پیری ئاخرشەڕ
Thursday, 18/02/2010, 12:00
نامەوێ ببمە لایەنێك لە ململانییەكی سوواو كەئاكامەكەی بە شێوەیەكی مێژووی سەرەرای دەستێوەردانی لایەنی ئەملاو ئەولا لە كاروباری ناوخۆیی حزبی شیوعی كە كاتی خۆی منیش وەك ئەندامو پێشمەرگەیەكی حزبی شیوعی ئاگاداری ئەو كارو كردەوانە بووم كە كەسانێك ئەنجامیان داو سوودیان لە یارمەتی دەرەكی وەرگرتو بە ناوی كۆمەلێك كادیرو راستەقینە وچەپەوە بانگەوازو بابەتیان بڵاوكردەوە بۆ ئەوەی فراوانترین ناوەند لە حزبی شیوعی دابرن، بەڵام لە كۆتاییدا هەر خۆیان مانەوەو لە ناو حزبێكی دیكەدا خۆیان بینییەوە، حزبی شیوعیش هەڵنەوەشایەوەو حزبە كوردستانییەكانو خەڵكیش رێزی دەگرن. من بە پێچەوانەی ئەو هاورێیانە لە پاش راپەرینەوە بە شێوەیەكی فەرمی وازم لە حزبی شیوعی هێناو ئێستا لە حزبێكی دیكەدا بە قەناعەتەوە كاری سیاسی دەكەم، بەڵام لە هەمان كاتدا رێزی تایبەتیم بۆ حزبی شیوعی هەیەو شانازی بەو ماوەیە دەكەم كە لە ریزی ئەو حزبە وەك ئەندامو كادیرو پێشمەرگە كارم كردوەو بە بەشێك لە مێژووی كەسی خۆمی دەزانمو لەو ماوەیەشدا كەسانێكی نیشتمانپەروەرو تێكەشەرو خۆنەویستم ناسیوەو،بە كارێكی ئاسایی دەزانم كە كەسانێكی هەلپەرستو خۆویستو ساختەچیش لە ریزی ئەو حزبەدا هەبووە. بەش بە حاڵی خۆم ئەو جۆرە كەسانەش دەناسمو، لەوانەیە ئەوانە یەكێك بن لە هۆكاری ساردبوونەوەم لە حزبی شیوعی كە هەردەم بە نموونەییو وەك خەونێكی رۆمانسی تەماشام دەكرد. ئێستا بە هیچ شێوەیەك ماف بە خۆم نادەم كانییەك ئاوم لێخواردبێتەوە بەردی تێبكەم یان لێڵی بكەم. بۆیە ئەم قسەیە دەكەم چونكە تا ئێستا لە دەرەوەی حزبی شیوعییەوە خۆم بە كەسێكی وەفادار بۆ ئەو حزبە دادەنێمو خۆزگەش ئەوانەی كە ساڵەهای ساڵ چارەنوسی ئەو حزبەیان بە دەست بووەو بوونە هۆی شێواندی خەونی سەدان كەسی من ئاساو تا دوێنی سەركردە خاوەن بریار بوونەو ئەمرۆش كە خەریكە شوێنی بریار لە دەس دەدەن، سەنگەریان لەو حزبە گرتوەو لەگەڵ هەر بۆنە وەرچەرخانی سیاسی یان هەڵبژاردن، كارێكی وایان كردوە كە حزبی شیوعی پێویستی بە دوژمن نەبێ كە دۆستو سەركردەی وای هەبێ.. دەلێم خۆزگە ئەو سەركردانە وەكو منیان بكردایەو بە هێمنی حزبی شیوعیان بۆ خاوەنی خۆی بە جێبهێشتایەو بچونایە ریزی حزبێكی كاریگەرو گەورەوە نەك حزبۆكە درووست بكەن یان كاك جلال دباغ ئاسا لگاو لەسەر نومرەیەكی دۆراوی وەك كاك قادر عزیز بكات (لێرەدا مەبەستم دۆراندنی سیاسییە كە تێكرای سەركردایەتییەكەی خۆی نەیویست). بەڵام وا دەچێت دۆراوە سیاسییەكان یەك دەگرن. ئەمەش وای كردوە كاك جلال دباغ دوای دۆراندنی لە دوو هەڵبژاردنی نێو كۆنگرەی حزبی شیوعی عێراقو حزبی شیوعی كوردستان كە لە یەكەمیان دەلێن 6 دەنگی هێناوەو لە دووەمیان 9 دەنگ ئەمەش لە كۆی نزیكەی 150 دەنگی ئەندامانی ئەو كۆنگرانە،لەگەڵ كاك قادر عزیز لە نێو یەك كیانی سیاسیدا یەكیان گرتۆتەوە، هەر یەك لەو دووانەش حساباتی تایبەتی خۆیانیان هەیەو لەوەدەچی كۆنە قینە كاك قادرو قینەكانی كاك جلال لە خالێكدا یەكیان گرتۆتەوە.
وتارەكەی كاك جلال دباغ لە سڤیلدا بە وردی خوێندومەتەوە، هەروەها بە حوكمی ئەزمونی پێشووم لە پێشمەرگایەتیو حزبی شیوعیو.... هتد هەموو ئەو وتارو بەیاننامانەم خوێندۆتەوە كە كاك جلال بە ناوی خوازیارو بە ناوی كۆمەلێك كادیرەوە لە كوردستانپۆستو دەنگەكان بڵاوی كردۆتەوە، هەر لە نێو رستەو دەستەواژەكاندا ئسلوبی كاك جلال دەناسمەوە هەرچەند بیەوەێ بیشارێتەوە چونكە كارەكانی كاك جلال وەك خۆشاردنەوە نعامە ئاسا ئاشكرایەو، لە بیرمە كاتی خۆشی كاك فخری كریم پێی ووت بە پێچەوانەی من كاك جلال لەم هەلومەرجە نهێنییەدا كاری سیاسی بە ئاشكرا دەكاتو كاری.... بە نهێنی دەكات.
ئەمرۆ كاك جلال لە نوسینەكانیدا لافو گەزافی نوێخوازیو دیموكراتیزەكردنی حزبی شیوعیو رای تایبەتی خۆیو باسكردنی بەرژەوەندی گشتی حزبو خەمخۆری خۆی بۆ ئەو مەسەلەیە و تومەتی كۆمپانیا دانان دەخاتە پاڵ سەركردایەتی حزبی شیوعیو خۆی وەك قوربانی رای تایبەت دەخاتە روو. ئەمە لە كاتێكدا ئەوەی رۆژی لە رۆژان لە ریزی حزبی شیوعیدا كاری كردبێ دەزانی كە كاك جلال یەكیك بوو لەو كەسانە كە سەركوتی ئەندامانو لایەنگرانی حزبی دەكردو بە ناوی ناوەندێتی دیموكراسیو بەرژەوەندی حزبو بریاری حزبییەوە كەس نەیدەوێرا لە بەردەمی فزە بكاتو تەنانەت لە نوسینی شیعرو چیرۆكی هاورێیاندا دەستكاری كەسایەتییەكانی دەكرد. ئەو ئازاردانەش كە كاك جلال ئاراستەی ئەو پێشمەرگانەی دەگرد لە قامشلووە دەهاتنەوە كوردستانو شێوازی مامەڵكردنو كاروكردەوەكانی شاراوە نییە.
تۆ بلێی دوێنی كاك جلال بە فرمانی حزبی شیوعی خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم ترشیح كردبێو شەرمەزارانەش دوای گاڵتە پێكردنی پارتی كشایەوەو، ئەمرۆش تۆ بلێی هەر بەو ناوەندییە دیموكراسییەكەی خۆیو بەفرمانی ئەو حزبە لەگەڵ حزبۆكەكەی كاك قادر خۆی ترشیح كردبی؟!
هەڵی گەورەی حزبی شیوعی لە حەفتاكانەوە دەستیپێكرد كە كاك جلال دباغی كردە كەسایەتییەكی رۆشنبیری بە پشتگیری حزبییەوەو، ئەوەش وای كرد كە رۆشنبیران بە هۆی كەسایەتی كاك جلالەوە كە ستالینیو جۆرە شەرانگێزییەكی تێدایەو ئاسمانو رێسمان دوورە لە شفافیەتو دیموكراسیبوون،رۆشنبیران لە حزبی شیوعی دوور بكەونەوە.
لە راستیدا كەسانێكی زۆر لە داخی عەقلیەتی كاك جلالو ئەوانەی وەكو ئەو بیردەكەنەوە حزبی شیوعیان جێهێشتوە بە تایبەتی كەسانی لاوو رۆشنبیر. هیوادارم حزبی شیوعیش خۆی لە كەسانی وەك كاك جلال رزگار بكات یان هەر نەبی لە رێكخستن دووری بخاتەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە كارەساتێك بهێنی كە لە نێو گەنجاندا پێی دەلێن جلال دەماغ.
من وەك كەسێك كە كاك جلال دەناسم هیوادارم ئەم بابەتی من هاندەرێك بێت بۆ كاك جلال بە خۆیدا بجێتەوەو رێز لە مێژووی خۆی بگرێو بە خودا هیچی پێنەماوەو، كاكە جلال باشتر وایە كونجی قەناعەت بگریو تۆ چیدی نە دەبیتە سەرۆكی هەرێم و نە ئەندامی پەرلەمانی عێراقو، با خەڵكی پێت نەلێن پیری ئاخر شەڕ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست