کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چەند سەرنج و پێشنیارێك لەسەر پەرتووكی مێژووى پۆلى دوانزەهەمى وێژەیی

Wednesday, 24/07/2013, 12:00







بێگومان گۆڕانكارى لە سیستەم و پرۆگرامەكانى خوێندن یەكێك بوو لە خەونە دێرینەكانى زۆربەى ئەو كەس و لایەنانەى كە پەرۆشی سیستەمى پەروەردەو فێركردن بوون لە كوردستاندا و ، ئەو ڕاستیەیان لابەرجەستە ببوو كە پەروەردەو فێركردنێكى تەندروست نەوەیەكى هۆشیارو ئایندەیەكى گەش بۆ كۆمەڵگا بنیات دەنێت .
لەگەڵ ئەوەى وەزارەتى پەروەردەى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەردەوام لەهەوڵى بەدى هێنانى ئەو گۆڕانكارییانەدا بووە لە سیستەم و پرۆگڕامەكانى خوێندندا بەڵام جێگەى داخە كە نەتوانراوە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانە ژینگەیەكى لەبارى بۆ برەخسێنرێت و تا ئێستاش كومەڵێك كەموكوڕى لە پرۆگرامەكانى خوێندندا بەدى دەكرێت ، بەتایبەتى بابەتە كۆمەڵایەتیەكان كە نەیتوانیوە ئامانجى سترتیژى و ڕاستەقینەی نەتەوەیی خۆى بپێكێ و نەوەیەكى هۆشیارو خاوەن ئینتیماو دڵسۆز بۆ نیشتیمان پێ بگەیەنێ ، چونكە ئاشكرایە كە بوارى پێشكەوتن و گەشەكردنى هەر كۆمەڵگەیەك لە جیهاندە بەندە بە ئاستى پێشكەوتوویی بوارى پەروەردەو فێركردن و ڕاهێنانى تاكەكانى كۆمەڵگا لەسەر پڕەنسیپ و بنچینە زانستیەكانى و پرۆگرامەكانى خوێندنى سەردەمیانە.
ئەوەى مەبەستمە لەم نوسینە خستنەڕووى چەند سەرنج و پێشنیازێك و دەرخستنى چەند كەموكوڕییەكە لەسەر مێژووى نوێ و هاوچەرخى پۆلى دوانزەهەمى وێژەیی ، بەو ئومێدەى لە چاپەكانى داهاتوودا پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت و كەموكوڕییەكانى نەمێنێ ، بۆ ئەوەى مێژوو وەك زانست و ئەزمونگەیەك مامەڵەى لەگەڵدا بكرێت و نەوەى ئێستامان بۆ داهاتووى سوودى لێ وەربگرێت.

چەند سەرنجێكى گشتى لەسەر پەرتووكەكە :
* بەشێوەیەكەى گشتى بابەتەكانى ناو پرۆگرامەكە باشن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ بابەت كرچ و كاڵى زۆرى پێوە دیارە ، بۆ نمونە لە باسی كۆمەڵەو پارتە سیاسیەكانى كوردستان ، هەروەها كیمیاباران كردنى كوردستان و ڕاپەڕین و كۆڕەو و هەڵبژاردنى پەرلەمان و ...هتد كە دەتوانرا بەشێوەیەكى فراوانترو زانستى تر باسی بكرایەو سەرجەم ڕەهەندە جیاوازەكانى بخرابانە ڕوو تاوەكو فێرخوازان ئاشنابوونایە بەمێژووى گەڵەكەمان و بەباشی ئەو ڕاستییەیان لاڕوون بایە كە ئەزموونى ئەمڕۆمان بەرهەمى خەبات و قوربانى دانى دوێنێیە.
* هەندێك لەبابەتەكان بەشێوەیەكى دوورو درێژو بێزار كەر نوسراون تەنانەت لەهەندێ بابەت و دێڕدا پیاداهەڵدانێكى زۆرى تێدا بەدى دەكرێت بەجۆرێك كە ئەم بابەتانە دەخوێنیەوە وا دەزنى كە گەلى كورد هیچ هەڵەو كەموكوڕییەكى نیەو بەردەوام سەركەوتوو بووە و هیچ كاتێك ژێر دەستە نەبووە ، ئەوەى جێگەى داخە لە زۆربەى بابەتەكاندا تەنها لاینە گەشەكانى مێژووى كورد خراونەتە ڕوو لایەنە سلبیەكان زۆر كەم باسیان لێوە كراوە چونكە لە ڕاستیدا دەبێ مێژوو وەكو خۆى باس بكرێت و دوور بێت لە پێادا هەڵدان و ئینتیماى نەتەوەیی تاوەكو بتوانین لە ڕابردوو فێر بین بۆ ئەوەى ئایندەیەكى جوانتر بنیات بنێین . بۆ نمونە لەباسی میرنشینە كوردیەكان تەنها باس لە میرە بەهێزەكان دەكات لە كاتێكدا لەهەر میرنشینێك كۆمەڵێك میرى لاواز هەبوون كە بوونەتە هۆكارى ڕاستەوخۆ بۆ لاوازبوون و شەرىِ خۆكوژى لەنێوان خودى بنەماڵەو میرنشینەكەو میرنشینەكانى دەوروبەریان كە پێویست بوو ئەو ڕاستیە مێژووییانە لەپەرتووكەكەدا خرابانە ڕوو .
* لەبەرئەوەى لە هەندێك لە بابەتەكاندا كەموكوڕى هەیەو زۆر گرنگیان پێ نەدراوە كە پێویستە گرنگى زیاتریان پێ بدرێت وەكو لەپێشەوە ئاماژەمان پێكرد ، بۆیە بەپێویستى دەزانم كە بەشی دەیەم لاببرێت كە باس لەبزوتنەوەى ئیستعمارى نوێى ئەوروپى لەنیشتیمانى عەرەبدا دەكات لە جیاتى ئەو بەشە زیاتر گرنگى بە مێژووى گەلى كورد بدرێت.
* بوونى وێنە لەناو پەرتووكەكەدا تاڕاددەیەك باشە بەڵام پێویستە گرنگى زیاترى پێ بدرێت و وێنەى زیاترى تێدا دابنرێت ، چونكە وێنە یەكێكە لە هۆكارە گرنگەكانى فێربوون و بەئاسانتر بابەتەكان دەگەیەنێتە هزرى فێرخوازان ، بۆ نمونە كاتێك باسی شەڕى بەردە قارەمان دەكرێت وا باشترە وێنەى بەردە قارەمانى تێدا بێ ، یان وێنەى راپەڕین ، ئەنفاڵ ....هتد یاخود كە باس لەشۆڕشی ئارارات دەكرێت وا باشە وێنەى چیاى ئارارات و ئاڵاى شۆڕشگێڕانى تێدا چاپ بكرایە.
* لەهەمووى گرنگتر ئەوەیە كە لە كاتى باس كردنى شۆڕش و ڕاپەڕینەكانى كورددا ، تێكەڵ كردنێكى ئاشكرا لەنێوان وشەكانى (ڕاپەڕین و شۆڕش) بەدى دەكرێت لەوەدا كە زۆرجار شۆڕش و ڕاپەڕین بۆ یەك مەبست بەكارهاتوون ، لەكاتێكدا جیاوازى زۆر لەنێوان شۆڕش و ڕاپەڕین تەنانەت كودەتاشدا هەیە ، چونكە شۆڕش بریتییە لە بزووتنەوەى ئەنجامدانى گۆڕانكارى ڕیشەیی لە سیستەمدا ، بەجۆرێك كە بنچینەى ئابورى كۆمەڵگەو بنیاتە ڕامیاریەكەى هەڵدەتەكێنێ و لە شوێنیدا سیستەمێكى كۆمەڵایەتى نوێ و پێشكەوتووترو باڵاتر دابمەزرێ ، یاخود ئەو گۆڕانكارییە ڕیشەیی و چۆنیایەتییە كە لەبوارەكانى ژیان یان لە یەكێك لە بوارە گرنگەكان دەكرێت ، بەواتایەكى تر گۆڕینى واقیعێكە بەواقیعێكى تەواو جیا ، بەڵام لە ڕاپەڕیندا ئەمە پێوەر نیە ، بۆیە ئەوەى لە كتێبەكەدا زۆرجار بەشۆڕش ناوزەندیان كردووە ، ڕاپەڕین بوون نەك شۆڕش ، چونكە ئەم پێناسەى سەرەوەیان بەسەردا جێبەجێ نابێ.
* سەرەڕاى بوونى هەندێك كەموكوڕى و هەڵەى زمانەوانى و پیادا هەڵدان و زیادە ڕۆیی كە بەڕوونى لەپەرتووكەكەدا ڕەنگى داوەتەوە بە كورتى لەخوارەوە ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین :
- لە لاپەڕە (33) دا نوسراوە (..... دواى جەنگى یەكەمى جیهانیش تا ئەمڕۆ وەك میراتێكى ناڕەوا بۆ دەوڵەتى ناسیۆنالیستى عێراقى عەرەبی ماوەتەوە ........) لە ڕاستیدا ئەمڕۆ عێراق دەوڵەتێكى فیدراڵیە بەپێى ئەو دەستورەى كە زۆربەى گەلانى عێراق دەنگیان بۆ داوە بەهەرێمى كوردستانیشەوە.
- لە لاپەڕە (72) دا نوسراوە (....... هەمووى وەكو بڵقى سەرئاو دەتەقێ ، بەرامبەر زیرەكى و خۆڕاگرى میر عەبدولڕەحمان پاشاى بابان .......) لە ڕاستیدا مێژوو پێویستى بەڕەوانبێژى و پێدا هەڵدان نیە وا باشترە بنوسرێت (زۆربەى پیلانەكانى دوژمن پوچەڵ دەبوونەوە بەرامبەر زیرەكى و خوڕاگرى میر عەبدولڕەحمان پاشاى بابان.
- لە لاپەڕە (76) دا نوسراوە (هۆزى بۆتى (بوختى) هۆزێكى گەورەو كۆنى كوردە ، بەنەترسی و ئازایی و نەبەردى و مەردى و داكۆكى كردن لەسەربەستى بەناوبانگ بوون لەمەیدانى سوارچاكى و خۆڕاگریدا سەروەر بوون .......) ئەم ناساندنەى هۆزى بۆتى زیادەڕۆییەكى زۆرى تێدا بەدى دەكرێت ، چونكە نابێت لەنوسینى مێژوودا بەهیچ شێوەیەك ستایش و پێداهەڵدان زاڵ بێت بەسەرماندا ، ڕاستە هۆزى بۆتى هۆزێكى بەناوبانگ و ئازا بوون ، بەڵام پێویست ناكات بەو شێوەیە وەسف بكرێت ، بەڵكو پێویست بوو بنوسرێت (هۆزى بۆتى هۆزێكى گەورەو كۆنى كوردە ، بەجوامێرى بەناوبانگ بوون) .
- لە لاپەڕە (80) دا نوسراوە (...... چالاكى و كردەوەكانى میر بەدرخان پاشا ئەژنۆى سوڵتانى عوسمانى شكاند .....) ڕاستییەكەى (كردەوەكانى میر بەدرخان پاشا ترسێكى زۆرى دروست كرد لە لاى سوڵتانى عوسمانى).
- لە میرنشنینى بۆتاندا چەند جارێك وشەى پێشمەرگە بەكار هاتووە ، لە ڕاستیدا بەكارهێنانى وشەى پێشمەرگە بۆ ئەو كاتە بەكارێكى هەڵە دەزانم لە ڕووى زمانەوانى و دان پێدانانەوە، چونكە وشەى پێشمەرگە وشەیەكە تاڕاددەیەك تازەیە لە فەرهەنگى كوردیدا و مێژووەكەى ئەوەندە كۆن نیە كە هەندێك ڕا دەڵێن لە سالانى (1930) بەدواوە لە لایەن (حسێن حوزنى موكریانى) بۆ یەكەمجار بەكارهاتووە ، بەڵام ڕاى دووەمیان دەڵێت بۆ یەكەمجار بەكارهێنانى وشەى پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى كۆمارى كوردستان ، بۆیە هەرچۆنێك بێت وشەكە وشەیەكى ئەوەندە كۆن نیە و تازەیە لەفەرهەنگى كوردیدا ، ناكرێت بۆ ئەوكاتە بەكارى بهێنین ، بەڵكو دەكرێت بگووترێ شۆڕشگێڕە كوردەكانى میرنشینى بۆتان .
- لە لاپەڕە (95) دا نوسراوە (ئەم سیاسەتەى مەدحەت پاشا شێخەكانى خێڵەكانى كرد بە موڵدارى زەوى) وا باشە بنوسرێت (ئەم سیاسەتەى مەدحەت پاشا شێخى خێڵەكانى كرد بە موڵكدارى زەوى).
- لە لاپەڕە (144) دا نوسراوە (....... شێخ محمود ئاڵاى كوردستانى لەسەر هەموو دامودەزگاو بیناكانى حكومەت هەڵكرد ........) لێرەدا پرسیارێك بە بیرى هەمووماندا دێت كام ئاڵا ؟ ئەوەى ئێستامان یاخود شێخ محمود ئاڵایەك ترى هەبووە ، چونكە هەركەسێك ئەو دێڕە بخوێنێتەوە وا دەزانێت مەبەستى ئاڵاى ئێستاى كوردستانە ، بەڵام لە ڕاستیدا ئاڵاى سەردەمى شێخ محمود نزیك بووە لە ئاڵاى عوسمانیەكان كە ڕەنگەكەى سەوز بووەو مانگێكى سورى لەناودا بووە ، بۆیە پێویست بوو ئاڵاى سەردەمى شێخ محمود ئاماژەى پێ بكرابایە بۆ بەرچاوڕوونى زیاترى فێرخوازان ، یاخود وێنەى ئاڵاكە چاك بكرابایە .
لە لاپەڕە (152) خاڵى سێهەمدا باس لە ژمارە دەكات و نوسراوە (ناردنى 9 تیپی پیادەو 9 لیواى تۆپخانەو 3 تیپی سوارەو ........) پێویستە بنوسرێت ناردنى هێزێكى گەورە لە پیادەو سوارەو تۆپخانە بۆ ناوچەكە) وەكو كار ئاسانیەك بۆ فێرخوازان ، هەروەها لە لاپەڕە (155) دا نوسراوە (وێڕاى خستنە خوارەوەى 12 فڕۆكەى جەنگى و دەست بەسەراگرتنى 60 ڕەشاش و 60 تۆپ و 50 مەترەلۆزو 150 چادر و 3 هەزار تفەنگ و 50 بار ئازووقەو .....هتد) لە ڕاستیدا دەرخستن و باس كردنى ئەم دەست كەوتانە بەم شێوەو بە ژمارە لە ناو پڕۆگرام خوێندندا كارێكى پێویست نیە ، چونكە جگە لە جەنجاڵ كردنى بابەتەكە لاى فێرخواز سودێكى ترى نیە ، بۆیە پێویستە لە جیاتى ئەمە بنوسرێت دەست بەسەراگرتنى ژمارەیەكى زۆر لە دەستكەوت و كەلوپەلى سەربازى و زیان گەیاندن بە دوژمن .
لە لاپەڕە (165) دا نوسراوە (ئەحمەد نادر كوژرا .....بەڵام چەند دێرێك دواى ئەوە دەڵێت : خلیل خۆشەوى و هاوڕێكانى شەهید بوون ، لەكاتێكدا ئەحمەد نادرو سەرجەم ئەوانەى بەرگرییان لە كوردستان كردووە شەهیدن ، بۆیە ناكرێت جیاوازى لەنێوان ئەوانەدا دروست بكەین كە لەپێناو كوردستاندا شەهید بوون ، بنوسین كوژراون.
- لەلاپەڕە (190) نوسراوە (پێشمەرگە قارەمانەكانى كورد لە قۆڵى زاخۆ و ئاكرێ و ئامێدى پەلاماریان دان و وەكو كەو خستیانە ناو تەڵەو دەستیان كرد بە كوشتار و .......) لەڕاستیدا پێشمەرگە قارەمانەكانى كورد لە قۆڵى زاخۆ و ئاكرێ و ئامێدى پەلاماری دوژمنیان داو زیانێكى زۆریان پێگەیاند.
- لە لاپەڕە (199) خاڵى سێهەم نوسراوە (زۆربەى ناوچە شاخاوییەكانى كوردستان ناوچەى سەخت و یاخین .......) بەكارهێنانى وشەى یاخى لێرەدا بە باشی نازانم ، چونكە كورد هیچ كاتێك یاخى نەبووە ، تاوەكو بڵێین كوردستان ناوچەى سەخت و یاخین ، بەڵكو كورد هەمیشە بەرگرى لە ناسنامەو كەلتور و خاكەكەى كردووەو شاخەكانیشى وەكو پەناگەیەك بەكارهێناوە بۆ پاراستنى لەخۆى نەك بۆ یاخى بوون
- لە لاپەڕە (205) لەهەڵگیرسانەوەى شۆڕشى چەكدارى ڕزگارى خوازى كورد نوسراوە (....... مەرەكەبى لاپەڕەى شەرمەزارى و زەرد هەڵگەڕاوەكانى ڕێككەوتنامەى جەزائیر ووشك نەبویەوە .....) بەكارهێنانى ئەم جۆرە لەئەدەبیات و ڕەوانبێژیە پێویست ناكات لەبابەتێكى زانستى ناو پڕۆگرامى خوێندندا هەبێت ، جگە لەوەى لەچەندین شوێنى دیكەدا ئەم جۆرە لەنوسین دووبارە بۆتەوە بۆ نمونە لەلاپەڕە (209) نووسراوە (پیاوانى ڕژێم و خوێتن ڕێژەكانى وەكو پوش و پەڵاشى دەم ڕەشەبایان لێهات.....)
هەروەها لە لاپەڕە (211) دا نوسراوە (بەعس كەوتە شاڵاو هێرش بردنە سەر خەڵك و وشك و تەڕى پێكەوە سووتاند)
هەروەها لە لاپەڕە (213) دا نوسراوە ڕژێم بە ئومێدى خولقاندنى بەرەلڵایی و سەرگەردانى ........) جگە لە بوونى چەند كەموكوڕییەكى تر بەو ئومێدەى ئەگەر سەرنجەكانم شایەنى ئەوە بن بتوانرێ لە چاپەكانى داهاتوودا چاك بكرێن .
له‌کۆتایدا پێشنیاز ده‌که‌م بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی پڕۆگرام و چاپه‌مه‌نیه‌کان که‌له‌مه‌ودوا هه‌وڵبدرێت هه‌ندێ فیلمی دیکۆمێنتاری له‌سه‌ر مێژووی کوردو کوردستان ئاماده‌ بکرێت و دابه‌ش بکرێت به‌سه‌ر خوێندنگاکاندا، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌کی باش له‌و فیلمانه‌ له‌که‌ناڵه‌ ڕاگه‌یاندنه‌کان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌کان ده‌ست ده‌که‌ون بۆ نمونه‌ له‌سه‌ر ئه‌نفال،کیمیا باران و جینۆساید کردن و ڕاپه‌ڕین و کۆڕه‌وو کۆماری کوردستان و ... هتد . که‌بێ گومان کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌یاندی په‌یامه‌کان بۆ سه‌ر هزری فێرخوازان و خۆشه‌ویست بون و ئاشنا بوون به‌ مێژووی گه‌له‌که‌مان .

قادر أحمد ابابكر
مامۆستا لە خوێندنگەى ئامادەیی هەرێم / حاجی ئاوا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە