نەبونت زۆر باشترە لە بوونت... نامەیەك بۆ وەزارەتى بەناو كار و كاروبارى كۆمەڵایەتى هەرێم
Tuesday, 29/06/2010, 12:00
لەم هەرێمە بەر بەرەڵایەى كوردستان زۆر بەناو دامەزراوەو و وەزارەت هەن كە زیادەن و هیچ مەهامێكیان نییە جگە لە گەندەڵى بەولاوە. یەكێك لەوانەیش بریتییە لە وەزارەتى بەناو كار و كارووبارى كۆمەڵایەتى كە ئافرەتێك بە مكیاجێكى تێر و جلوبەرگێكەوە كە هەر ئەڵێى لە گەرمەى حەفلەى نەورۆزدایە، خۆى پێشانى خەڵكى كوردستان دەدات و لەولایشەوە بەهەزاران گەنجى دەرچووى زانكۆ و پەیمانگاكان، چەندین ساڵە خوێندنیان تەواو كردووە بێكارن و تەنانەت پارەى ئەوەیان پێ نییە بچن لە كافتریایەك دانیشن و داواى نیسكافەیەك بكەن.
ئەو وەزیرە كەلە قودرەتى خواوە بووبە وەزیرى و هەروەك و كورد وتەنى "ئەڵێى مێشیكیش میوانى نییە" بە وڵاتەكاندا لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆكى پارتى دا، خەریكى پیاسەكردنە بە جلوبەرگێكى ئاڵاو واڵاوە.
(ئاسۆس خان) وەزارتى بەناو كار و كارووبارى كۆمەڵایەتی، دەبوایە، بەهۆى فەشل هێنانییەوە، دەردى وەزارەتى كارووبارى بەناو ناوچە دابڕاوەكان بكرایە بە هەیئەیەك و فەقەت. چونكە ئەو وەزارەتەى كە تۆ وەزیریت، هیچ كارێكى بۆ ئەو هەموو گەنجە نەكردووە كە رۆژانە لە سەر شەقامەكاندا بێ كار ئەسوڕێنەوە. تەنانەت تاكو ئێستا ئەو وەزارەتە نەیتوانیوە بزانێ ژمارەى ئەو گەنجانە چەندن و رێژەى بێكاریى لە هەرێمى بەناو كوردستان دا چەندە.
هاوكات وەزارەتى بەناو كارو كاروبارەى كۆمەڵایەتى نەك بۆ كار، بەڵكو بۆ كاروبارى كۆمەڵایەتیش هیچ ئیشێكى نەكردووە كە پیاو باسى لێوەبكات جێكەى باسكردن بێت.
ئەو وەزارەتە كە بودجەیەكى بۆ تەرخانكراوە، كەئەویش یەكێكە لەڕێگاكانى بەهەدەردانى پارەى ئەو گەنجە بێ مەئوایانەى كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا تاكو ئێستا نەیتوانیوە بچوكترین شت بۆ ئەو گەنجانە بكات كە ئەوەتا تەمەنیان بەرەو سەرەوە بەرەو هەڵكشانەو تاكۆ ئێٍستا پارەى تى شێرتێكیان لەگیرفاندا نییە و بەكوڕو كچیانەوە دەست لەماڵەوەیان پاندەگكەنەوەو ئاخر ئیتر كەى بتوانن ژیانى هاوسەرێتى پێكەوەبنێن و ماڵ بكەن و ئایندە بونیا بنێن و....هتد.
ئاخر وەزارەتى بەناو كارو كارووبارى كۆمەڵایەتى! كاتێك ئیشەكانت دیار ئەبوون ئەگەر بتوانیایە نیوەى گەنجانى هەرێمە رەنج بابردووەكەى خەڵكى كوردستان بخەیتە سەر كار ئەگەر ئەوەت نەكردووە ئیتر تۆ وجودت دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لێرەدا تواناى شەخسى وەزیر رۆڵى خۆى هەیە بۆنمونە ئدریس هادى، وەزیرى پێشوى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى كابینەكەى نێچیرەڤان بارزانى كەسێكى سەرنەكەوتوو و سست بێ توانا بوو لە كارەكانیداو یەكێك بوو لە وەزیرە گەندەڵەكان و چەندین ئیمزاى ناهەقى كرد(بەڵگەم لایە) ئەو هەموو ماستەر و دكتۆرا بەرهەمهاتن كە جگە لە زمانى كوردى هیچى تر نازانن، بەڵام لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵاى كابینەكەى دكتۆر بەرهەم ساڵح، دكتۆر دلاوەر، چونكە هەرچۆنێك بێًت خۆى كەسێكە خواستى گۆڕانى تێدایە، بەقودرەتى شەخسى خۆى ئەوەتا لە ماوەى كەمتر لە ساڵێكدا توانیویەتى هەنگاوى گەورە بنێ بەرەو چاكسازى لەوەزارەتى خوێندنى باڵا...دادە گیان ئەگەر تۆش توانات هەیە دەفەرموو چاوەڕوانى چیت تاكو ئێستا وەستاویتەتەوە شتێك بكە كە جێگەى باس بێت؟؟
كەواتە ئیٍَستا بۆمان هەیە بڵێین وەزارەتى بەناو كارو كاروبارە كۆمەڵایەتى تۆ چیتكردووە و وجود بۆچى؟؟
[email protected] ئیمەیل
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست