سەرۆکی هەرێم هەست دەکات
Thursday, 25/11/2010, 12:00
هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، ئیشتیهای ئەوە دەکات کە بە سەرۆکی کوردستان بانگ بکرێت و ئەو ناوەی بەسەردا بچەسپێت، بۆ ئەوەی کاریگەری سایکۆلۆژی لەسەر دەروونی خەڵکی کوردستان دروستبکات تا ئەو ڕادەیەی کە بۆ هەتا هەتایە لەبری سەرۆکی حیزب بە سەرۆکی کۆی گشتی کوردستان بمێنێتەوە ، بەڵام ئێمە لەبەر ڕێزی پۆستەکەی وەک ئەوەی کە هەیە، بەناوی سەرۆکی هەرێمەوە بانگی دەکەین، گەر لێمان زویرنەبێت.
بە هەرحاڵ سەرۆکی وڵاتان لە کاتی گەشتی دیپلۆماسی بۆ وڵاتان، ئەجندای تایبەتی خۆیان هەیە لە پرۆتۆکۆل و مەلەفە سیاسییەکان، لە چوارچێوەیەکی یاسایی و پێویستدا ئەندامانی وەفدە دیپلۆماسییەکە دیاریدەکرێت، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان لە وەفدەکەدا بەشداربن، بۆ ئەوەی نەتوانن خۆیان لە ئەنجامی (جا چ باش یان خراپ) ی سەفەرەکە بێبەریی بکەن، کە دەشگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، ئەوا بە دۆکۆمێنت و پرۆتۆکۆل ئەنجامی باش و خراپی سەفەرە دیپلۆماسییەکە دەخەنە بەردەم ڕای گشتی. ئەمە بەکورتی ئەتەکێتی سەفەری سەرۆکەکانی وڵاتێکە، کە سەرۆکەکەی لە خەڵک دانەبڕابێت و بە ئیستیحقاقی ئینتیخابی بێ تەزویر هاتبێتە سەر حوکم.
کەچی بەداخەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەر گەشتێکی بەناو دیپلۆماسی دا، بێ ئەوەی کە کەس بزانێت بە چ میکانیزمێک هاوسەفەرەکانی دیاری دەکرێت، کۆمەڵێک کەسایەتی لەگەڵ خۆیدا دەبات، کە زیاتر بۆنی بنەماڵەیی و هاوحیزبی لێ دێت تا کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو حکومەت و پەرلەمان، کە ئەم خاڵە لە گرنگی سەفەرەکانی سەرۆک کەمدەکاتەوە، نەک هەر لەبەدەم خەڵکی کوردستان دا، بەڵکو لەبەردەم ئەو وڵاتانەش کە سەرۆک سەردانیان دەکات، ئاخر بیهێنینە پێش چاوی خۆمان، سارکۆزی سەرۆککۆماری فەڕەنسا سەردانی هەرێم بکات و لەگەڵ خۆیدا کوڕ و برازاو بەشێک لە خزم و بەماڵەی خۆی یان هاوحیزبییەکانی لەگەڵ دا بێت، ئێمە ناوی چی لەو سەفەرە دەنێین، دیپلۆماسی یان .... ؟
لەگەڵ ئەمانەشدا سەرۆکی هەرێم بێ ئەوەی باسی پرۆتۆکۆل و مەلەفە سیاسییەکانمان بۆ بکات، لە کۆنگرە و دیدارە ڕۆژنامەوانییەکانی دا، هەمیشە جەخت لەسەر هەستکردن دەکاتەوە، بە شێوەیەک مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت لە هەستکردنەکانی سەرۆک لە گەشتە دیپلۆماسییەکانیدا، نمونە لەبارەی سەردانی تورکایەوە سەرۆک دەبێژێت" وا هەست دەکەم سیاسەتی تورکیا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە"، لەبارەی سەردانی فەڕەنسا سەرۆک دەبێژێت" هەستم کرد فەڕەنسا زۆر بەگەرمی پاڵپشتی کوردە"، لەبارەی سەردانی بۆ میسر سەرۆک دەفەرموێت" هەستمکرد گەلی میسر خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ مام جەلال هەیە"، لەبارەی سەردانی بۆ ئەڵمانیا بە هەمان شێوە دەڵێت " هەستمکرد ئەڵمانیا زۆر لەجاران گەرمترە بۆ ناردنی کۆمپانیاکان" ، ئاخر لە دونیادا ئەتەکێتی سەفەری دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆلی لەسەر هەست بینانەکراوە، چونکە ئەگەر سەرۆکێک لەسەر هەست وێنای پەیوەندییەکانی کورد و گەلانی دونیامان بۆ بکات، بێ بەڵگەو دۆکۆمێنت، ئەوا دۆزی کورد لە داچوون و بەرەو لێژی دایە، نەک بەرەو هەڵکشان، وەک ئەوەی ئیدیعا دەکەن.
جا بۆیە ئەگەر دونیابینی سەرۆک لەسەر هەستکردن بێت لەئاستی دۆزی کورد دا، بێ ئەوەی کە پرۆتۆکۆل و مەلەفەکان وەک بەڵگەی کرانەوەی ئەو وڵاتانە بە ڕووی کورد دا ببینین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دۆزی کورد لە سەردەمی زێڕینی سەرۆکی هەرێم دا پاشەکشەی کردووە نەک هەڵکشان، واتا سەرۆک نەیتوانی ئەرکەکەی بە جێ بهێنێت، چونکە سەرۆک "هەست" دەکات.
لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ژ. ٢٣٦ دا بڵاوکراوەتەوە
[email protected]کوردستانپۆست: ئێمه دهمێکه مهسعود به سهرۆکی ههرێم نازانین و له ئهدهبیاتی خۆشمان ههرگیز به سهرۆکی نازانین ، چونکه سهرۆک نابێ تیرۆریست بێت ، سهرۆک نابێت تاڵانچی بێت و ناشبێت خیانهتکار بێت..بۆیه بهدوای لێبوردنهوه له خوێنهرانی خۆشهویست ئێمه ئهو وتاره بڵاودهکهینهوه(که زۆر وشهی سهرۆکی تێدا هاتووه) بهو هۆیهی برای نووسهر به شێوازێکی زۆر لۆژیکانه بابهتێکی ههستیاری ورژاندووه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست