کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامێك بۆ بەشداربووانى پڕۆژەى چاڤى گەشتیارى

Monday, 23/01/2012, 12:00


پارێزەر / ئاوات غریب مێگفى
 
بەڕێزان بەشداربووانى پڕۆژەى چاڤى گەشتیارى ، لەسەروبەندى درێژ كردنەوەى ماوەى فرۆشتنى پشكەكانى پڕۆژەكە لەلایەن وەبەرهێن كۆمپانیاى چاڤى كە سەر بە كۆمپانیاى (نالیا)یە بەپێویستم زانى وەك ئەركێكى یاسایی و ئەخلاقى سەبارەت بەم پڕۆژەیە چەند تێبینیەك بخەمە بەر دەستى بەڕێزتان و پاشان خۆتان بڕیار لە دروستى پڕۆژەكەو یاسایی بوونى كارەكانى وەبەرهێن بدەن :
1. لەئاگادارى كۆمپانیاكەدا هاتووە كە ماوەى فرۆشتنى پشكەكان درێژ كراوەتەوە بە پێی یاساى (21) ى ساڵى 1997 كە بەپێی یاساى ژمارە (21) ى ساڵى 1997 نرخى هەر سەهمێك بریتیە لە تەنها (یەك) دینارى عێراقى ، واتە ئەگەر هاتوو ئەم كۆمپانیایە بەدەستورى كۆمپانیا زەبەلاحەكانى جیهان ئیفلاسى كرد ئەوا تۆ لەبرى هەر ملیۆن دینارێك دەكرێت تەنها یەك دینارى عێراقى واتە (150) دینارى چاپى نوێ وەربگریتەوە .
2. لەتەواوى ڕێكلامەكانى وەبەرهێندا بۆ فرۆشتنى پشكەكانى ئاماژە دەدات بەوەى هاوڵاتیان دەبنە خاوەنى ئەو زەویەى كە دەكرێت بەناوى پڕۆژەكەوە ، لەكاتێكدا ئەم تەعبیرە خۆڵ كرنە چاوى خەڵكەو لە كۆمپانیاى پشكداردا (مساهمە) هیچ كەس نابێتە خاوەنى زەوى و مەوجوداتى جێگیرى پڕۆژە چونكە بەپێى ژمارەى ئەو سەهمانەى كە دەیكڕیت ، هەموو ماف و ئیمتیازێكت بە هێندى سەهمەكە وەردەگریەوە نەك ئەوەى بەشێك لەزەوى پڕۆژەكەت بۆ تەلبەند بكەن و تاپۆى بكەن لەسەرت .
3. كۆمپانیاى چاڤى لەڕێكلامەكانیدا ئاماژە دەدات بەوەى كەڕووبەرى پڕۆژەكە بریتیە لە (800.000م2) بەڵام بەپێی بەڵێننامەى (تعهد) ى كۆمپانیاى نالیاو لە دادنوسی سلێمانى لەدواى (5) ساڵ پێویستە لەم ڕووبەرە (300.000م2) ى بگەڕێنێتەوە بۆ شارەوانى سلێمانى وە تەنها بۆى هەیە بیكاتە سەوزایی و داواى تەملیك كردنى نەكات ، بەم جۆرەش ڕووبەرى پڕۆژەكە تەنها (500.000م2) یە ، كەئەمەش درۆیەكى ترى ئەم كۆمپانیایە لەگەڵ هاوڵاتیاندا .
4. تا ئامادەكردنى ئەم بابەتە هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ تەملیك كردنى پڕۆژەكە لە سەر كۆمپانیاى چاڤى، لەلایەن ئەنجومەنى باڵاى وەبەرهێنانەوە سەرەڕاى ئەوەى زیاتر لە (نۆ) مانگە داواكارى تەملیك بەرز كراوەتەوە .
5. سەرمایەى هەموو پڕۆژەكە بەپێی مۆڵەتى وەبەرهێنانى ژمارە (218) لە 24/11/2009 دراوە بەوەبەرهێن لەپاش زیاد كردنى بۆتە تەنها سەد ملێون دۆلار، لەكاتێكدا تا بەروارى ئەم نوسینە زیاتر لە بڕی (959) ملیۆن دۆلار سەهم فرۆشراوە و لەپشتەوە نالیا بۆ پڕۆژەكانى ترى بەكارى دەهێنێت، چونكە بەپێی دراسەى جەدواى ئابورى و پرۆپۆزەلى پڕۆژەكە كە مۆڵەتى وەرگرتووە تەنها (100)ملیۆن دۆلارى تێ دەچێت نەوەك (959) ملیۆن دۆلار .
6. پێكهاتەكانى ئەم پڕۆژەیە بەپێی مۆڵەتى وەبەرهێنان پێك دێت لە (ئوتێلى پێنج ئەستێرە- ئوتێلێكى چوار ئەستێرە- 68 ڤێلاى گەشتیارى نزیكەى دوو هەزار كۆشك و كەپرى سیاحى- مۆزەخانە- شارى یارى... هتد) بەڵام ئەوەى كۆمپانیاى چاڤى بەنیازە بیداتەوە بەهاوڵاتیان بەپشك تەنها بریتیە لە شارى یارى چاڤى ، كەئەمە یەكێكە لەهەرە كارە نایاساییەكانى كۆمپانیا، لە ڕێكلامەكانیدا شتێكت پێ بفرۆشێت و واقع شتێكى تر بێت، بەم جۆرەش كۆمپانیاى نالیا تاكە سودمەندى پڕۆژەى چاڤى دەبێت ئەویش بەدەستكەوتنى سەرمایەیەكى نۆسەد ملیۆن دۆلارى كە دەبێتە سیولەیەكى نەقدى باش بۆ تەواو كردنى سەرجەم پڕۆژە تەواو نەبووەكانى .
بەهۆى ئەوەى ئەم كۆمپانیا گەورە سیاسەتمەدارێكى بیانى لەپشتە و لەهەرێمیشدا یاسا سەروەر نیە بۆیە هیچ كات دەسەڵاتدارانى هەرێم ناتوانن ڕێگرى لەكارە نایاساییەكانى بكەن و هەتا بارو دۆخیش بەم جۆرە بێت ئەو تەنها خەریكى لوشدانى پارەو سیاج كردنى شاخى گۆیژە دەبێت ، من بێ ئومێدم لەوەى هیچ ڕێكارێكى یاسایی لەبەرامبەریدا بگیرێتە بەر و وەك خاوەن كۆمپانیاش دەڵێت " كەس لەدادگا ناتوانێت لێمان بەرێتەوە" كە ئەمەش هەڵگرى پەیامێكى ترە، بۆیە تەنها وەك بەرپرسیارێتیەكى یاسایی و ئەخلاقى ئەم چەند زانیاریەم گەیاندە بەڕێزتان و بڕیاریش لاى خۆتانە، كەئایا بەشدار دەبن لەم گەندەڵیانەدا یان نا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە