نامەیەكى كراوه بۆ سەرۆكى دەستەى وەبەرهێنان
Thursday, 06/09/2012, 12:00
(فەرمانبەرانى وەبەرهێنان لانسلۆت بوون بۆت بەڵام تۆ هەرگیز ئارسەر نەبویت بۆ ئەوان)
پێش ئەوەى بچمە ناوباسى هەندێك وردەكارى سەبارەت بە دەستەى وەبەرهێنان قسەبكەم لەسەر بەرێوەبەرایەتى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانى، پێم باشە تیشكێك بخەمەسەر مانشێتە كورتەكەى سەرەوە كە باس لە (لانسلۆت)دەكات (كە یەكێك بوو لە سەركردەكانى سوپاى ئارسەر)ى پادشاى بەریتانیا. چەند سەدەیەك بەرلەئێستا ، ئەم سەركردانەش بە (فرسان المائدة المستديرة) ناسراوبوون كە دیارترین سەركردەیان لانسڵوت بوو كە تاوەكو ئێستاش بە نمونەى كەسێكى ئازاو دڵسۆزى بەریتانیاو پادشاكەى لە مێژووى بەریتانیادا باس دەكرێت.. تەنانەت چەندین جار كۆمپانیاكانى فیلمسازى هۆڵیوود بەرهەمى هونەریان لەبارەى بەسەرهاتو ژیانى شا ئارسەرو لانسلۆت ئەنجام داوە، نوسەرى بەناوبانگى فەرەنسى (جان كوكتو)ش لە ساڵى (1937)دا شاكارێكى شانۆیى بە هەمان ناونیشان بڵاوكردەوەو لەساڵانى هەشتاكاندا (فوئاد كامل) كارى وەرگێڕانى بۆ ئەم بەرهەمە شانۆیە بۆ زمانى عەرەبى گرتە ئەستۆ...
ئەم چیرۆكەم كاتێك بیر هاتەوە كە لەگەڵ چەند فەرمانبەرێكى وەبەرهێناندا گفتوگۆم دەكردو باسیان دەكرد كاتێك كە كۆ دەبونەوە لەگەڵ بەرێوەبەرى پێشووى وەبەرهێنانى سلێمانى بەمەبەستى هاندانى زیاترى فەرمانبەران پێى دەوتن (ئێوە پێشمەرگەى وەبەرهێنانن) كە بێگومان مەبەستى ئەوەبوو كە فەرمانبەران كار بكەن بە رۆحیەتى پێشمەرگەى دڵسۆز كە هەمیشە ئامادەیە ژیانى خۆى ببەخشێت لە پێناو بیرو باوەڕو خاكو نیشتماندا .... ئەمەش دەمانگەیەنێتە سەر باسى ئەو شەش حەوت ساڵەى كە بەرێزتان تیایدا وەك سەرۆكى دەستەى وەبەرهێنان دەست بەكاربوون... وەكو ئەو چەند فەرمانبەرە بەرێزە لە درێژەى گفتوگۆو قسەكەماندا ئاماژەیان پێدا تۆى سەرۆكى دەستە بە درێژایى ئەو ماوەیەو لە چەند كۆرو كۆبونەوەیەكدا بە پێچەوانەى بەرێوەبەرى گشتى پێشووى وەبەرهێنانى سلێمانى لە جیاتى هاندانى فەرمانبەرو هەستكردن بە بە لێپرسراوێتى، هەمیشە بۆ دەرفەتێك گەڕاویت كە بەو پەڕى خۆ بەزل زانینو غروروە سوكایەتى بە فەرمانبەرانى دەستە بكەیت مەبەستیش لێرەدا فەرمانبەرانى سلێمانییە... وەكو فەرمانبەرەكان بۆیان باس كردم، منیش حەزدەكەم بیهێنمەوە یادت... فەرمانبەرێكى سەروڕیش سپى لە كۆبونەوەیەكدا بەو پەڕى رێزەوە سكاڵایەكى زارەكى پێشكەشكردویت دەربارەى گرفتى پلەو پایەو دەرماڵە؟! جەنابیشتان بەو پەڕى گاڵتەجاڕىو سوكایەتیكردنەوە وڵامت داوەتەوەو پێت وتوە (پایەى چیمەنتۆ)... بەراستى گلەیىو گازندەكانى ئەو كۆمەڵە فەرمانبەرە هێندە زۆر بوو نازانم لێرەدا چیت بۆ باس بكەمو چیت بیربخەمەوە. جارێكى دیكە لەگەڵ (10-15) بەرێوەبەرو لێپرسراوى بەشو هۆبەو فەرمانبەر كۆبونەوەت ئەنجامدا راستەوخۆ پێیان راگەیاندبووى كە (فڵان بەرێوەبەر) گەندەڵى دارایىو ئیدارى تێپەراندووەو كار گەیشتۆتە (گەندەڵى مۆراڵى) ئەم وشە بۆیە بەكار دەهێنم تاوەكو خۆم بەدوور بگرم لە بەكارهێنانى وشەیەكى زەقترو قێزەونتر... تەنها وەڵامت بۆ ئەو بەرێزانە ئەوەبووە كە (ئەمە ئیتهامێكى خەتەرە)... پاشان لە جیاتى سوكە لێكۆڵینەوەیەك چیت كرد؟! كاشكى هیچت نەكردایە... بە مەرسومێكى سوڵتانى ئاسا.. پلەو پایەو دەسەڵاتى زیاترت پێدا...لەسایەی سەری جەنابتان ودكتۆرەوە هیچ بەدوور نازانرێت لەسایەی ئەم دەورو دەسەلاتە سەقەتەی ئەمڕۆدا لەدوارۆژێكی نزیكدا سیفەتی جەنابی وەزیر بخرێتە پاڵ ناوەكەی .
جەنابى وەزیر وشەى (هیجان) بیر جەخەمەوە.. تەنها لەبەر ئەوەى فەرمانبەرێك لە كۆبونەوەیەكدا تێبینیەكى هەبووەو باسى خاوەنى راستەقینەى پرۆژەیەكى وەبەرهێنانى كردووە بەتوندى قسەى پێدەبڕیتو پێى دەڵێى (بڕۆ هەیەجانت لە دەرەوە خاڵى بكەرەوە)....گومانم هەیە بزانیت (هیجان)ی عەرەبی چی دەگەیەنێت ...
لەبەشێكى قسەكانى ئەو فەرمانبەرە بەرێزانەوە هاتنە سەر گاڵتەجارێكى دیكە بەرێزتان كە زیاتر لەسێ ساڵ لەمەوبەر لە هۆڵى سلێمانى پاڵاس لە كۆنفرانسى راگەیاندنى ناوچەى ئابورى ئازاد(ئەوپرۆژەیەی كە پاش بەفیرۆ دانی كات وماندوبوون خەرجكردنی ملیۆنەها دینار وجەندین كۆڕو كۆبونەوەو سیمینار پرۆژەكە شكستی پێ هێنراو ڕووناكی نەبینی)... تەنها لەبەر ئەوەى بەرێوەبەرێكى گشتى كە پێشتر لە وەبەرهێنان كارى دەكرد و لە ئێستادا لە دامەزراوەیەكى دیكەى حكومیە، بەبىَ ئاگادارى تۆ بانگهێشت كرابوو، پاشان لەلایەن پەیامنێرى دەزگایەكى بینراوەوە چاوپێكەوتنى كورتى لەگەڵدا كرابوو... وەك كەسێكى بازارى!! دەنگت بەرز كردبۆوەو وتبوت جارێكى تر كەسانى وابێنە كۆبونەوەى منەوە؟!! بەشەق دەریان دەكەم.... شەق ؟! ئەوەى ئەو كۆمەڵە فەرمانبەرە باسیان دەكرد لەبارەىو تۆو فەرمانگەى وەبەرهێنان لە سلێمانى بەراستى تراژیدیایە.
چیت بۆ باس بكەم جەنابى وەزیرو چیت بیر بهێنمەوە... وەك لەیەكێك لەو دۆكیۆمێنتانەدا(no.1) كە لەگەڵ ئەم نوسراوە هاوپێچ كراو ماوەیەك لەمەو بەر پێت راگەیەنراوە كە خاوەنی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان لە جارێك زیاتر سوكایەتى كردووە بە بە ئەندازیارو فەرمانبەرانى وەبەرهێنان لە سلێمانى كە بەكارى فەرمى چونەتە سەر پرۆژەیەكى نیشتەجێ.. لەلاى جەنابیشتان زۆر ئاشكرایە كە سەرەراى ئەمەش ئەم كۆمپانیایە سەرتاپاى كارەكانى پڕ سەرپێچیە لە بوارى (بیناو كەموكورتى ئینشائىو بەكارهێنانى كەرەستەى خراپ هەر لە ئاسنو چیمەنتۆو بلۆك... هتد.
بەڵام نە فەرمانگەى وەبەرهێنان لە سلێمانىو نەیەكەى سەرپەرشتیارىونە جەنابیشتان ناتوانن هیچ ئیجرائاتێكى یاساییان لەگەڵدا بكەن... لە سەر نوسرواكە ئیمزاو پەراوێزى خۆتى لەسەر كە لیژنە دروست بكرێت... لەوكاتەوە تا ئێستا زیاتر لە دووساڵ تێپەڕیوە.. كوا لیژنەو كامەیە لێكۆڵینەوەو كوا بەرگرى لە فەرمانبەر بەرامبەر بە سوكایەتیكردنى بەناو وەبەرهێنى بىَ رێزو مەغرورو بىَ رەوشت... لانى كەم بپرسە لەخۆت ئایا رێز لە ئیمزاكەت ناگریت؟ یاخود كەسانى خوار خۆت رێزى لێناگرن یان هەر مەبەستت نییە، ئەگەر نا بانگى محەمەد بە ئاشكرا خۆشەو نە تۆو نە دەستەى وەبەرهێنان ناتوانن بەرامبەر هەندێك كەس بوەستنەوە، راستتر وایە ناتوانن بەرامبەر كەسانێك بوەستنەوە كە خاوەنى راستەقینەى ئەو پرۆژانەن.
كاتێك لەگەڵ ئەو فەرمانبەرە بەرێزانە قسەم دەكرد نوسراوو دوكیۆمێنتى وەهایان پیشاندەدام مرۆڤیان توشى شۆك دەكرد چەندین راپۆرتى فەرمانبەرو ئەندازیارانى فەرمانگەى سلێمانى دەربارەى كەمو كورتىو سەرپێچى لە پرۆژەكاندا كە ساڵیان بەسەردا تێدەپەڕێتو كەس خۆى ناكات بە خاوەنیان...
لە نوسراوێكدا كە هاوپێچە لەگەڵ ئەم نوسرواەدابەژمارە(no.2) چوار ئەندازیار نوسروابەرزدەكەنەوە سەبارەت بە كمو كورتى پرۆژەیەكى نیشتەجێ كە پێكدێت لەكۆمەڵێك شوقەو ڤێلاو مۆڵ..هتد ئەندازیاران پاش دەرخستنى كۆمەڵێك كەموكورتى چەند داواكاریەكیان هەبووە.. ئایا هیچ نەبێت لەبەرژەوەندى گشتى كەسێك وەڵامى دانەوە؟!! بێگومان نەخێر.
نوسراوێكى دیكە كە بەهەمان شێوە هاوپێچ كراوەبەژمارە(no.3)و(no.4 ) لە (17-3-2009)دا نوسراوە دیسان باس لە كەموكورتى پرۆژەیەكى نیشتەجێ دەكات كە فیرعەونێك خاوەنیەتى، سىَ ئەندازیارى شارستانى (وەبەرهێنان، ئاوەدانكردنەوە)و بریتییە لە (15) خاڵ كە باسى كەموكورتى پرۆژەكە دەكات جگە لە دوو خاڵ وەك پێشنیاز بەرزكراوەتەوە هیچ كەس بە قسەى كردن؟! بێگومان نەخێر.
نوسراوێكی دیكە دەخەمە بەردەستت بەژمارە (no.5)كە بەهەمان شێوە لەلایەن دوو ئەندازیارەوە بەرزكراوەتەوە و بریتی یە لەسێ خاڵ كەبەراستی تراجیدیایە ،بەهەمان شێوە سێ خاڵ وەك پێشنیار خراوەتە بەردەم فەرمانگەی وەبەرهێنان لەبەرواری 10-8-2010 دا بەڵام كەس هات بەهانایانەوە ؟ بێگومان نەخێر .
نوسراوێكی دیكەبەژمارە(no.6) كە بەروارەكەی دەگەرێتەوە بۆ تشرینی دوهەمی 2009 دوو ئەندازیار بەرزی دەكەنەوە سەبارەت بەپڕۆژەی بەناو وەبەرهێنێك كە لەسایەی سەری بازاری ئازادتانەوە لەپڕێ بوو بەكوڕێ ،لەخوێندنەوەی وشە بەوشەو دێڕبەدێڕی نوسراوەكە مرۆڤ هەست دەكات كە ئێوەن ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبەن ،ئێوەن میللەت پەڵكێش دەكەن تاوەكو بێتە سەر شەقام ....جونكە گوێ نەدان بەتێبینیەكانی ئەو دوو ئەندازیارە و تێبینیەكانی دیكە لەسەر سەرجەم پڕۆژەكان بێگومان لە پاشەڕۆژیكی نزیكدا كارەساتی بەدوادادێت ...بەڵام كەس هەیە گوێیان لێبگرێت ؟ بێگومان نەخێر.
لە دانیشتنو گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو فەرمانبەرە بەرێزانەدا هەر دۆكیۆمێنتو نوسراوبوون دەردەكەوتن سات دواى سات بەرچاو تاریكتر دەبوو زیاتر مرۆڤ هەستى بە رەشبینى دەكرد، نوسراوێكى فەرمى بەرێوەبەرایەتى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانى ژمارە (1|6|2346) لە بەروارى (24-9-2008)دا دەرچووە تەنها ئەتوانم ناوى بنێم (لوتكەى گەندەڵى) ژمارە(no.7) ئەویش تەرخانكردنى بڕى (78.000.000)ملیۆن حەفتاو هەشت ملیۆن دینار بەڵىَ حەفتاو هەشت ملیۆن دینار ئەمە سەرەراى ئەوەى كە لە ساڵى (2004)ەوە تا ئێستا وەبەرهێنانى سلێمانى كرىَ دەدات لە پارەى حكومەتو بە فەرمانى بەرێزتان بۆ خاوەنى باڵەخانەیەك كە بە كرێى دەگرن بۆ فەرمانگەى وەبەرهێنانى سلێمانى بۆ ئەوەى خاوەنى باڵەخانەتەواو نەكراوەكە بە پارەى حكومەت بیناكەى تەواو بكاتو پێتان بداتەوە بە مانگانەى (5500) پێنج هەزارو پێنج سەد دۆلار... بارك الله جەنابى وەزیر بە چ یاساو رێسایەك حكومەت پێشەكى دەدات بە خاوەن ئەمەش لەكاتێكدایە كە دەڵێن خاوەنى ئەو بینایە شەریكى تریشى هەیە!!!، ئەم گالتە جاڕیەش تاوەكو ئێستا درێژەی هەیە لەئێستادا سەرەڕای هەزاران دونم زەوی كەبەناوی پرۆژەی وەبەرهێنانەوە دەدرێت بە كۆمپانیاكان فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان كرێچیە لە باڵەخانەیەكدا لەسەرچنار بەرامبەر بەكرێی مانگانەیەكی خەیاڵی كەپێشتر وەك پرۆژەیەكی وەبەرهێنان زەویەیەكەی بەنرخێكی رەمزی پێدراوە .
ئەو فەرمانبەرە بەرێزانە ئاماژەیان كرد بە نوسراوى هاوڵاتیەك بە ناوى (ع. ح.أ) كە دوو جار نوسراوى كردوە دوكیومێنتی ژمارە(no.8)بۆ بەرێوەبەرایەتى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانىو یەكەى سەرپەرشتیارى وەك بەڵگەش نوسراوەكەى هاوپێچ كردووە بە (CD)یەك كەتێیدا بەكامێرای ڤیدیۆ وێنەی گرتووە كە چۆن لە كاتى باران باریندا خانوەكانى پرۆژەكە دەبن بەژێر ئاوەوە ... شایەنى باسە جارى یەكەم نوسراوەكەى لە فەرمانگەى وەبەرهێنان ون دەكرێتو دەشاردرێتەوە ناچار جارێكى دیكە نوسراوێكى دیكە پێشكەش دەكات.. بەڵام وەك پیشەى هەمیشەیى هیچى بۆ ناكرێت، نوسراوى هاوڵاتیەكەش هاوپێچەو لەبەروارى (13-7-2010)دا بەرزى كردۆتەوە بۆ وەبەرهێنانى سلێمانى.
رەنگە مرۆڤ لە خۆى بپرسىَ ئاخۆ بۆچى لیپرسینەوەو لێپێچینەوە بۆ ئەم سەرپێچیانە ناكرێت بۆ وەڵامى ئەمەش بە بۆچونى ئێمە لە هاوكێشەى لیپرسینەوەدا دوولایەن ئەبێت بونیان هەبێت لایەنێكى كەمتەرخەمو سستو گەندەڵ لایەنێكیش چاكو پاكو دادپەروەر بەڵام دیارە لەلاى ئێوە ئەو هاوكێشەیە لاسەنگەو چاكەكان پشت گوێ دەخرێنو گوێیان لێناگیرىَ بگرە توشى بەگژداچونەوەش دەبن.
رەنگە جەنابى وەزیر وەڵامت بۆ زۆرینەى ئەو نوسروانە ئەوە بێت كە ئێوە بێ ئاگان لەو شتە سادانەو كەسانى خوار خۆت لێى بەرپرسن رەنگە تەنها بەدوو خاڵ بۆت بسەلمێنم كە وەڵامتان جێى متمانە نیە چونكە خوار خۆت بە بىَ فەرمانتان هیچ هەنگاوێك نانێنو خاڵى دووەمیش ئەگەر بڵێن بێ ئاگاین ئەوا كۆمەڵێك نوسرواى دیكە كە لەگەڵ ئەم نوسراوە هاوپێچن دەخەینەڕوو كە ئەگەر بەپێى یاسا نوسراوەكانى پێشوو (جنحە و جنایە) بن ئەوا ئەمانە تاوانى گەورەو خیانەتن بەخاكو نیشتمانو تەنها خۆت لێى بەرپرسیارى... جەنابى وەزیرى پێم باشە نامەیەكى بەرێوەبەرى (كۆمپانیای ئەكەدى نێودەوڵەتى)ت بخەمەوە یاد كە مەڵتى ملیۆنێرێكى ئیماراتیە بەناوى (ولید حارب الفلاحی) كەوێنەی هاوپێچ كراوە لەگەڵ ئەم ووتارەدا(no.9) ئاراستەى جەنابتى كردووەونامەكەشی دوكیومنتی ژمارە (no.10) لەناوەرۆكەكەیدا دەردەكەوێت كە لەسەردەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان-ئیدارەى سلێمانیدا چەند جارێك هاتۆتە سلێمانى (سەرۆك وەزیرانى بینیوە واتە عومەر فەتاح هەروەها سەرۆكى دەزگاى هاندانى وەبەرهێنانیشى بینیوە كە (محەمەد كەریم) بووە وە جەنابتان لەو سەردەمە سەرۆكى دەزگاى كارەبا بوونو ژێربەژێر بە ولید حربتان وتوە كە متمانە بەكەس مەكەن تاوەكو زەویەكە دەكرێت بەناوى كۆمپانیاى ناوبراوەوە... بەگوێرەى نامەكە (ولید حارب) داوا دەكاتو دەڵێت فەرموو ئەوەتا خۆت بویتە سەرۆكى نوێى وەبەرهێنانو فەرموو زەویەكە تۆماربكە بەناومانەوە با دەست بەكار بین ئەگەرنا ئەوا كۆمپانیاى ئەكەد مافى خۆیەتى سكاڵا بەرزبكاتەوە بەپێى یاداشتى لێك تێگەیشتن كە لە سلێمانى لەگەڵ سەرۆكى دەزگاى پێشووى هاندانى وەبەرهێنان واژۆكراوە بۆیان هەیە داواى قەرەبوو لە حكومەتى هەرێم بكەن.
كۆمپانیاى ئەكەدى ئیماراتى ئەگەر بهاتایە كوردستانو كارى وەبەرهێنان ئەنجام بدایە ئەوا كاریگەرى پۆزەتیڤى دەبوو لەسەر بارى ئابورى سلێمانى بەتایبەتى، بەڵام جەنابتان نەتانتهێشت ئەو پرۆژەیە روناكى ببینێت. هەر بەرێزیشت پاش وەرگرتنى ئەم پۆستەى ئێستات وەكو سەرۆكى دەستەى وەبەرهێنان بەوپەرى خۆبەزل زانینو گاڵتە جاریەوە بە وەبەرهێنێكت وتبوو كە ئەو یاداشتەى لەگەڵ سەرۆكى دەزگاى هاندان لەئیدارەی سلێمانی ئیمزاتان كردووە بیخەنە ئاوەوەو ئاوەكەى بخۆنەوە.
تاوانێكى دیكە كە لە هەموو تاوانەكانى دیكە گەورەترو قێزەونترە ناوى ((الشركة الاردنية لصناعة وتطوير الطائرات)مان دێتە بەرچاو بەدوكیومنتی ژمارە (no.11-no.25)كە بەهەمان شێوە هەندێك دۆكیۆمێنتان لەگەڵ ئەم نسراوەدا هاوپێچە كە كۆمپانیایەكن بنكەى سەرەكیان لە (كەنەدا)یەو تەنها یەك لقیان لە ئوردونە، بەهەمان شێوە بە پەرۆشیەوە هاتن بۆ سلێمانىو ویستیان لقێكى دیكەى كۆمپانیاكەیان دابمەزرێننو هەموو كەرەیاساییەكانیان ئەنجام داو یاداشتى لێك تێگەیشتنیان ئیمزاكردبوو لەگەڵ سەرۆكى پێشووى دەزگاى هاندانى وەبەرهێنان-ئیدارەى سلێمانى... بەڵام كاتێك كە جەنابتان بە فەرمانى دكتۆر كراى بە (قوام السلطنة)ى وەبەرهێنان بە ئاشكراو بەوپەڕى رابواردنەوە بە بەرێوەبەرى رێگەپێدراوى كۆمپانیاكەت وتبوو (ئێمە فرۆكەمان ناوێت وەرن پاسكیلمان بۆ دروست بكەن؟!) ئەوانیش ناچار كوردستانیان جێهێشت ورۆشتنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
بەڵام لەئێستادا فەزیحەی راستەقینە لەپرۆژە نیشتەجێیەكاندا ئەنجام دەدرێت ئەویش جگە لەگرانی نرخیان وئەو هەموو كەم وكورتیانەی تێیدا بەدی دەكرێت و دەستەی وەبەرهێنان لێی بێدەنگە فەزیحەی چۆنیەتی دەست بەسراگرتنی كەسانێكە بەسەر فۆرمی ئەو یەكەنایە شوقەبێت یان خانوو ،لەلایەن كەسانێك لەفەرمانگەی وەبەرهێنانی سلیمانیەوە كەبەناوی دابەش كردنی چەند فۆرمێك وەك یارمەتی لەلایەن خاوەن پرۆژەكانەوە بۆ فەرمانبەرە كەم دەرامەتەكانی وەبەرهێنانی سلێمانی بەڵام هیچ فەرمانبەرێك لێی سودمەندنابێت و دەدرێتە كەسانی دیكە لەدەرەوەی فەرمانگە ،سەجەم كارمەندانی وەبەرهێنانی سلیمانی ئاگاداری ئەم حاڵەتەن تازەترین مۆدێلی گەندەڵی لەهەمان بواردا كەنیشتەجێیە تەرخان كردنی بلۆكە واتە گەرەكێك لە ناو هەرپرۆژەیەكدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی بەڵام تەنها چەند بەڕێوەبەرێك دەزانن كەبەكێ دەدرێت وچۆن وبەچ نرخێك لەدەرەوەی فەرمانگە دەفرۆشرێتەوە .
جەنابی وەزیر..تۆ و خوێنەر دەبێت ئەوە بزانن كە جێگەی داخە كە هەموو ئەم تێبینیانە وسەرجەم ئەم گەندەلیانە وهەموو دۆكیومنتەكانیش پیشانی گەلێك لەسەرانی دەسەلات و بەرپرسی باڵای حیزبیی ئەم شارە دراوە ،سەیر لەوەدایە پاش ئەوەی لەوان بێ هیوابووین پیشانی قسەزلەكانی بەناو ئۆپۆزسیونمان دا لەئاستی لووتكەیاندا ،ئەوەش جێگەی تێڕامان وسەرنج بوو كە هەلوێستی سەرانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هەلوێستی دەسەڵاتدا هیچ جیاوازیەكی نەبوو ،هەردوولا بێ دەنگی وبێ هەڵوێستیان نواند ؟!! بەهەمان شێوەزیاترلەساڵێك لەمەوبەر بەشێك لەم بەڵگەنامانە لەڕۆژنامەیەكدا بڵاوكرانەوە وبەڕێوەبەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی بەكۆمەڵێك وەڵامی ناڕاست ودروست راكردن لەراستیەكان وەڵامی دانەوە .
ئەمانەى كە بیرى بەرێزتانم هێنایەوە بەراستى چەند نمونەیەكى كەمن لەسەر رادەى خوێن ساردىو كەمتەرخەمىو گوێنەدانى ئێوە بەرامبەر گرفتەكانى خەڵك لەلایەكو گرفتەكانى بەرێوەبەرایەتى گشتى وەبەرهێنانى سلێمانى لەلایەكى دیكەوەو خاڵێكى گرنگى دیكەش ئەوەیە كە لە فەرمانگەى سلێمانى كۆمەڵێك فەرمانبەرى لانسلۆت ئاسا دڵسۆزى فەرمانگەى سلێمانیو ولاتەكەن بەڵام دەردەكەوێت تۆ هیچ كات رۆڵى شا (ئارسەر)ت نەبینیوە بۆ ئەوان. بەڵكو ئەوان هەمیشە ئەركى سەرشانى خۆیان بەباشترین شێوە بەئەنجام دەگەیەننو چاوەڕێى هیچ شتێكى باش نین لە بەرێزتانەوە.
ئەگەر بێتو باسى یاساى وەبەرهێنانو پرۆژەكانیش بكەین ئەوا ئەو هەویرە ئاوى زۆر دەكێشێت.. بەجۆرێك كە كەسانێكى شارەزا لەبوارى ئابورىو وەبەرهێنان ئەم یاسایە بە تەنها بە شەرعیەت دانێك وەسف دەكەن بەمەبەستی بەتاڵانبردنى زەوى ئەم وڵاتە لەلایەن هەندێك كەسو لایەن بەناوى وەبەرهێنانەوە... ئەگەر باسى سندوقى نیشتەجێ كردن بكەین ئەوا دەبینین ئەم بەرنامەیە بەقەد بالاى چەند كۆمپانیایەك بڕدراوەو هەر ئەوان كەڵكى لێوەردەگرن... ئەگەر نا ئەوا بەرێزت لەخۆت بپرسە كە كۆمپانیاكانى دیكەى نیشتەجێ بون بۆچى نەیانتوانیووە سوودمەندبن لەم سندوقە.؟!!
لە خۆت ناپرسى ئاخۆ بۆچى كۆمپانیا هەیە زەوى بۆ تەرخان كراوە كە (25)هەزاریەكەى نیشتەجێبون دروست بكاتو پارەى سندوقى حجزكردووە بەڵام بەتەنها (5)هەزار یەكەى خستۆتە بوارى جێبەجێكردنەوەو زەوى (25)هەزار یەكەى لەسەر تاپۆكراوەو ئاخۆ ئەو (20)هەزار یەكەیە چى بەسەر دێت...خاوەنی كۆمپانیاش كە لەدەزگاكانی دێتە گۆ ڕەخنە لەحكومەت دەگرێت .
لەكاتێكدا یاساى وەبەرهێنان ئامانجى سەرەكى راكێشانى سەرمایەى دەرەكیە بۆ ناو هەرێم بەڵام لەجیاتى ئەوە حكومەتى هەرێم ئێستا پارە دەداتە چەند كەسێك (بەناو وەبەرهێن) بۆ ئەنجامدانى پرۆژە بەمەش كەسانێكى دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر دەكاتو خەڵكى هەژارو كەم دەرامەتیش كەڵكى لێوەرناگرن كەشایەنى باس بێت... بەرێزتان وەك پیشەى هەمیشەیى لە بورجێكى بەرزەوە سەیرى هاوڵاتى دەكەنو ئاگات لێى نییە كە دەیان هاوڵاتى كە یەكەى نیشتەجێیان وەرگرتووە لەم كۆمپانیایە سەردانى هەریەك لە فەرمانگەى وەبەرهێنانو كۆمپانیاكان دەكەنو قسە دەكرێت لەبارەى كەموكورتىو گرفتەكانى پرۆژەكان.. بەتایبەت لەسلێمانى... كوا یەكەى سەرپەرشتیارىو كوا ئەندازیاران ئاخۆ تاوەكو ئێستا چەند ئەندازیار لیپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە لەسەر گرفتى هونەرىو ئەندازەیى كە دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەمان لە ئەنجامدانى بەرپرسن لە پرۆژەكاندا... نوكتەیەكى دیكەیان بۆ باسكردم پێم باشە وەبیرى جەنابتى بهێنمەوە كە كارگەى قیر چەند ئامێرێكى پۆرتەبڵ یاخود جێگۆڕە ئەمرۆ لە رێگەى (عەربەت) كار دەكاتو سبەینىَ پێدەچێت خاوەنەكەى لە(چەناخچیان) یاخود دوورتر پرۆژەى قیرتاوكردنى جادەیەك بەئەنجام بگەیەنێت.. بەڵام لە وەبەرهێنانى ئاخر زەماندا (6)دۆنم زەوى تاپۆ دەكرێت بۆ كارگەى قیر... بەڵام دیارە تەنها بۆ كارگەى قیر نا بەڵكو بۆ دروستكردنى ڤێللایەكو مەلەوانگەیەكو باخێكیشى تێدا دروست دەكات، بەراستى نوكتەیە (6) دۆنم زەوى بۆ كارگەى قیر.
كارگەیەكى ئاویش هەیە ، دوو هێڵى بەرهەمهێنانى لەخۆگرتووە، ئەم كارە تەنهاو تەنها یەك دۆنم زەوى پێویستە بەڵام لە پرۆسەیەكى بەتاڵانبردندا (20) زەوى دەكرێت بەناوى وەبەرهێنەكەیەوە كە پرۆژەى هاوشێوە تەنها دوو دۆنم زەوى وەرگرتووە. هەرچەندە جەنابتان میزاجو كاتتان نییە بۆ ئەوەى گوێ لە نوكتە بگرن بەڵام لەم دەڤەرە غەسلى ئوتومبیلو ێالونى قژ بڕینو هۆڵى ئاهەنگى خێزانیش پرۆژەى وەبەرهێنانەو كاریگەرى راستەقینەى هەیە بۆ بەرەوپێش بردنى ئابورى هەرێمى كوردستان...؟!
كەیوان بێباك
لەجیاتی لانسلۆتەكانی وەبەرهێنان
https://www.kurdistanpost.nu/biz/destey_weberhemhenan.pdf
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست