کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە بەرژەوەندی کێ کۆنفرانسی بە جینۆسادناساندن لە لەندەن کرا

Tuesday, 22/01/2013, 12:00






دوای چارەکە سەدەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریک بوولەخەوێکی قوڵی بێباک وە ئاگا بێتەوە، بەبێهۆشی لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیادەیویست وەسەر پێیانکەوێت تازە بەتازە باسی کەیسی بەجینۆساید ناساندنی کوردو کیمابارانی هەڵەبجەو ناوچەکانی تری کوردستان ئەکات، لەکاتێکدا لەهەر چوار پارچەی کوردستان کورد جینۆ سایدو کیما باران و قەتڵ و عام ئەکرێت کەچی بەئەوپەڕی کەموکورتیەوە تازە لەلەندەن گەرەکیانە دەست و پەنجە و باخەڵیان بە کەیسی جینۆسایدگەرم بکەنەوە.
باسی ئەم کەیسە ئەکرێت لەکاتێکدا کەپێشتر لەهیچ ڕاگەیاندنێکدا ئامادەکاری و بانگەشەی بۆ نەکرابوو، وەکو پێویست کەسانێکی پسپۆڕ و شارەزالە بوارەکەدا بانگهێشت نەکرابوون، کەبەگشتی لە زۆربەی بوارەکانی تایبەت بەو مەسەلەیە شارەزا و شیاو بوون بۆ دەوڵەمەندکردنی کۆنفرانسەکە، یان شایەتحاڵی ناو ڕوداەکانی جینۆسایدی گەلی کوردبوون،وێرای ئەوەی چەندین گروپ و ڕێکخراوی مەدەنی کوردیش هەبوون، دەتوانرا سود لە کار و ئەزمونی کاریان وەربگیرێت لەبواری جینۆسایددا، کە توانیویانە لە چەندین ساڵی ڕابردودا، چەندین بەڵگە و دێکۆمینت لەسەر ئەو تاوانە دژە مرۆڤیە کۆبکەنەوە،بەڵام گەورەترین لەمپەری ئەو ڕیکخراوانە، دەسەڵێتی هەرێمی کوردستانە، کە نایانهەوێت کارنامەی ئەوان بچێتە پاڵ ئەو پڕۆژانەی کە ئەوان خۆیان بەرنامەی بۆ دادەنێن، لەبەرئەوەی بەپێی بەڵگەکانی ئەو ڕێکخراوانە، بەشێکی زۆری ئەوانەی بەشداری تاوانی ئەنفال و جینۆسایدیان کردوە، لەسەردەمی بەعسدا،ئێستا بەرپرس و متمانە پێکراوی لایەنەکانی دەسەڵاتن و لەژێر سیبەری ئەواندا خۆیان حەواندۆتەوە.
چەند مانگێک لەمەوپێش و لە وڵاتی سوید، کۆمەڵێک چالاکوان و ڕیکخراوی چاک، دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر توانیان، کەیسی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان بەرنە ناو پەرلەمانی سوید و بیکەنە بابەتی گفتوگۆی حکومەتی ئەو وڵاتە، بەڵام لەبەرامبەردا، لە بری هاوکاری یارمەتیدانی ئەو کە س و ڕیکخراوانە و زیاتر بەرەو پێشبردنی کەیسەکە، بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان، بە پیچەوانەی ئاراستەی هەوڵی ئەوان، لێدوان و هەواڵی جۆراوجۆریان دادەتاشی، بۆ بچوک کردنەوەی هەوڵ و ماندوبونی ئەوان، دەکرا وەک لەوەی بەو درەنگ وەختیە بیر لە کۆنفرانسێکی وا دەکەنەوە کە ئەنجامێکی نابێت، هاوکاری ئەوانیان کردبایە، باشتر دەبوو بۆ بەرەو پێشبردنی کەیسەکە و سود گەیاندن بەکۆی گشتی پرسی کورد لە جیهانی دەرەوەدا.
دەکرێت ئێمەش وەک هاوڵاتیانی کوردی دانیشتوی دەرەوە، ئەو پرسیارە لە نوێنەرایەتی حکومەت بکەین، یان خۆیان بۆ ناپرسن کە ٢٣ ساڵە،چ سودێکیان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و کوردانی تاراوگە هەبوە، جگە لە کاری بازرگانی و بەرژەوەندی تایبەت، لەگەڵ هەندێ کاری تری ڕۆتینی نامە و پشتگیری و وەکالەتنامە، کە لەبەرامبەر هەموو ئەوانەشدا پارە لەخەڵک وەردەگرن.
سەیر نیە خەڵک گومانی ئەوەیان لێبکات، کە بۆچی ڕیگەیان نەداوە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بەشداری ئەو کۆنفرانسە بکەن، بۆ ئەوەی لەو بارەوە ڕەخنە باران نەکرێن، یان بەرنامەی ئەو لایەنە تایبەتە تێک نەدەن کە هەستاوە بەسازکردنی ئەو کۆنفرانسە، کە لەژێرەوە مەبەستی تایبەتی خۆیان هەیە، نەک بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە