تۆ بڵێی سبەی خانمی یەكەمی هەرێمی كوردستان لەكۆنفرانسی دوەمی ژنی كورد ببینین؟!!!
Monday, 21/05/2012, 12:00
سێ ساڵ لەمەوبەر لەئامەد كەپێیان خۆشە پێی بڵی دیاربەكر كۆنفرانسێك بۆ ژنانی هەرچوارپارچەی كوردستان كەهەندێكیان لەدەرەوەی كوردستان نیشتەجێبون سازكراو باس لەزۆربەی كێشە كۆمەڵایەتیو فەرهەنگیو سیاسیوكۆمەڵایەتیەكانی ژنی كورد كرا كەهەریەكەیان بەپێی ناوچەوتایبەتمەندی ژینگەیی كاریگەریان لەسەر ڕەوتی بەروپێشچونی ژن هەیە.
لەهەمان كاتدا باس لەسازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی ژنی كوردكرا بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار لە ئەنجامدانی كۆنفرانسی ئامادەكاری درا كەلە هەرێمی كوردستان بێت لەهەولێری پایتەخت. هاوكات لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانس دەستنیشانكرا كەلە نوێنەری هەرچوارپارچەی كوردستان پێكهات كەدەبوایە دوای دووساڵ لەكۆنفرانسی یەكەم بێت واتە ساڵی پار بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی كە من هەمە لەبەر ناكۆكی هێزەسیاسیەكانی هەرێمی كوردستانو بونی خۆپیشاندانەكانی ساڵی پاری پارێزگای سلێمانیو دەوروبەری دواخرا بۆئەمساڵ.
ماوەیەكە گۆێبیستی قسەوباسی ئەم كۆنفرانسەینو لەچەند كەناڵی ڕاگەیاندنەوە بیستمان كەئامادەسازی بۆكۆنفرانسی دوەم دەكرێت.كۆنفرانسێك رێكخەرەكەی ئەندامی پارتی بێتو لەشاری هەولێر ببەسرێت دەبێت كێ بتوانێت بەشداری تێدابكاتو ئەوانەی بەشداری دەكەن دەتوانن چی بكەنو بڕیار لەسەرچی بدەن؟ ئەوەندەی من ئاگاداربم لەلایەن رێكخەری لیژنەی ئامادەكاریەوە ویستراوە كە ئەوان جێبەجیێی بكەن ئەویش بەئامانجی بەشداریپێكردنی زۆربەی زۆری ئەندامانی خۆیانو بانگهێشتكردنی هەندێك كەسی نزیك لەخۆیان, یان بۆجوانكردنی شێوەیان ژمارەیكی كەم خەڵكی دەرەوەی حیزبی تێدابێت واتە كۆنفرانسی ئافرەتانی پارتی بێتو هەندێك میوانیش بانگهێشت بكرێن لەدەرەوەو ناوەوەی هەرێم.
بەڵام ئەمە مشتومڕی لێكەوتەوە لەئاستی هەرێمو پارچەكانی تری كوردستان بۆیە لەهەرێمدا بەشداریكردن كرا بەكۆتا بەرێژەی 25% بۆ هەریەك لەیەكێتی و پارتی و 9% بۆ گۆڕان و ئیتر حیزبۆكەكانی تریش یەك یەكو دوو دوو حێەیان بەركەوتوبۆ هەندێك لایەنیش یەك دوو نوێنەریان بۆ زیادكراو بێدەنگبون , ئێمەومانانیش لەوكەسانەبوین كە پەراوێزخراین لەوەئەچێ نێرەموك بین. ڕەنگە بڵێن خۆ ناكرێت هەرچی ژنی كوردستانە بانگ بكرێت منیش دەڵێم ئیلتزامێكی ئەخلاقی بوو ئەگەر بڕیاری كۆنفرانسی یەكەم بۆبەشداریپێكردنی سەرجەم ئەندامانی كۆنفرانسی یەكەم بۆ ئەم كۆنفرانسە كە من بزانم یەكێك بوو لەبڕیارەكانی كۆنفرانسی ئامەد , وەلەم ماوەیەدا ئەگەر لەپێشتر كارمان زیاتر نەكردبێت كەمترمان نەكردوە بەڵام ڕەنگە كارەكانمان بەدڵی زۆربەتان نەبوبێت. هەر لێرەشەوە دەڵێم بەشداری ژن لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە تەنها كاركردن نیە لەڕێكخراوەكانی ژنانو ئافرەتانو خوشكانو خانمانو... ئەمانە پێویستنو كاركردنیان بەرزدەنرخێنم بەڵام ژن دەتوانێت لەكایەمەدەنیەكانی تری كۆمەڵدا دەور ببینێت.
ئەمڕۆ پۆل پۆل شێرەژن لەدەرەوەو ناوەوەی هەرێمەوە بەرەو هەولێر بەڕێدەكەون ئەگەر لەبازگەكان نەڵێن بۆ زەلامەكانتان لەگەڵ نیە(چونكە زۆرجاران كەدەچوین بۆ هەولێر بۆبەشداریكردن لەچالاكیەكدا پێیان دەوتین ئەدی كو زەلامەكانتان لەگەل نیە ئێمەش دەمانگوت ئاخر ئێمە ئیشمان هەیە نەك زەلامەكانمان) بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ژنانی هەرچوارپارچەی كوردستان.
بەپێی رێورەسمیە فەرمیەكان پێویستە خانمی یەكەمی هەرێم بەخێرهاتنی میوانان بكات و لەلایەن لیژنەی ئاماكارەوە ئەم داواكاریە پێشكەش بەسەرۆكی هەرێم كراوە تۆ بڵێی ئەوە ڕوبدات, لەوانەیە چونكە لە كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆك ڕایگەیاند كەئەوان وەك بارزانی 2000 پیاون تۆ بڵێی تەنها یەك خانمیان نەتوانێت بەشداری كۆنفرانسەكەی بەیانی ببێت هەرچەندە من بانگهێشت نەكراومو نیگەرانیش نیمو وەك لڤین بانك نەكرا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بۆیادی ڕۆژنامەگەری كوردی چۆن ئەحمەد میرە وتی: (شانازی بەوە دەكەم كەبانگ نەكرام) منیش هەمان قسە دەكەم نەك بانگ بكرامایەو وەك گوڵدان نە مافی قسەم هەبێتو نە ڕەواجیش بۆ قسەكانم دابنرێت.
هیوادارم ژنانی ئامادەبوی كۆنفرانس پەشیمان نەبن لەبەشداریكردنو دەرئەنجامێكی باشی هەبێتو كۆنفرانسی ژنان جیاواز بێت لە كۆنفرانسەكانی تركەلە هەرێم سازكراون, چونكە كوردانی پارچەكانی تری كوردستان زۆر دڵخۆشن بەم هەرێمە ئازادەی ئێمە, هیوادارم میوانەكانمان بێ ئومێد نەبن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست