ڕاپۆرتى ڕێكخراوى كارى شەفافیەت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى لەسەر پرۆژە بووجەى 2012 ى هەرێمى كوردستان
Tuesday, 26/06/2012, 12:00
ڕێكخراوى كارى شەفافیەت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى
رێكخراوى كارى شەفافیەت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى لەم ڕاپۆرتەدا دەیەوێت دەست نیشانى خاڵە لاوازەكانى بووجە بكات و كەم و كوریەكان بخاتە بەردەست بۆ ئەوەى لەئایندەدا بتوانرێت سود لەو خاڵانە وەربگیرێت, بووجەى هەرێمى كوردستان دەست نیشانكردنى بابەتە سەرەكیەكان و خەرجى و داهات و خزمەتگوزاریەكان و چۆنێتى خستنە رووى داهاتەكان دەكات بۆ راى گشتى ئێمە لەم ڕاپۆرتەدا دەمانەوێت زانیاریەكان بخەینە روو.
بووجەى هەرێمى كوردستان برەكەى (15 ترلیۆن و 245 ملیارو 797 ملیۆن) دینارە لەو بڕە پارەیە (10 ترلیۆن و 745 ملیارو 797 ملیۆن) دینار بۆ خەرجیەكانى بەكاربردن تەرخان كراوە بڕى (4 ترلیۆن و 500 ملیارد) دیناریش بۆ خەرجى پرۆژەكانى وەبەرهێنان تەرخانكراوە.
ئەم بڕە پارەیە جگە لەوەى ساڵ بەساڵ رێژەكەى زیاد دەكات بەڵام گرفتەكانى بووجە و داهاتەكان لە هەرێمى كوردستان زیاد دەكات ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ لاوازى بەرێوەبردن لە حكومڕانى هەرێمى كوردستان و ئیدارەدانى دامەزراوەكانى حكومەت .
داهاتەكانى حكومەت :
بووجە لە داهات و خەرجى پێك دێت لەداهاتى هەرێمى كوردستان كە بۆ ئەمساڵ خەمڵێنراوە بە (2 ترلیۆن و331 ملیارد) دینار ئەمیش بەسەر سێ ئاستدا دابەشكراوە وەكو :
داهاتى وەزارەتەكان : 476000
داهاتى گومرگ و باجەكان وكە بۆ حكومەتى ناوەندى دەگەرێتەوە :300000
داهاتى بانك و فرۆكەخان و شارەوانى و تەندروستى و كارەبا و سامانە سروشتیەكان كە بۆ وەزارەتەكان دەگەرێتەوە ناگەرێتەوە بۆ ناو بووجە 1555000 دانراوە , لەم پاڕانەى سەرەوەدا گومان دەكرێت رێژەكە لەوە زیاترە بێت بەڵام حكومەتى هەرێمى كوردستان نایەوێت بیخاتە ناو داهاتى هەرێم لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شوێنانە پارەیان بۆدادەنرێت لە بووجەى هەرێمى كوردستان .
قەرزەكانى حكومەت :
حكومەتى هەرێمى كوردستان بریاریدا قەرز بدات بە بوارەكانى بانكى عەقارى و بانكى كشتوكاڵى و سندوقى نیشتەجێبوون وە لەدواى ساڵێك ئەو قەرزانە دەدرێنەوە بە حكومەت بۆ ساڵى 2010 حكومەت بڕى (218 618) ملیۆن دینارى دا دانراوە كە بەمشێوەیە : بانكى عەقارى 461250 , بانكى كشتوكاڵى 51968 , سندوقى نیشتەجێبوون 105000 , بەڵام ئەوەى جێگەى گومانە تاوەكو ئێستا برى پارەى گەڕاوەى ئەو پاڕەیە دیار نیە لەبووجەدا كە ساڵانە هاووڵاتیان برى قەرزى دیارى كراوە دەدەنەوە بە حكومەت لە رێگەى گەنجینەكانەوە .
داهاتى نەوت :
داهاتى نەوتى هەرێمى كوردستان لەرێگاى وەزارەتى سامانە سروشتیەكانەوەیە تاوەكو ئێستا كۆمەڵێك كەلێن و كەمو كورى تێدایە و نارۆشنە تەنانەت ئەندامانى پەرلەمان بەرەسمى زانیارى تەواویان لەبەردەستدا نیە لەسەر داهات و خەرجى وەزارەتى سامانە سروشتیەكان جگە لەوەش داهاتەكانى بۆ خۆیەتى وحكومەتیش لەبووجەدا پارەى بۆ تەرخان كردووە , بەپێ زانیاریەكان دەرهێنانى نەوت رۆژانە لە هەرێمى كوردستان 187 هەزار بەرمیلە لەو بڕە رۆژانە 95 هەزار بەرمیلى لە رێگەى بۆریەوە هەناردەى دەرەوە دەكرێت و53 هەزار بەرمیلیش دەدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەكانى بازیان و كەڵەك و تاوكێ بەپێ ئەو زانیاریانە بێت ئەوا برى 39 هەزار بەرمیل نەوت دیار نیە و چارەنوسى نادیارە وە نرخى یەك بەرمیل نەوت دانراوە بە 106 دۆلار بە نرخە بێت ئەوا یەك ملیاردو 500 ملیۆن دۆلار دەكات جگە لە 39 هەزار بەرمیلەكە كە دیار نیە , هەروەها شرینى بیرەنەوتیەكان كە لە ساڵى 2009 وەزیرى سامانە سروشتیەكان دەڵێت 5 ملیارد دۆلارە بەڵام ئێستا گرێبەستە نەوتیەكان زیادى كردووە بەپێ ئەم زانیاریەبێـ دەبێت برى پارەى شرینیەكانیش زیادى كردبێت .
داهاتى خاڵە سنوریەكان وبازار:
خاڵە سنوریەكان و قەبارەى ئاڵوگۆرى بازرگانى لەمرۆدا بووەتە خاڵى گرنگى حكومەت و سیاسەتى دەرەوەى حكومەت بەپێ لێدوانى بەرپرسانى حكومەت ئاڵوگۆرى بازرگانى لەگەڵ توركیا گەیشتۆتە 12 ملیارد دۆلار و لەگەڵ ئێران نزیك بووەتەوە لە 7 ملیارد و وە نوێنەرى بازرگانى حكومەت لە ئیماران دەڵێت ئاڵو گۆرى بازرگانى نێوان هەرێم و ئیمارات گەیشتۆتە 6 ملیارد دۆلار بەم ژمارانە بێت كۆى داهاتى ئاڵوگۆرى بازرگانى گەیشتۆتە 30 ملیارد دۆلار لەگەڵ ئەوەشدا چەندین خاڵى سنورى هەیە لە نیوان حكومەتى هەرێم وووڵاتانى درواسى كە نایاساین و رەسمى نین رۆژانە ئاڵوگۆرى بازرگانى دەكەن تێدا , ئەگەر بەشێك لەو كاڵایانە گومرگیان لەسەر نەبێت ئەوا هەر برى داهاتى ئاڵوگۆر رۆژانە زیاترە لەلایەكى تریشەوە كرێ بازار و كافتریا و چێشتخانەكان حكومەتى هەرێمى كوردستان كرێ دەست دەكەوێَـت لەگەڵ ئەوشدا رۆژانە ئۆتۆمبیل دێتە ناو كوردستان كە داهاتیان رۆژ لە رۆژ زیاد دەكات ئایا ئەو داهاتانە كە حكومەت دەست نیشانى كردوە ژمارەكان تەواون ویان كەم وكورتیان تێدایە ؟ رێكخراوەكەمان گومانى لە تەواوى ژمارەكان هەیە كە تەواو بن لەبەر ئەوەى چاودێرى وورد لە سەر خاڵە سنوریەكان نیە وئەندامانى پەرلەمانیش بە پێ پێویست نەیانتوانیوە خۆیان بدەن لەو خاڵە لە رابردوویش یەكێك لەبەربرسانى خاڵە سنوریەكان بەهۆى ئاشكرا كردنى داهاتى خاڵە سنوری ئیبراهیم خەلیل كە رۆژانە یەك ملیۆن دۆلارە و داهاتەكەى ناچێتە خەزێنەى حكومەت بەڵكو دەچێت بۆ گیرفانى چەند كەسێك خرایە زیندانەوە .
خزمەتگوزاریەكان لەدابینكردنى بووجەدا:
زۆرێك لە شارەكان ساڵانە لە پرۆژە بووجەدا پشكى خۆیان بەردەكەوێت بۆ بوارى خزمەتگوزاریەكان بەڵام بەشێك لەو پرۆژانە دەگوازرێتەوە بۆ شارێكى تر یان وەكو پێویست بووجە بۆ شارەكان دانارنرێت ویاخود لە بووجە بەردەوامەكان و بووجە هەرێمەكان و بووجە نەوت بەشێك لە پرۆژەكان سێ بارە دەبنەوە پارەیان بۆ دیارى كراوە یان دەسەڵاتى موناقەلەكردن نادرێت بە یەك ئیداریەكان بۆ ئەوەى لەبوارى تردا بیخەنە كار بەم شێوەیە بۆمان دەردەكەوێت بەشێك لەبووجەى هەرێمى كوردستان لەلایەن چەند كەسێكەوە بە هەدەر دەچێت و یارى بەپارە و خزمەتگوزاریەكان دەكرێت لە پێناو بەرژەوەندى حزبى و كەسێتى , هەروەها حكومەتى هەرێم لێپرسینەوەى لەگەڵ كۆمپانیاكان نیە بۆ كەم تەرخەمیان لەسەر كارەكانیان و كاتى تەواو بوونى پرۆژەكان .
سەرچاوەكان :
رابۆرتى بووجەى كە رەوانەكراوە بۆ پەرلەمان.
ئەندامانى پەرلەمانى كوردستان
ژوورى لێكۆلینەوەى ئابوورى بزووتنەوەى گۆڕان
ڕێكخراوى كارى شەفافیەت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى
25-6-2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست