پارێزگارى هەولێر ڕاست دەكات!

Friday, 15/10/2010, 12:00


محمد حمه رچا هەورامى
زۆرجار بەڵێنم داوە و چەندین جاریش سوێندم خواردووە كەتاماوم نەك هەرخۆم لەهیچ باس و خواستێكى خەڵكى هەڵنەقورتێنم ، بەڵكو ئەگەر دنیاش ئاوبیبات من بەباى خەیاڵمدا نەیەت و خۆم بكەم بەكەڕەى شەربەت و كورد گوتەنى خۆم تووشى سەرئێشەى بەلاش نەكەم ، بەڵام مەخابن زۆرجار مرۆڤ خۆنەویستانە دەكەوێتە بەردەم هێزى ویژدان و چۆك دا دەدات و بەناچارى دێتەوە گۆ.
لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوودا هەراو هوریایەك لەدەوروبەرى كۆیە پەیدابوو كەگوایە كەسێكى تاوانبار بەناوى (قاسم ئاغا) كەبیست سى ساڵێك لەمەوبەر ژمارەیەك پێشمەرگەى كوشتووە و كۆمەڵێك خەڵكیشى ئەنفال كردووە ، ئێستا لەفەنتەڵۆسى ئەولا میوانە و ئەم میوانداریەش بنەماڵە و كەس و كارى قوربانیەكانى نیگەران كردووە بۆیە هاواریان لێ هەستاوە و داوایان لەپاشاى فەنتەڵۆس و دەست و پێوەندەكانى كردووە كەئەو تاوانبارە دەست گیربكەن و ڕادەستى دادگاى بكەن تابەسزاى تاوانەكانى بگات . پاشاش بۆ چەواشەكردنى خەڵك و هیۆركردنەوەى بارودۆخەكە ، پارێزگارى هەولێرى ڕاسپارد كەمیوانە بەڕێزەكەیان لە (دار الچیافه) كەى مەلا هۆمەر بەڕێى بكات و بەرەو شوێنێكى نادیار كەدوورنیە تەنها چەند كیلۆمەترێك بەرەو سەرەوە تربێت ڕەوانەى بكات. سەرەتا كاكى پارێزگار فەرمووى كە عەرزى ئاغاى كردووە كەبۆى نیە لەهەرێمى كوردستان دانیشێت ، بۆیە لەڕێگەى فڕۆكەخانەى هەولێرەوە ڕەوانەى دەرەوەى ووڵات كراوە ، بێ ئاگا لەوەى كە (عوزر لەقەباحەت خراپترە) بۆیە دواتر كەزانى خراپ تێ كەوتووە بەپەلە پروزە كۆنفرانسێكى ڕۆژنامەوانى سازكرد و ڕایگەیاند كەقاسم ئاغا لەسنوورى پارێزگاى هەولێر وەدەرناوە و عەیب نەبێت ئەو قسەیەى پێشترى خۆیشى بەدرۆخستەوە كەگوایە ئاغا لەڕێگەى فڕۆكەخانەى هەولێرەوە ڕەوانەى دەرەوەكرابێت ، بەڵام نازانێ بەرەو كوێ ڕۆیشتووە و سوێندى خوارد كەهیچ فەرمانێكى دەستگیركردنى قاسم ئاغاشى پێ نەگەیشتووە و نەیزانیوە تاوانبارە بۆیە دەستگیرى نەكردووە !! ئەم هەڵوێست و ڕوون كردنەوانەش بوونە هۆى ئەوەى كەپارێزگارى بەستەزمان زۆر بەتوندى بكەوێتە بەرلۆمە و گازندە و ڕەخنەى خەڵك و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان ، وەك بڵێى ئەم پارێزگارە هەژارە تاوانێكى گەورەى ئەنجام دابێت . بۆیە منیش ناچار بووم لەژێر فشارى سۆز و ویژداندا بێمەدەنگ و قیچەك بەرگرى لەو پیاوە لێ قەوماوە بكەم و بڵیم : خەڵكى بەڕێزى كوردستان ! كەس و كارى شەهیدان ! ڕۆژنامەنووسان! بڕواتان هەبێت جەنابى پارێزگارى هەولێر ڕاست دەكات نەك هەر تاوانبارانى ئەنفال ناناسێت ! بەڵكو ئاگاى ئەنفال و ناوى ئەنفال و مێژووى ئەنفالیش نیە و دوور و نزیك پەیوەندى بەكێشە و گرفتى ئەنفال و ئەنفال چى و ئەنفال كراوەكانەوە نیە و ئەگەر جاروبار ناوى قاسم ئاغاشى وەك ئەنفال چى بەرگوێ كەوتبێت ڕەنگە هیواخواز و تامەزرۆى ئەوە بووبێت كەڕۆژێك لەڕۆژان ئەمیش بێتەوە بۆ كوردستانى ئازاد و وەك ئەنفالچیەكانى ترى هاوڕێى لەكۆشكى پاشادا خەڵات بكرێت و بكرێتە ڕاوێژكارى پاشایان بەپلەى لیوا ڕوكن بچێتە فەرماندەیى لەشكرى كوردستان یان دیوەخانێكى گەورە و پۆشتە و پەرداخى بۆتەرتیب بكرێت و چەند پێشمەرگەیەكى كۆنیش لەبەردەركى دیوەخانەكەیدا تەعین بكرێت ! ئاخر كێ دەڵێ كاكى پارێزگار خەبات چى و ئەنفال چى و ماستاو چى چى و چى و چى لەیەك جیادەكاتەوە ؟ ڕەنگە ئێوە باوەڕ نەكەن كەپارێزگار دەڵێ : " من نازانم قاسم ئاغا كێوە ڕۆشتى یە" . بڕواتان هەبێ ڕاست دەكات : بۆ فەقیرە زۆر ئاگاى لەڕفاندن و تیرۆركردنى سەردەشتى جوانە مەرگ بوو كە بەڕۆژى ڕووناك لەناو جەرگەى پایتەختە ئارامەكەى ئەودا پیاو كوژەكانى دەزگاى تۆقاندن فڕاندیان و زمانیان بەگوللەى ژەهراوى دەمانچە ژەنگاویەكەى ئاغایان داخ كرد ؟ ڕەنگە وابزانن پارێزگارى فەقیر هێندە بەدەسەڵاتە بكوژەكانى زەیدان زرارى هاتوون مۆڵەتیان لێ وەرگرتووە ئینجا چوون لەناو ماڵ و منداڵەكەیدا تیرۆریان كردووە؟
بەڕێزان ! پارێزگارى فەقیر كەلەپڕێ بوویتە كوڕێ و ئێستا كەوتووە بەسەر ناز و نیعمەتى خۆیدا ، بڕوابكەن ئاگاى لەهیچ نیە و ئەویش وەك ئەو هەموو عالەمە لەدەربارى جەنابى پاشادا سەرگەرمى نان پەیداكردن و بەخێوكردنى ماڵ و منداڵەكەیەتى تكایە لێى گەڕێن و نان بڕاوى مەكەن!!





 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە