بەداگیركردنى بیناى نەخۆشخانەى ڕانیە شكور نەبووین زەوى شوێنەواریشى هاتە سەر
Sunday, 27/01/2013, 12:00
چەند ڕۆژێكە لەناو قەزاى ڕانیەو سنورەكە دەنگۆى ئەوە بڵاوبۆتەوە بەرپرسێكى ڕانیە زەوى شوێنەواری داگیركردووەو كێڵاویەتى بۆ كشتوكاڵكردن ئەم ناحەقى و داگیركاریە كاردانەوەى تووندى ڕۆشنبیران و ڕۆرژنامەنووسان و گەنجانى ڕانیە لەئەكاونت و پەیجەكانى فەیسبووك و خەڵكى بەپەرۆشى سنورەكەى لێكەوتەوە كار گەیشتە ئەوەى كەناڵەكانى پەیام و كەى ئێن ئێن راپۆرت و بەدواچوونى بۆ بكەن ، ئەمە لەكاتێكدایە چەندین موڵك و بیناى حكومى تر لەسنورەكە داگیركراون و كەسیش دەست پێشخەرى نەكردووە بۆ گەڕانەوەى ئەو موڵكانە ، دەسەڵات و داواكارى گشتیش بێ دەنگیان لێ هەڵبژاردووە لەبەرامبەر ئەو كارە نایاسایە كەلەنێویاندا بیناى نەخۆشخانە هەیە كەموڵكى وەزارەتى تەندروستى و خەڵكى ڕانیەیە لەلایەن بەڕێوبەرى گشتى ئێستاى تەندروستى ڕانیەوە داگیركراوە ، بڵاوكردنەوەى ئەم بابەتى بیناى نەخۆشخانە هەفتەى ڕابردوو لەكوردستانپۆست كاردانەوەى خەڵكى بەدواى خۆیدا هێنا لەلاپەڕەكانى فەیسبووك و هەموو خەڵك چاوەڕێى دەكرد ئەم دۆسیەیە بجوڵێنرێت و ئەو بیناى نەخۆشخانەیە بۆ خەڵكى سنورەكەو بگەڕێنەوە بەڵام نەك نەكرا ئەمجارە داگیركردنى زەوى و گردى (دێمەى) كەناوچەیەكى شوێنەوارى گرنگە لەڕانیە بەدواى خۆیدا هێنا كەلەلایەن بەرپرسێكى ڕانیە داگیر كراوەو كردوویەتى بەگەنم .
لێرەوە وەك هاوشاریەكى ڕانیە داواكارم لەچالاكوانانى مەدەنى و ڕێكخراوەكان و خەڵكى بەپەرۆش و دڵسۆزى ڕانیە لەڕۆژنامەنووسان و گەنجان و ڕۆشنبیران باهەمووان بەیەكەوە هەوڵ و تواناكانمان بخەینە گەڕو ڕێگەنەدەین چیتر خاك و گرد و شوێنەوارە پیرۆزەكانى سنورەكەمان داگیر بكرێن و هەموو ئەو موڵكانەى تریش كەداگیركراون لەشێوەى بیناى نەخۆشخانەى ڕانیە بۆ ئەو خەڵكەى بگەڕێنینەوە .
محەمەد ڕانیەیى
كارمه ندى ته ندروستى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست