کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەڵامێك بۆ هێمن دەربەندى و حەمە گۆپاڵە

Thursday, 15/04/2010, 12:00


من زۆر بە داخەوەم هەڵكەوتەى شوێنەكەم وا هەڵكەوتووە، كە هیچ سەنتەرێكى ئینتەرنێت لەشوێنى كار و نیشتەجێبونم نەبێ، بۆیە درەنگ درەنگ سایتەكان دەبینم، یان لەڕێگەى برادەرەكانمەوە هەواڵى بیروبۆچونێك یان نوسینێك دەبیستم.
بەهەر حاڵ ئەوە بەشێكە لە مافە سەرەتاییەكان كە من نیمە و هێمن و حەمە گۆپاڵە هەیانە .
بەهەر حاڵ با بێمە سەر دروستى مەبەست كە ئەویش دوو نوسینى هاوڕێ و دوو كەسى تەواو لەگەڵ ئەندێشەكانى یەكدا ژیاو یەكیان 7\4 ەو یەكیان 10\4 ە كە من هەردووكیانم 11\4 بینیوە، بۆ ئەوەى وانەزانن بەس تەنها بەڕێزیان دركیان بە كۆمەڵێ بابەت كردووە، بەڵام نادروست دەریان بڕیوەو رەوایەتییان پێ ناڕەوا كردووە.
ئەوەى ئەوان بە شێوەیەكى دوور لە هەموو ئەو دسپلین و زەبت و رەبتەى كە هەموومان پێوەى پابەندیین و كۆك بوین لەسەرى كەهەر بیر و رایەك دەتوانرێ لەڕێگەى ئۆرگانى حزبى و ڕاگەیاندنە ناوخۆیەكانەوە دەرببڕێت لەپێناو ئەو ئاراستەیەى كە هەموومان لەسەرى كۆكین.
كاتێك زانیمان ئەو دەرگایە داخراوە یان گوێچكەكان بە ئەنقەست دادەخرێن لە بەرامبەر بیروبۆچونى جیاواز، ئەو كاتەش دەبێت سەبرى ئەیوب نا سەبرى شیوعییانەمان هەبێت تا بەستنى كۆنگرە یان كۆنفرانسات.
بەڵام كاتێك ئێمەى خەمخۆران و تێكۆشەرانى بیرو باوەڕى شیوعییەت نەسەبرى ئەیوب و نەسەبرى شیوعى و نە سەبرى بەرنامەو پەیڕەوى ناوخۆمان نەبو، هەر بیرو باوەڕێكمان هەبێت با دروستیش بێت بە دەستى خۆمان دەیخەینە خانەى نادروستى و ئەو دەستانەى بە هۆكاریان دەزانێت لە شكستى بیرى شیوعى زیاتر درێژتریان دەكەین، بۆیە من ئامۆژگاریم بۆ هەردوو هاوبیر و هاوڕێم ئەوەیە كە با جارێ نوسینەكانتان جارێ بۆ راى حزب بێت، وەك گوتم گەر راى حزب گوێى نەگرت ئۆباڵى هەر دەرچونێكمان لە دیسپلین ئەوە بەرنامەى شیوعییەت نییە بەڵكو چەند بەڵك چەند كەسانێك وا دەخوازن بەو ئاراستەیەدا بێت.
بابەتێكى تر كە زۆر گرنگە خۆمانى لێ نەدزینەوە، ئەویش ئەوەیە كاتێك ڕەخنە دەگرین گشگیر بێت واتە هەریەكەو بەجێگەى خۆمان لەكوێى ئەو رەخنەیەداین، ئایا لەو بابەتانەى باسیان دەكەین چەندێكى خۆمان لێى بەرپرسیارین؟ ئێمەى ڕەخنەگر لەكوێى هاوكێشەكەداین؟ چەندێك لەو دەرەنجامانە بەرپرسیارێتییەكەى دەكەوێتە ئەستۆى خۆمان، ئایا ئێمەش بە نۆبەى خۆمان وەك تاكێكى ئەو حزبە تا چەند وەك ئەركى تاكێكمان لەو حزبە هەستاوین؟! بۆیە باشترە بەهەمومان دەبێت سەرەتا رەخنە لەخۆمان بگرین ئینجا دەست بخەینە سەر نادروستییەكانى تر ، ئەویش بە ئامادەیى بۆ چارەسەر.
من دەزانم ئەوەى ئەندێشەیەى ئێوەیە (گەر لە روانگەى پەرۆشى بۆ بیرى شیوعییەت بێ) بەشێكى راستن و پێویستیان بەچارەسەرە، بەڵام راستییەكى حاشا هەڵنەگریش هەیە كە تاكەكانى ناو حیزبى ئێمەش كاریگەرى هەندێ بیروبۆچونیان بەسەرەوەیە بەتایبەتى خۆپەرستى و زاڵبونی بەرژوەندی تایبەتیان بەسەر بەرژوەندی حزبەكەیان كە ئەمە كارەساتە، هیوادارم ئێوە ئەوە نەبن! مەبەستم هەندێك هاوڕێ كاتێك زانى هیوایەتە تایبەتییەكانى بەرجەستە نابن هەلێك دەقۆزنەوە و بۆ بەتاڵكردنەوەى خۆى بەسەر سەركردایەتى حزبدا و بەهیچ جۆرێك بیرى خۆى ناخاتەوەو كە ئەوەى ئەو لەسەرى بەقسان هاتووە هەو نی یە؟
بۆیە هاوڕێیانم جارێكى تر دڵنیاتان دەكەمەوە ئەوە ئێوەى لە تەواوى دیسپلینەكان تێپەڕاندووە بەو جۆرە نابێ، دەتانتوانى لەوە خراپتر بنوسن و ببێژن، بەڵام لەو جێگەیەى دەبێ بكرێن، نەك بەو شێوەیەكى بەدەستى خۆتان خەریكن جارێكى تر هەمووو بەرپرسیارێتییەكە لە ملى خۆتان داماڵێنن و وێستگەیەكیش بۆ گفتوگۆى چارەسەر نەهێڵنەوە.
وەرن با پێكەوە بەو پەڕى ئامادەیى و لەخۆبوردنەوە دەست بخەینە سەر نەخۆشییەكان و چارەسەرى گونجاویان بۆ بدۆزینەوە و بەو پەرشى بەرپرسیارێتییەوە وەك شیوعییەكانى دوێنێ ئەمڕۆیەك دروستبكەین گیانى شەهیدان و ماندوبونى پێشمەرگەكان و خۆڕاگرى زیندانییەكان و ئازارى مەینەتییەكانى پاشماوەى شەهید و ئەنفالەكان ئاسودە بكەین. بێ گومان ئەوەشی ئەمە نەكات هەر ئازادە بەڵام تكایە بێ موزایەدەكردن.
11\4\2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە