پارتى تەعیناتى بۆ خۆى قۆرخكردووە و دەیەوێت خەڵك برسى بكات
Thursday, 08/07/2010, 12:00
ساڵانە سەدا كەس لە زانكۆ و پەیمانگاكانى هەرێمى كوردستان خوێندن تەواو دەكەن و بڕوانامە لەبوارە جۆراوجۆرەكان وەردگرن كەچى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەڕێنمایى پارتى باروودۆخەكەى بەرەو ئاراستەیەكى وا بردووە و حاڵەتێكى واى دروستكردووە ئیتر لەمەودوا كەس بیر لە دامەزراندن نەكاتەوە لە فەرمانگەیەكى حكومیدا، چونكە بەتەواوى بۆ دارودەستەى پارتى قۆرخكراوە.
ئەگەر سەیرى كەرتى تایبەتیش بكەین دەبینین ئەوكەرتە، لە كوردستاندا وجودى نییە. ئەمە لەكاتێكدا ئەو برادەرانەى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەسەدان كۆمپانیاى جۆراوجۆرە وەك توركى و لوبنانى و ئێرانى و هتدیان هێناوەتە هەرێمى كوردستانەوە و لەگەڵ تەواوى ئەو كۆمپانیایانە كرێكارى وڵاتەكانى خۆیان هاتوون. ئەمەش لەبەر ئەوەى حكومەتى بەناو هەرێمى كوردستان هیچ خەمێكى بێكارەكانى خۆى نییە كەلەسەر شەقامەكاندا، بێ پارە وپول، دەسوڕێنەوە.
هەروەها ئەم حكومەتە لەرزۆك و بێبنەمایەى پارتى پێشتر عەقدى ئەوەى لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە نەكردووە كە كرێكار لەگەڵ خۆیاندا نەهێنن، بەڵكو ئەو خەڵكە بێدەرامەتەى كوردستان بخەنە سەر كار كە بەڕێكەوت لەدەست حكومەتى بەعس و شەرى ناوخۆى هەریەكە لە پارتى و یەكێتى دەربازیان بووە.
لەو بێكارییەى كەلەهەرێمى كوردستاندا بڵاوبووتەوە لەسایەى حكومى پارتیدا و یەكێتى پاشكۆیدا، هەموو كەس وەك یەك نییە، بەڵكو پارتى لایەنگرانى خۆى بەتزكییەى حزبى خۆى پەیتاپەیتا تەعین دەكات و ئەوەشى دەمێنێتەوە تەنها لایەنگرانى یەكێتى و باقى حزبەكان دیكەى كوردستان و خەڵكانى سەربەخۆن.
بەو پێیەى كە من ئاگادارم، پارتى لەناو ئەنجومەنى وەزیراندا، بۆ تەعینات و زۆر شتى دیكەیش دەسەڵاتى یەكەمە و ئەوەى لایەنگرى خۆى نەبێت تەعینى ناكات و بەڵكو لە برى خزمەتكردنى هاوڵاتیان ئەنواع و ئەشكال گرفتیان بۆ دروست دەكات.
زیاتر لەوەش پارتى ئیعلامییەكانى خۆى خستووەتە سەر وەزارەتەكان و لەوێدا تەركى كردوون و كەچى لەملاوە لە دەزگا راگەیاندنە چەواشەكارییەكانى خۆیدا كاریان پێدەكات.
پێش ئەوەى بودجەى هەرێمى كوردستان پەسەند بكرێت، پارتى و یەكێتى رەخنەى ئەوەیان لە گۆڕان دەگرت كەگوایە نەیهێشتووە بودجە پەسەند بكرێت تا تەعینات بكرێتەوە. بەڵام ئەوەتا ماوەیەكى زۆرە بودجەیش پەسەنكراوە ئەوا نیوەى ساڵەكەیش تێپەڕ بوو ئەی بۆچى تەعینات ناكرێتەوە؟؟؟ كەواتە بەوەشادا دەركەوت كە ئەوەى پارتى و پاشكۆكەى (یەكێتى) كردیان لەپەرلەماندا تەنها بۆ موزایەدە بووەو هیچى تر.
حكومەتى بەناو هەرێمى كوردستان پێشتر بڕیارى دا، لەماوەى ئەمساڵدا، نزیكەى 10 هەزار فەرمانبەر دامەزرێنێت كەچى تاكۆ ئێستا هەر دەنگیشى نییە جگە لەوانەى كە لەرێگەى تەزكییەى حزبییەوە دادەمەزرێنرێن!!
ئەو بەناو حكومەتى هەرێمە، هەرچەند دەكات بەڕەواى نابینێت خەڵكى كوردستان بخاتە سەركار. هەرجارەو بەپاساوێكى نالۆژیكى دواى دەخات. بۆنمونە جارێك دەڵێت بە سیڤى جارێكى تر دەڵێت بەپێى نمرە و پێًویستى... هتد. ئیتر هەرجارە و بەجۆرێك بەرپرسانى ئەم هەرێمە لەرزۆك بێ دەسەڵات و مەهامە، خەڵكى كوردستان برسى دەكەن و دەستى دەستى پێدەكەن، تاكو فریاى هیچى تر نەكەون. چونكە بەوپێیەى كە بەشێوەى هەرەمیى پۆلێنكراوە، مرۆڤ تا بژێوى دابین نەكات، ناتوانێت بیر لەلایەنەكانى دیكەى ژیان بكاتەوە، بۆ نمونە ناتوانێت فریاى بیركردنەوە لە سیاسەت بكەوێت...هتد، بۆیە پارتیش و حكومەتەكەى وا لە خەڵكى كوردستان دەكەن تاكو خەڵكى كوردستان فریاى ئەوە نەكەون بیر لە گەندەڵییەكانی بكەنەوە.
بەڕاى من (دكتۆر بەرهەم ساڵح) كەسێكى تەكنۆكراتە و نەفەس درێژە لە كاركردندا و ئارەزووى كاركردنى تێدایە. بەڵام ئەوەى جێگەى داخە سەردانى پارتى و بارزانى و هەندێ كەسى دیكە چاویان بەرایى نادات ئەو كابرایە كارى جدى بكات بەڕوونى ئەوە دەردەكەوێت هەرچەندە دكتۆر بەرهەم نكۆڵى لێدەكات.
دەمەوێت ئەوەش بڵێم لەماوەى ئەم چوار ساڵەى دا، ئەگەر دكتۆر بەرهەم ساڵح، هەنگاوى جدى بۆ چارەسەركردنى هەریەكە لە گەندەڵى و بێكاریى نەنێت، ئەوا رووبەڕووى رەخنەى مێژوو دەبێتەوە.
ئەمەوێت پارتى لەوە ئاگادار بكەمەوە هەركاتێك دكتۆر بەرهەم نەیتوانى كارەكانى خۆى بەباشى رایى بكات، ئەوان هەموو خەڵكانى هۆشیار دەزانن پارتى رێگربووە لەبەردەمى دا. جا ئیتر باشتروایە رێگریى نەكەن لەبەردەمى و هاوكارى جدى بكەن نەك تەنها موجامەلەى درۆ لە دەزگا چەواشەكارییەكانیاندا.
ئەگەر حاڵەكە وا بڕوات ئەوا بنەماڵەى بارزانى، كە خۆیان بە خاوەنى كوردستان دەزانن، ماوەیەكى تر لەلایەن خەڵكى كوردستانەوە بەرد باران دەكرێت و چیتر خەڵكى كوردستان ئەوەیان لێقبوڵ ناكەن كە پێشتریش قبوڵ كراوە. چونكە ئەوەى قبوڵ كراوە لەبەر هەندى ئیعتبارات بووە. چونكە برسى كردنى گەنجانى كوردستان و بەوشێوەیە ئیهمال كردنیان یاریكردنە بە ئاگر لەلایەن سەرانى پارتى و هاوپەیمانەكانییەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست