به‌رێوبه‌ر و ده‌سته‌ی نوسه‌رانی کوردستانپۆست کورته‌ وڵامێک بۆ بابه‌تێک له‌لایه‌ن (به‌کر ئاغجه‌له‌ری)یه‌وه‌

Tuesday, 29/12/2009, 12:00


سڵاوێکی گه‌رم

به‌رێزان له‌م ڕۆژانه‌دا که‌سێک به‌ ناوی (به‌کر ئاغجه‌له‌ری) شتێکی له‌سه‌ر من له‌ سایته‌که‌تان بڵاوکردبۆوه‌، پێشه‌کی ئه‌و که‌سه‌ ناسراوه‌ لامان نه‌ ناوی (به‌کر)ه‌ و نه‌ ئاغجه‌له‌ریشه‌، بابه‌ته‌که‌ش ‌سه‌رتا پاین بوختان و درۆ بوو، دیاره‌ ئه‌و جۆره‌ بوختان و ناهه‌قییانه‌ پێویستیان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام وه‌ک رێزێک بۆ خوێنه‌ران و سایته‌که‌تان حه‌زم کرد له‌ رێگه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌وه‌ هه‌ندێک راستیتان بۆ ڕونبکه‌مه‌وه، ئه‌مه‌ش یه‌که‌م و دوا وه‌ڵامم ده‌بێت بۆ ئه‌و جۆره‌ که‌سانه، چونکه‌ وه‌ڵام و وه‌ڵامکاری له‌گه‌ل ئه‌وانه‌ ئاسنی سارد کوتانه‌‌‌:

1/ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی‌ ده‌مناسن، ده‌زانن، که‌ من ناهه‌قی و شتی نایاسایی له‌ که‌س قبوڵ ناکه‌م، جا باجه‌که‌ی هه‌رچی بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ویژدانی خۆم ئاسوده‌یه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌ و خێزانێکه‌وه‌ نه‌هاتوم ئه‌و شتانه‌ ئاسایی بێت لامان، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ نزیکه‌وه‌ بمناسێت، ده‌زانێت، که‌ که‌سێکی سه‌رڕاستم و گه‌نده‌ڵ نیم ،به‌ڵکو تا سه‌ر ئێسقانیش دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و دزی و خراپ به‌کارهێنانی سامانی میلله‌تم. بۆیه‌
بێمنه‌تیشم له‌ هه‌ر که‌س گه‌ر شتێک له‌سه‌رم ده‌زانێت با به‌به‌ڵگه‌وه‌ بڵاوی بکاته‌وه (وتم به‌ سه‌لماندن و به‌ڵگه‌وه‌).

2/ من کارمه‌ندێکی حکومه‌تم، رێککه‌وتوه‌ له‌ ئه‌نجامی کاری ڕۆژانه‌ماندا له‌ فه‌رمانگه‌، که‌سانێک هاتون و ویستویانه‌ که‌ کارێکی نایاساییان بۆ بکه‌م، به‌ڵام من ویژدان و ئاکار و هه‌ستی نیشتیمانی و ئیلتیزامی کاره‌که‌م رێگه‌ی نه‌داوم و نادات که‌ کاره‌که‌یان بۆ ئه‌نجام بده‌م، بۆیه‌ ده‌بینیت هه‌ندێک له‌وانه‌ ده‌که‌ونه‌ هه‌ڕه‌شه‌ لێم، پاش ئه‌وه‌ی چه‌ندان خه‌ڵکی ده‌نێرن و واسیته‌ی دنیا ده‌که‌ن، پاش ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر قه‌بوڵم نه‌کرد، ده‌که‌ونه‌ هه‌ره‌شه‌ لێم، که‌ شتم له‌سه‌ر ده‌نوسن له‌ سایته‌کان و ئابڕوم ده‌به‌ن و ده‌مکه‌ن به‌گه‌نده‌ڵ، من بێ منه‌تم لێیان، چونکه‌ ده‌یانه‌وێت به‌م جۆره‌ فشارم بۆ بهێنن و کاره‌ نایاساییه‌که‌یان لای من بڕوات. ئه‌و براده‌ره‌ی ئه‌و شتانه‌شی نوسیوه‌ که‌سێکه‌ له‌وان و ناسراویشه‌.
3/ تۆمه‌ت و بوختانکردن بۆ هه‌ر که‌سێک خاوه‌نی ره‌وشتی به‌رز نه‌بێت و بێویژدان بێت کارێکی ئاسانه‌، به‌‌ڵام گرنگ سه‌لماندنێتی به‌ به‌ڵگه‌ و دۆکیۆمێنت، با گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی سه‌ره‌وه‌ راست ده‌کات به‌ دۆکیۆمێنت قسه‌ بکات، نه‌ک تۆمه‌ت ریز بکات، گه‌ر یه‌ک تۆز ئازایه‌تی و جورئه‌تیشی هه‌بوایه‌ ناوی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌نوسیت، تا گه‌ر راستگۆیه‌، خه‌ڵک بیناسییایه‌ باوه‌ڕیان به‌ قسه‌کانی بکردایه‌.

4/ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌مناسن، که‌ مڵک و ماڵی من له‌ دنیادا ته‌نها ئه‌و خانوه‌یه‌، که‌ تێیدا ده‌ژیم، ئه‌ویش روبه‌ره‌که‌ی 150 مه‌تر دووجایه‌، زۆریش پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م پۆسته‌ی ئێستام هه‌بێت، له‌وکاته‌دا که‌ له‌ رێکخراوی ((WHO فه‌رمانبه‌ر بووم کریومه‌. جا گه‌ر هه‌ر شتێکی ترم به‌ جیا له‌و خانوه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و
که‌سه‌ راستگۆیه‌ با به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بیخاته‌ سه‌ر سایته‌کان، با بێمنه‌ت بێت چیترم هه‌یه‌ و باسم نه‌کردوه‌ و شاردومه‌ته‌وه‌ بڵاوی بکاته‌وه به‌ دۆکیۆمێنته‌وه‌.
5/ کابرای کینه‌ له ‌دڵ هاتوه‌ ناوی کۆمه‌ڵێک به‌رێزی ریز کردوه‌، که‌ من وه‌ک هه‌ر که‌سێکی تر له‌دووره‌وه‌ ده‌یانناسم، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌تی و شه‌خسیم له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رێزانه‌دا نییه‌، جا گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی بۆ ریز کردوم، بیه‌وێت، به‌م جۆره‌ درۆ و شته‌ ناراستانه‌ من بترسێنێت و بانگی بکه‌م و بڵێم (وه‌ره‌ با کاره‌که‌ت بۆ بکه‌م) ئه‌وه‌ خه‌یاڵی خاوه‌ و هیچ حسابی بۆ ناکرێت.
6/ هه‌ر که‌س شاره‌زای بوار و کاره‌کانی فه‌رمانگه‌ی ئێمه‌ بێت، ده‌زانێت که‌ کاری ئێمه‌ راکێشانی ته‌نده‌ر و جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌کان نییه‌، به‌ڵکو ته‌نها کارمان نه‌خشه‌کێشانی پرۆژه‌کانه‌،ئیتر دزی چی له‌ ته‌نده‌ر بکه‌ین؟؟!! که‌ ئه‌و براده‌ره‌ باسی ده‌کات!؟؟ چونکه‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌نده‌ر له‌ بواری تایبه‌تمه‌ندی و کاره‌کانی ئێمه‌ به‌ده‌ره‌. بۆیه‌ ئه‌م تۆمه‌ته‌ش زۆر دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌ وه‌ک قسه‌کانی تری.

7/ خائین و تاوانبار و بێره‌وشت ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ درۆ و بوختان بۆ خه‌ڵکی رێکده‌خه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌م رێگه‌یه‌وه‌ کاره‌ نایاساییه‌کانی خۆیان بۆ مه‌یسه‌ر ببێت، نه‌‌ک ئێمه‌مانانێک که‌ پێویستمان به‌ پشگیری و هاریکاری که‌سانی پاک و دڵسۆز هه‌یه‌ تا خزمه‌تی گه‌ل و وڵاته‌که‌مان بکه‌ین، بێباکین له‌ که‌سانی بوختانچی و تۆمه‌تبارکه‌ری بێ بنه‌ما.

دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه‌ ،هیوادارم که‌ کوردستان پۆست نه‌بێته‌ شوێنێک بۆ شکاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌ قسه‌ی نابه‌جێ و بێ به‌ڵگه‌، که‌ ناتوانن قسه‌کانی خۆیان بسه‌لمێنن و دێن جامی غه‌زه‌بی خۆیان به‌ کۆمه‌ڵێک قسه‌ی بێ بنه‌ما و تۆمه‌تی ناراست ده‌رژێنن به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا، گه‌ر نا له‌سه‌ر خۆیان و سایته‌که‌شیان ده‌که‌وێت.

له‌گه‌ڵ رێزمدا...

به‌رێوبه‌ری نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانیی سلێمانی
29.12.2009
كوردستانپۆست : دیاره‌ به‌رێزتان و هه‌موو خوێنه‌رانی کوردستانپۆست و یا هه‌رکه‌سێک که‌ نووسینێکی ده‌رهه‌ق ده‌نووسرێت ، مافی خۆیه‌تی وه‌ڵام بداته‌وه‌ ، کارێکی باشتان کردووه‌ که‌ نووسینه‌که‌ی که‌ ده‌رهه‌قتان نوسراوه‌ بێ وه‌ڵامدانه‌وه‌تان نه‌هێشتۆته‌وه‌.
کوردستانپۆست سایتێکی ئازاده‌ و سه‌کۆیه‌کی بڵنده‌ هه‌موو که‌سێک ده‌توانێ قسه‌ی خۆی تێدا بکات هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بناخه‌شه‌وه‌ ئه‌و نووسینه‌ی که‌ ده‌رهه‌ق به‌رێزتان نووسرابوو بڵاومانکردبۆوه‌ . ئێمه‌ ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ باش ده‌ناسین و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی پۆستیان هه‌یه‌ له‌ نێو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ ده‌سه‌لاتی دوو بنه‌ماڵه‌ی مافیایه‌ ، خیانه‌ت به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن و ده‌ستدرێژیی ده‌که‌نه‌ سه‌ر مقه‌ده‌راتیان ، بۆیه‌ تا پێمان بکرێت له‌ هه‌وڵی ریسواکردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ گه‌نه‌ ناکه‌وین..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە