كڕكەوتن لەسەر كورسى دەسەڵات
Tuesday, 07/05/2013, 12:00
(لەبارەى هەوڵەكانى درێژكردنەوەى ماوەى سەرۆكایەتى بارزانى)
یەكێك لە جوانترین خەسڵەتەكانى دیموكراسى رێگەگرتنە لە دروستبونى دەسەڵاتى ماوە درێژ.دیموكراسى و دەسەڵاتى ماوە درێژ دوانەیەكى ناتەباو دژ بە یەكن،لەو شوێنەى قسە لە سیستەمى دیموكراسى دەكرێت لەوێدا دەسەڵاتێك بۆ مانەوەیەكى درێژ بوونى نییە.هەر مرۆڤێك بڕواى بە پرینسیپە بنەڕەتیەكانى دیموكراسى هەبێت نە تەنها بۆ ماوەیەكى درێژ لەسەر كورسى دەسەڵات دانانیشێت،بەڵكو لە ژێر هیچ پاساوو بیانویەكیشدا ناكەوێتە هەوڵدان بۆ درێژكردنەوەى ئەو دەسەڵاتە.
ئەزمونە مێژوویى و سیاسیەكانى دونیا دوو حاڵەتى تەواو دژ بە یەكمان پیشاندەدەن،یەكیان دیاریكردنى ماوەى سەرۆكایەتیەكانە بەپێى یاساو دەستور، دواجاریش هەمواركردنەوەو كەمكردنەوەى ماوەى سەرۆكایەتیەكانە،بۆ نمونە لە هەمواركردنەوەى ژمارە (22)ى ساڵى 1951ى دەستورى ئەمریكادا ماوەى ویلایەتى سەرۆك تەنها بە دوو خول و هەر خولێكیش بە (4) ساڵ دیاریكرا،واتە لەم ساڵەوە چیتر سەرۆك بۆى نییە لە دوو خول زیاتر خۆى بۆ پۆستى سەرۆكایەتى وڵات كاندید بكاتەوە، وەك چۆن لە ساڵانى پێش ئەوەدا تا چوار ویلایەتیش بۆیان هەبوو.ئەویدیكەیشیان رێك پێچەوانەى ئەمەیە، واتە هەوڵدانە بۆ درێژكردنەوەى ماوەى سەرۆكایەتیەكان ئەگەر لەڕێى پەنابردنە بەر دەستكارى و هەمواركردنەوەى یاساو دەستوریش بێت، وەك چۆن لە زۆرێك لە وڵاتانى كۆمۆنیستى پێشترو وڵاتانى عەرەبیدا دەبینرێت. لە حاڵەتى یەكەمیاندا سەرۆك لەسەر كورسى دەسەڵات كڕناكەوێت و پرۆسەى ئاڵوگۆڕى دەسەڵات كراوەترو دیموكراسیانەتر دەبێت،بەڵام لە حاڵەتى دوەمیاندا سەرۆك و دەست و پێوەندەكانى، قەڵەم بە دەستان و ئەندامانى حیزبەكەى، هەموو ئەمانە دەكەونە پاساو هێنانەوە بۆ درێژكردنەوەى تەمەنى سیاسى سەرۆك لە پۆستى سەرۆكایەتیدا، پاساوێك هیچ ستەمكارو دیكتاتۆرێكى ئەم جیهانە نییە بۆ رەوایەتیدان بە درێژكردنەوەى ماوەى نا یاساییانەى سەرۆكایەتیەكەى پەناى بۆ نەبردبێت.
(جۆرج واشنتن)ى یەكەم سەرۆكى ویلایەتە یەكگرتوەكانى ئەمریكا دواى ئەوەى بەر لە سەربەخۆیى ئەمریكا كرا بە سەرۆكى هێزە چەكدارەكانى وڵات، رۆڵى كاریگەرى لە رزگارى ئەمریكادا بینى، لە ماوەى دەسەڵاتى ئەودا دەستورى وڵات داڕێژراو پەسەندكرا،بەڵام ئەو بۆ خولى سێیەمى سەرۆكایەتى خۆى كاندید نەكردەوە ئەگەرچى ئەوكات یاساش رێگەى پێدەداو متمانەى دەنگدەرانیشى هەبوو تا بۆ مانەوەى 4 ساڵى تریش لە پۆستى سەرۆكایەتى وڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام لە (8) ساڵ زیاتر لەم پۆستەدا نەمایەوەو بۆ جارى سێیەم خۆى كاندید نەكردەوە، رەنگە ئەمە یەكێك لە فاكتەرەكانى هێشتنەوەى (واشنتن) بێت بە گەورەیى لە دڵى ئەمریكیەكاندا، وەك چۆن خۆیان، واتە خودى ئەمریكیەكان لەبارەی (واشنتن)ەوە دەڵێن:"یەكەم كەس بوو لە جەنگدا،یەكەم كەس بوو لە ئاشتیدا،یەكەم كەسیشە لە دڵى ئەمریكیەكاندا". گەورەیى سەرۆكەكان لەوەدایە كاتێك ماوەى یاسایى خۆیان لە ویلایەتى سەرۆكایەتى تێدەپەڕێنن چاویان نەچێتە سەر ساڵانى دواتریش و یارى بەو یاسایانە نەكەن كە خۆیان ئیمزایان لەسەر كردووە،رێگە نەدەن پرینسیپى دەستاو دەستكردنى دەسەڵات و ژیانى دیموكراسى بكەنە قوربانى تموحە بێسنورەكانى خۆیان بۆ مانەوە لەسەر كورسى سەرۆكایەتى. سەرۆكەكان هاوشانى حیزبەكانیان لە هەوڵى داڕشتنى ئەم تیۆرەیەدا نەبن كە پێیانوابێ ئەگەر فڵان سەرۆك لە پۆستەكەیدا نەما ئیدى وڵات بە دۆزەخى دەبێت.
ئێمە هەمومان دەزانین كە ماوەى سەرۆكایەتى وڵاتان بەپێى یاسا دیاریكراوە، وڵات هەیە بۆ ماوەى (5) ساڵ و دوو خول وەك چۆن لە فرەنسا پەیڕەو دەكرێت، وڵاتیش هەیە بۆ ماوەى (4) ساڵ و بۆ دوو خول وەك چۆن لە ویلایەتە یەكگرتوەكانى ئەمریكا كارى پێدەكرێت. ئەگەر سەیرى هەر یەكێك لەم دوو وڵاتە بكەین،كە زۆرجار لە هەرێمى كوردستان وەك نمونەى سیستەمى سەرۆكایەتى قسەیان لەبارەوە دەكرێت، ئەوا دەبینین لە فرەنسا لە دامەزراندنى كۆمارى پێنجەم و پەسەندكردنى دەستورى ساڵى (1958)ەوە تا ساڵى 2002 ماوەى حوكمى سەرۆك كۆمار بۆ (7) ساڵ و تەنها دوو خولى هەڵبژاردن بووە،بەڵام بۆ ئەوەى هەرچى زیاتر دەرفەتەكانى بەردەم حوكمى ماوە درێژ كورتتر بكرێتەوە،لە چەند ساڵى رابردودا ئەم یاسایە هەمواركرایەوەو ماوەى سەرۆكایەتى لە (7) ساڵەوە كرا بە (5) ساڵ،ئەمە لەلایەك، لەلایەكى دیكەوە لە دامەزراندنى كۆمارى پێنجەمەوەو بۆ ماوەى (55) ساڵ دەبێت جگە لە (فرانسوا میتران)،كە 14 ساڵ،واتە دوو خول سەرۆكایەتى وڵاتى كردووە،هیچ سەرۆكێكى دى نەیتوانیوە دوو خول تەواو بكات،یان لە هەڵبژاردنەكانى خولى دووەم دەنگى پێویستى نەهێناوە،یان بەهۆى كێشەیەكەوە دەستى لەكار كێشاوەتەوە.سەبارەت بە ویلایەتە یەكگرتوەكانى ئەمریكاش (جۆرج واشنتن) كە سەرۆكایەتى جەنگى رزگارى ئەمریكاى لە 1776 دژى ئینگلیز كردو یەكەم سەرۆكى ئەمریكایە،تەنها دوو خول و بۆ ماوەى (8) ساڵ و لە (1789ــ1797) لە پۆستى سەرۆكایەتى وڵاتدا مایەوە،لە كاتێكدا دەرفەتەكانى خۆكاندیدكردنەوەى بۆ خولى سێیەم بەپێى یاسا رێگە پێدراو بوو،هەروەها ئەگەرەكانى دەرچونەوەیشى بەهێز بوون،(تۆماس جیفرسۆن) یەكێك لە بیرمەندە سیاسیە بەناوبانگەكانى ئەمریكاو لە باوكانى دامەزرێنەرو نوسەرى سەرەكى جاڕنامەى سەربەخۆیى ئەمریكا بوو لە ساڵى 1776دا،هەروەها سێیەم سەرۆكى ئەمریكایەو تەنها بۆ (8) ساڵ لە (1801ــ1809) سەرۆكایەتى وڵاتەكەى كردووە،لە ماوەى سەرۆكایەتیەكەشیدا توانى بە كڕینى زەویەكانى (لویزیانا) لە ساڵى 1803 رووبەرى ویلایەتە یەكگرتوەكانى ئەمریكا بۆ دوو ئەوەندەى كە هەبوو زیاد بكات، وێڕاى بەندەرى (نیو ئۆرلیانز) زیاتر لە (2600000) دوو ملیۆن و شەش سەد هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەى بۆ سەرجەمى رووبەرى ئەمریكا زیاد كرد،كە لە هەشتا ساڵى دواتردا بوو بە گەورەترین سەرچاوەى وەبەرهێنانى دانەوێڵە لە جیهاندا.
ئەم نمونانە پێماندەڵێن كە مۆدێلى دەسەڵاتى ماوە درێژ لە كۆمەڵگەى مۆدێرن و دونیاى دیموكراسیدا دەمێكە جێگەى قسەو رەخنەیەو تا ئاستێكى باش بەسەرچوە،چونكە دیموكراتیزەكردنى سیستەم و ئیدارە لە هەر وڵاتێكدا بەبێ رێگرتنى یاساییانە لە دروستبونى دەسەڵاتى ماوە درێژ كارێكى نەكردەیە،دەسەڵاتى ماوە درێژ هەمیشە بەرەو تونێڵە تاریكەكانى دیكتاتۆریەت و تاكڕەوى هەنگاو هەڵدەگرێت،هەمیشە بەرەو ئەوە دەڕوات ئەوەى كە لە خوداى ئاسمانى وەرگیراوەتەوە بیبەخشێتە خوداى زەمینى بە دیدە هۆبزیەكەى،نەك بە ئاراستەى بەهێزكردنى بنەماكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و دیموكراتیزەكردنى سیستەم و ئیدارەو دەوڵەتى هاونیشتمانیبون.
لایەنێكى دیكەى مانەوە لە دەسەڵات پەیوەندى بە ئەوەوە هەیە،كە ئایا مەرجە ئەوانەى حەزى مانەوەى زۆریان لە دەسەڵاتدا هەیە بتوانن خزمەتى زیاتر لە ئەوانە بكەن كە ماوەیەكى كەمتر لە پۆستەكانیاندا بوون. بێگومان وەڵامى ئەم پرسیارە بەپێى ئەزمونەكانى مێژوو پۆزەتیڤ نییە. بۆ نمونە ئەگەر سەیرێكى ئەزمونى حوكمڕانى دەوڵەتى ئیسلامى رۆژگارەكانى ئەمەوى و عەباسى بكەین ئەنجامێكى رونترى ئەم پرسیارەمان دەستدەكەوێت. لە رۆژگارى دەسەڵاتى ئەمەویدا زۆرێك لە خەلیفەكانى زیاتر لە (عومەرى كوڕى عەبدولعەزیز) لە پۆستى خەلافەتدا مانەوە،بەڵام لەوانەیە بەهۆى كارەكانیەوە ناوبانگى (عومەر) كە تەنها (2) ساڵ و چەند مانگێك لە دەسەڵاتدا بوو، لە هەمویان زیاتر بێت. لە رۆژگارى دەوڵەتى عەباسیشدا هەر یەك لە خەلیفەكانى وەك (قادر،قائیم،ناسر)، بەدواى یەكدا (41) ساڵ، (45) ساڵ، (47) ساڵ لەسەر كورسى خەلافەت دانیشتن،بەڵام وێڕاى دوورو درێژى ماوەى خەلافەتیشیان، ناوبانگ و دەستكەوتەكانیان هەرگیز نەگەیشت بە ناوبانگ و دەستكەوتەكانى خەلیفەكانى وەك ئەبوجەعفەرى مەنسورو هارون ئەلڕەشید،لە كاتێكدا ئەم دوانەى دوایى بەدواى یەكدا (22) ساڵ و (23) ساڵ لە خەلافەتدا بوون.
ئەوەى ئەمڕۆ لە هەرێمى كوردستان بۆتە جێگەى قسەو باسى زۆرى ناوەندەكانى سیاسى و میدیاو شەقامیش،ئاراستەو بۆچونە جیاوازەكانى كاندیدكردنەوەى شەخسى مەسعود بارزانیە بۆ ویلایەتێكى دیكەى سەرۆكایەتى هەرێم.لەمبارەیەوە گوتارى پارتى دیموكراتى كوردستان،كە خودى سەرۆكى هەرێم سەرۆكایەتى دەكات،رون و ئاشكرا ئەوەى راگەیاندوە،كە مەسعود بارزانى بۆ ویلایەتێكى دیكەش مافى خۆكاندیدكردنەوەى دەبێت.یەكێتى نیشتمانى كوردستانیش لەسەر زارى كارگێڕى مەكتەب سیاسیەكەیەوەو لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانى هاوبەشدا لەگەڵ سكرتێرى مەكتەبى سیاسى پارتیدا رایگەیاند،كە (یەكێتى مورەشەحى بەدیلى بارزانى نییە بۆ سەرۆكى هەرێم)،ئەمەش راستەوخۆ ئەوەى پێگوتین كە یەكێتى هەڵبژاردنەوەى بارزانى بۆ ویلایەتى سێیەم بە كارێكى یاسایى دەزانێ، یان دەكرێت رێگەچارەى یاسایى بۆ بدۆزرێتەوە.هەرچى هێزەكانى ئۆپۆزسیۆنن ئەوانیش هەڵوێستى راشكاوانەى خۆیان سەبارەت بەم پرسە بۆ لایەنەكانى دەسەڵات و بارزانى و رایگشتى خەڵكى كوردستان ئاشكراكردوە،كە بارزانى لەرووى یاساییەوە مافى نییە بۆ جارى سێیەم خۆى بۆ ئەم پۆستە كاندید بكاتەوە،بۆ ئەمەش پشتیان بە هەردوو مادەى (3) و (17) ى یاساى ژمارە (1)ى ساڵى (2005)ى سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان بەستوە. مادەى (3)ى ئەم یاسایە بە روونى ئاماژە بەوە دەكات كە ویلایەتى سەرۆكى هەرێم بۆ چوار ساڵەو دەشێ بۆ جارى دوەمیش هەڵبژێردرێتەوە.لە مادەى (17)یشدا هاتوە،سەرۆكى هەرێم بۆ (ویلایەتى یەكەم) لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێَردرێت. واتە ئەم دوو مادەیەى یاساى سەرۆكایەتى هەرێم ناچێتە ژێر بارى هیچ تەفسیرو لێكدانەوەیەكى سیاسى و یاسایى جیاوازەوە،چونكە بە زمانێكى زۆر سادە پێماندەڵێت،خولى یەكەمى سەرۆكایەتى بارزانى ئەگەر لە پەرلەمانیش بووبێ،ئەوا بە ویلایەتى یەكەمى سەرۆكایەتى ئەژماردەكرێت، ویلایەتى دوەمیشى لەڕێى دەنگدانى راستەوخۆى خەڵكەوە بووە،واتە بەپێى مادەى (3)ى هەمان یاساش دوو ویلایەتى سەرۆكایەتى تێپەڕاندوە،بەمەش نەك مافى ئەوەى نییە بۆ ویلایەتى سێیەم خۆى كاندید بكات،بەڵكو ئەگەر نیەتێكى لەمجۆرەى هەبێت بەر لەهەر شتێك دەبێ یاساكە پێشێل بكات،لە باشترین حاڵەتیشدا ئەگەر لەڕێى زۆرینەى پەرلەمانیەوە كار بۆ هەمواركردنەوەى ئەم مادانە بكەن و ماوەى خولەكانى سەرۆكایەتى بە بەرژەوەندى بارزانى دەستكارى بكەن،كە هیچ پاساوێكى سیاسى و ئابورى و نیشتمانى متمانەپێكراوى لە پشتەوە نییە،ئەوا ئەوكات دەكەوینە بەر حەقیقەتى ئەم عەقڵیەت و مۆدێلە لە دەسەڵاتەوە، كە بڕیاریداوە لە شێوەى دەسەڵاتەكانى زەینولعابدین و موبارەك و قەزافى و ئەسەدو بۆتەفلیقەو زۆرى دیكەیش،كەى بەرژەوەندییە شەخسى و بنەماڵەیى و حیزبیەكانیان خواستی ئەوكات و بەپێى ئەو بەرژەوەندیانە یارى لەنێو یاساكاندا بكەن و تەمەنى سیاسى خۆیان لەسەر كورسى سەرۆكایەتى وڵات درێژ بكەنەوە.
راستە لە ئێستادا بارزانى سەبارەت بە خۆكاندیدكردنەوەى بۆ ویلایەتێكى دیكە قسەیەكى فەرمى نەكردوە،بەڵام مەكتەب سیاسى و پەرلەمانتارانى حیزبەكەى بە رونى دیدو تێگەیشتنى پارتیان لەمبارەیەوە خستۆتە روو،ئەوان ئاشكرا دەڵێن بە تێگەیشتنى پارتى،بارزانى مافى ئەوەى هەیە بۆ ویلایەتێكى دیكەیش خۆى كاندید بكاتەوە،لەوەش زیاتر داوامان لێدەكەن هەوڵبدەین قەناعەت بە بارزانى بهێنین تا جارێكیتریش خۆى كاندید بكاتەوە.ئەمە تێگەیشتنى حیزبەكەى بارزانیە،كە رەنگە كارێكى ئاسان نەبێ مرۆڤ بڕوا بەوە بهێنێ تێگەیشتنێكى لەمجۆرە لە دەرەوەى تێگەیشتن و ئاماژەدانى بارزانیەوە سەرچاوەى گرتبێ.
لە هەرێمى كوردستاندا لە هەر شتێك زیاتر قسە لە دیموكراتیزەكردن و دادپەروەرى و سەروەرى یاسا دەكرێت،بەڵام هەوڵەكانى دەسەڵات كە پارتى بە راكێشانى یەكێتى بەدواى خۆیدا ئەنجامیدەدات، بەر لە هەر شتێكى دیكە پەلامارە بۆ سەر سەروەرى یاساو دادپەروەرى و دیموكراتیزەكرنى سیاسەت و ئیدارە لەم هەرێمەدا.دیموكراتیزەكردنى ژیانى سیاسى بەنێو دروستكردنى دەسەڵاتى تەمەن درێژو مانەوەى زۆر لەسەر كورسى دەسەڵاتدا رێناكات،وەك چۆن دادپەروەرى و سەروەرى یاساش بەنێو بەكارهێنانى یاسا بۆ بەرژەوەندى شەخسى و بنەماڵەیى و حیزبیدا تێپەڕنابێت. ئەگەر لە وڵاتانى دیموكراسیدا كار بۆ ئەوە دەكرێت ماوەو خولەكانى سەرۆكایەتیەكان بە یاسا سنوردار،یان كورتبكرێنەوە،وەك چۆن لە وڵاتێكى وەك ئەمریكا،یان فرەنساو زۆرێك لە وڵاتانى دیكەیشدا دەیبینین،ئەوا لە بەرامبەردا لە ژمارەیەك وڵاتى دیكەدا یاسا دەخرێتە خزمەتى دروستكردنى دەسەڵاتى ماوە درێژەوە. بۆ نمونە پیاوێكى وەك عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە نزیك بە (14) ساڵە لەسەر كورسى سەرۆكایەتى وڵاتى جەزائیر دانیشتوە،لە ساڵى 2011 و لە كاتى ناڕەزاییەكانى وڵاتانى عەرەبى،كە جەزائیریشى گرتەوەو لە ناڕەزاییەكانى ئەو وڵاتەدا (5) كوژراوو (800) بریندارى لێكەوتەوە،ئەوكات سەرۆك چەند ریفۆرمێكى سیاسى ئەنجامداو چاوەڕواندەكرا دەستوریش هەمواربكرێتەوە.مادەى (74)ى دەستورى جەزائیر دەرگاى ویلایەتەكانى سەرۆكایەتى بەكراوەیى هێشتۆتەوەو سەرۆك چەند ئارەزوو بكات دەتوانێت خۆى هەڵبژێرێت. بۆتەفلیقە لە ساڵى 2008 دەستورى هەمواركرد،بەڵام ژمارەى ویلایەتەكانى سەرۆكایەتى بە دوو خول دیارینەكرد بۆ ئەوەى بتوانێت بۆ خولى سێیەم لە ساڵى 2009 دا خۆى هەڵبژێرێتەوە،بەڵام راینەگەیاند كە ساڵى 2014 بۆ ویلایەتى چوارەم خۆى كاندید دەكاتەوە یان نا. راڤەكارانى سیاسى پێیانوایە كە بۆتەفلیقە بۆ ویلایەتى چوارەمیش خۆى كاندید دەكاتەوە،بە بەڵگەى ئەوەى لە كاتى یارییە فەرمیەكان و لە یاریگاكاندا لەڕێى هەڵواسینى لافیتەوە داواى خۆ كاندیدكردنەوەیان لێكردوە،هەروەها ژمارەیەك لە كەسایەتیە نزیكەكان لە دەسەڵات و بۆتەفلیقە بە راشكاوى داواى خۆكاندیدكردنەوەیان لە ناوبراو لێكردوە.
لە عیراقیشدا لە 26ى كانونى دوەمى ئەمساڵدا ئەنجومەنى نوێنەران بە زۆرینەى (170) دەنگ و بەبێ ئامادەبونى فراكسیۆنى دەوڵەتى قانون،دەنگى بە دیاریكردنى ماوەى سەرۆكایەتیەكاندا بۆ تەنها دوو خولى هەڵبژاردن و هەر خولێكیش تەنها بۆ ماوەى (4) ساڵ،چونكە مادەى (72)ى دەستورى عیراق تەنها ویلایەتى سەرۆك كۆمارى بە (4) ساڵ و دوو خول دیاریكردوە،بەڵام ماوەى سەرۆكایەتیەكانى حكومەت و پەرلەمانى دیارینەكردوە.ئەوەى لە عیراق دەكرێ هەر مەبەستێكى سیاسى و مەزهەبى و تایەفى لە پشتەوە بێت،دواجار دەچێتە خزمەت پرۆسەى دیموكراتیزەكردن و رێگرتن لە دروستبونى دەسەڵاتى ماوە درێژو كڕكەوتن لەسەر كورسى حوكمڕانى لە عیراقداو دەبێتە بنەمایەكى یاساییش بۆ هەموو ئەوانەى لە دواى پەسەندكردنى ئەم یاسایەوە دێنە سەر كورسى حوكمڕانى لەم وڵاتەدا.
ئەگەر بەراوردى نێوان هەرێمى كوردستان بە جەزائیرو، بارزانى بە بۆتەفلیقە بكەین،ئەوا رەنگە زۆر خاڵى لە یەكچوو ببینین. بۆ نمونە،لە جەزائیردا لەسەروبەندى بەهارى عەرەبى و ناڕەزاییەكانى هاوڵاتیاندا،دەسەڵات چەند هەنگاوێك بە ئاراستەى هەمواركردنەوەى دەستور هاتە پێش،بەڵام نەیكرد.ئەگەرچى دەستورى جەزائیر ماوەى ویلایەتەكانى سەرۆكایەتى وڵاتى بەكراوەیى هێشتۆتەوە،ئەمەش پاڵپشتێكى یاسایى بەهێزە بۆ دەرفەتدان لەبەردەم دروستكردنى دەسەڵاتى ماوە درێژى وەك بۆتەفلیقە.بەڵام وێڕاى نەخۆشى و هەڵكشانى تەمەنیشى كە سەروى حەفتاو پێنج ساڵ دەبێ،كەچى لایەنگران و كەسە نزیكەكانى سەرۆك داواى ویلایەتى چوارەمى بۆتەفلیقە دەكەن لە ساڵى 2014دا. ئەوەى لە هەرێمى كوردستاندا دەبینرێ بە جیاوازى ئەوەى كە تەندروستى و تەمەنى مەسعود بارزانى لەهى بۆتەفلیقە باشترو گونجاوترە،بەڵام هیچ دەستورو یاساو بڕگەیەكى یاسایى نییە پشتگیرى خۆكاندیدكردنەوەى بارزانى بۆ سەرۆكى هەرێم بكات،بەڵكو بە پێچەوانەوە خودى ئەو یاسایەى كە ناوى (یاساى سەرۆكایەتى هەرێمە) رێگرى دەكات لە ویلایەتى سێیەمى بارزانى بۆ سەرۆكایەتى هەرێم،واتە هەر هەوڵێكى پارتى و یەكێتى و شەخسى بارزانى بۆ جارێكیتر كاندیدكردنەوەى،دەبێ بەر لەهەر شتێكى دى بەنێو پێشێلكردنى یاساكەدا تێپەڕبێت،ئەمە لەلایەك، لەلایەكى دیكەوە،ئەگەر لەگەڵ نزیكبونەوەى وادەى كۆتایى ویلایەتى سێیەمى بۆتەفلیقەدا لایەنگران و كەسە نزیكەكانى خۆى،دەستیان كردبێ بە هەڵمەتێكى پێشوەخت بۆ رێگەخۆشكردن بۆ ویلایەتى چوارەمى بۆتەفلیقەو بە رێگەى جیا جیا ئەم داوایەیان خستۆتە نێو رایگشتى وڵاتەكەوە، ئەوا لە هەرێمى كوردستانیشدا ئەم داوایە لە بارزانى لەڕێى پارتەكەى خۆى و پەرلەمانتارەكانى و كەسە نزیكەكانیەوە بەشێوازى جیا جیا دەستى پێكردوە،كە دوور نییە بە هەمانشێوەى ئەوەى جەزائیر،لە هەرێمى كوردستانیشدا بە دور نازانرێ داواكاریەكى لەمجۆرە بگاتە گردبونەوەو خۆپیشاندانى جەماوەرى و تەنانەت لەنێو یاریگاكان و بۆنە فەرمیەكانیشدا لافیتەو دروشمى تایبەتى بۆ هەڵبواسرێ. ئەوكات سەرۆكایەتى وەك دەزگایەكى نیشتمانى لەبرى ئەوەى دەزگاى هەموان و ناوەندى یەكخستنى جیاوازیەكان و دیموكراتیزەكردنى ژیان و سیاسەت و ئیدارە بێت لە هەرێم،دەگۆڕێت بۆ دەزگایەك كە بەر لەهەر شتێك بێڕێزى بە یاساكەى خۆیدەكات و یەكڕیزى و تەبایى نیشتمانیش دەخاتە بەردەم مەترسى و دۆخێكى دژوارترەوە.
وێڕاى ئەمانەى ئاماژەمان پێدان،زۆر گرنگە بارزانى و هەموو ئەوانەى لە پشتى هەوڵەكانى مسۆگەركردنەوەى ویلایەتى سێیەمى سەرۆكایەتى بۆ بارزانى وەستاون،لەوە تێبگەن كە چارەنوسى دەسەڵاتە ماوە درێژەكان لانیكەم لە ماوەى چەند ساڵى رابردودا بەرەو كوێ هەنگاویانناو بەرەو كوێ دەڕۆن.نمونەكانى دەسەڵاتى ماوە درێژو دۆخى وڵاتەكانیان و تەنانەت چارەنوسى خۆیان و سیستەمە سیاسیەكانى وەك زەینولعابدین و موبارەك و قەزافى و عەلى عەبدوڵڵا ساڵح و ئەسەدو سەدام حوسەین و زۆرى دیكەیش بینیمان بەرەو كوێ رۆیشتن و بەرەو كوێ دەڕۆن،زۆر گرنگە لەوە تێبگەین كە مانەوەى زۆر لەسەر كورسى دەسەڵات دەموچاوەكان ناشیرین دەكات و زۆرجاریش ئارامى و ئاسایشى وڵات دەشێوێنێ. زۆرجار گوێ بیستى ئەوە دەبین،كە ئێمە وەك ئەوان نین،ئەوەش هەمان ئەو دەربڕینەیە كە موبارەك لە بەراوردى خۆى بە تونس و قەزافى لە بەراورد بەرامبەر بە تونس و میسرو عەلى عەبدوڵڵا ساڵحیش لە بەراورد بەرامبەر بەوانەى پێشخۆى و ئەسەدیش لە بەرامبەر هەمواندا دەریاندەبڕى، واتە مەسەلەى كڕكەوتن لەسەر كورسى حوكمڕانى و كۆكردنەوەى دەسەڵاتەكان لە دەستى تاكە كەسێك و پێشوازى نەكردنى ناوەوەش لە بەرهەمهێنانى دۆخ و دەسەڵاتێكى لەمجۆرە،هەموو ئەمانە لەبەردەم دۆخێكى ترسناكدا راماندەگرێت ئەویش نكوڵیكردنە لە تواناى نەتەوەیەك لە دەرەوەى تواناكانى سەرۆكێكى دیاریكراودا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست