كامیان بەهێزترن ؟ (پێشمەرگەى هەولێر یــــان پێشمەرگەى سلێمانى)

Monday, 03/05/2010, 12:00


بە ڕەخنەیەكى دۆستانە و تەنها قسەیەكى هەقى بزانن ئەگەر بڵێین حاڵى حازر لە بەرامبەر ئەو ئاست و تەكنیك و ئەكادیمیا و ئەنجام و چاڵاكى و هەرچى شتى جوان و شایستە و لەجێى خۆیتى بۆ وەرزش بە ڕووە ڕاستەقینەكەى خۆى بە گشتى لە سەرانسەرى جیهان و بە تایبەت لە ووڵاتە پێشكەوتوەكانى وەرزشى وەكو ووڵاتانى ئەوروپا و ئەمریكاى باشوور ,وەرزش لە كوردستان و ناوچەكە لە پەیژە هەرە سەرەتاییەكانى هەنگاونانە بو نوقورچە سەركەوتنێكى ناوەخۆیى و خۆدەربازكردن لە نغرۆبوون و لەناوچوون..بە بوونى زۆر هۆكار كە ئەوانەى ڕۆژێكیش بۆ سەلامەتى سەحەتى خۆیان بەلاى وەرزشدا نەچوون وەكو مانگى چواردە هەستى پێ دەكەن و دەزانن برینەكانى ئەو بوارە لە كوێدایە.
وەرزش جیا لە هەموو جوانى و پاكیەكانى خۆى, كە من ناتوانم ئەو هەقە بەخۆم بدەم تازە پاش چەندین سەدە لەو مێژوو و سەروەرى و داهێنان و گەورەیەى وەرزشى وولا َتانى وەكو بەڕازیل و یۆنان و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و چەندانى دیكە ئێستا بێم پێناسەیەكى پوختى وەرزشتان بۆ بكەم , وەرزشێك بەو هەموو بەرائەت و لێیووردەیى و تەباییەوە لە ووڵاتێكیش كە هەموو هەوڵ و هەنگاو و ئەنجامەكان خۆرسكى و تاكە كەسین و بەبێ زانیارى و زانستێكى تازەكارى وەرزشى و خەمخۆرێكى ڕاستەقینە,
ئەوەندەى چاوپۆشیمان لە كەموكوڕى و كەلێنەكان كرد و ترسمان لە ڕەخنەبوو,نا ئەوەى لێرە لە كوردستانێكى ئازاد و پاڵپشت بۆ بەرەوپێشچوونى وەرزش و بوونى گەردەلوولێك لە حەزو و خولیاى دۆستایەتى تەواوى گەنج و لاوەكانى ووڵات بۆ ئەو بوارە,
كەوتینە سەر ڕێگایەك كە ئاراستەكەى بۆ كار و هەوڵە بێ بنەما و داڕوخێنەرەكانى دیكتاتۆر و نەزانێكى بوارى وەرزشى وەكو عودەى بەچكە لە پەلوپۆكەوتیەكەى سەدام حوسێن ى بەكۆمەڵ نغرۆبوو دەچێت
ئەوەتا نموونە ئاساى ئەوان بە شانازیەوە جەنگ و پۆلیس و سەرباز و تەنانەت ناوى پیرۆز و پڕشكۆى پێشمەرگە تێكەڵ بە وەرزش دەكەین, چونكە جگە لە ڕژێمى عەسكەرتارى پێشووى عیراق و سوریاى هاوبیر و هاو سەنگەرى زۆر دەگمەنن ئەو ووڵاتانەى ناوى تیپ و یانەیەكى وەرزشى بەناوى هێزەكانى ووشكانى و ئاسمانى و پۆلیس و سەربازى و جەنگەكانەوە بنێن. ئەویش لەبەر دوو هۆكار
1ـ وەرزش خۆى لە خۆیدا بۆ لەیادچوون و سڕینەوەى جەنگ و شەڕ و ناكۆكى و خەم و نەهامەتى خولقاوە و هاتۆتە كایەوە.
2ـ بوارى وەرزش وەكو بوارى پێشەنگ و لوتكەى پێشڕەوى لە ژیانى مرۆڤایەتى تێكەڵ و ئاوێتەى هەموو بوار و تەنانەت شتە تاریك و مەنگ و لێڵ و پیسەكانى ژیانش دەبێت تەنها جەنگ و كوشتارى و سەربازیەت نەبێت.
نموونەى ئەوانەى لە هەوڵدانە بۆ شێواندنى وەرزش بە شێوە ڕاستەقینەكەى خۆى, بەداخەوە لێرە لە كوردستانیش دوو یانەى بەهێز و خاوەن ئەنجام و دەسكەوتى خولەكانى كوردستان و عیراق ناوى پێشمەرگەیان هەڵگرتووە , وەك ئەوەى پێشمەرگە ئەركى ترى نەبێت و بۆ مانەوەى ناوەكەى یانەیەكى تۆپى پێ بەناوبكرێت. ئەگەر ڕەخنەیەكیشم هەبێت لەوەدانیە ئەو دوو یانەیە ناویان پێشمەرگەیە,
ڕەخنەى من لە دەمارگیرى و شارچیەتى و داشكاندن و لێك پچڕاندنى پیرۆزى , سەروەرى , مەزنى , جوانى ناوى پێشمەرگە لەلایەكە و
وەرزشە چەوسێندراوە و زوڵملێكراوەكەیە لەلایەكى تر. چونكە ئەو دوو یانەیە, یەكێكیان ناوى پێشمەرگەى هەولێرە و ئەوەى دیكەش پێشمەرگەى سلێمانى . لە هەرێمێك كە تەنها 3 شارى بچوكى ئازاد و خاوەن دەسەڵاتە, لە نێوان دوو شار, دوو جۆر پێشمەرگە ڕكابەرى یەكتر دەكەن, بە بچوككردنەوەى ناوى پێشمەرگە بۆ پێشمەرگەى شارى هەولێر و سلێمانى.ئەگەر ئەركى پێشمەرگە بە پێناسەى ئەو دوو یانەیە وێنە بكەین, زیاتر لە پاسەوانى ماركێت و باخچەكان دەچێت.
كارەسات لێرەیە كە ئەو دوو یانەیە لە لایەن دەسەڵات و پلە بەرز و پێشمەرگە ئۆرجیناڵ و دێرینەكانەوە بەرێوەدەچێت و ڕازیشن بە پێشمەرگەى شارەكانیان بناسرێن لە شوێنى پێشمەرگەى ووڵات و كوردستان .هەموو جارێك كە گوێم لێ دەبێت لە هەواڵە وەرزشیەكان پێشمەرگەى فلانە شار لە پێشمەرگەى شارەكەى تریانى بردۆتەوە,دەبێ بەگەورەیى خۆتان بمبوورن چونكە خۆم بۆ ناگیرێت و دەكەومە پێكەنینێكى لە ناوەڕۆكدا خەفەت ئامێز, لەبەر ئەوەى
1- بەعس نە بوونى ماوە و نە دەستى تێدا هەیە كاتێك ئێمە قەبوڵمانە و پەیڕەوى كارەكانى دەكەین وەكو ئەوەى لە خۆشەویستیان بووبێت كە گلەییمان لێ دەكردن ئەوەتا لە ڕقى تیپەكانى شورتە و جەیش و قوە جەوى بوو سەیرى یاریەكانى خولى عیراق نەدەكرا,كەچى ئەو ڤایرۆسە خۆمان بۆ خۆمان دروست كرد و وادەزانین ڕێز لە ناوى پێشمەرگە دەنێین ئەگەر تیپێكى وەرزشى بەناوبكرێت, لەكاتێك هەموو شتێك لە سروشتى خۆیى و لە جێگاى خۆى پێرۆز و مەزن و جوانە..
2- ناوى پێشمەرگە لە نوسینەوەى سەرەتاترین مێژووى وەرزشى كوردستان لاواز دەكرێت بۆ نەوەیەك لە داهاتوو كە هەر وادەزانێت پێشمەرگە تیپێكى فووتبۆڵ بووە , بەڵام نازانێت كامەیان بەهێزترببووە
پێشمەرگەى هەولێر یان پێشمەرگەى سلێمانى؟


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە