ئۆپۆزسیۆنی شاتەشات !! یان........!!!.

Saturday, 16/01/2010, 12:00


لە گۆڤاری بەلگەدا و سەرووتارەكەی كە لە لایەن بەرێز جمال عبداللە وە نوسراوە كە خۆی خاوەنی ئیمتیازو سەرنووسەری گۆڤارەكەیشە باسی شاتەشاتی ئۆپۆزسیۆنی كوردی دەكات و دەڵێت: ئەم ئۆپۆزسیۆنەی لەمەر خۆمان زۆر منالانە بیر ئەكەنەوەو خەریكە ئەبێتە ۆپۆزسیۆنی منالانە! یان خەریكە ببێتە ۆپۆزسیۆنێكی تێكدەرانە! یاخود شێت بوون و ھەر لە خۆیانەوە دەستیان كردوە بە ھات و ھاوار!!. وە نمونەی ئۆپۆزسیۆنی چەند وولاتێك دێنێتەوە كە لە مێژودا چۆن چۆنی دژایەتیان لەگەل دەسەلاتدا كردووە، وەك ئۆپۆزسیۆنی شۆرشی 1917ی روسیا كە گوایە لینین وەسفی وەك ئۆپۆزسیۆنی منالانە كردون و پێی وابووە كە ئەو دژانە توشی نەخۆشی ھاتوون ومنالانە دژایەتی ئەكەن.
یان باسی ئۆپۆزسیۆنی دەسەلاتە عەرەبیە شۆڤێنیە دیكتاتۆریەكان ئەكات و ئۆپۆزسیۆنەكان بەتاوان كارو دژ بە وولات ئەزانێت حوكمەتوو دەسەلاتەكانیش بەعادل و دادگەر و دیموكراتی ئەزانێت. (خاوەنی بابەتەكە لێرەدا زۆر بە ھەلەدا چوە كە وولاتانی عەرەبی بە نمونە وەردەگرێت بۆ دیموكراتی،چونكە كەس نەزانێت ئێمەی كورد ئەوە باش ئەزانین كە چەنێك دیموكراتین و چۆن مامەلە لەگەل نەتەوەكانیاندا ئەكەن و چۆن و بەھەواو بالۆرەی چ دەسەلاتێك ئەیان چەوسێننەوە!).
پێش ئەوەی بچمە ناو بابەتەكەوە حەزئەكەم شتێك یادی ئەو بەرێزە بینمەوە : كە كاتی خۆی سەدام حسین وەفدێكی نارد بۆلای مام جلال بۆ مفاوەزە ، وەفدەكە ووتبویان سەدام ئەلێت بزانە چیان ئەوێت؟ ئەویش لە وەلامدا ووتبوی بە سەدام بلێن ئەوانە ھیچیان ناوێت و جەماعەتێكن شێت بوون ویاویانەتە ئەو شاخانە!.
لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بلێم ئایا تۆ بلێی ئۆپۆزسیۆن ھەر بەراستی شێت بووبێتن و ئێمە نەمان زانیبێت! یان تۆ بلێی ئەو ھەموو خەلكە بێئاگا بوو بێتن و ئێمە ئاگامان لێی نەبێت!!.یان ھەر بە خوتوو خۆرایی ئاوا نارەزایی خۆیان دەرببرن و دێنە سەر جادە!!(كە ئەگەر تەزویرات نەكرێت و بەشێوەیەكی ئەكادیمی راپرسیەك بكرێت ئەوا نزیكەی لە سەدا چل و پێنج ی خەلكی پێك دێنن!.) یان ئەوەتا واقیع دروستی كردوون و زەروورەتی ئەمرۆی كۆمەلگای كوردین، كە بەرای زۆرێك لە رۆشنبیرانەوە حالەتێكی ئاساییەو مانای دیموكراتی ئەبەخشێت نەك شێت بون و سەرلێشێواو!.
نوسەری بابەتەكە لە مەبەستی یەكەمدا كە باسی شۆرشی لینین و روسیا لەگەڵ دژەكانیدا ئەكات واتە ئۆپۆزسیۆن ئەلێت منالانە ئۆپۆزسیۆنیان كردوە، ئەیەوێت بەخەلك بلێت نەوشیروان و گۆران ئەو منالانەن كە دژن لەگەل حوكمەتی بەلشەفیكی كوردیدا یان دژن لەگەل حكومەتە ناوازە خزمەتكارەكەماندا و ھەروەھا سەرنجیان راكێشێ بۆ ئەوەی كە دژایەتی حوكمەتی روسیاو لینین واتە دژایەتی كردنی شۆرش و شۆرشگێران لە دنیادا و بیان شوبھێنێت بەو ئۆپۆزسیۆنەی كە دژایەتی بەلشافیكیەكانیان ئەكرد، چونكە شۆرشی 1917 ی روسیا لە باكگراوندی زۆرینەی خەلكی كورددا بە شۆرشێك ناسراوە كە كۆتایی بە زولم و زۆرھێنا و شۆرشی چینی ھەژاران بوو.
لەلایەكی ترەوە دێت باسی حوكمی حوكمەتەعەرەبیەكان ئەكات و موعارەزەی كوردی ئەشوبھێنێت بە موعارەزەی عەرەبی، لێرەدا ئەیەوێت بلێت ئیسلامیەكانی كوردستانیش وەك ئۆپۆزسیۆنی ولاتە عەرەبیەكان دەستی دەرەكیان گرتووەو ئەیھێنن بۆ سەر كوردستان و وێرانی ئەكەن وەك ئەو نمونانەی كە لەباسی موعارەزەی میسری و فەلەستینی دا باسی ئەكات. بەلام نوسەر لێرەدا زۆر چاك تێكەوتووە لەكاتێكدا خۆیانی شوبھاندوە بە دەسەلاتە دیكتاتۆرە عەرەبیەكان و دیارە ھەر ئەو باكگراوندەی ئەوانیشی ھەلگرتووەو وائەزاێت ئەوەی حوكمی گرتە دەست ئیتر ئەبێت ئەم حوكمە بۆ نەوەكانیشی بگوێزێتەوەو وەك حوسنی مبارك ، ملیك فھد و ئەوانی تریان و وا ئەزانن كە ھەر ئەبێت خۆیان خۆیان بن! ئەمە لەلایەك لەلایەكی تریشەوە لێی تێك چووەو لەبیری چووەتەوە كە لەم وولاتانەی لەمەر خۆمان دەسەلاتە پەلی خەلكی و دراوسێ ئەگرن بۆ سەر وولاتی خۆی نەك ئۆپۆزسیۆن، دەسەلاتە كورسیەكەی گرتووەو بەدەیان ساڵ چۆلی ناكا دەسەلاتە كە خێرو بێری وولات لە پێناوی تەنھا بنەمالەكەیدا بەھەدەر ئەبات بیرو سیاسەتیان تەنھا لە پێناوی مانەوەیاندایەلێرەدا ئەگەر نمونە بێنینەوە ھەر لە محمود عباس ورێكەوتنە ژێربەژێرەكانی لەگەل ئیسرائیلداو حسنی مبارك ئەویش ھەر بەھەمان شێوەو چەندەھای تری ئەم نزیكەنەی خۆمان.كەواتە دروستبون وھەبونی ئۆپۆزسیۆن دەرەنجامی ئەو ھەموو ناعەدالەتیوو نابەرامبەرییەیە كە دەسەلات دروستی ئەكات نەك دەستی دەرەكی وئەو شتانەی كە جەنابی باسی ئەكات.
ئەگەر بتەوێت ئۆپۆزسیۆن بەمقیاس وپێوانەی دەسەلات بپێویت ئەوە ئۆپۆزسیۆنت بۆ دەرناچێت بەلكوو بەشێك ئەبێت لەدەسەلات چونكە ململانێ وچەندو چونی خەلكی لەلایەك و حیزبەكانی تری دەرەوەی دەسەلات لەلایەكی تر لەسەر دەسەلات ئۆپۆزسیۆن و دیموكراسی ئەھێنێتە ئاراوەو دروستی ئەكات كەواتە ئەو ململانێ ناوخۆییانەی لەگەل دەسەلاتدا ئەكرێت و دروست ئەبێت ئەوە خودی پرۆسەكەیە، پێویستە خودی دەسەلات خۆی لە ھەولدا بێت بۆبەرەو پێشبردنی نەك خەریكی بوختان و پلان دانان بێت بۆی.
بەپرسیارێك كۆتایی بەم نوسینە ئەھێنم وئەپرسم لەكاك جمال و ئەوانەی وەك ئەو بیر ئەكەنەوە كە ئایا ستایلوو تایپی ئێوەی بەرێز چیە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی لەسەر بنیات بنرێت؟ ئایا ستایلێكی عێراقییە؟؟ یان ناوچەییە؟؟ یان ئەوروپی و نێودەولەتیە!!؟؟.
نیوكاسل/بەریتانیا
15/01/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە