هەرێمەداو لەژێر دەستى ئەو شەریعەتەدا هەزارەها ژنى راپێجى گۆرستانەكان كردوەو ملیۆنەهاى بەكۆیلەى پیاوانى ستەم كاركردوە.تا هەنوكە حوكمە نەگۆرەكانى ئاین كە جگە لەخوڵقاندنى دۆزەخ هیچ خۆشبەختیەكى بۆتەواوى مرۆڤایەتى پێنیە كەچى سەرۆكەكان بەشانازییەوە كردویانە بە (بنەماى سەرەكى یاسادانان) و وەك لەماددەى 6ى دەروازەى یەكەمدا هاتوە (بنەماكانى شەریعەتى ئیسلام سەرچاوە یەكی سەرەكیی یاسادانانن ونابێ: یەكەم : یاسایەك دابندرێت ناكۆك بێت لەگەلأ حوكمە نەگۆڕەكانی ئیسلام، دووەم: یاسایەك دابندرێت ناكۆك بێت لەگەلأ بنەماكانی دیموكراسی) ئەمەیە مەهزەلەى دەستور ەكەى سەرۆك بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستان و ئەو یەكێتیەى كە خۆى بە پارتێكى "سوسیال دیموكرات ئەزانێت" و بانگەشەى فەراهەمكردنى ئازادى بۆ ژن و تەواوى تاكەكانى كۆمەڵگا ئەزانێت ئاخر لەكوێى ئەم دونیایەدا هەبوە كە ئاین و دیموكراتى دوو چەمكى هاوتەریبن و دەستەخوشكى یەكتربن ئەمە گاڵتەكردنە بە عەقلى خەڵك و بێبایەخ سەیركردنى ماف و ئازادیەكانى خەڵكە خوڵقاندنی دۆزەخێكى سەدان ساڵەیە بۆ ئەو میللەتەى كە تینوى ئازادى و مەدەنیەتە.ئەم دەستورو دیاریە جوانەیە كە سەرۆكە ئێكسپایەرەكەى هەرێمى كوردستان بە چقلى چاوى دوژمنانى ئەزانێت و بێشەرمانە لەبەردەم هەوادارانیدا كەهەمویان تینوى ئازادی بێ قەید و یەكسانى و عەدالەتن بانگەشە بۆ پەسەندكردنى ئەم دەستورە بۆگەن ئەكات و رەخنەگران لەماف و ئازادیەكانى خۆیان بە دوژمن ئەزانێت و دەستور ئەكات بە چقڵ و ئەیكات بەچاوى ئێمەدا-.سەرۆك لەدەستورەكەیدا دڵى كوردستان و قودسى كوردستانى بەستوەتەوە بە ئەگەرى جێبەجێ كردن ماددەى 140 ى بەسەرچوەوە، كە نەك تەنها ئەمە گاڵتە جارى بە خواست و بەرى قوربانى دان و خەباتى چەندین ساڵەى گەلى كورد كە بەرێبەرایەتى دووپارتى دەسەڵات دار هەزارەها كەسیان بەكوشت داو ماڵوێرانى و كۆمەڵكوژیان لێَبەرهەم هێناو بە جۆرەها قسەى فریوكارانەى وەك (كەركوك دڵى كوردستانە،كەركوك قودسى كوردستانە،یا كەركوك و خانەقین یان تاماوین ئەجەنگین، بۆشەنگارەكەش من وەك خۆى لەیادم نەماوە) دەیان ساڵ خەڵكى كوردستانیان بەشدار لەشەرێكى وەهادا كردوو ئێستاش لەچوارچێوەى ماددەیەكدا پەیوەست بە ماددەیەكى بەسەرچوى دەستورى عێراقدا چارەنوسى بەشێكى زۆرى كوردستان كە پشكى شێریان لە بەشمەینەتى وەرگرتوە دیارى كردوە كە ئەمەش ماددەكەیە" ماددەى دووەم لەدەروازەى یەكەم : سنوورە سیاسیەكانى هەرێمی كوردستان-عیراق, بە پشت بەستن بە جێبەجێكردنى ماددەى (140)ى دەستوورى فیدڕاڵیەوە, دیاردەكرێن." بێشك ئەم مادەیە مەبەست لێى ناوچە جێ ناكۆكەكانى وەك : وشێخان وسنجارو و تلكێف وقەرەقوش وناحیەكانی زمارو بەعشیقە وئاسكی كەلەك لە پارێزگای نەینەواو هەردوو قەزای خانەقین ومەندەلی لە پارێزگای دیالە. ئەمانەش بە سنووری كارگێریى پێش ساڵی 1968 یانەوە وە لەمادەى یەكەمى هەمان دەروازەدا هاتوە كەسنورى كوردستانى پێدیارى كراوە وەك (ماددەى یەكەم: كوردستانی عیراق قەوارەیەكى جوگرافیى مێژووییە, پێكدێت لە پارێزگای دهۆك بە سنووری كارگێڕی ئێستایەوەی ولە پارێزگاكانی كەركووك وسلێمانی وهەولێر وقەزاكانی ئاكرێ وشێخان وسنجارو و تلكێف وقەرەقوش وناحیەكانی زمارو بەعشیقە وئاسكی كەلەك لە پارێزگای نەینەواو هەردوو قەزای خانەقین ومەندەلی لە پارێزگای دیالە. ئەمانەش بە سنووری كارگێریى پێش ساڵی 1968 یانەوە.) ئەمەجگە لە دەیان ماددەى دژبەیەك سەبارەت بە ئازادییە كەسیەكان و مافى رادەربرین و چالاكى حیزبى و رێكخراوەى و ئازادى دین و بیرو راو مافى ژنان ،كە سەرتاپاى بەندوو ماددەكان نەك هەر ئازادى و ماف فەراهەم ناكەن بۆ هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە بەڵكو ئەوەشى كە ئێستا لەئەنجامى بێ دەستورى ململانێ و قوربانى و فشارى كۆمەڵگاوە بەدى هاتوە بەگوێرەى ئەم دەستورە بۆگەنە بەرتەسك ئەكرێتەوەو لێمان زەوت ئەكرێت و بەیاسایەكى دواكەوتوو خەڵكى ماندوى كوردستانى پێ سەركوت ئەكرێت.كە ئەمەش گرەنتى هێشتنەوەى سەدساڵەى دەسەڵاتى دواكەوتوو ستەمكارى و پێشێلكاریە مرۆییەكان ئەكات لەم هەرێمەدا كە تینوى ئازادى پێشكەوتنە نەك گەرانەوە بۆدواوە خوازیارى دەستورێكى مۆدێرنە نەك كۆنەخواز خوازیارى جیاكردنەوەى دینە لەدەولەَت و دەسەڵاتى جێبەجێكارو یاساى نەك سەرچاوەى تەواوى یاساكان حوكمە نەگۆرەكانى ئاینێك بێت كە كۆمەڵگا هەزارەها ساڵە ماندو شەكەتە لەگەڵیدا جگە لە حوكمى كوشتن و دواكەوتویەتى هیچى دى لێنەچنیوەتەوە ،ببینن ئاسەوارە خراپەكانى ئاینى ئیسلام چەندە زۆرەو چییە لەم كۆمەڵگایەدا ؟!!!! بەمسقاڵى ئەوە خۆشگوزەرانى بۆمرۆڤایەتى و گەلى كوردستان پێنەبوەو نابێت؟! نەیهێناوە و نایهێنێت؟! ئەدى سەرۆك چلۆن تۆ ئەڵیت دەستورێكى مۆدێرنەو چقلى چاوى دوژمنانە،ئەز دبێژم ئشتیباتكرد قوربان تەواو بەدڵى دوژمنانى مرۆڤایەتى و دوژمنانى ئازادیخوازان و پێشكەوتوخوازانەو هەروەك چۆن بەدڵى دۆستان ودراوسێكانى بەرێزتانە وەك (ئێران و توركیاو عێراق و سوریاو برایانى دەولەى ئیسلامیە) هەربۆیە لە گەمەیەكى سیاسیدا دووحیزبە ئیسلامییەكە مەیلدارى دەستوربون و بەمەش فریوى دوو پارتە علمانیەكەیان دا.بارەكەڵا بۆ هەمووتان وەلێ نەفرەت لە كردارو كارو خەبات و دەستورەكەتان. لەراستى من لەبەر كەمى دەرفەت ناتوانم لیرەدا زیاتر قسە لەسەر ناوەرۆك و تەواوى بەندەكانى ئەم دەستورە بكەم وە قسەى من بۆ رەت كردنەوەى ئەم دەستورە نەبیانوم لەدەست دانى شەرعییەتى پەرلەمانە نە فریا نەكەوتنى خۆێندنەوەى ئەوچەند لاپەرەیەیە تاتواناى ئەرێنى یان نەرێنى كردنم هەبێت لەرۆژى دەنگ داندا وەك زۆرێك لە رەخنەگران و رەتكەرەوانى دەستور ئەم بیانوانەیان هەیە،چون من هەر لەسەرەتاوە شەرعییەتم بەوەها پەرلەمانێك نەداوە وە چەند جاریش ئەو چەند لاپەرە بۆگەنەم خۆێندوەتەوە، من ئەگەر دەستورێك تەواوى ماف و ئازادیى و داواو ئەرك و خواستەكانمى تێدابێت هەر كەس و پەرلەمانێك سەر بە هەر نەتەوە و ئاین و ئاین زایەك بن داینابێت من بەپەرۆشەوە دەنگى بۆ ئەدەم، ئەگەر بەدەستورێكى پێشكەوتوى بزانم ئەشتوانم لەقورسترین پرۆسەدا دەنگى بۆبەم وە سوپاس گوزاریشیان لێدەكەم. وەلێ ئاشكرایە كە زۆر دواكەوتو و كۆنەخوازە، وە بنەماى ستەمكارى و سەركوتو پاوانكرنى دەسەڵات و داهات و ماف و ئازادییەكانمانە بۆیە بە گیان و رۆح كار بۆ دواخستن و نەرێنى كردن و هەڵوەشانەوەى ئەكەم و تورى هەڵەدەمە ناو زبڵدانى ئەخلاقیاتى ستەمكارانەوە.
بەڵام خەڵكیش مافى خۆیەتى كە چەند مانگ پێش پرۆسەى هەڵبژاردنى پرۆژەكەى دەست كەوێت و بەباشى هەموو بەند و ماددەكانى لەلایەن رێكخراو كۆمەڵە مەدەنییەكان و یاساناسان و تەواوى چین و توێژو دەزگاكان ۆرك شۆپ و گفتوگۆى تێرو تەسەلى لەسەر بكرێت تا رۆشنبێت باشە یان خرابە؟! پێشكەوتوە یان دواكەوتوە؟!نەك وەك كاڵایەك سەیربكرێت و بەڵى و نەخێرى لەسەر بدرێت.
-بۆیە لێرەدا چەند پرسیارێكى سادە سادە لەسەرۆكە ئێكسپایەرەكە ئەم دەڤەرە ئەكەم و ئەڵێم:تۆدوژمنى میللەتیت یان سەرۆك ؟؟! تۆ دیموكرات خوازیت یان كۆنە خواز؟؟!! تۆ خۆت بەبەرپرسیارنازانیت لەبەرامبەر نەوەكانى ئایندەت كە فریویان ئەدەیت لەبەرامبەر دەستورێكى وادا كە سەرلەبەرى چێچەوانەى ماف و ئازادى و خواستەكانى خەڵكى ئازادیخوازە؟؟!!! بەڵام ئەوە بزانە كە ئێستا تۆ ئەم دەستورە ئەكەیت بەچقلى چاوى ئێمە بێشك لە ئایندەدا ئەبێتەوە بەچقڵى چاوى خۆت پارت و هاوبیرو دەستوپێوەندەكەت وە نە ئێمەى ئێستایى و نە نەوەكانى داهاتوت ئەمەت لێ قبوڵ ناكەن و ئەوچقڵە روبەروى خۆتان ئەبێتەوە مێژوو دادگایت ئەكات و جەستەت مۆمیائەكرێت لە مۆزەخانەى تاوانى مرۆڤایەتى و نیشتیماندا بۆهەمیشە دائەنرێت و خەڵك لەپاى كردارەكانت دیدەنیت ئەكات. چونكە تۆ سەرۆك و تۆ خوداوەندى ئەم گەلەیت بۆیە نابێت ئەم هەڵەى گەورە ئەخلاقی و مێژوییە دوبارەبكەیتەوە ، بۆیە ئەڵێم سەرۆك هەتازوە پەشیمان بەرەوە لە پەسەندكردنى دەستورەكەت دەنا نە مێژوو نە نەوەكانى ئایندە نە ئێمەو هیچ كەسیتر لێت نابورێن؟!!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە