کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌قی به‌یاننامه‌ی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ ناردن

Wednesday, 23/06/2010, 12:00


10/12/1948

مادده‌ی‌ 1
هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌ ئازادی‌ له‌ دایك بوون‌و له‌ باری‌ ئابڕوو‌و كه‌رامه‌ت‌و مافه‌كانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌ك به‌رابه‌رن. هه‌موویان خاوه‌نی‌ عه‌قل‌و ویژدانن‌و ده‌بێ‌ به‌ گیانێكی‌ برایانه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌ك‌دا بجووڵێنه‌وه‌.
مادده‌ی‌ 2
هه‌ر كه‌س ده‌توانێ‌ بێ‌ هیچ جیاوازیدانانێك به‌تایبه‌تی‌ له‌ باری‌ ره‌گه‌ز, ره‌نگ, جنسییه‌ت, زمان, دین, بیروڕای‌ سیاسی‌‌و هه‌ر بیروڕایه‌كی‌ دیكه‌وه‌, هه‌روه‌ها بێ‌ وه‌به‌رچاو گیرانی‌ ره‌چه‌ڵه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ یا كۆمه‌ڵایه‌تی‌, دارایی‌‌و سامان, چونیه‌تیی‌ له‌ دایكبوون یا هه‌ر بارودۆخێكی‌ دیكه‌وه‌, هه‌موو ئه‌و ماف‌و ئازادییانه‌ی‌ هه‌بێ‌ كه‌ له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوون.
هه‌روه‌ها نابێ‌ هیچ چه‌شنه‌ فه‌رق‌و جیاوازی‌یه‌ك له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ وه‌زعی‌ سیاسی‌, قه‌زایی‌ یا نێونه‌ته‌وه‌یی‌ وڵاتێك یا سه‌رزه‌وی‌یه‌ك كه‌ مرۆڤێك پێیه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌, ره‌چاو بكرێ‌. چ ئه‌و وڵات یا سه‌رزه‌وی‌یه‌ سه‌ربه‌خۆ بێ‌, چ سه‌ر به‌ وڵاتێكی‌ دیكه‌ یا خودموختار بێ‌, یا ده‌سه‌ڵاتداره‌تی‌یه‌كه‌ی‌ به‌ جۆرێك به‌رته‌سك كرابێته‌وه‌.
مادده‌ی‌ 3
هه‌ر مرۆڤێك مافی‌ ژیان, ئازادی‌‌و ئه‌منییه‌تی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌.
مادده‌ی‌ 4
هیچ مرۆڤێك نابێ‌ بكرێته‌ كۆیله‌‌و, كڕین‌و فرۆشتنی‌ كۆیله‌كان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ‌, پێشی‌ پێ‌ ده‌گیرێ‌.
مادده‌ی‌ 5
هیچ كه‌س نابێ‌ ئه‌شكه‌نجه‌ بدرێ‌ یا بكه‌وێته‌ به‌ر ره‌فتار‌و سزای‌ زۆردارانه‌‌و دژی‌ ئینسانی‌‌و, سووكایه‌تیی‌ پێ‌ بكرێ‌.
مادده‌ی‌ 6
هه‌ مرۆڤێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌سایه‌تی‌یه‌ حوقووقی‌یه‌كه‌ی‌ له‌ هه‌موو جێ‌یه‌ك به‌ ره‌سمی‌ بناسرێ‌.
مادده‌ی‌ 7
ئینسانه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر قانوون‌دا یه‌كسانن‌و مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بێ‌ هیچ جیاوازیدانانێك له‌ لایه‌ن قانوونه‌وه‌ پشتیان بگیرێ‌. هه‌مووان مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر جیاوازیدانانێك‌دا كه‌ نێوه‌رۆكی‌ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ پێشێل بكا‌و, له‌ دژایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ر هاندانێك‌دا كه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ ئه‌و جیاوازیدانانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێ‌, وه‌ك یه‌ك له‌ لایه‌ن قانوونه‌وه‌ پشتیوانییان لێ‌ بكرێ‌.
مادده‌ی‌ 8
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كرده‌وانه‌دا كه‌ مافه‌ بنه‌ره‌تی‌یه‌كانی‌ مرۆڤ پێشێل ده‌كه‌ن‌و ئه‌و مافانه‌ به‌هۆی‌ قانوونی‌ بنه‌ره‌تی‌ یا هه‌ر قانوونێكی‌ دیكه‌وه‌ دانیان پێ‌دانراوه‌, هه‌ر كه‌س مافی‌ هانا بردن بۆ دادگا نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌ بڕوا پێكراوه‌كان‌و داواكردنی‌ پێراگه‌یشتنی‌ كاریگه‌ر به‌ سكاڵاكه‌ی‌ هه‌یه‌.
مادده‌ی‌ 9
هیچ كه‌س نابێ‌ له‌ خۆوه‌ بگیرێ‌, زیندانی‌ بكرێ‌‌و یا دوور بخرێته‌وه‌.
مادده‌ی‌ 10
هه‌ر كه‌سێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌و په‌ڕی‌ به‌رابه‌ری‌ له‌گه‌ڵ‌ كه‌سانی‌ دیكه‌دا له‌ دادگایه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ, بێ‌لایه‌ن, به‌ئینساف‌و ئاشكرادا به‌كێشه‌‌و سكاڵاكه‌ی‌ رابگه‌ن‌و دادگایه‌كی‌ ئه‌وتۆ ده‌بێ‌ له‌ باره‌ی‌ مافه‌كان‌و پێویستی‌یه‌كانی‌ وی‌ یا هه‌ر تاوانێك كه‌ پێی‌ تاوانبار كراوه‌, بڕیار بدا.
مادده‌ی‌ 11
1) هه‌ر كه‌سێك به‌ هه‌ر تاوانێك تاوانبار كرابێ‌, هه‌تا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ دادگایه‌كی‌ ئاشكرادا كه‌ هه‌موو ده‌سته‌به‌رێكی‌ پێویست بۆ داكۆكی‌ له‌ خۆ كردنی‌ ئه‌و دابین كراون, تاوانبار بوونی‌ وی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ قانوونی‌ ده‌رنه‌كه‌وتوه‌, به‌ بێ‌ تاوان ده‌ژمێردرێ‌.
2) هیچ كه‌سێك سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی‌ كارێك یا ئه‌نجام نه‌دانی‌كارێك كه‌ له‌ كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌دا به‌ گوێره‌ی‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ یا نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان به‌ تاوان نه‌ناسراوه‌, مه‌حكووم ناكرێ‌. هه‌روه‌ها هیچ كه‌سێك نابێ‌ به‌ سزایه‌كی‌ توندتر له‌و سزایه‌ی‌ كه‌ له‌ كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كه‌دا بۆ ئه‌و تاوانه‌ دیاری‌ كراوه‌, مه‌حكووم بكرێ‌.
مادده‌ی‌ 12
هه‌ر چه‌شنه‌ خۆتێهه‌لقوتاندنی‌ له‌ خۆوه‌ له‌ ژیانی‌ تایبه‌تی‌, كار‌و باری‌ بنه‌ماڵه‌یی‌, ماڵ‌‌و شوێنی‌ مانه‌وه‌‌و نامه‌ نووسینی‌ مرۆڤه‌كان‌دا,
هه‌روه‌ها هه‌ر كار‌و كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ زیان به‌ شه‌ره‌ف, نامووس, ئابڕوو‌و ناوبانگی‌ كه‌سێك‌ بگه‌یه‌نێ‌, مه‌حكوومه‌. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره‌ خۆتێهه‌لقوتاندن‌و هێرشانه‌دا, مافی‌ هه‌ر مرۆڤێكه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن قانوونه‌وه‌ پشیی‌ بگیرێ‌.
مادده‌ی‌ 13
1) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ نێو هه‌ر وڵاتێك‌دا ئازادانه‌ هاتوچۆ بكا‌و به‌ ویستی‌ خۆی‌ شوێنی‌ ژیان هه‌ڵ‌بژێرێ‌.
2) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ هه‌ر وڵاتێك به‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆشی‌یه‌وه‌ به‌جێ‌ بێڵێ‌ یا بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاتی‌ خۆی‌.
مادده‌ی‌ 14
1) له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌شكه‌نجه‌‌و ئازاردران‌و راوه‌دوونران, هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌ شوێن په‌ناگه‌یه‌ك‌دا بگه‌ڕێ‌‌و په‌نا بباته‌ به‌ر وڵاتێكی‌ دیكه‌.
2) ئه‌و كاتانه‌ی‌ كه‌سێك سه‌باره‌ت به‌ تاوانی‌ گشتی‌‌و نا سیاسی‌‌و به‌هۆی‌ كرده‌وه‌ی‌ نه‌گونجاو‌و ناته‌با له‌گه‌ڵ‌ ئامانج‌و رێوشوێنه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌وێته‌ به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌‌و ڕاده‌دوونان, ناتوانێ‌ له‌م مافه‌ی‌ كه‌لك وه‌ربگرێ‌.
مادده‌ی‌ 15
1) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ "تابعیّت"ی‌ (مافی‌ هاونیشتمانه‌تی‌) پێ‌ بدرێ‌.
2) هیچ كه‌س نابێ‌ له‌ خۆوه‌ له‌ "تابعیت" یا له‌ مافی‌ گۆڕینی‌ "تابعیت" بێ‌به‌ش بكرێ‌.
مادده‌ی‌ 16
1) هه‌ر ژن‌و پیاوێك كه‌ گه‌یشتنه‌ ته‌مه‌نی‌ خۆناسین (بالغ بوون)ه‌وه‌, مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بێ‌ وه‌به‌رچاو گرتنی‌ هیچ سنوورێك له‌ باری‌ ره‌گه‌ز, نه‌ته‌وایه‌تی‌ یا ئایینه‌وه‌ ببنه‌ ژن‌و مێرد‌و ژیانی‌ هاوبه‌ش پێك بێنن.
له‌ ته‌واوی‌ ماوه‌ی‌ ژن‌و مێردایه‌تی‌‌و هه‌روه‌ها له‌ كاتی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌دا, ژن‌و پیاو له‌ كاروباری‌ پێوه‌ندیدار به‌ ژیانی‌ هاوبه‌ش‌دا مافی‌ به‌رامبه‌ریان هه‌یه‌.
2) پێكه‌وه‌ نانی‌ ژیانی‌ هاوبه‌ش ده‌بێ‌ به‌ ره‌زامه‌ندیی‌ ته‌واو‌و ئازادانه‌ی‌ ژن‌و پیاو بێ‌.
3) بنه‌ماڵه‌ كۆڵه‌كه‌ی‌ سروشتی‌‌و بنه‌ره‌تیی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌‌و ده‌بێ‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پشتیوانیی‌ لێ‌ بكرێ‌.
مادده‌ی‌ 17
1) هه‌ر كه‌سێك به‌ ته‌نێ‌ یا به‌ شێوه‌ی‌ به‌كۆمه‌ڵ‌ مافی‌ خاوه‌نه‌تی‌ (مالكیت)ی‌ هه‌یه‌.
2) هیچ كه‌سێك نابێ‌ له‌ خۆوه‌ له‌ مافی‌ خاوه‌نه‌تی‌ بێ‌به‌ش بكرێ‌.
مادده‌ی‌ 18
هه‌ر كه‌سێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئازادیی‌ بیركردنه‌وه‌, ویژدان‌و دینی‌ هه‌بێ‌. ئه‌م مافه‌ پێویستی‌ به‌ ئازادیی‌ گۆڕینی‌ دین یا بیرو باوه‌ڕ‌و, هه‌روه‌ها ئازادیی‌ ده‌ربڕین‌و ئاشكرا كردنی‌بیروڕا له‌ چوارچێوه‌ی‌ فێر كردنی‌ ئایینی‌, به‌ جێهێنانی‌ رێوشوێنه‌كان‌و به‌رێوه‌بردنی‌ رێوره‌سمه‌ ئایینی‌یه‌كان‌دا چ به‌ شێوه‌ی‌ ته‌نیا یا به‌ كۆمه‌ڵ‌, چ به‌ شێوه‌ی‌ تایبه‌تی‌ یا گشتی‌ هه‌یه‌.
مادده‌ی‌ 19
هه‌ر كه‌س مافی‌ ئازادیی‌ بیروڕا‌و ده‌ربڕینی‌ بیروڕای‌ هه‌یه‌‌و ئه‌و مافه‌ش پێویستی‌ به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هیچ كه‌س له‌وه‌ كه‌ بیروڕایه‌كی‌ هه‌یه‌ نه‌ترسێ‌‌و نیگه‌ران نه‌بێ‌‌و, له‌ وه‌دیهێنان‌و وه‌رگرتن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌و بیروبۆچوون‌دا, ئازادانه‌‌و بێ‌ وه‌به‌رچاو گرتنی‌ تێبینی‌یه‌ سنووری‌یه‌كان, ده‌ستی‌ به‌ هه‌موو ئامرازێكی‌ گونجاوی‌ بیروڕا ده‌ربڕین‌و بڵاوكردنه‌وه‌ رابگا.
مادده‌ی‌ 20
1) هه‌ر كه‌سێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی‌ ئه‌نجومه‌ن‌و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌‌و كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئاشتیخوازانه‌دا ئازاد بێ‌.
2) هیچ كه‌س نابێ‌ به‌ زۆر له‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك‌دا به‌شدار بكرێ‌.
مادده‌ی‌ 21
1) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ راسته‌وخۆ یا له‌ رێگای‌ نوێنه‌رانێك كه‌ ئازادانه‌ هه‌ڵیان ده‌بژێرێ‌, له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ گشتیی‌ وڵاتی‌ خۆی‌دا به‌شدار بێ‌.
2) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ وه‌ك یه‌ك له‌گه‌ڵ‌ كه‌سانی‌ دیكه‌دا, پیشه‌ گشتی‌یه‌كانی‌ وڵاتی‌ خۆی‌ وه‌ده‌ست بێنێ‌.
3) بڕیاری‌ خه‌ڵك, بناغه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكوومه‌ته‌. ئه‌و بڕیاره‌ ده‌بێ‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بێ‌ فێل‌دا كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ده‌وره‌یی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن, خۆی‌ ده‌ر بخا. هه‌ڵبژاردن ده‌بێ‌ گشتی‌ بێ‌, به‌رابه‌ری‌‌و یه‌كسانیی‌ تێدا ره‌چاو بكرێ‌, به‌ ده‌نگی‌ نهێنی‌ بێ‌ یا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌وتۆ به‌ڕێوه‌ بچێ‌ كه‌ ئازادیی‌ ده‌نگدان دابین بكا.
مادده‌ی‌ 22
هه‌ر كه‌سێك وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ كۆمه‌ڵ‌, مافی‌ ئه‌منییه‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ هه‌یه‌‌و بۆی‌ هه‌یه‌ به‌هۆی‌ یارمه‌تی‌‌و هاوكاری‌یه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان، ئه‌و مافه‌ ئابووری‌،كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و فه‌رهه‌نگی‌یانه‌ی‌ بۆ پاراستنی‌ ئابڕوو‌و كه‌ڕامه‌ت‌و گه‌شه‌ كردنی‌ ئازادیی‌ كه‌سیه‌تیی‌ خۆی‌ پێویستنی‌, به‌ سه‌رنجدان به‌ رێكخراوه‌‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ وڵات, وه‌ده‌ستیان بێنێ‌.

مادده‌ی‌ 23
1) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كار بكا, كاری‌ خۆی‌ به‌ ئازادی‌ هه‌ڵ‌ بژێرێ‌, هه‌لومه‌رجێكی‌ دادپه‌روه‌رانه‌‌و جێگای‌ ره‌زامه‌ندی‌ بۆ كار تێدا كردن داوا بكا‌و له‌ به‌رامبه‌ر بێكاری‌دا پشتیوانیی‌ لێ بكرن.
2) هه‌مووان مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بێ‌ جیاوازیدانان له‌ به‌رامبه‌ر كاری‌ وه‌ك یه‌ك‌دا, هه‌قده‌ستی‌ وه‌ك یه‌ك وه‌ربگرێ‌.
3) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ داكۆكی‌ له‌ قازانج‌و به‌رژه‌وه‌نده‌كانی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ كه‌سانی‌ دیكه‌ یه‌كیه‌تی‌ پێك بێنێ‌, یا بچێته‌ نێو ئه‌و یه‌كیه‌تی‌یانه‌ كه‌ تێكۆشانیان هه‌یه‌.
مادده‌ی‌ 24
هه‌ر كه‌س مافی‌ حه‌سانه‌وه‌‌و پشوودان‌و كه‌لك وه‌رگرتن له‌ سه‌رگه‌رمیی‌ هه‌یه‌‌و به‌تایبه‌تی‌ ده‌بێ‌ رێوشوێنه‌ باشه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ سه‌عاته‌كانی‌ كار‌و مه‌ره‌خه‌سی‌‌و پشوو دیاریكراوه‌كانه‌وه‌, له‌باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ بچن.
مادده‌ی‌ 25
1) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ دابین كردنی‌ سڵامه‌تی‌‌و ئاسووده‌یی‌ خۆی‌‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌
باری‌ خواردن, جلوبه‌رگ, خانووبه‌ره‌, چاوه‌دێری‌یه‌ پزیشكی‌یه‌كان‌و خزمه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌ پێویسته‌كانه‌وه‌, ئاستێكی‌ باش له‌ ژیانی‌ هه‌بێ‌. هه‌روه‌ها مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ كاتی‌ بێكاری‌, نه‌خۆشی‌, نه‌قوستانی‌, بێوه‌ژنی‌ یا بێوه‌ مێردی‌, پیری‌‌و, له‌ ته‌واوی‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا كه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ویستبێتی‌, كه‌ره‌سه‌‌و ئامرازه‌كانی‌ ژیان‌و به‌ڕێوه‌چوونی‌ له‌ ده‌ست ده‌ر چوون, له‌ باری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه‌ ژیانی‌ دابین بكرێ‌.
2) دایكان‌و منداڵان مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ یارمه‌تی‌‌و چاوه‌دێریی‌ تایبه‌تییان بۆ ته‌رخان بكرێ‌. هه‌موو منداڵێك چ ئه‌وانه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ ژیانی‌ هاوبه‌ش بن, چ ئه‌وانه‌ی‌ به‌ بێ‌ زه‌ماوه‌ندی‌ ره‌سمی‌ هاتوونه‌ دنیا, مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ وه‌ك یه‌ك له‌ باری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه‌ پشتیوانییان لێ‌ بكرێ‌.
مادده‌ی‌ 26
1) هه‌ر كه‌سێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ بخرێته‌ به‌ر خوێندن‌و په‌روه‌رده‌ بكرێ‌. په‌روه‌رده‌‌و فێر كردن‌و لانی‌ كه‌م خوێندنی‌ سه‌ره‌تایی‌‌و بناغه‌یی‌, ده‌بێ‌ به‌ خۆڕایی‌ بێ‌. خوێندنی‌ سه‌ره‌تایی‌ ئیجباری‌یه‌. فێر كردنی‌ فه‌ننی‌‌و حیرفه‌یی‌ ده‌بێ‌ بكرێته‌ گشتی‌‌و ده‌ستڕا گه‌یشتن به‌ خوێندنی‌ به‌رز ده‌بێ‌ به‌ یه‌كسانیی‌ ته‌واوه‌ بۆ هه‌مووان مسۆگه‌ر بكرێ‌ تا هه‌موو بتوانن به‌ گوێره‌ی‌ مایه‌‌و توانای خۆیان كه‌لكی‌ لێ‌ وه‌ربگرن.
2) ئامانجی‌ په‌روه‌رده‌‌و فێركردن ده‌بێ‌ پشكواندنی‌ هه‌موو لایه‌نه‌ی‌ كه‌سایه‌تیی‌ ئینسان‌و بره‌ودان به‌ ره‌چاو كردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ‌و ئازادی‌یه‌ بنه‌ڕه‌تی‌یه‌كان بێ‌. په‌روه‌رده‌‌و فێر كردن ده‌بێ‌ له‌ خزمه‌ت په‌ره‌پێدانی‌ لێك تێگه‌یشتنی‌ باشتر‌و وێك هه‌ڵكردن‌و دۆستایه‌تیی‌ نێوان هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان‌و گشت تاقم‌و گرووپه‌ ره‌گه‌زی‌ یا ئایینی‌یه‌كان‌دا بێ‌‌و هه‌روه‌ها یارمه‌تی‌ به‌ په‌ره‌پێدانی‌ تێكۆشانی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ پێناوی‌ پاراستنی‌ ئاشتی‌دا بكا.
3) دایك‌و باب له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ جۆری‌ په‌روه‌ده‌‌و فێركردن بۆ منداڵانی‌ خۆیان‌دا, مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی‌ كه‌سانی‌ دیكه‌ بن.
مادده‌ی‌ 27
1) هه‌ر كه‌سێك مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئازادانه‌ له‌ ژیانی‌ فه‌رهه‌نگیی‌ كۆمه‌ڵ‌‌دا به‌شداری‌ بكا‌و نه‌خشی‌ هه‌بێ‌‌و له‌ هونه‌ره‌كان‌و به‌تایبه‌تی‌ پێشكه‌وتنی‌ زانست‌و ده‌سكه‌ته‌كانی‌ كه‌لك وه‌ربگرێ‌.2) هه‌ر كه‌س مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ پشتیوانیی‌ قازانجه‌ ماددی‌‌و مه‌عنه‌وی‌یه‌كانی‌ به‌رهه‌مه‌ زانستی‌, ئه‌ده‌بی‌‌و هونه‌ری‌یه‌كانی‌ خۆی‌ كه‌لك وه‌ربگرێ‌.
مادده‌ی‌ 28
هه‌ر كه‌س مافی‌ هه‌یه‌ له‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا, داواكاری‌ پێكهێنانی‌ سیسته‌مێكی‌ ئه‌وتۆ بێ‌ كه‌ ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی‌ گونجاو له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا به‌ ته‌واوی‌ دابین بكا‌و به‌ڕێوه‌یان ببا.
مادده‌ی‌ 29
1) هه‌ر تاكێك ته‌نیا له‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك‌دا كه‌ گه‌شه‌كردنی‌ ئازادانه‌‌و هه‌موولایانه‌ی‌ ئه‌وی‌ مسۆگه‌ر كردوه‌, ئه‌ركی‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر شان.
2) هه‌ر كه‌س له‌ به‌ر كار هێنانی‌ مافه‌كان‌و كه‌لك وه‌رگرتن له‌ ئازادی‌یه‌كانی‌ خۆی‌دا, ته‌نیا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و له‌مپه‌ره‌ قانوونی‌یانه‌دا ملكه‌چه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ ره‌سمی‌ ناسین‌و ره‌چاو كردنی‌ ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی‌ كه‌سانی‌ دیكه‌‌و به‌ نیازی‌ وه‌به‌رچاو گرتنی‌ پێداویستی‌یه‌ ئه‌خلاقی‌یه‌ دادپه‌روه‌رانه‌كان به‌ نیازی‌ نه‌زمی‌ گشتی‌‌و خێر‌و خۆشیی‌ هه‌مووان له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ دێموكراتیك‌دا, په‌سند كراون.
3) ئه‌و ماف‌و ئازادی‌یانه‌ له‌ هه‌رحال‌دا نابێ‌ له‌گه‌ڵ‌ ئامانجه‌كان‌و رێوشوێن‌و بنه‌ماكانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌دا, له‌ دژایه‌تی‌ دابن.
مادده‌ی‌ 30
هیچ یه‌ك له‌ خاڵه‌ په‌سندكراوه‌كانی‌ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ نابێ‌ به‌ جۆڕێك مانا بكرێنه‌وه‌ كه‌ مافێكی‌ ئه‌وتۆ بده‌ن به‌ ده‌وڵه‌تێك, كۆمه‌ڵه‌یه‌ك یا كه‌سێك كه‌ به‌ پێی‌ ئه‌و, بۆ له‌ نێو بردنی‌ ماف‌و ئازادی‌یه‌كانی‌ گونجاو له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا تێ‌بكۆشن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە