سیاسه‌تی ده‌رزی به‌ سوژن

Saturday, 19/02/2011, 12:00



له‌ رابوردودا بینیمان سیستمە‌ تۆتالیتاره‌کان چۆن ده‌ستیان گرتبو بەسه‌ر هه‌مو کایه‌کانی ژیاندا، پاش ئه‌وه‌نده‌ ساڵ بێده‌نگ کردن و کپکردنی ده‌نگی نارازی، سه‌رئه‌نجام گه‌نجان ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و بە دروشمه‌کانی مردن له‌ پێناو ژیانێکی باشتردا هه‌ره‌سیان به‌ گه‌وره‌ترین دو دیکتاتۆری جیهان و ناوچه‌که‌ هێنا، کاریگه‌ری روخانی رژێمه‌ بۆماوه‌ییەکانی‌ وڵاتانی ناوچه‌که ‌و عێراق، کوردستانیشی گرته‌وه،‌ له‌م سه‌رو به‌نده‌شدا شاری سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیری مه‌کۆی شۆرش و به‌رخۆدان سه‌رچۆپی ئه‌م ئاهه‌نگ و زه‌ماوهنده‌ی گێڕا، به‌ڵام شه‌مشه‌مه‌کانی تاریکی ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ روناکی رۆژ هه‌ڵدێن وه‌ک چۆن خۆیان توانای بینینی پرشنگیان نیه،‌ ناشیانه‌وێت که‌ س بۆ مۆم بگه‌رێت، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان سوره‌ به‌ کوشتنی قه‌ڵه‌مه‌ ئازادو ئازادی ویسته‌کان هه‌مان ده‌ست هه‌مان تاقم رێژوانی 16 ساڵیان کرده‌ دراوسێی کاکه‌ سۆرانی قه‌ڵه‌م و کاکه‌ سه‌رده‌شتی رۆژنامه‌نوس، ئه‌و شادی وخۆشیه‌ گه‌نجانه‌یان گۆری بۆ شیوه‌ن، جارێکی دی به‌عس ئاسا سلێمانی شاره‌که‌ی شێخی نه‌مریان له‌ خاچد،ا ئه‌وه‌ی بوه‌ته‌ پرسیار لای تاک و رای گشتی لێدوانی به‌رپرسه‌ قیزه‌ونه‌ نه‌ویستراوه‌کانی ئه‌مرۆی گه‌نجانن، فازڵ میرانی هه‌ردوای کاره‌ساته‌که‌ هاته‌ به‌ر مایکه‌کانی راگه‌یاندن و وتی: با هه‌مو که‌س ئه‌و راستیه‌ بزانێت ئه‌وده‌سته‌ی ده‌ستدرێژیمان ده‌کاته‌ سه‌ر ده‌یبرین . گه‌لۆ پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا میرانی مه‌به‌ستی کام ده‌سته که‌ به‌ نیازه‌ بیبرێته‌وه‌؟ تۆبڵێی مه‌به‌ستی ووڵاتانی دراوسێ و دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌کانی کورد بێت !! گه‌ر وایه‌ ده‌بێت ئه‌و هێزه‌ی که‌ له‌ سه‌ر داخوازی ئه‌وان و سه‌رۆکه‌که‌یان هێنراونه‌ته‌ باشوری کوردستان له‌ ناوچه‌ی بادینان جێگیر کراون به‌ زوترین کات خاکی پیرۆزی کوردستان به‌ جێ بهێڵن ئه‌گینا لاق و ده‌ستی هه‌مویان ده‌برێت یان ره‌نگه‌ مه‌به‌ستی تۆپخانه‌کانی کۆماری ئیمام خومه‌ینی بێت که‌ زۆر جار گونده‌کانی سه‌ر سنور ده‌که‌نه‌ ئامانجی هێرشه‌کانیان، له‌ مه‌شیاندا توشی گومان ده‌بێت ئاخر خۆ دوێنێ بو له‌ یادی شۆرشه‌کەی‌ ئیمامدا رێ به‌ر رێی خه‌لکی سڤیل به‌ر نه‌ده‌که‌وت مه‌سولیک ده‌چو به‌ چاوتا به‌ڵام ره‌نگه‌ بۆ ئه‌مه‌ش پاساویان هه‌بێت چون هیچ یه‌کێک له‌م هێزانه‌ مه‌ترسیان بۆ پیرۆزیه‌کانی بنه‌ماڵه‌ دروستنه‌کردوه‌ ئه‌گینا دوور نه‌بو بانگهێشتی سوپایه‌ک بکه‌ن و تراژیدیای 31 ی ئاب دوباره‌ بکه‌نه‌وه‌.
براینە. چه‌مکی ته‌عدا له‌ که‌س قبوڵ ناکه‌ین و ته‌عداش له‌ که‌س ناکه‌ین زۆر پێناسه‌ هه‌ڵده‌گرێت گه‌ر بریار بێت تور‌ بون و هه‌ڵچونی که‌سانێکی گه‌نجی مه‌حروم له‌ هه‌مو شتێک به‌ ته‌عدا حساب بکرێت ده‌بێت ئه‌و مافه‌ش به‌ خه‌ڵکی بده‌ی که‌ نابێت ته‌عدای ئێوه‌ قبوڵ بکات، یان لانی که‌م رێز له‌ و رسته‌ی خۆتان بگرن که‌ ده‌ڵێت ته‌عداش له‌ که‌س ناکه‌ین هه‌ر بۆ بیر خستنه‌وه‌ی میرانییەکان و هه‌وادارانی پارتی چه‌ند نمونه‌یه‌کی ئاشکرای مێژویه‌کی نزیکیان بیر ده‌خه‌ینه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ش‌ لە ئایه‌تێکی قورئاندا ده‌فه‌رموێت (تژکر فێن الژکری تنفع المۆمنین)ده‌پرسم ئه‌وه‌ کێ بو له‌ ساڵی 1993 په‌لاماری هه‌مو باره‌گاکانی
(ح.س.د.ک)یان دا له‌ هه‌موباژێرو گونده‌کانی کوردستان؟ ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی وتیان ناتوانین هاوڕێتان بین له‌ سیاسه‌تدا ئایا به‌ زۆر ده‌بێت هاورێم بیت ناچێته‌ خانه‌ی ته‌عداوه.!!‌ دیسان ئه‌وه‌ کێ بو یانی چی هێزێکی سیاسی بو له‌ هێرشێکی هۆڤانه‌دا په‌لاماری گوندی که‌له‌کینیان دوا که‌سایه‌تی ناوداری ناوچه‌که‌ حسین ئاغایان شه‌هید کردو هه‌مو باره‌گاکانی پارتی پارێزگارانی کوردستانیان تاڵانکرد و هه‌مو ماڵ و موڵک و ته‌نانه‌ت مریشکه‌کانیشیان به‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نفال که‌وتن دواتر ته‌رحیلیش کران بۆ ژێر زۆنی سه‌وز،!! هه‌قمانه‌ بپرسین ئه‌وه‌ کێ بو له‌ 16_5_1997 له‌ سه‌ر داخوازی ئاغاکه‌یان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ پیلانێکی دارێژراو په‌لاماری رۆژنامه‌ی *ووڵات*یان داو 63 کادیری راگه‌یاندی پارتی کرێکارانی کوردستان پکک یان له‌ پرۆسه‌یه‌کی ئه‌نفال ئاسادا شه‌هید کردو تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت که‌س نازانێت ته‌رمه‌کانیان له‌ چی جێگه‌یه‌ک کراوه‌ته‌ ژێر خاک،!! ئه‌مه‌ش جێ ده‌هێلم بۆ ویژدانە زیندوه‌کان با ئه‌وان ناوێکی لێبنێن یان سه‌رکردایه‌تی پارتی خۆیان ناوێک له‌ فه‌رهه‌نگی کوردیدا بده‌ۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌م تاوانه‌شتان. ئه‌وه‌ هه‌ر ئێوه‌ نه‌بون له‌ ناو شاری هه‌ولێردا په‌لاماری تورکمانه‌کانتان داو کردنتان به‌ دوژمنی گه‌لی کورد؟! جارێکی دی ده‌پرسمەوە، ئه‌وه‌ ده‌زگا داپلۆسێنه‌راکانی ئێوه‌ نه‌بون له‌ ساڵ(2005)په‌لاماری باره‌گاکانی یه‌کگرتوی ئیسلامیتان داو چه‌ندین به‌ر پرس و کادیرتان تیرۆر کردن.؟! ره‌نگه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی فازلی میران و هاوخه‌باته‌کانیدا نه‌چێته‌ خانه‌ی ته‌عداوه،‌ به‌ڵکو ده‌بێت بڵێی قه‌زاو قه‌ده‌ره،!!‌ روده‌که‌مه‌ هه‌وادارنی پارتی و ده‌بێژم: هه‌ر پارته‌که‌ی ئێوه‌ نه‌بو له‌ کاتی به‌ ده‌ر که‌وتنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی 25_7 خه‌ریک بو قه سا‌بخانه‌یه‌ک به‌رپابکه‌ن له‌ ده‌وری بنکه‌کانی گۆڕان و مقه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵی ئیسلامیدا له‌ هه‌ولێر.؟!! بۆچی بۆ ئێوه‌ ره‌وایه‌ په‌لاماری مه‌کۆکانی گۆران بده‌ن له‌ هه‌ولێر و سۆران و باتاس گریان تێبه‌ر بده‌ن به‌ڵام کۆمه‌ڵێک گه‌نجی خێر له‌ خۆ نه‌دیو گه‌ر دوبه‌رد بگرنه‌ لقی 4 قیامه‌ت هه‌لبسێنن،!! گه‌ر ئه‌مانه‌ ناویان ته‌عه‌دا نه‌بێت ده‌کرێت بڵێین چی؟! هه‌ر که‌سێکی به‌ ویژدان هاوڕایه‌ مافی پاراستنی ره‌وا به‌ کار بهێنێت یانی ئه‌وه‌ یاسای سروشته‌ به‌ڵام وه‌ک ده‌ڵین السن بالسن والعین و بالعین* به‌ڵام ته‌قه‌کردن و ره‌شه‌کوژی *به‌ ناو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ردا و تیرۆر کردن و بریندارکردنی 59 هاوڵاتی سڤیل روی قه‌زافی و علی عبدلله‌ ێالح و میری قه‌ته‌ری سپیکرد، چون هاو زه‌مان له‌ و سێ وڵاته‌ش خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی ده‌ر برین بو ده‌یان شاری ئه‌و وڵاتانه‌ که‌وتبونه‌ به‌ر هێرشی خۆپیشانده‌ران ده‌یان باره‌گای حیزبه‌کانی فه‌رمانره‌وا سوتێنرابون به‌لام کۆی قوربانیه‌کان نه‌گه‌شتنه‌ کۆی کاره‌ساته‌که‌ی سلێمانی.. دوا جار ئه‌زمونی رابوردو پێمان ده‌ڵێت ده‌سته‌ڵاتی زه‌برو زه‌نگ هه‌ر چۆنێک بێت له‌ وراستیه‌ تێبگات ته‌مه‌نی کورته‌، ده‌بێت سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ئه‌وه‌ی بۆ رون بو بێته‌وه‌ که‌ ئیتر گه‌نج دوای دروشمه‌ ئاگرین وبریقه‌داره‌کانتان ناکه‌ون ئه‌وان ئیتر ژیانی ئازاد و کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسانیان ده‌وێت، نه‌وه‌ی نوێ ئێستا ئه‌و رسته‌یه‌ی چێ گیڤارا له‌ زیهنیدا جێگیر کردوه‌ که‌ ده‌ڵیت (گرنگ نیه‌ که‌ی و له‌ کوێ ده‌مرم، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شۆرشی ئازادیخوازه‌کان به‌رده‌وام بێت، زه‌وی پڕڕ که‌ن له‌ ژاوه‌ژاو بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌دارانی جیهان نه‌توانن به‌و هه‌مو قورسایه‌وه‌ له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی هه‌ژاران و لێقه‌وماوان زوڵم لێکراوان بخه‌ون) .
دواجار بزانن چاکنه‌کردنی هه‌ڵه‌ی خۆت هه‌ڵه‌یه‌کی تره.‌


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە