بۆچی راگەیاندنی یەکێتی دژی عیماد ئەحمەد تەقیەوە
Saturday, 19/05/2012, 12:00
بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکەی عیماد ئەحمەد کاتێک لە یەکێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی هاتە دەرەوە و هاوڵاتیەکی کۆنە پێشمەرگەی ئیهمال کرد ، لە ماوەیەکی کەمدا روی سەرەکی سایتە هەواڵیەکان و فەیسبوکی گرتەوە . عیماد ئەحمەد رەخنە بارانکرا و لەلایەن کەسانی سەربەخۆ و سەر بە ئۆپۆزسیۆنەوە سەرکۆنە کرا بۆ ئەم هەڵوێستە ناوجوامێرانەیە .
مایەی تێڕامان بو کە بینیمان لە لایەن خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هێرشی توند کرایە سەر جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سوکایەتی پێکرا لە کاتێکا ئەو ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەم حزبەیە و دەبوایە داکۆکی لێکردایە نەک بەم شێوەیە بکەونە وێزەی و کەوڵی بکەن . بەڵام ئەم هێرشەی راگەیاندنی یەکێتی لە سایتی رەسمی پی یوکەی میدیا یان خەندان یان چاودێر یان سایتەکانی تریانەوە نەبون ، بەڵکو لە فەیس بوک بو . پەیجەکانی من یەکێتی نیشتمانی کوردستانم و من یەکێتیم و خوێنم سەوزە و ئەوانەی تر کە هەمویان لەلایەن نوسینگەی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی یەکێتیەوە کراونەتەوە و کار دەکەن لەگەڵ ئەو کاونتانەی کە بە ناوی کارمەندەکانی نوسینگەکەن ، هەمویان لایک و شەیری ئەم گرتە ڤیدیۆیانەیان کرد و زۆرێک کۆمێنتی بریندار کەریان لەبارەی عیماد ئەحمەدەوە نوسی کە بە پێی فرمانێکی سەرو خۆیانەوە دەستیان بەم هەڵمەتە کرد چونکە داواشیان دەکرد کە یەکێتی بێدەنگ نەبێت لە ئاست ئەم شەرمەزاریە و هەروەها جێگری سەرۆکی حکومەت پێویستە واز بهێنێت و داوای لێبوردن بکات و لەمجۆرە شتانە .
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی یەکێتی ، بە خۆی و دارودەستەکەی لە نوسینگەکەی کە بەرپرسیارن لە سەرجەمی ئەو کاونت و پەیجانەی بە ناوی یەکێتی لە فەیسبوکدا هەن ئەمجارە هەڵیانکوتایە سەر جێگری سەرۆکی حکومەت بەهۆی چەند فاکتەرێکەوە ، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو بەرپرسە راستەوخۆ ئاگادارکراوەتەوە لە لایەن د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی جارانی حکومەت کە سود لەم هەلە وەرگرن و رەحم بە عیماد ئەحمەد نەکەن و بیکەن بە پەندی زەمانە دیارە ئەمەش بە هۆی ئەوەی کوتلەو باڵی جیان لە ناو یەکێتی و چەند ناکۆکیەک هەیە لە نێوانیان . فاکتەرێکی تر ئەوەیە عیماد ئەحمەد وەک د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەباری دارایەوە دەستی کراوە نیە بۆ پاشبەند و پاشکۆکانی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندن و لەم دوایەدا چەند داواکاریەکی ئەوی رەتکردۆتەوە بۆ کرینی ماشێن و تەرخانکردنی پارە بۆ دارودەستەکەی بۆ سەفەری ئەوروپا و مەبەستی تر . دوای ریسواکردنی عیماد ئەحمەد ئنجا کەناڵی ئاسمانی جوندیانی هاتەگۆ و هەروەها سایتەکانی یەکێتی تەنها ئەوەندەیان کرد کە رونکردنەوەکەی بڵاوبکەنەوە .
ئەم هەڵوێستەی عیماد ئەحمەد بەرامبەر ئەو هاوڵاتیە نواندی راستە خەڵکی نیگەران کرد بەڵام لەگەڵ ئەوە ئەو لە کەسێکی وەک د.بەرهەم چالاکترە و زیاتر دەچێتە ناو خەڵکەوە ، ئەم کارانە لە دڵەوە دەکا و وەک د.بەرهەم کاری نواندن ناکا و ئەکتەر نیە بەرامبەر بە کامێراکان و خۆڵ و خاشاک هەڵناگرێتەوە ، بەڵکو ئەزمونێکی باشتری هەیە بۆ تێکەڵبون بە خەڵک و بەسەرکردنەوەی مەیدانی پرۆژەکان رەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت دوچاری ئەم هەڵوێستە بوبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست