کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تە‌واوی ئە‌و گۆڕانكاریانە‌ی‌ لە‌دوو ساڵی رابوردوودا لە‌كۆلێژی‌ زمانی‌ زانكۆی‌ سەڵاحە‌دین كراون لە‌بە‌رژه‌وە‌ندیی‌ بە‌ره‌ی‌ تو

Friday, 02/07/2010, 12:00


ئارێز ئازاد له‌كۆلێژی زمانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵی رابردوودا ئه‌و مامۆستایانه‌ی‌ له‌به‌ره‌ی‌ توركمانییه‌وه‌ نزیكن، پۆستیان پێدراوه‌‌و چه‌ندین مامۆستا‌و سه‌رۆكی به‌شیش له‌پۆسته‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌.



ده‌ستوور له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌، كه‌ د. نه‌وزاد حه‌سه‌ن به‌ڕه‌گه‌ز توركمان‌و راگری كۆلێژی زمانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، له‌ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیدا چه‌ندین مامۆستاو سه‌رۆك به‌ش‌و فه‌رمانبه‌ری كۆلێژه‌كه‌ی گۆڕیوه‌و له‌جێگه‌یدا ئه‌و مامۆستایانه‌ی‌ داناوه‌ كه‌توركمانن‌و له‌به‌ره‌ی‌ توركمانییه‌وه‌ نزیكن.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی‌ له‌ساڵی 2007، د. عه‌لی‌ جوكل كه‌ئه‌وكات راگری كۆلێژی زمان بوو، له‌پۆسته‌كه‌ی‌ لابراو له‌شوێنه‌كه‌ی‌ د. نه‌وزاد حه‌سه‌ن به‌بڕیارێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین‌و له‌ژێر راسپارده‌ی‌ پشتیوان سادق به‌رپرسی‌ لقی‌ دووی‌ پارتی‌ دانرا.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونیدا، له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ زانستی‌ زانكۆ ئه‌وه‌یان پێڕاگه‌یاندبوو كه‌هیچ گۆڕانكارییه‌ك نه‌كات له‌به‌شه‌كان‌و راگرایه‌تی‌ كۆلێژدا، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2008دا راگری‌ كۆلێژ گۆڕانكارییه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌نه‌یوویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، له‌لێدوانێكدا بۆ ده‌ستوور ده‌ڵێت راگری كۆلێژ به‌هاوكاری‌ د. حازم كه‌ماوه‌ی‌ 7 ساڵ له‌زانكۆی‌ ‌ویلكه‌ند له‌شاری‌ ئه‌نقه‌ره‌ی‌ توركیا له‌سه‌ر حیسابی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ خوێندوویه‌تی‌، له‌دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌فه‌ری‌ توركیا كه‌ له‌كاتی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ چاوی‌ به‌ئیحسان دۆغره‌مه‌چی‌ كه‌وتبوو، كه‌بازرگانێكی‌ دیاری‌ توركمانه‌و پاڵپشتی‌ زۆری‌ مادی‌‌و مه‌عنه‌وی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی ده‌كات. ئێستا له‌ئه‌نقه‌ره‌ داده‌نیشێت‌و ماوه‌یه‌ك له‌هه‌ولێر بووه‌.

به‌پێی‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ له‌كاتی‌ دانیشتنی‌ د. نه‌وزاد له‌گه‌ڵ دۆغره‌مه‌چی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتنێك بۆ گۆڕینی‌ سه‌رۆكی‌ به‌شه‌كان‌و جێگره‌كانی‌ خۆی‌، له‌جێگه‌ی‌ ئه‌وانیش ئه‌و مامۆستایانه‌ دابنێت كه‌وا سه‌ر به‌به‌ره‌ی‌ توركمانین یان نزیكن له‌حیزبه‌ توركمانییه‌كان.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی گۆڕانكارییه‌كانی كردو وتی سه‌ره‌تا جێگره‌كه‌ی‌ خۆی‌ كه‌پێشتر د. دڵخۆش بوو لایداو له‌شوێنی‌ ئه‌و توركمانێكی‌ دانا به‌ناوی‌ د. شادان، له‌كۆلێژی‌ ئێوارانیش به‌هه‌مانشێوه‌ د. عه‌بدولواحیدی‌ لاداو د. وریای‌ له‌جێگای‌ دانا كه‌ئه‌ویش هه‌ر توركمانه‌، هه‌روه‌ها سكرتێره‌كانی‌ خۆی‌ گۆڕین‌و توركمانه‌كانی‌ له‌شوێنی‌ ئه‌وان دانا.

ئه‌و راگره‌ به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌ستوور به‌رده‌وامبووه‌ له‌و گۆڕانكاریانه‌و له‌به‌شی‌ عه‌ره‌بی‌ د. گولیزار به‌سه‌رۆكی‌ به‌ش دانرا، كه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان نزیكن له‌لێپرسراوانی‌ سه‌ر به‌به‌ره‌ی‌ توركمانی‌، پاشان د. ئیبراهیم عه‌زیز كه‌سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ كوردییه‌ مه‌رجی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ردانا كه‌بیكات به‌سه‌رۆكی‌ به‌شه‌كه‌، كه‌ده‌بێت دیوارو هۆڵه‌كانی‌ به‌شی‌ كوردی‌ به‌ره‌نگی‌ شین بۆیه‌ بكات، كه‌وا ره‌نگی‌ ئاڵای‌ به‌ره‌ی‌ توركمانیه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی وت بۆ سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ توركی‌ د. حازمی‌ هه‌ڵبژارد، كه‌وا یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ ئه‌ڵقه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ راگری‌ كۆلێژه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ توركمانی‌. هه‌ر ئه‌ویش سه‌فه‌رێكی‌ بۆ كۆمه‌ڵێك له‌و قوتابیانه‌ رێكخست بۆ توركیا، به‌ڵام راگری‌ كۆلێژ ئاماده‌نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌فده‌ی‌ خوێندكاران هیچ مامۆستایه‌كی‌ كورد بنێرێت، یه‌ك مامۆستا نه‌بێت.

د. نه‌وزاد حه‌سه‌ن راگری‌ كۆلێژی‌ زمان له‌زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌لێدوانێكیدا بۆ ده‌ستوور به‌توڕه‌ییه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ له‌پێناو حیزبه‌ توركمانه‌كاندا ئه‌و كاره‌ی‌ كردبێت. وتی‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ درۆو هه‌ڵبه‌ستراون‌و هیچ مومكین نییه‌ من ئه‌و كارانه‌م بۆ ئه‌وه‌كردبێت كه‌دڵی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ پێخۆشبكه‌م.

هه‌روه‌ها وتی‌ من له‌پێناو باشتركردنی‌ ره‌وتی‌ خوێندن له‌به‌شه‌كه‌ماندا ئه‌و گۆڕانكاریانه‌مان كردووه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە