یەكگرتووى ئیسلامى یادى سوتاندنى بارەگاكانیان دەگۆڕن بۆ یادى شەهیدكردنى موعارەزە
Tuesday, 09/09/2014, 12:00
چەند سەرنجێك لەسەر داواو پێشنیارێكى بە پەلەو گرنگ
ئێستا كە یادى سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتوو نزیك بۆتەوە سەرانى یەكگرتوو لەسەرووى هەمووشیانەوە (مەلا سەلامى سەعاتچى) و(عومەر عبدالزمزى) ئامۆزاى، لە ترسى كولاندنەوەى زامو برینى دڵى پارتیەكان بەرامبەر ئەو كارەساتەى لەو دەڤەرەدا خوڵقاندیان و بە نەخشە وپیلانى خۆیان وئەوانەى تەنسیقى ژێربە ژێریان لەگەڵ دا هەیە ئاگریان لە بارەگاكانى خۆیان بەرداو سوتاندیانن، دەیانەوێ ئەو یادكردنەوەیە بكەن بە یادى (شەهیدانى موعارەزە) مەبەستیشیان لەو كارە وەكو ئەوەى خۆیان عاقڵ بن وخەڵكى تر كەرو گابێ. ئەو كارەساتە خوێناوی وجەرگ بڕەى بە نەخشەو پیلانى گڵاوى خۆیان بەزۆر بەسەر پارتیان دا سەپاند لە بیرى پارتى وجەماوەرى پارتى ببەنەوە، وەكو حیزبێكى بەرژەوەند خواز دەیانەوێ هەر درزو كەلێن وبۆشاییەك لە نێوان خۆیان وپارتى هەبوبێ پڕى بكەنەوەو وا لە خەڵك وجەماوەر بگەیەنن كە ئەوان لە دێر زەمانەوە دۆستى گیانى بە گیانى بنەماڵەى پارتى وبەرزانى بوونە. لە ڕۆژگارێكیش كە بزووتنەوەى گۆڕان هاتە ناو گۆڕەپانى سیاسى وخەڵك بە دەوریدا كۆبوەوەو وەكو لایەنێكى چاو نەترس ئۆپۆزسیۆنى خۆى ڕاگەیاند ولەبەر دەركى سەرا دەستیان بەخۆپیشاندان كرد، كتوپڕ بەپەلەقاژان یەكگرتوش ئەندامەكانیان ناردە بەر دەركى سەراو وتیان ئێمە لە پێش هەموو كەسى ئۆپۆزسیۆن بوین، وەكو شوێنەكەوتەو چاولێكەرى گۆڕان ئەو دەرفەتەیان بەهەل وەرگرت وهەرچى ڕق وحیقدى ناو دڵیان هەبوو بەرامبەر پارتى هەڵیان ڕشت. ئێستاش كە دەورەكە گۆڕاوە وبزووتنەوەى گۆڕان لە حكومەتدا بەشدارى كردووە وخودى (نەوشیروان مستەفا) نزیكبونەوەیەكى بەرچاوى لێ بەدى دەكرێ بەرامبەر بە پارتى یەكگرتوش دەیەوێ سوكانى كەشتیەكەیان بەلاى پارتى بسوڕێنن ویادى سوتاندنى بارەگاكانیان بكەنە یادى شەهیدانى موعاڕەزە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست