کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانى :ژینگەى شارە سیاحیەكە هەرەشەى مەرگ لە دانیشتوانەكەى ئەكات

Monday, 13/12/2010, 12:00



رۆژى 14/11/2010 لە شەقامى سالم و هۆڵى رۆشنبیرى سلێمانى بەحزورى پیاوماقوڵانى شارو خانمى یەكەمى ئیراق یادى لەدایك بونى سلێمانى كرایەوە،هەرچەندە من بەشدارى ئاهەنگى لەدایك بونەكەى شارە حەیاتەكە نەبووم،بەڵام ئاگادارم كە جگە لە بەزم و بالۆرەى هونەرى و وتارە بێماناكانى پیاوە دەسڵاتدارەكانى حیزب و نەرجسیەتى خانەدانەكانى شار و سەرمایەدارە بێگانەكان و بازرگانە چاوچنۆكە خۆماڵیەكانى سلێمانى بەردێكیان نەخستوەتە سەربەردێك و هیچ پلانێكیان بۆ ژینگە و رێگەوبان و ئاو و سیماكانى شاربونیان بۆ سلێمانى نەكێشاوە،،تەمەنى ئەو شارەى كە بە شارى هەڵمەت و قوربانى ناو ئەبرێت ئەمساڵ بوبە 226 ساڵ ،شارێك كە زۆربەمان پۆز بە رۆشنبیریەكەیەوە لێەدەین و زەمەنێك بە شارى جوان و گەشت وگوزار ناو ئەبرا،كەچى ئێستا بە ریزبەندى سێهەم دێت لە خراپى ژینگەو كەش و هەواكەى و وە هەرەشەى كوشندە لە دانیشتوانەكەى ئەكات.
واى ؟!! چەندە شورەییە كە شارێك وەها ژەهراوى و وێران و بۆگەن و سیخناخ كرابێت ؟؟! و پاش زیاتر لە دوو سەدە مەرگ بەدیارى بدات لە سنگ و مەمكى كچە شۆخ وشەنگەكانى؟ََ!!، ئەفسوس ئیدى كچانى سلێمانى ناتوانن سینەى قوت و پرلەنازى خۆیان بۆ كورانى غەریبە و ئاشقەكانیان دەربخەن ،چونكە كوشندەترین نەخۆشى كە شێرپەنجەیە بوەتە هەرەشە لە لیمۆى ترش و هەرمێ گولابى سنگیان،رۆژنیە دەیان ئینسان نیشانە سەرتایەكانى شێرپەنجە لە بەدەنیاندا دەرنەكەوێت و رەوانەى نەخۆشخانە هەژارەكەى هیوا نەكرێن؟، رۆژنیە سینەى كچانى شار بەر نەشتەرى پزیشك و بەر تیشكى سوتێنەرى لیزەر نەدرێت،رۆژنیە كچان بێهیواتر نەبن لە بارى خراپى تەندروستیان؟، سەر پەنجەى خوێندكارانى زانكۆ لە نەخۆشخان فێركاریەكاندا كە گرێ شێرپەنجەییەكان مەمكى كچە بێنازو بێهیواكاندا ئەپشكنن شاهێدى ئەوەن كە چەندە نەخۆشیى شێرپەنجە هەرەشە لە مەمكى كچانى شار و دانیشتوانەكەى ئەكەن،دەمێكە شارەكەى ئیبراهیم پاشاو شێخ مەحمودى حەفید وێرانەو بێخاوەنە،دەمێكە پاشاگەردانى روى لەم شارەكردوە،بەڵام دەسەڵاتداران و چەتەكان و بازرگانان بەبیانوى بێمانا هەروەك پیشەى هەمیشەییان حەقیقەتى وێرانەبون و دەردو نەخۆشیەكوشندەكان لە خەڵكە هەژارەكەى ئەشارنەوە،بەڵام لەمەودوا كەس ناتوانێت خۆى لەو راستیە بشارێتەوە كە سولەیمانى لەروى تەندروستیى و ژینگەییەوە نەبوەتە یەكێك لە شارە مەترسیدارەكانى عێراق، ئامارە رەسمیەكانى ساڵانى رابوردووى بەرێوەبەرانى خۆشخانەى هیواو فێركارى و هۆبەكانى نەشتەرگەرى ئاماژەیەیان بە هاتنى ئەمرۆژە ترسناكە كردوە، ، بۆیە دەسەڵاتداران چیتر ناتوانن خۆڵ لەچاوى خەڵك بكەن و دڵنیایان بكەنەوە كە نەخۆشیەكى كوشندەى وەك شێرپەنجە تائاستێكى زۆر مەترسیدار بەرزنەبوەتەوە،وە لێدوان و دانپیانانەكانى چەند مانگ لەمەوبەرى بەرێوەبەران و بزیشكەكانى تایبەت بەوبوارە ئەوراستیە ئەسەلمێنن وە لەمەودوا پزیشكە بەویژدانەكانیش بەرگەى شاردنەوەى ئامارى توشبوەكان ناگرن كە رۆژانە سكاڵایانە لەدەس نەبونى دەرمان و جێگاى نەخۆش ،بەڵام گەورەیى بۆ بەرێوەبەرى كەشناسى سلێمانى كە لەدەستپێشخەریەكى بێوێنەو لە هەوڵێكى مرۆڤدۆستانەدا رۆژى 27/11/2010 لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا ریزبەندى پیسترین شاركانى ئێراقى دركاند و ناخۆشبەختانەش سلێمانى شارى هەڵمەت و قوربانى پلەى سێهەمى لە پیسبونى ژینگەكەى بەدەستهێنا.بۆیە لێرەوە مافى خۆیەتى بڵێین ،سەرشۆرى و روزەردى بۆ ئەو كاربەدەست و دامودەزگا حكومى و ناحكومیانەى كە لەبەر هەرهۆیەك بوە ناراستوخۆ یان راستەوخۆ هۆكارى پیسبونى ژینگەى ئەم شارەن و دەستیان هەیە لەم كارەساتەدا، وە لێرەوە بەرپرسیاریەتیەكى فرەگەورە ئەكەوێتە ئەستۆى بەرێوەبەرانى هەریەك لەفەرمانگە و دامەزراوە جۆربەجۆرانەى وەك (كۆمەڵەى كوردستانێكى سەوز،شارەوانى سلێمانى،وەزارەتى تەندروستى ،پارێزگاى سلێمانى،وەزارەتى ژینگە پارێزى،بازرگان و دەسەڵاتدارە كان،كۆمپانیاو كارخانەكان،بەرێوەبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى،ئاسایشى شار،بەرێوەبەرایەتى كارەباى سلێمانى) چونكە ئەم بارەى ئێستا ئەوە ئەسەلمێنێت كە بەدرێژاى دەسەڵاتیان سەرجەمیان كەمتەرخەمبوون بگرە هۆكارى پیسبونى ژینگەى شارى سلێمانى بوون وە دەبێت وەڵامێكیان هەبێت بۆ ئەم كارەساتەى كە هەرەشەى مەرگ لە تەواوى دانیشتوانەكەى ئەكات ، وە لێرەوە داوا لە ژنان و كچان و تەواوى خەڵكى شارى سلێمانى ئەكەم لەو لایەنان و دامودەزگایانە خۆش نەبن كە بونەتەتە هۆى پیسكردنى ژینگەى شارەكەیان و دەستبكەن بە هەڵمەتى لێپێچینەوە و راپێچى دادگایان بكەن،وە داواى قەرەبوو بكەن ،بە لێسەندنى سەرانەى رەوا تاقیگەو نەخۆشخانەى تایبەت بە شێرپەنجە بكرێتەوە، وە كەرتى تایبەت ناچار بە پرۆژەى بەسەوزایكردن و پاكردنەوەى شاربكەن و هەموو رێوشوێنێكى یاساى و مەدەنى و بگرنەبەر تا شارە حەیاتەكە لە نمونەى پیس و پۆخڵى و ژەهراویبونیەوە بكرێتە شارێكى خاوێن تا لەبرى ئەوەى مەدالیاى مەرگ بدات لە سنگى كچانى شار ژیان و خاوێنیان پێببەخشێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە