سەرۆكى زانكۆى هەولێر و وەزیرى خویندنى باڵا ,,ئێوە دەسەڵاتى چەكدارێكى پاسەوانى نەخوێندوەارى بەردەم كۆلێژەكنتان نیە..!!
Monday, 28/02/2011, 12:00
بۆ بەڕێز سەرۆكى زانكۆى هەولێر و بەڕێز وەزیرى خوێندى باڵا و هەموو ڕاگرە بەڕێزەكان و تەواوى سەرۆك بەش و مامۆستاكانى زانكۆى سەلاحەدین دڵتان بە خوێندەوارى بڕوانامەو دەسەڵات و پۆستەكانتان خۆشنەبێت..قسەو بڕیارەكانتان ناگاتە بڕیارێكى لەخۆوەى رێخراوێكى حیزبى وەكو قوتابیان.. ئێوە متمانەى خۆتان لەدەستداوە لەمەولا بڕوامان بەهیچ بڕیارو بەڵێنیكتان نابێت.. وەكو لە لایان هەمووان ڕوون و ئاشكرایە بەچەندین بەڵگەنامەو شایەدەوە كە لە نیوەڕۆى پێنج شەمەوە لە تەواوى كۆلێژەكانى هەولێردا دەوام ڕاگیراو پاسەوانەكان چەك بەدەست لە ئامادەكاری دانران لەبەردەم كۆلێژەكان و جموجۆڵێكى لەناكاو كەوتە ناو قوتابیان و بەپەشۆكاویەكى زۆرەوە ترس دڵە ڕاوكیان خستە ناو كۆلێژ و بەخێراى هەموویان ناردنەوە خۆم یەكێك بووم لەو فێرخوازانەى كە چوومە لاى سەرۆك بەشەكەمان لێم پرسى ئەوە چیە ئەو هەواڵە ڕاستە یا نا كە تا 1\4 دەوام نیە؟ ئەویش وەڵامى دامەوە وتى: شتى وا نیە ئەوە قسەى ڕێخراوى قوتابیانە ئێمە هیچ كتابێكى ڕەسمیمان بۆ نەهاتووە.. لەهەمان كاتدا چوومە لاى سەرۆكى قوتابیانى كۆلێژەكەمان زۆر بە شڵەژاوى قسەى دەكرد وتى: زوو بڕۆ لێرە نەمێنیت تا 1\4 یش نەگەڕێیتەوە نابێ هیچ كەس لەكۆلێژ بمێنێ تا پێش سەعات 2 قەدەغەیە و دواتریش ئەو بڕیارەى ئێمە دەبێتە ڕەسمى..من دوا كەس بووم كۆلێژم جێهێشت كە بەداخەوە بەچەند چەكدارێك و جێگرى راگرەوە چاوەرێم بوون تا بڕۆم لەكاتێكدا من لە گەرمەى كاركردن بووم بۆ دەرسەكانم.. دواى ئەوەش بە خێرایەكى سەیر تەاووى بەشەناوخۆیەكانیان ڕەوانە كردەوە كە كاتێكى كەمیان دابوونێ بۆ خۆكۆكردنەوەیان.. لە دواتریش دەرچوو كە ئەمە جگە لە سیناریۆیەكى ئەو رێخراوە نەبێت هیچى تر نەبوو.. وە من بەڕاستى زۆر زۆر بەداخەوەم بۆ ئەو پۆستە كارتۆنیەى سەرۆكى زانكۆ كە ناتوانێ ڕووبەڕووى ڕێخراوێكى حیزبى ببێتەوە ئەى بەڕێز حەرەمى زانكۆ لەچیدایە كە حیزب بە ئارەزووى خۆى یارى پێبكا؟
من بە قسەكانى سەرۆكى زانكۆ بڕوام كردكە وتى دەوامى ڕەسمى هەیە كەس بڕیارى واى نەداوە, بۆ شەممە ڕۆشتمەوە كۆلێژ بەڵام بەداخەوە چەكدارێكى نەخوێندەوارى پاسەوانى بەر دەرگاى كۆلێژەكەمان رێگەى پێنەدام و وتى : لە قوتابیانەوە ئەمرمان پێكراوە كە ڕێگە بەهیچ كەسێك نەدەین بڕواتە ژورێ چونكە قەدەغەیە,, بەرێز سەرۆكى زانكۆ دەسەڵاتى تۆ لە چیدایە؟ ئەم دەنگۆیە زیاتر گەشەى سەند كە ئایا بە فەرمى دەوام هەیە یان نیە كە جیاوازیەكى زۆر هەبوو لە نێوان واقعى كۆلێژەكان و قسەى بەرپرزانى زانكۆ و یەكێتى قوتابیانیش هەر سوڕ بوون لەسەر ئەوەى كە نابێ دەوام هەبێت
تا كار گەیشتە لێدوانى وەزیر خوێندى باڵا كە جارێكى تر تەئكیدى لەسەر ئەوەكردەوە دەوامى فەرمى هەیەو دەرگاى كۆلێژەكان كراوەیە .. ئەمجارە تەلەفونێكم بۆئەندامێكى یەكێتى قوتابیانكرد دووبارە دڵنیاى كردمەوە كە دەوام بە هیچ جۆرێ لە هیچ كۆلێژێك نەبووە تەنانەت لە هەندێ كۆلێژ تەلەبە هەبووە هاتۆتەوە دەوام بەڵام تەنها یەكێتى قوتابیان لەوێ بوون و ڕەوانیان كردوونەتەوە ,, وە ووتیشى: هەموو غیابێكیش لەسەر شانى یەكێتى قوتابیانەوبۆ هەمووان لادەبرێ و هیچ مامۆستایەكیش بۆى نیە لارى هەبێت ..
ئەمجارە سیناریۆی درۆیەكى زۆر گەورەى رۆژنامەى هەلێرم خوێندەوە كە تێیدا هاتووە بڕیارى ڕاگرتنى دەوام لە لایەن یەكێتى قوتابیانەوە نەدراوە لە درێژەى دا نوسراوەكەدا یەكێتى قوتابیان كۆبوونەوەیەكى لە ناكاوى خۆى سازداوە و دواتر بەڕۆژنامەكانیان ڕاگەیاندووە كە ئێمە لێژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ لێكۆلینەوەیەكى وورد بۆ هۆكارى ئەوەى كە كێ ئەو بڕ یارەى دەركردووە؟؟!! سزاى ئەوانەش بدرێ كە ئەو تۆمەتەیان خستۆتە پاڵ یەكێتى قوتابیان ..بەڕێزان هەركاتێ بیستتان كە لێژنە پێكدێ بۆ لێكۆلینەوە ئەوا دڵنیابن بۆ لێكۆلینەوە نیە بەلكو بۆ نوسینەوەى سینارۆى سەقەت و هەڵبەستراوە هیچ لێژنەیەك ئەسڵ ئەساسى نیە وەكو هەموو ئەو لێژنە درۆیینانە كە بۆ زەردەشت و سۆرانى كاكە حەمە و چەندەهاى تر نەكەس لێژنەى بینى و نە ئەنجامى هەبوو ئیستا (پارتى بە حیساب دیموكراتى كوردستان) زمانى وا ڕاهاتووە كە هەر زوڵم وكوشتاری و سەركوتكارى و كەتنێك كە دەینێێتەوە ئەوا لەبەردەم ڕەگەیاندنەكاندا خۆ لێ بێبەرى دەكاو یەكەم شت كە دەیڵێ ئەوەیە لیژنەیەك پێكدێنین بۆلێكۆلینەوە لەو بابەتە,, بەڵام نابێ كەس بزانێ چۆن؟و لەكوێ؟وكەى؟وكێ؟ ئەنجامەكەشى هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێ كەسمان نەدى بە پێى ئەو لیژنانە ببرێتە دادگا!! ئێ خۆ ناحەقیشیان نیە كەس هەیە بەدەستى خۆى خۆى بەگرتن بدا؟
بەڵام من تەنها پێكەنینم بەو درۆیە گەورەیەى سەرۆكى یەكێتى قوتابیان دێ كە داوا لە قوتابیان دەكا دەوام فەرمیەو بگەڕێنەوە كۆلێژەكان و كەچى هەر ئەندامێكى یەكێـى قوتابیان پێى ڕاگەیاندم بەوقسانە بڕوا مەكە ئەوە تەنها بۆ ڕگەیاندنى گشتیەو بۆ چەواشە كردنى ڕاى گشتیە,, بۆ ئێوە پێتان وایە ڕاىگشتى گێلە وبە ئێوە بڕوا دەكا؟
لە ڕاستیدا ئەوكاتە سەرۆكى زانكۆ بەجدى سەرۆكە كە وەكو سلێمانى خۆى هاتە پاڵ خوێندكارەكان و لە ریزى ئەوان وەستا كەچى سەرۆكى زانكۆى هەلێر تەنها ئاگاى لە كورسى و ژورەكەى خۆیەتى و بێخەبەر بوو لەماوەى كەمتر لە كاتژمێرێك تەواوى كۆلێژەكانى هەولێر كە هەزارەها كەسى تێدایە چۆڵ كرا و مانگێك و دوانزە رۆژ بڕیارى داخستنى درا بەرێز سەرۆكى زانكۆ هەوڵەكانى جەنابتان ئاوایە لە پێشخستنى ئاستى خوێند؟ لە حەساسترین كاتدا كە پڕبوو لە تاقى كردنەوە ..؟؟ ئەى بەڕێزیشتان بەتەما نین لیژنەیەك پێك بێنن بۆ لێكۆلینەوە لەو بابەتەو سزا دانى یەكێتى قوتابیان؟؟ خۆ ئەگەر ڕاستگۆ بیت لەگەڵ خۆت و ئاین و نیشتمانەكەت و زانكۆدا ئەوا دەبێت ئەوە بكەیت بەڵام ئەگەریش وا نەبیت ئەوا تۆش لە ڕیزى ئەوانیتردا خۆت بێدەنگ دەكەیت و بڕیارەكانى حیزب جێبەجێدەكەیت و ڕاگەیاندنەكانیش هەڵدەخەڵەتێنیت بەڵام دڵنیا بە ئێمە قەت بڕوات پێناكەین و ئەگەر چاوەڕێى تۆ بین ئەوا هەرگیز وڵات پێش ناكەوێ و زۆر لەوەى كەهەشە وێران تر دەبێت..
خۆزگە بم زانیبا بە ڕاستى كێ ئەم هەرێمە بەڕێوەدەبات و كێیە بە ئارەزووى خۆى بڕیار دەدات؟لە بڕیارێكى ئاوا گەورەدا سەرۆكى زانكۆ و وەزیر ئاگایان لێنەبێت ؟ و قوتابیان تاوانبار نەبن؟ ئەى كێیە؟ تۆ بڵێى ئەوهەزارەها قوتابى و خوێندكارە لەو هەموو كۆلێژە جیاوازانەدا بە ڕێكەوت هەموو پێكەوە دڵیان خەبەرى دابێت لە یەك كاتدا ڕۆشتبنەوە ماڵێ؟ ئەى ئەو هەمووە بەشە ناوخۆیەى هەولێر هەر هەموویان لە ئێوارەى پێنج شەممە هەموو پێكەوە بیرى دایكیان كردو دەوام و دەرسیان بەجێهێشت و بەپەلە گەڕانەوە شارەكانى خۆیان؟؟ وا دیارە یەكێتى قوتابیانیش هەر لەناكاو بەزەیى بە هەموویاندا هاتەوە بۆیە خیرا پاسیشى بۆدابین كردن؟؟ وتیشى ئێمە خەمى ئێوەمانە بە شتێكتان لێنەیەت و سڵاویش لە دایكتان بكەن و هەر لەبەر خاترى ئێوەش با تا 1\4 یش دەوام ڕابگیرێت و بۆخۆتان مەیەنەوە لاى دایكتان بن.؟؟یان لەترس و لەرزى خۆپیشاندانتان بوو؟ ئەى بەڕێز یەكێتى قوتابیان پێنج شەمەكانى تر ئەو پاسانە لە كوێ بوون تا هاوكارى هەزارەها خوێندكارو قوتابیانى هەژار ى بەشەناوخۆكانى ئەم شارەى پێبكەىت ؟؟ باشە ئێوە بۆ ئەوەندە ئازان بۆ مەرام و پلانەكانى خۆتان؟؟ ئەى بۆ ئەوكاتانە بە خێرایى نەدەچوون بەدەم داواى ناڕەزاییەكانى خوێنكارو قوتابیانى بەشە ناوخۆیەكان كاتێ كە ئاو و كارەبا و غاز و نەوت و ژیانیان نەبوو؟؟
وادیارە یەكێتى قوتابیان نازانێ زەمەن ئاسان تێدەپەڕێى و 1\4 یش تەواو دەبێـت و جارێكىتریش زانكۆ دەكرێتەوە و ئەوانیش دەگەڕێنەوە ئەى ئەوكاتە چیدەكەن؟ وادیارە ترسى خۆپیشاندان تەنها لە مانگى 3 دایە ؟؟ لەوە شورەیى تر نیە دەسەڵات لە ڕاى میللەت بترسێ!! دەسەڵاتێك دەسەڵات بێت لە خۆپیشاندان ناتۆقێ ..!! و لەخۆى دڵنیا دەبێت نەك وەكو ئێوە بەزەبرى گوللە و چەكەكانتان خۆپیشاندان ڕاگرن و بەهەڕشەو چاوسوركردنەوە وا لە خەڵكى هەولێر بكەن كە خۆپیشاندان نەكەن دواتریش لەخۆشى ئەوەى كە ڕیسوا نەكران بە خۆپیشاندان ئێوارەى هەینى دەست بكەن بە هۆرین لێدان و هاتو هەراو شایى و ئاڵا هەڵتەكاندن و وتافى بژى بارزانى.. ئەخەر پێم ناڵێن لە خۆشى چى؟؟ لە خۆشى ئەوەى كە لە كەلار و سلێمانى و چەمچەمال ى دراوسێت دا چەند منداڵێك و بەسەدەها بریندارت هەیە و لەوێ شیوەنە بەهۆى تۆوە و تۆش لە هەولێر هەڵدەپەڕى بەوەى كە هەولێرت بەزەبر و زۆردارى و گرتنى گەنجەكان بێدەنگ كرد؟؟
بەڵام دڵنیابە خەڵكى هەولێر بەسەبرەو بەسەر فرتو فێڵەكانت كەوتووە و جارێ بە ئارامى و بێدەنگى سەیرت دەكاو دڵت خۆشدەكا بەڵام ئێرەش ڕۆژى خۆى دێت..!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست